زانا دڵشاد دزەیی:کچە گۆرانیبێژ ھێلیلۆڤ بەمەبەستی کلیپکردنی گۆرانی (Risk it all) گەڕاوەتەوە کوردستان، کە بڕیارە لەم ھەفتەیەدا کلیپەکە ئەنجام بدات، ئەمەش دەبێتە یەکەمین کلیپی کوردی نێودەوڵەتی. کە چەندین بەرھەمھێنەری جیھانی ھاوکاری دەکەن.
ھێلیلۆڤ، کە دانیشتووی ئەمەریکایە و ھاوینی ئەمساڵ بۆ بەشداریکردن لەفیلمێکی بەھمەنی قوبادی گەڕایەوە کوردستان و ئێستاش بۆ کلیپکردنی گۆرانی (Risk it all) لەکوردستانە، کە گۆرانییەکی ئینگلیزییە، ئاوازدانەر جیھانی G٢ ئاواز و موزیکی داناوە، ھەروەھا Michaela Shiloh و Kyle christopher تێکستەکەی نوسیووە.
لەوبارەیەوە لێلیلۆڤ رایگەیاند، لەبەرئەوەی گۆرانییەکەی ئەو باس لە سەربەخۆیی کوردستان دەکات، بەلایەوە گرنگ بوو وێنەی کلیپەکەی لەکوردستان بگیرێت و گوتیشی “ھەروەھا بۆ ئەم کلیپە پێویستم بەخەڵکێکی زۆر ھەیە بەشداری تێدا بکەم کە ھەمووشیان کورد بن، جگەلەوەش لەئێستادا چەندین کۆمپانیا لەکوردستان کاری کلیپکردن دەکەن کە کارەکانیان زۆر جوانن”.
ھێلیلۆڤ لەچاوپێکەوتنێکی پێشوویدا رایگەیاند، ئەلبوومێک بەزمانی ئینگلیزی بڵاودەکاتەوە و کە ساڵێکە کار بۆ بەرھەمھێنانی دەکرێت و بەشێکی زۆری تەواو بووە، لەم ئەلبوومەدا ھێلیلۆڤ پشتگیری بەرھەمھێنەرانی جیھانی بەدەستھێناوە، بۆیە ئێستا چاوی سەرکەوتنێکی جیھانییە لەچاوپێکەوتنەکەشدا ھاتووە “کچێکی کورد بەرەو جیھانیبوون دەڕوات”.
ھەروەھا لێلیۆڤ دەڵێت “گۆرانی گوتن بەزمانی ئیگیلزی خەونی من بووە، بۆئەوەی لەھەموو جیھان گوێگری ھەبێت، نەک تەنیا لەکوردستان، خەونی گەورەشم ئەوەیە کوردستان ھونەرمەندی جیھانی ھەبێت، بۆئەوەی نەتەوەی خۆمان لەرێگەی ھونەرەوە بەجیھان بناسێنین، لەگەڵ ئەوەشدا گۆرانی کوردی لەبەرنامەم دایە، بەڵام دەبێ نزیکی ستایلی منەوە بێت”. ھەروەھا گوتیشی “پەیامی لەم گۆرانییە پەیامی ئازادی و سەربەخۆیە بۆ کوردستان، ئەو شتەی کە زۆر ھانیشی داوم کلیپەکەم بەشێوازێکی زۆر جوان و جیاواز و نینتەرناشناڵ دروست بکەم ھەر ئەو پەیامە بووە”.