مەسعودی مەلا ھەمزە : ھونەرمەندی شانۆکار سەرکەوت تارۆ لەدرێژەی کارو چالاکییە بەردەوامەکانی سەرقاڵی کارکردن و نمایشکردنی مۆنۆدرامای ( Glory Nest ) ھێلانەی شانازییە کە لە نووسین و دەرھێنانی خۆیەتی.
سەرکەوت مەجید تارۆ لە لێدوانێکی تایبەتدا گوتی”مۆنۆدرامای ( Glory Nest ) ھێلانەی شانازی سێیەمین بەرھەمی نووسین و دەرھێنانمە بە زمانی ئینگلیزی لێرەوە سوپاسی خاتوو کەی گەردی و بەرێز جەمیل سەمین دەکەم کەلە ھەرسێ بەرھەمەکاندا ھاوکاری زمانەوانیان کردووم”.
تارۆ گوتیشی”پێشتر کە بە نواندن بەشداریم لە بەرھەمی شانۆیی و درامای پەروەردەیی و فلیمی ئەمریکی دەکرد، بابەتەکان جیاواز بوون لەگەڵ ئەو دۆزەی ئێمەی کورد بۆیە پەنام بردە بەر مۆنۆدراما بۆ ئەوەی گوزارشت لە دۆزی میللەتەکەمان بکەم و لە ڕێی ھەندێ لە لێکچوونە درامیەکانمان وەکوو شایەر و بەییتخوانەکانی پێش تەکنەلۆجیا و کارەبا کە بە بۆچوونی من تا ڕادەیەک لە مۆنۆدراما دەچوون، بەشێوازێکی مۆدێرن و بە تام و بۆنی ناسنامەی شانۆی کوردیەوە بۆ ئەمریکیەکان بە زمانی ئینگلێزی نمایش بکەم، مۆنۆدرامای (Mom) باسی لە زامەکانی کەرکوک وەکوو تاکێکی کورد دەکرد، لێرەدا دەمەوێ باس لەوە بکەم کە سوودم لە مۆنۆدرامای وێرانەی ھونەرمەند کامەران ڕەووف و چامە شعریەکانی د. ئاراس عەبدولکەریم وەرگرتبوو. مۆنۆدرامای پاکیزە باسی لە بازرگانی بە مرۆڤ و کۆیلایەتی مۆدێرن دەکرد کە ھەوێنی بابەتەکە ھەژدە پاکیزەکەی زامە گەورەکەی میللەتەکەمان بوو. لە ھێلانەی شانازیدا باس لە حەز و ئارەزووەکانی دایک و خۆحەشاردراوێکی بیست ساڵی جەنگ دەکەم و کوونێک لە ماڵەکەیاندا دەبێت کۆشکی تەواو ئاراستە پێجەوانەکانی جەنگ، دوانزە کاژێر ڕێگا دەبڕم بۆ ئەوەی لە حەوتی ئەم مانگە لە سێیەمین فیستیڤاڵی گەنجانی ئەمریکا لە واشنتۆنی پایتەخت ئەم مۆنۆدرامایەم نمایشی دەکەم، ئەمجارەش ھەوڵم داوە کارێکی باش بەرھەم بھێنم، بەو ھیوایەی لە دەست لەملانی بینەراندا ھەموان شاد و سەرکەوتوو بین”.