مەسعودی مەلا ھەمزە : لە نوێترین کاری خۆیدا ھونەرمەندی شانۆکار ھیوا سوعاد سەرقاڵی کارکردنە لە شانۆگەرییەکی کۆمیدی بەناوی قرچۆک، کە ئێستا لە قۆناغی پرۆڤەکردندان و بڕیارە لە سەرەتای مانگی داھاتوو نمایش بکرێ.
لەم شانۆگەرییەدا ھەریەک لە “ئەیام ئەکرەم- شەمۆ، عەلی ئەحمەد، نەوزاد رەمەزان، تارا عەبدولرەحمان، نەشئەت ھەولێری، سوھام حەسەن” وەکو ئەکتەر بەشدارن و لەپاڵ نواندنیشدا گروپی شایی و ھەڵپەڕکێ و چەند میوزیکژەنێک بەشدارن.
لە لێدوانێکی تایبەتدا ھیوا سوعادی دەرھێنەر وتی”لە نوێترین ئەزموونی شانۆیی خۆمدا سەرقاڵی پرۆڤەکردنم لە شانۆییەکی کۆمیدی، کە باس لەو بەربەستانە دەکات دەبنە کۆسپ لەبەردەم دڵداری و بەیەکگەیشتنی عاشقەکان دەکات، ھەروەک چاوچنۆکی و قرچۆکی دەوڵەمەندێک بۆ ھەوڵدان بە گەیشتن بە ئامانجەکان دەبێتە کۆسپ لەبەردەم ژیانی دڵداران”
ھیوا سوعاد گوتیشی”بە بەشداری کۆمەڵێک ھونەرمەندی کۆمیدی بە ئەزموونی ئەم شارە لە کەشێکی کۆمیدی تێکەڵ بە گۆرانی و ھەڵپەڕکێ پێشکەش دەکرێ”.
شایانی باسە پارساڵ لە ئەزموونێکی دیکەی کۆمیدیدا ھیوا سوعاد شانۆگەری شا ھەر شایەی نمایشکرد و ماوەی ٧ رۆژ نمایشکراو بینەرێکی یەکجار زۆر کارەکەی بینی.