مەسعودی مەلا ھەمزە : نوێنەری عێراق و سەندیکای ھونەرمەندان.
بە ئامادەبوونی شانۆکارانی سەرجەم کوردستان و نوێنەری پەیمانگای جیھانی شانۆ و سەرۆکی لقی عێراقی ئەو پەیمانگایە لە شاری ھەولێر کۆنفڕانسی دامەزراندنی سەنتەری کوردستانی پەیمانگای جیھانی شانۆ ITI بەڕێوەچوو.
لەم کۆنفڕانسەدا وێڕای پەسندکردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەیمانگاکە ھیوا سوعاد وەک سەرۆکی ئەو سەنتەرە ھەڵبژێدرا.
لە لێدوانێکی تایبەتدا ھیوا سوعاد سەرۆکی سەنتەری کوردستانی پەیمانگای جیھانی شانۆ گوتی”دوای ھەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر توانیمان سەنتەری کوردستانی پەیمانگای جیھانی شانۆ ITI لە کوردستان بکەینەوەو لە کۆنفڕانسێکدا بە ئامادەبوونی نوێنەری ITI دەستەیەکمان ھەڵبژارد و لە داھاتوودا دەست دەکەین بە کارکردن”.
ھیوا سوعاد گوتیشی”بۆ ئێمەی کورد بەگشتی و شانۆکاران بە تایبەتی ئەمە خەونێکی لەمێژینەیەو وەدیھاتنی دەسکەوتێکی گەورەیەو ھیوادارین شانۆکارانی کورد ھاوکارمان بن لە سەرخستن و بەرەوپێشبردنی سەنتەرەکە”.
شایانی باسە پەیمانگای جیھانی شانۆ ITI پەیمانگایەکی جیھانی شانۆییەو راستەوخۆ سەربە یونسکۆیەو بارەگاکەشی لە پاریسەو تا ئێستا نزیکەی ١٠٠ نەتەوە لەو پەیمانگا ئەندامن و بەسازکردنی ئەو کۆنفڕانسەش کورد دەبێتە یەکێکی تر لە ئەندامانی ئەو پەیمانگایە”.