راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی : دوو ساڵ پێشتر ویستمان راپۆرتێک لەسەر جیابوونەوەی ژن و مێردە ھونەرمەندەکانی کورد بکەین، بەڵام ئەوکات ھونەرمەندەکان خۆیان پێیان خۆش نەبوو ئەو بابەتە باس بکرێ، بۆیە بە ناچاری دەستمان لە راپۆرتەکە ھەڵگرت، دوای دوو ساڵ ژمارەی ئەو ژن و مێردە ھونەرمەندانەی کە لێک جیابوونەتەوە زیادی کردووە، بۆیە ئێستا لەلایان ئاساییە ئەگەر لەراگەیاندن باس بکرێ، تەنانەت زۆربەیان ھۆکاری جیابوونەوەکەشیان ئاشکرا کردووە.
دواین جیابوونەوە ژنە ھونەرمەند “دڵنیا قەرەداخی” بوو لەگەڵ ھاوسەرەکەی “ئاری حەمەسەعید”ـی دەرھێنەر، بابەتی ئێستای راگەیاندنە کوردییەکانە، ٨ ساڵ پێکەوە بوون، کوڕێکیان ھەیە بەناوی “ئاریۆس”، ساڵی رابردوو لەسەر داوای دڵنیا قەرەداخی جیابوونەوە، چونکە دڵنیا دەڵێت “ھیچ متمانەیەکم بەئاری نەما، غیرەیەکی زۆرم لێدەکرد، تاوەکو کار گەیشتە ئەوەی جیابینەوە”. ئاری ھەمان قسەی دڵنیا دەکاتەوە و دەڵێت “نازانم بۆچی لەمدوایە دڵنیا ئەوەندە غیرەی لێدەکردم، تەنانەت زۆر شتم لەبەر ئەو قەدەخە کردبوو، پێی خۆش نەبوو سەفەر بکەم، لەھەموو ئاھەنگێکی دڵنیا دەبووە شەڕمان، چونکە دەیگوت سەیری کچ دەکەی، تاوای لێھات لەگەڵی نەدەچووم بۆ ئاھەنگەکانی بەس بۆئەوەی شەڕ نەکەین”. ئاری ئەوەشی ئاشکرا کردووە لەپێناو کوڕەکەیان جارێکی تر داوای ھاوسەرگیری لەدڵنیا کردۆتەوە، بەڵام دڵنیا رازی نەبووە، دڵنیا دەڵێ ئێستا من و ئاری ھاوڕێین و ئاماژەی بەوەشدا ئاری شووی دووەمی بووە.
چوار ساڵ پێش ئێستا ھەردوو ھونەرمەند ئالان عومەر و چەتۆ نەورۆز جیابوونەوە، تائێستا چەتۆ نەورۆز لەراگەیاندنەکان باسی جیابوونەوەی لەئالان عومەر نەکردووە، بەڵام ئالان عومەر لەزۆربەی چاوپێکەوتنەکانیدا ئاماژەی بە ھۆکارەی جیابوونەوەکە کردووە، کەواتە باسکردنێکی یەکلایەنە بووە، ئالان لەچاوپێکەوتنێکی لەگەڵ (سڤیل) لەبارەی ھۆکاری جیابوونەوەی لەچەتۆ نەورۆز دەڵێت “ھونەر بریتیە لە کرانەوە، کە بوویتە ھونەرمەند دەبیتە ناو، کە بوویتە ناو دەنگدانەوە دروست دەکەیت و ژنێکی ئاسایی نیت، خەڵکی کورد زۆری ماوە بگاتە ئەو ئاستەی قبوڵی بێت ژنەکەی لەخۆی بەناوبانگتر بێت، لە کۆمەڵگەی کوردی تاکو ئێستاش ئەگەر ناوی ژنێک بھێنێت دەبێت ناسنامەی مێردەکەی بەکار بھێنێت بۆ ناساندنی کە بڵێی ژنی فڵانە کەس، پیاوی کورد قبوڵی نییە بڵێن مێردی فڵان ژن و ناوبانگی ژنەکەی ببێتە ھۆی ناسینەوەی، بێگومان ئەوە بۆی دەبێتە گرفتێکی نەفسی گەورە و بەردەوام لەگەڵ رۆحی خۆی شەڕی دەبێت و رۆژێک ھەر دەتەقێتەوە کێشەی خێزانی دروست دەکات”. قسەکانی ئالان عومەر وادەردەخات چەتۆ نەورۆز حەسادەتی بەناوبانگی ئالان عومەر بردووە، لەوەڵامی ئەو پرسیارەی لەبەرنامەیدا ھەیە شووی دووەم بکاتەوە، ئالان گوتی “جارێ لەوبارەوە ھیچ بڕیارێک لەئارادا نییە، باوەڕیش ناکەم بەبێ مەرج بڕیاربدەم، چونکە ئەم پرۆسەیە بۆ ھونەرمەند سەریەشە دروستدەکات، بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین ژیان بە پێکەوەبوونی ژن و پیاو جوانە، رەنگە منیش لەداھاتوو ئەو بڕیارە بدەم”.
جیابوونەوەی ژن و مێردە ھونەرمەندەکان ھەر لەناو کورد روونادات، زۆربەی ئەستێرەکانی ھۆلیۆد و گۆرانیبێژە جیھانییەکان بەپرۆسەی جیابوونەوە لەھاوسەرەکانیان تێپەڕیوون، بەڵام وەک حالەتێکی سەرسوڕمان سەیری ھاوسەرگیری ھەردوو ئەکتەری ھۆلیۆد ئەنجلینا جولی و بیت براد دەکرێت، ھەروەھا ھەردوو ئەکتەری ناوداری میسری نوری شەریف و بوسی، تائێستا جیابوونەوە لەو دوو خێزانە ھونەرییە رووینەداوە.
خانمە ھونەرمەند “تارا رەسوڵ” لەگەڵ ھاوسەرەکەی کە مۆسیقی بوو، چەند ساڵێک پێش ئێستا جیابوونەوە، تائێستا ھیچیان باسیان لەھۆکارەکەی نەکردووە، لەبارەی ھۆکارەکە (سڤیل) پەیوەندی بە تارا رەسوڵ کرد، گوتی “ئەوە شتێکی شەخسییە، بەبێ پارە لێدوان بۆ ھیچ راگەیاندنێک نادەم، بڕیارمداوە بۆ رۆژنامە و گۆڤارەکان بە ٣٠٠٠ دۆلار لێدوان دەدەم”. بەڵام لەچاوپێکەوتنێکی پێشوویدا لەگەڵ (سڤیل) گوتبووی “کوڕەکان وابیردەکەنەوە ئەگەر ھاوسەرگیری لەگەڵ ئێمەی ھونەرمەند بکات، ئەوە ژنەکەی بەردەوام خەریکی کاری ھونەرییە و فریانەکەوێ لەگەڵ ھاوسەرەکەی بێت، بەڵام وانییە و ھیوادارم کوڕانی کورد نزیکی کچانی گۆرانیبێژ بکەونەوە و ئەو کەلتوورە نەھێڵن، بتوانن ژیانێکی جوان و رۆمانسی ھاوسەرگیری پێک بێنن”.
ھەروەھا ھەر یەک لەو خانمە ھونەرمەندانە “ئاواز حەسەن، نازێ عەزیزی، ھانی، تارا جاف، جانێ، نارین فەقێ، موژدین ساڵح، سیریل، مەھاباد ئیبراھیم، دڵسۆز ماوەتی”، پێشتر لەھاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە.
رۆژنامەنووس وشیار ئەحمەد ئەسوەد، کە چاودێرێکی بواری ھونەرییە, دەڵێت “خەڵکی کۆمەڵگەی ئێمە ھەرچەندێک خۆی بەرۆشنبیر بزانێ، نەھزێکی عەشایەری تێدایە، ئەوە پەیوەندی بەکەلتوری کوردی ھەیە، بۆیە کەسێک کە ھونەرمەندیشە دەیەوێت لەسەرەتا واخۆی نیشان بدا رۆشنبیر و کراوەیە، بەڵام کاتێک ئەو کراوەیە دەگاتە ناو خێزانەکەی خۆی و کاتێک لەگەڵ خاتوونێکی ھونەرمەند ھاوسەرگیری دەکات، ئەوکاتە ئەو کراوەییەی نامێنێ و ھەندێ شت ھەیە پێی قبوڵ ناکرێ، ئەگەر خێزانەکەی گۆرانیبێژ دەبێت لەگەڵ کۆمەڵێک کوڕ و پیاوی مۆسیقی ھاوڕێتی بکات و لەگەڵیان دەربچێت کۆنسێرت بکات، دوای ھاوسەرگیری ئەوانەی پێڕەوا نییە”. وشیار ئەحمەد پێیوایە لەبەرئەوەیە زۆربەی کچە ھونەرمەندەکان شوو دەکەن بەکوڕێکی ھونەرمەند، بەڵام مەرج نییە ھەموو کوڕە ھونەرمەندێک کچێکی ھونەرمەند بخوازێ “ئەوە پەیوەندی بەکولتووری کوردییەوە ھەیە”.
“جانێ” خانمە ھونەرمەندی کوردستانی سوریایە و ئێستا لەوڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە، کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵی ھەیە، جانێ ١٠ ساڵیشە لەھاوسەرەکەی جیابۆتەوە و بۆ (سڤیل) ھۆکارەی جیابوونەوەکەی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە تەمەنی ھاوسەرەکەی زۆر لەخۆی گەورەتر بوو، گوتیشی “شووم بە پیاوپێک کرد ١٥ ساڵ لەخۆم گەورەتر بوو، ھونەرمەندیش نەبوو، ئەوکات بەناچاری ماڵەوە منیان بەشوودا، بەڵام کە چووین بۆ ئەڵمانیا لەبیرکردنەوە و بڕیاردان ئازاد بووم، بۆیە لەوێ داوای جیابوونەوەم کرد، چونکە خۆش نییە لەگەڵ کەسێک بژی بەدڵی خۆت نەبێت”.
ژنە گۆرانیبێژ “موژدین ساڵح” ساڵی ١٩٨٢ لەسلێمانی لەدایکبووە و ساڵی ١٩٩٦ لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا شوویکرد و نۆ ساڵیشە لەگەڵ ھاوسەرەکەی جیابۆتەوە، ئێستا لەگەڵ کوڕەکەی کە تەمەنی ١١ ساڵە لەوڵاتی ھۆڵەندا دەژی، موژدین لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ (سڤیل) لەبارەی جیابوونەوەی لەھاوسەرەکەی دەڵێت “زۆرم حەزدەکرد لەسلێمانی بڕۆمە دەرەوە, بەڵام نەیاندەھێشت بەبێ شووکردن کوردستان جێبھێڵم، کچی گەورەی ماڵ بووم و زۆر بەناز گەورە کرابووم، ھەموو ھاوینێکم لەگەڵ دایە و بابە دەچووم بۆ بەغدا، حەزمکرد بچمە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان، دایکم پێی ناخۆشبوو، لەبەرئەوە وتم باشە من شوو دەکەم و دەچم لەئەوروپا موزیک دەخوێنم، راستی لەبەرئەوە لە ١٤ ساڵیدا شوومکرد”. بەڵام بەبڕوای موژدین بڕیاری شووکردنەکەی ھەڵە بووە، لەپێناو چوونە دەرەوەی بۆ ئەوروپا بووە نەک ژیانی ھاوسەرێتی، “بۆیە کە چووم بۆ ئەوروپا جیابوومەوە”. موژدین ئەوەشی ئاشکرا کرد، لەپلانیدایە لەگەڵ کەسێکی گونجاو ژیانی ھاوسەری دروست بکاتەوە و دەڵێ “چونکە زەواج زۆر تەندروستە و دوورتدەخاتەوە لەنەخۆشییە سێکسی و دەروونییەکان”.
ھەریەک لە “ھانی و ئاواز حەسەن” کە لە ھاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە لەئەڵمانیا دەژین، ئاواز کچێک و ھانیش کوڕ و کچێکی ھەیە، تائێستا ھۆکاری جیابوونەوەیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ھانی پێشئەوەی بڕواتە ئەڵمانیا داوای جیابوونەوەی کرد، کە ھاوسەرەکەی نیگارکێش و فیلمساز بوو.