ھۆزان مەحمود- کەسایەتییەکی سیاسیی چەپ و چالاکوانە لە بواری مافی ژناندا، لە وەڵامی چەند پرسیارێکی ھەفتەنامەی زاری کرمانجیدا رایدەگەینێت کە “رۆڵی ژنان ونە لەبەر ئەوەی خاوەن رێکخراوی سەربەخۆی خۆیان نین”. ئاماژەی بەوەشدەکات و دەڵێت “ئێمە لە کوردستان بزوتنەوەیەکی ژنانی ئازاو چاو نەترسمان نییە. ئەم رێکخراونەی ژنان لە کوردستان زادەی
بارودۆخی سیاسی دوای راپەڕینین و وەکو پێویست نین لە ئاست کێشەو پرسەکانی ژنان.
ھەڤپەیڤین: توانا تەھا
ھۆزان- لە باشوری کوردستان لە دایک بوەو ئێستا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەژی و بڕوانامەی ماستەری ھەیە لە لێکۆڵینەوەی جێندەردا لە زانکۆی لەندەن، ھەروەھا دەرچووی سیاسەتی گشتییە. سەرپەرشتی چەندین کەمپینی جیھانی کردوە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان، عەلمانیەت- مافی کرێکاران- ئازادی رادەربڕین لە کوردستان و عێراقدا. ھۆزان – چەندین وتاری بڵاوبۆتەوە لە میدیا بەناوبانگەکانی بەریتانیا، وەکو گاردیان و ئیندیپێندێنت و نیو ستەیتسمان و ماڵپەڕی ئۆپن دیمۆکراسی. ھەروەھا لە دەیان کۆنفڕانسی نێو نەتەوەیی لە وڵاتانی جیاوازی دنیا وتاری پێشکەش کردوە لەسەر پێشڵکاری مافی ژنان لە کوردستان و عێراقدا. بەردەوام لە میدیا جیھانییەکان چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکرێ لە سەر پرسی ژنان و پرسە سیاسی یەکان لە عێراقدا.
*بە بۆچوونی بەرێزتان وەک چالاکوانێکی بواری ژنان، تاچەند رۆلێکی سەرەکی بەژنان دراوە لە سیاسەت؟
ھۆزان مەحمود: ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین کە جیاکاری جێندەری ریشەیەکی قوڵی ھەیە، ھەموو بوارەکانیشی گرتۆتەوە لەوانەش سیاسەت. لە کوردستان ژن تا ئێستاش وەکوو مرۆڤێکی سەربەخۆ و خاوەن بڕیار حیسابی بۆ ناکرێ. بۆیەش ھەر بەشدار بونێکیش لە سیاسەت ناتوانێ ببێتە مایەی ئازادی و سەربەخۆیی ژنان. بەڵکو ژن لە کایە سیاسییەکاندا بە جۆرێکی تر کۆیلە دەکرێ. ناچارە یان ھەندێک جار خۆیشی ئەو دەورە قبوڵ دەکات کە گوێ رایەڵی پیاوانی ناو پارتە سیاسییەکان بێ و بێ دەنگ بێت لە ئاست زۆر شت بۆ ئەوەی کە جێی ببێتەوە لەم کایە پیاوانەیەدا کە پێ ی دەوترێ “سیاسەت”. ھەربۆیەش پیاوانی حزبی کاتێک باس لە رۆڵی ژنان دەکەن لە حزب و سیاسەتدا دەڵێن کە “بەشداری سیاسی دەکەین بە ژنان” واتە ئەوە پیاوە کە رێگە بە ژن دەدات بێتە ناو سیاسەت و حزبەوە، نەک ئەوەی کە ژنیش مرۆڤەو بۆی ھەیە وەکو ئەو لە حزب و سیاسەتدا بێت و لە سیستمە ھایراکی یەکەی سەرمایەداریدا وەکو ئەو بتوانێ بەشدار بیت.
*مەسەلەی ژنان لەکوردستان تاچەند وەکو پێویست باسی لێوەکراوە؟
ھۆزان مەحمود: دیارە چالاکوان و رێکخراوی ژنان و ئەحزاب و میدیاکان ھەموو باس لە مەسەلەی ژنان دەکەن لە ڕوانگەی جیاوازەوە. بەڵام بە ئەندازەی ئەو ھەموو باسکردنە کردار لە لایەن دەسەڵاتەوە کە پێویست بووبێت بۆ باشترکردنی دۆزی ژنان زۆر کەم بووە. چەند یاسایەک دەرچون بۆ بەرەنگاربونەوەی توندووتیژی بەڵام ھیچی کاری پێ ناکرێ. باسکردنەکانیش زۆرتر لە بازنەی بەرەنگاربونەوەی توندووتیژیدایە نەک ئەوەی ژن وەکو مرۆڤێک ئازادی و مافەکانی فەردی و مەدەنییەکانی چین؟ ھەمیشە دەبێت بڵێین توندووتیژی بەس! بەڵام ئێمە لە سەدەی بیست و یەکدا دەژین تا ئێستاش دەیان پرسی گرنگ و چەمکی گرنگ ھەیە کە کۆمەڵگای ئێمەش پێوسیتە پێ ی ئاشنا بێت یان باسی لێوە بکات. بەڵام فۆکۆسەکە ھەمووی لەسەر ئەو کێشەیەیە.
* بەرێزتان باستان لەوە کردووە دەسەڵات و حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش ئەوەندەی تاکتیکیەن سەیری کێشەی ژنانیان کردووە، ھێندە ستراتیژیەن لەکێشەکەیان نەڕوانیوە و ھەوڵی چارەسەرکردنی ژنکوژی و توندووتیژی بەرامبەر ژنانیان نەداوە، ئایا ھۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
ھۆزان مەحمود: بەڵێ لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە دامەزراندنی حکومەتی دەستنیشانکراوی ئەمریکا لە عێراق، مەسەلەی بە ناو ” بەشداری ژنان” لە رێگەی کۆتاوە لە پەرلەمان و پۆستە حکومییەکانی وەکوو وەزیر و راوێژکار و کۆمەڵێک پۆست و پلەو پایەی تری رەمزی ژنانی کێشایە ناو کایەی سیاسییەوە.بەڵام چ سیاسەتێک؟ دەتوانم بڵێم لە ھەردوو پەرلەمان و حکومەتی کوردستان عێراقیش لە لایەن حزبەکانەوە ژنان کرانە دیکۆر بۆ جوان کردنی روخساری بە ناو دیموکراسی لەم ناوچەیە. کرانە ئامڕازێکی بە مۆدێرن نیشاندانی ئەم دوو دەسەڵاتە روو بە دنیاو ئەمریکاو بەریتانیاش بە تایبەت ژنانی کۆتا سیستمیان بەکاردەھێنا بۆ ئەوەی بە دنیای دەرەوە نیشان بدەن کە “دیموکراسیان” بۆ ئەم وڵاتە ھێناوەو و ئەوەتا ژن لە سیاسەتدایە. ئەو ژنانەیش کە لەم کایەیەدا بەشدار بوون خۆیان بونە ئەنجامدەری ئەو ئەجێندایە، ھەندێکیان کە زۆر سەریان لە سیاسەت دەرناچێت و زۆرتر لە لایەن پیاوانی پارت و خێلەکانیانەوە پشتیوانی دەکرێن و دەستنیشانکراون، یان ئەوانەی دەرەوە لە لایەن ئەمریکاو بەریتانیاوە دەخزێنرانە ناو ئەم پەرلەمان و حکومەتانەوە. حەتمەن بۆ پلەو پایەو گەندەڵی و ماڵ و پاسەوان و ئۆتۆمبێڵ و وەرگرتنی چەند موچە و راگرتنی خزمەتکارو دواتریش موچەیەکی خەیاڵی خانەنشینی و کۆمەڵێک ئیمتیازاتی تر لەزەتیان لەم دەورە بینیوە. ئەمانە نەک ھیچ رۆڵێک ناگێڕن لە باشترکردنی پرسی ژنان، بەڵکو بە پێچەوانەوە بونەتە رێگر لەبەردەم ھەر ھەوڵێک کە کەسانی چالاکوان دەیدەن. دەسەڵات پێمان دەڵێ ئەوەتا ژنان نوێنەریان ھەیە و ئیتر چیتان دەوێ؟؟ کەچی ژنانیش ھیچ کەس نییە باس لە نەھامەتی و کێشەکانیان بکات لەو پەرلەمانانەدا. ھەر بۆیەش ئەحزابی ناو دەسەڵات لەم کایەیەدا ژنیان بەکارھێناوە بۆ بە مۆدێرن نیشاندانی دەسەڵاتەکەی خۆیان.
*لە چ کاتێک رۆلی ژنان لە ھەرێمی کوردستان ون بوو بە بۆچوونی بەرێزتان؟
ھۆزان مەحمود: رۆڵی ژنان ونە لەبەر ئەوەی خاوەن رێکخراوی سەربەخۆی خۆیان نین، لەبەر ئەوەی ئێمە لە کوردستان بزوتنەوەیەکی ژنانی ئازاو چاو نەترسمان نییە. ئەم رێکخراونەی ژنان لە کوردستان زادەی بارودۆخی سیاسی دوای راپەڕینی ساڵی١٩٩١ ن ھەر بۆیەش زۆربەیان بەرھەمی ئەحزابی ناودەسەڵاتن و سەربەو مێنتالیتی یە کۆنەن و سەربەخۆ نین لە ئەجێندای خێڵەکی و دواکەوتوی و سەرۆک پەرستی و پاشکۆیەتی بۆ ئەم سەرکردەو ئەو سەرکردە. ئەگەر سەیر بکەین لە کاتی راپەڕینی ١٧ ی شوباتدا یەک رێکخراوی ژنان نەچونە بەردەرکی سەرا بۆ نوێنەرایەتی کردنی کێشەی ژنان و بۆ بەشدار بوون لە بزوتنەوەیەکی جەماوەری کە بەدەنگ ھاتبوون بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئازادی، دەکرا ژنان و رێکخراوەکانی ژنان لە وێ بونایە بۆ مافی خۆیان، نەک بە تەنیا بۆ خواستە گشتیەکان. ئەم روداوە نیشانی دا کە رێکخراوەکانی ژنان لە سەنگەری کێدا بوون کە بەڕاستی ئەوان باوەڕیان بە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە بۆ رزگاری ژنان، بەڵکو کۆمەڵێک موچەخۆرن لە ئۆفیسەکانی خۆیاندا.
*پێتان وایە حکومەتی ھەرێم و لایەنە پەیوەستەکانی ژنان تاچەند بەجددی کاریان کردووە بۆ بەدواداچوون و لێکۆلینەوەی پرسی ژنان؟
ھۆزان مەحمود: حکومەتی ئێمە، حکومەتی بڕیار دەرکردنە و جێ بە جێ نەکردن. رۆژانە لەو پەرلەمانەدا بڕیار دەردەکەن تۆ بە من ناڵێی کام لەو بڕیارانە دەچنە بواری جێ بە جێ کردنەوە؟ کارتۆنی ترین پەرلەمانی دونیا ئەوەی کوردستانە بە ڕاستی. کاتێک دادگا سەربەخۆ نییە و دەسەڵات داران بە ئارەزوی خۆیان لەسەر و یاساوەن ئیتر ئێمە باس لە چی بکەین؟ وڵاتێک ھەموو دام و دەزگاو رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ئابووری و سیاسەت و یاساکانی دو بنەماڵە کۆنترۆلی بکەن ئیتر چاوەڕوانی چی بین لێ یان؟ کێ بە بەرپرس بزانین. کێشەکە لە تەواوی سیستمەکەدایە ناکرێ بەس یەک وەزارەت یان لایەنێکی پەیوەندیدار تاوانبار بکرێ.
*ئایا داڵدەدان و سزانەدانی بکوژانی ژن لە ھەرێم ئەوەدەگەنیێت کە پرسی ژنان پەراوێز خراوە لەلایەن وەزارەتی ناوبراو حکومەتی ھەرێم؟
ھۆزان مەحمود: ژن وەکوو شەرەفی خێزان دەناسرێ، ئەمە وای کردوە کە بەر پرسیارێتی یەکی زۆر گەورە بخرێتە سەر شانی ژنان بەوەی کە ھەمیشە ھەست بکەن ئەوان خاوەنی پاراستنی ناموسی باوک و براو خێل و نەتەوەن. ئەم شەڕەف و ناموسەش لە ناو لینگی ژناندایەو دەبێ باکیرە بن تا ئەو کاتەی دەبنە ژنی کڕدراوی پیاوێک جا ئەو پیاوە ھەر کەسێک بێت ھەتا کە خۆیشی بە دڵی نەبێت. لەو لاوە پیاویش کراوە بە پاسەوانی ناو لینگی ژن و بەر پرسە لەوەی ھاوسەر، خوشک و ھەتا دایکیشی بکوژێ بۆ پاراستنی ئەم بە ناو شەرەفەی خانەوادەکەی. کوشتاری ژنان لە ماوەی بیست ساڵی رابردودا وەکوو ھۆلۆکاستێکی شێنەیی گیانی سەدان و ھەزاران ژنی بۆ کراوەتە قوربانی. ھەربۆیەش پیاوانی بکوژی ژنان نادرێنە بەر سزاو لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ ناکرێ و بە تایبەت ئەگەر کاربەدەستێک و یان بەر پرسێک بناسن ئەوە ئیتر ئازادن و کەس بۆی نییە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات. کێشەکە لەوەدایە کە ئەم کولتوورەی پیاوسالاری و ژن کوشتنە بۆتە نۆرم و خەڵکێکی زۆر بە تایبەت دەسەڵات کاری لەسەر نەکردوە بۆ گۆڕینی مێنتالێتی خەڵک و بنەبڕکردنی. ئەگەریش جارو بار یاسایاک یان قسەیەک بکەن بۆ بێدەنگ کردنی دەنگە ناڕازی یەکانە. تەواوی سیستمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە کوردستاندا بەرپرسیارن لە ئاست ئەم باروودۆخەدا لە کوردستان.
* بۆچوونتان لەسەر کۆمەڵگەی مەدەنی چییە؟ ئایا لە کوردستان کۆمەڵگەی مەدەنی بوونی ھەیە؟
ھۆزان مەحمود: زۆرێک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ھەروەک رێکخراوەکانی ژنان لە کوردستان بەرھەم ھێنراوی ئەحزابی ناو دەسەڵاتن و بە ھەمان فەلسەفەی دەسەڵات کاردەکەن. دیارە کەسانێک پلە و پایەیکیان بۆخۆیان دروست کردوە لەم رێگەیەوە، بەڵام نازانم ئەو کێشانەی وەکوو نەبونی مافی منداڵان، کاری منداڵان، کوشتاری ژنان، مافی کرێکاران، نەبونی مافی مرۆڤ و دەیان و سەدان کێشەی تر کامێک لەم رێکخراوانە کاری جیددی کردوە بۆ نوێنەرایەتی ئەو خەڵکانە؟ زۆر جار ئەمان وەکو ئامرازێک کاریان کردوە بۆ شاردنەوەی راستی ییەکان کاتێک کە رێکخراوە جیھانییەکان سەردانی کوردستان دەکەن. زۆربەی ئەو سەندیکایانە کە ھەن لە کوردستان فەرقیان چییە لەگەڵ ئەوانەی سەردەمی حزبی بەعس؟؟ ئەمانە رێگرن لە ئاست دروست بوونی رێکخراوی جەماوەری کە خەڵک خۆی ئازادانە نوێنەری خۆی ھەڵبژیرێ. زۆربەی ئەو کەسانەی کەلە پلەو پایەی بەرزدان لەم رێکخراوانەدا کەسانی سەر بە ئەحزابی ناو دەسەڵاتن بۆ کۆنترۆڵکردن و خنکاندنی دەنگە ناڕازی ییەکان. ھەر بۆیەش بە بڕاوی من شتێک نییە بە ناوی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان.
*چ لایەنێک لە کوردستان پرسی ژنانی فەرامۆش کردووە، مەبەستم حزبەسیاسییەکانە بە ئۆپۆزیسیۆنیشەوە؟
ھۆزان مەحمود: کێشەکە تەنیا لەسەر فەرامۆش کردن نییە، ئێمە باس لە نیوەی کۆمەڵگا دەکەین کە دەچەوسێتەوە چۆن دەبێت ئەمە بچێتە خانەی فەرامۆش کردنەوە؟؟ ھیچ کام لەو حزبانە و سەرکردەکانیان کە زۆربەی پیاون ئەسڵەن مەسەلەی ژنیان بۆ گرنگ نییە وە باوەڕیان پێ ی نییە تا لەبیریان بچێت. خۆیان ھەندێکیان لەوانەیە رۆژانە کچ و ھاوسەر و خوشکی خۆی بچەوسێنێتەوە. ژن وەکو خۆی مامەڵەی لەگەڵ ناکرێ لە کۆمەڵگای ئێمەدا. ژن لە کولتوور و سیاسەتی کوردیدا بە مرۆڤێکی یەکسان حیسابی بۆ ناکرێ. بۆیەش ئەگەر ئەمە مێنتالیتی و فەلسەفەی ئەم حزبانە و سەرکردەکانیان بێت کەدەسەڵات بە دەستیانەوەیە ئیتر چۆن بۆیان گرنگ دەبێت کە ژن ھەیەو دەچەوسێتەوە؟. ئەوان لێدان لە ژن و کۆیلە کردنی ژنان بە بەشێک لە بنەماکانی خیزانداری دەزانن.
* میدیای کوردی وەک پێویست باسی لە پرسی ژنان کردووە یاخود نا؟ ئایا بوونی کۆمەڵگەو میدیا بەسیاسی ھۆکار بووە بۆ پەراوێز خستنی ئەو پرسە گرنگە؟
ھۆزان مەحمود: بە بڕاوی من میدیای کوردی بە تایبەت میدیای ئەھلی رۆڵی بووە لە دەرخستنی راستییەکان. زۆر جار گرنگیان داوە بە دۆزی ژنان لە کوردستان، بەڵام بە بڕوای من کەم و کورتیان زۆرە. لەلایەکی ترەوە کۆمەڵگای کوردستان لە دۆخێکی ئارام و ئاساییدا نییە دەیان و سەدان کێشە ھەیە کە میدیاکان سەرقاڵ دەکات، بەڵام بە بڕاوی من پرسی ژنان لە کوردستان لە ھیچ پرسێکی سیاسیی تری وەکو سەربەخۆی کوردستان، یان گۆڕینی دەسەڵات کەمتر نییە. لە ماوەی دەسەڵاتی رەشی بەعسدا و دواتریش لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردودا ژنان گەورەترین سەختی و تاڵیان کێشاوە. بێ مافی، بێ کەرامەتی، کوشتار، و چەوسانەوە چەند لایەنێکی توندووتیژین کە رۆژانە سەدان و ھەزاران ژنی کوردستان دە ناڵێنن بە دەستیەوە.
* دەبێت کێ لە کوردستان بەرگری لەپرسی ژنان بکات. بۆ ئەوەی بوێرو چاو نەترس بێت لەم پرسە جەسارەتی ئەوەی ھەبێت مەردانە بەرگری لە ماف و پرسەکانی ژنان بکەن؟
ھۆزان مەحمود: بەرگری لە مافی ژن تەنھا ئەرکی ژنان خۆیان نییە، بەڵکو دەبێت پیاویش بەرپرسیارێتی قبوڵ بکات کە ئەویش خەتا بارەو پێویست دەکات بگۆڕێ. دیارە پیاو سالاری لای ئێمە زۆر زەق و پشت بەستو بە توندووتیژی یەکی بێ وێنەیە ھەر بۆیەش ئێمە پێوسیتمان بەوە ھەیە لەسەر پیاوانیش کار بکەین بۆ ئاگادارکردنەوەیان لەو رادە زۆرە لە توندووتیژی و بێ رێزی کە بەرامبەر ژنان ئەنجامی دەدەن لە ماڵەوە، لەسەر کار، لە ناو دەسەڵات و لە بازاڕو شوێنە گشتییەکانیش. ئەرکی ژنی کورد بۆ بەرەنگار بونەوەی ئەمە زۆر قورسە، بەڵام دیسان ناکرێ ھەر چاوەڕوان بین تا بۆ خۆی بگۆڕێ. ئەوە تەنھا بە خواست و ئازایەتی ژنان خۆیان دێتە دی. ژنان لە کوردستان تەنھا لە رێگەی دروست کردنی بزوتنەوەیەکی سیاسی سەربەخۆی ژنان کە چالێنجی دەسەڵات، دین، کۆنسێرڤاتیزم، داب و نەریتی باو، سیستمی ئابووری کە ژن تیا کۆیلە تر دەبێت و پێ داگرتن لە سەر مافە فەردی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکانی خۆی دەتوانێ کاریگەری گەورە دانێ. کاتێک ژن دەتوانێ دەنگی خۆی ھەڵبڕی ئەو کاتەی کە کەوتە شکاندنی تابۆکان و چالێنج کردنی ئەونۆرمانەی کە قدوسیەتیان بۆ دانراوە وەکو بەناو شەرەفی خانەوادە. ژنانی کورد خۆیان دەتوانن خۆیان بسەپێنن و مافەکانیان دەستەبەر بکەن نەک رێکخراوی ژنانی خێرخوازی و سەربەدەسەڵات و بیرۆکراتی، چونکە ئەمانە نە جەسورن و نە نوێنەرایەتی ژنانیان پێ دەکرێ بە پێ ی پێویست.