ھونەرمەند کاوە ژاژڵەیی: سەرسامی دەنگی ھەردوو ھونەرمەند بلیمەت قادر کابان و کەریم کابانم
دیمانە- کامەران حاجی ئەلیاس
زۆرن ئەو ھونەرمەندانەی بەرھەمیان بەژمارە،زۆر نیە بەڵام بەرھەمەکانیان شاکار و نەمرن ،لە ھەموو کات و سەردەمێک دا لە ھزر و زایەڵەی وەرگر دەمێنێتەوە، ھونەرمەند کاوە ئەحمەد حەسەن ناسراو بە (کاوە ژاژڵەیی) ، یەکێکە لەو ھونەرمەندانە،کە خاوەنی چەندین ،ئاواز و گۆرانی کەمە بەڵام ھەموو بەرھەمەکانی نەمر و بەپێزن ژاژڵەیی،لە ساڵانی حەفتایەکان، چۆتە نێو جیھانی ئاواز و گۆرانی ، ئێمە وەکو ماڵپەری کوردستان تیڤی بە چەند پرسیارێک بەسەرمان کردۆتەوە:
*سەرەتا ئەگەر بۆ خوێنەرانمان بەکورتی باس لە کاروانی ھونەری خۆت بکەیت .
-دەستپێکی ھونەریم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٧ ئەو کاتە کە ھاوکاربووم لەگەڵ تیپی شانۆی لادێ کەسەر بە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ بوو لە گەڵ ئەم تیپە و ھاوکار لەگەڵ ھەردوو ھونەرمەندی خوا لێخۆشبوو (حەمە جەزا علی و قادر زیرەک )بەشداری بۆنە و ئاھەنگەکانمان دەکرد، دواتر لە ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ تیپی ھونەری ھەولێر چەندین چالاکیم ئەنجام دا.
* گۆرانی (پەشیمانی) یەکێک بوو لەو گۆرانیەکانی بەرێزتان کە دەنگ وزایەڵەی زرۆی ھەبوو ئەگەر بکرێت باس لە چیرۆکی ئەم گۆرانییە بکەیت؟
-لە مانگی ٣ی ساڵی ١٩٧٨ کاتێک سەرقاڵی پڕۆڤەی بابەتە ھونەریەکانی فیستیڤاڵی چالاکی قوتابخانەکان بووین، مامۆستای خوا لێخۆشبوو “سەید ئەحمەد بەرزنجی “کە سەرپەریشتی چالاکیەکانی فیستیڤاڵی دەکرد، لە کاتی پڕۆڤەکردن دا ھەستی کرد دەنگی من شیاوە بۆ ئەو ئاوازەی کە داینابوو، بۆیە ڕۆژانە دوای تەواو بوونی پرۆڤە، ھەر لە باخچەکە دا چەند جارێک ئاوازەکەی بۆ ووتمەوە، دواجار ووتی دەتوانی وەک من بیڵێیتەوە، منیش بە ھەست و سۆزی خۆم ئاوازەکەم بۆ ووتەوە، زۆری پێ خۆش بوو ،ووتی ئەوە ئاوازی خۆمە و پێشکەشت بێ، ئەوە بوو لەگەڵ کۆمەڵێک گۆرانی تری ناوازەی تیپ لە ھاوینی ئەم ساڵەدا تۆمارکرا، گۆرانیەکە ناوی پەشیمانیە و ئاوازی مامۆستای خوالێخۆشبووە ھۆنراوەکەشی ھی شاعیر کاک نازم دڵبەندە.
*کامەن ئەو ھونەرمەند وکەسانە ، کەھاوکارو ھاندانی بەرێزت بوون؟
ئەڵبەت لە ھەر کارێکی ھونەری کەسانێک ھاوکار و دڵسۆزت دەبن، وە ئەوانەی ھاوکاری منیان کردووە مامۆستا (سەید ئەحمەد بەرزنجی) و مامۆستا (وریا ئەحمەد)و کاک (حەمیدی بزق) وە ھەروەھا سەرجەم ئەندامانی گروپی نالی و کاک (سید ئەحمەد ڕواندزی)،لەگەڵ ھەردوو خۆشەویستانم کاک سەباحی سەنتوور و کاک فەرھاد محمد ساڵح رێز و حورمەتم ھەیە بۆ ھەموویان، خوای گەورە لە مامۆستا سید ئەحمەد بەرزنجی خۆش بێت.
*ئەو گۆرانیبێژانە کامەن کەکاریگەریان لەسەر تۆدا ھەبووە؟
– ھەر لە مناڵیمەوە سەرسامی دەنگی ھەردوو ھونەرمەندی خوالێخۆشبوو بلیمەتەکانی ئاواز و گۆرانی کوردی، قادر کابان و کەریم کابان بووم، زۆر جار حەزم کردووە یەکێک لە گۆرانیەکانیان بڵێمەوە، یادیان بە خێر و گۆڕیان پڕ نور بێ.
*بۆچی بەرھەمی نوێت نیە؟
من لە ساڵی ٢٠٠٢وە وە وازم ھێناوە ھەستم کرد ئیدی جێگای من نابێتەوە لەو بازاڕەی ئەمڕۆی بە ناو ھونەر و تەمەنیش ھۆیەکی تری وازھێنانمە ھەر بۆیەش لەو ساتە وەختەوە ھیچ بەرھەمێکم نیە.
* ئاستی ھونەری گۆرانی و موزیکی کوردی لە ئێستادا لە چ ئاستێک دایە؟
– ئەگەر اغراءات و ئیمتیازات لێبگەڕێت ئێستاش شتی جوان و چاک دەکرێت.
* چۆن دەڕوانیتە گۆرانیبێژە گەنجەکان؟
-ماشاڵڵا ئەمڕۆ بێ سانسۆر ئەوەی حەز بکات و پولدار بێت دەبێتە شازی ھونەرمەند لە ماوەی چەند مانگێک دەیان چاوپێکەوتن و دەیان کۆنسێرت ئەنجام دەدەن.
*رۆڵی میدیا (تیڤییەکان) لەبڵاوکردنەوەی گۆرانی کوردی بە ئەرێنی دەبینی؟
-خوا خێریان بنوسێ ھەندێ لە کەناڵەکان جار جارە وەک یادێک گۆرانیە ڕەسەنەکان پەخش دەکەن.
*ئەو پەندەی لە ژیانتا بڕوات پێی ھەیە؟
– ھەر چەندێکم زانیبێ ، ئێستا زانیم کە ھێشتا ھیچ نازانم.
* بەکورتی چی دەڵیت بۆ (خۆشەویستی ، ھیوا ، ژیان )
-دەکرێ ئەم سێ ووشە جوانە ئاوێتەی یەکتر بن، ئێمە ھەر ھەموومان وەکو مرۆڤ ئەگەر ناخمان پڕاوپڕ نەبێ لە سۆز و خۆشە ویستی بۆ دەوروبەر و ئەوانەی لەگەڵیان دەژین بە ھیواو ئاواتەوە نەژین ھیچ جیاوازیەکمان نابێ لە گەڵ بونەوەرانی تر.