-ھونەرمەند چالاک سەدیق: ئەنجامدانی فیستیڤاڵ کارێکی باشە بەمەرجێ ھونەرمدانی بەئەزموون ئامانجە ھونەریەکەی داڕێژن
ھونەرمەند چالاک حەسن ناسراوە بە (چالاک سەدیق)،یەکێکە لە ھونەرمەندە دیارەکانی کوردستان ئاوازی بۆ چەندین ھونەرمەندی کوردستان داناوە،لەگەڵ چەندین تیپی موزیکی کوردی کاری کردوە، دەرچووی پەیمانگەی ھونەرەجوانەکانی موسڵ و زانکۆی بەغدا بەشی زانستی موزیک..زۆر سەرسامی ژەنینی ھونەرمەندان مشتەبای میرزادە و ئەنوەرقەرداخی بووە ھەرئەوەش وای کردوە خولیاوحەزی بچێتە سەر ئامێری کەمانجە شارەزایەکی باشی لە مقاماتی کوردیدا ھەیە ..لە رووی کارگێریشەوە شارەزایەکی باشی ھەیە بەو ھۆیەوە ماوەی چەند ساڵێکە بەرێوەبەری پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی کەرکووکە بۆیە بەباشمان زانی لە نزیکەوە بە چەند پرسیارێک بەسەری بکەینەوە.
ھەڤپیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
* سەرەتا بابزانیین چیرۆکی ئاشانابوونت بە ھونەری موزیک چۆن دەستی پێک کرد؟
– ھەڵبەتە ئەم حەزو خولیایە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی ، کاتێ گوێبیستی ھونەرمەندانی گەورەی
کورد لەمامۆستایان (عەلی مەردان و حەسەن زیرەک و مەزھەری خالقی ..) وھونەرمەندانی تر
لەڕادیۆکانی کرماشان و بەغدا دەبووم،وە کاریگەری تیپەٍکانی موزیکی (سلێمانی و ھەولێر و تیپی
تەلەفزیۆنی کەرکوک و باواجی ) کەبەرھەماکانیان پەخش دەکرا پارچە موزیکەکانی ھۆرەی مامۆستا
ئەنوەر قەرەداغی و کچە شۆخەکەی تیپی باواجی لەگەڵ گەلێکی تر بەمنداڵی دەناسیەوەو ئەمانە ئەو حەزە دەروێشییەیان لام درووست کرد بڕیارمدا فێری موزیک ببم و بەردەوام بم.. سەرەتای فێربوونیشم لەساڵی ١٩٨١ لەلای مامۆستا ( جەلال سۆدەچی) بوو کە بە شێوەی (گوێگرتن ) سەماعی بوو پاشان لەساڵی ١٩٨٢ لەلای مامۆستا ( قادرمەردان ) بەشێوەی زانستی سەرەتاکانی فێربوونی کەمانم خوێندووە بەوھۆیەشەوە ساڵێک دوایی ئەو خوولە لەپەیمانگەی ھونەرەجوانەکانی شاری موسل وەرگریام لەساڵانی پەیمانگاش لەلای ھونەرمەندی کەمانچەژەنی بەتوانا ( ئەحمەد جەوادی) بۆماوەی ٤ ساڵ وانەکانی ڤایۆلین ( کەمان ) و سۆلفێج و ھارمۆنی و تیۆری موزیک و لای چەند مامۆستایەکی دیش وانەکانی ترم خوێند بۆیە،پەیمانگەی ھونەرجوانەکان رۆڵێکی گرنگی بینی بۆ پێگەیاندنی ئێمە لەگەڵ ھەوڵ و کۆشیشی خۆشمان توانیمان ببین بەو ژنیارو ھونەرمەندەی ئێستا.
* ئاشکرایە ژەنینی ئامێری کەمانجە ئاسان نییە بۆچی لە نێو ئەو ھەموو ئامێرە موزیکیانە تۆ کەمانجەت ھەڵبژارد؟
– دیارە کاریگەری مامۆستایانی بەڕێز ( ئەنوەر قەرەداغی و مشتەبای مریزادە) ھەرچەندە ئەو کات نەمان دەزانی مشتەبای میرزادە ئەوژەنیارەی ھونەرمەندان( حەسەن زیرەک و مەزھەری خالقی) یە کاریگەری ھەبوو لەوەی ئامێری کەمانجە ھەڵبژێرم بەڵام ھونەرمەند مامۆستا ئەنوەر قەرداغی لە تەلەفزیۆن دەمانبینی بۆیە ئەویش کاریگەری لەلام دروست کردم لەگەڵ چەندین ھونەرمەندی تر وەکو (رزگار خۆشناو ) لەگەڵ گەلێ ژەنیاری تری تیپەکانی کوردستان .
ھەر ئەوەش وای لێکردم بۆ یەکەمینجار لەھاویین ساڵی ١٩٧٩ ئامێرێکی کەمانچەم لە ئۆرزدیباکی شاری کەرکوک بە ١٠ دیناری ئەو سەردەمەم کڕی بەڵام لە دوای یەک ساڵ بەدواوە چوومەمە لای مامۆستای تایبەت (جەلال سۆدەچی) کەلەنەتەوەی تورکمانی شاری کەرکوک بوو کەمانی باشرتی بۆپەیداکردم.
*گۆرانی و موزیکی کوردی خاوەنی چەندین فۆڕمی جیاوازە، تا چەند ئەم فۆڕمانە ھاوکارن لە پێشڤەچوونی موزیکی کوردی؟
– ئەو فۆرمانە کاریگەری تەواوی لەسەر ئاوازو گۆرانی کوردی، ھەیە چونکە ھەر ناوچەیەکی کوردستان خاوەنی چەند فۆرمێکی تایبەتن بۆنموونە لاوکەکانی باکورو ناوچەی بادینان ھەوێینی ستران وئاوازی ئەو دەڤەرانەن بەڵام لەگەرمیان (ئائ ئای و ئەڵاوەیسی و قەتارو خاوکەر )بوونەتە بۆن وبەرامی بەستەو گۆرانێکان و ھەموو ناوچەکانی تریش بەھەمان شێوە ، ئەوەشی دەمێنێتە سەرئاوازدانەرەکان دەبێت ئەوئاوازو فۆرمە ڕەسەنانە بکەنە ھەوێینی کارەکانیان، نەک ئاواز و فۆرمی بیانی بە جۆرێک کاریگەری نەرێنی زۆری ھەبێت لەسەر گوێچکەو رۆحمانا.
*ساڵانە لە پەیمانگەی ھونەرجوانەکانی کەرکووک،کادری ھونەری خوێندن تەواو دەکەن بەڵام لە گۆڕەپانی ھونەری دیار نیین وەکو مامۆستایەک ھۆکارەکەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
– دیارە من بۆخۆم دەستەی دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری پەیمانگەی ھونەرجوانەکانی کەرکووکم کە لەساڵی ٢٠٠٥ وە دامەزراوە،لەتێکڕای بەشەکان ھونەرمەندی دیاری لێ درووست بووەو ئێستا ڕۆڵی باشیان ھەیە لەناو گۆڕەپانی ھونەری کوردیدا نموونەی ( ھەوار فارس – نەژادنەجم – سوزان ئەمحەد -چنار عیزەدین – بەرزان یونس – ھۆزان شێرزاد ) لەبەشی شانۆ ( عومەر موفق – عەلی حمەمەد – ئەمحەد نەجیب -کاروان حمەمەد ) کۆمەڵێ کادری تریش کە بەشێکیان کیان مامۆستای کۆلێژی ھونەرن لەزانکۆکانی کوردستانن وە لە ئێستا دا (١٥) کەسیشیان ھەر لەپەیمانگای ھونەرەجوانەکانی کەرکوک مامۆستان لەھەرسێ بەشەکە . ھەروەھا بەشێکی زۆریشیان ئامادەییان لەکارە ھونەرییەکاندا ھەیە لەکەرکوک و شارەکانی دیکەی کوردستان و لە فیستیڤاڵەکانی ناوەو دەرەوەش ھەندێکیان خەڵاتیان بەەدست ھێناوە. لەساڵانی ڕبردوشا دەرچووەکانی بەشی موزیک ئەوانەی ژەنیاری باشن لەگەڵ بەندەدا لەتیپی مۆسیقای کەرکوک لەگەڵ بەشداریان ھەبووە لەکلێپ و فیستیڤال و کارەھونەرێکان. ٍ
*لە زۆربەی شارەکانی کوردستان تیپی موزیکی ئۆرکرێسترا ھەیە ئایا لە کەرکووک بیرتان لەوە نەکردۆتەوە ئۆرکسترای کەرکووک دابمەزرێنن؟
– ھەوڵەکان ھەبووە ، بەڵام بەداخەوە بەھۆی نەبوونی پاڵپشیت باش ئەو کارە نەمانتوانیوە ئەنجامی بدەین لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لەژەنیارەکان بەخۆمشەوە ئەندامی ئۆرکێسرتای جیاوازەکانی کوردستاننی ھەندێکیان کەرکوکیان بەجێھێشتووە، بەڵام ئەگەر پشتگریی ھەبێت ئەتواننی تیپی مۆسیقای کەرکوک پەرەپێ بدەین کە زیاتر لە ٢٥ ساڵە ئامادەمیان ھەیەو خاوەنی چەندین بەرھەمی جوانین.
*زۆرێک لە گۆرانییەکانی کوردی لە ئێستا بۆماوەییەکی دیار کراوە لە یادی وەرگر دەمێنێتەوە دوای لەبیر دەچێتەوە ھۆکارەکەی میلۆدییە یان تێکستە یان دەنگی گۆرانیبێژەکەیە؟
– لەگەڵ ئەوەی لەھەموو سەردەمێک بەڕۆژگاری ئەمڕۆمشانەوە بەرھەم وکاری ھونەری جوان کراوە لەگەڵ ئەوەش دا،بەرھەمی بێ پەیام و بێ ئاستیش ھەر ھەبووە بەڵام ڕەنگە ئەمڕۆ زیاتر چونکە ئاسانکاری و ھۆکاری تۆمارکردن و گەیاندن ئاسانترو زۆرترە بەداخەوە گوێگرو بینەرو گۆرانی بێ بەھاو بێ ماناش زۆرە کاتێ ھونەرمەندێک بەرھەمێکی چاک و بەئاست بەھەموو پێوەرەکان باڵاو دەکاتەوە دەبیین، بەداخەوە پێشوازیەکی ئەوتۆی لێ ناکرێت وەک ئەوەی پێشوازی لەگۆرانیەکی بێ ئاست لەڕووی تۆمارو ھۆنراوەو ئاوازو دەنگ و تەنانەت ووشەی بێ ماناو دەنگی ناخۆش ئەکرێ ، دیارە ھەموو پێکھاتەی درووست بوونی گۆرانی لە (میلۆدی ،دەنگ ، تێکست) دەگرێتەوە.
*وەکو ژنیارێک ئەوکلیپانەی لە ئێستادا بەرھەم دەھێنرێت، تاچەند خزمەت بە گۆرانی وگۆرانیبێژەکە کردوە؟
– دیارە ئەمەش کارێکی دوولانەیە زۆر کلیپ ھەیە سەرنجی ھەموومان ڕادەکێشێ کەھەموو پێکھاتە ھونەریەکانی وێنەگرتن و لایەنی بینین ، ھەروەھا گۆرانێکە مەرجەکانی ھونەری لەئاسیت بەرزدایە کاریگەری باشی ھەیە ، بەڵام پێچەوانەکەشی ھەیە وەکو دەیبیننی جیاواز لەنەرییت کوردەواری و ھیچ خزمەت بەھونەرو میدیای ،کوردی ناکات کەبەداخەوە زۆربەی کەناڵەکان پەخشی ئەو جۆرە کارانە دەکەن، لەکاتێکدا ئاوازو گۆرانیەکانی ھونەرمەندانی دێرین و ڕەسەن خاوەنی ھیچ جۆرە کلیپێک نین کەچی بەگوێ گرتنیان ،ھەریەکەو بەجۆرێک وێنای جوانین بۆدەکەن ھەر بۆیە ھەمیشە بە زەندووی دەمێنەوە.
*ساڵانە چەندین فیستیڤاڵی موزیکی لە شارەکانی کوردستان ئەنجام دەدرێن تاچەند سازکردنی فیستیڤاڵ ھاوکارن بۆ زیندوو کردنەوەی رەسەنایەتی موزیکی کوردی؟
– ھەڵبەتە ئەنجامدانی فیستیڤاڵ کارێکی باشە بەمەرجێ ھونەرمدانی بەئەزموون ئامانجە ھونەرەکەی داڕێژن وە ئامانجی دیاری کراوی جۆر و شێوازە ھونەریەکەی لەموزیکدا ھەبێت بۆ فۆرم و ئاوازو مەقامە کوردێکان،دەتگبێژی باشی تێدا دەرکەوێت و ئەو ڕەسەنایەتییە بمنێتەوە و پەرەی پێبدرێت یان بۆ تیپ و گروپە جیاوازەکان بێت لە ئۆرکێسترا – تیپە دێرینەکانی وەکو تیپی سلێمانی و دھۆک و ھەولێرو کەرکوک و ئەوانی تر یان ھەرفۆرمێکی تر لەگروپەکان بەمەرجێ ھونەرمەندانی بەئەزموون ببن بەدادوەر بۆ ھەموولایەنەکانی موزک لەدەنگ و ئاوازو موزیکی باش و ھۆنراوەو گەلێ چەمکی تر تاکوە ئەو فیستیڤاڵانە کاریگەری ئەرێنی بەجێبھێڵێت و ھونەری موزیک بەرەو پێشەوە ببات و ئاڵ وگۆڕی ھونەری وفیکری لەسەر یەکتری درووست بکەین .
ھونەرمەند چالاک سدیق لە چەند دێرک دا:
-دەرچووی پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی موسڵە لە ساڵی ١٩٨٧ / ١٩٨٨ ،دەرچووی کۆلێجی ھونەر لە زانکۆی بەغدا بەشی زانستی موزیک بە پلەی یەکەم زۆرباشە لە ساڵی ٢٠١٣ / ٢٠١٤ تەواو کردوە.
– لەماوەی خوێندنی لە پەیمانگا بەشداری لەھەموو فیستیڤاڵ وچالاکیە موزیکێکانی کردوە.
– بەڕێوەبەری پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی شاری کەرکوکە .
– ئەندامی دەستەی دامەزراندنی تیپی مۆزیکی گەرمیان بووە.
– سەرەتای ساڵی( ١٩٩٢ لە شاری سلێمانی لەگەڵ ھونەرمەندان ( حەمە ڕەئووف کەرکوکی و لالۆ ڕەنجدەرو دلێر حسین ) و چەند ھونەرمەندێکی تر تیپی مۆزیکی کەرکوکیان دامەزراندوە.
لە ساڵی ( ٢٠١١ ) وە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان بووە ،سەرۆکی لقی کەرکوکی ھەمان سەندیکای بووە
-سەرۆکی تیپی مۆزیکی کەرکوکە ساڵانە چەندین بەرھەم پێشکەش کردوە بەتایبەتی لەساڵی ١٩٩٨ تا ئێستا.
– ئەندامی ئۆرکیسترای شاری سلێمانی بووە لەساڵی ٢٠٠٢ تا ئێست بەبەردەوامی ساڵانە بەشداری چەندین کاری ئۆرکێسترایی سیمفۆنیم کردووە لبە ڕابەرایەتی ھونەرمەندان ( ئەنوەر قەرەداخی و نەجات ئەمین و عبداللە جمال سەگرمە و مستەفا عباس و کۆمەڵێ مایسترۆی بیانی). )
. – لەگەڵ زۆرینەی تیپە مۆزیکێکانی شاری سلێمانی کاری کردووە
– بەشداری چەندین کاری تۆمارکردنی بەرھەمی ھونەرمەندانی کوردم کردووە
– ماوەی پێنج ساڵ بەبەردەوام لە کەناڵی کوردسات بەتایبەتی لەبەرنامەکانی ( سۆزو ئاواز و میلۆدی )کاری کردوە ھەروەھا دامەزرێنەرو سەرپەرشتکاری گروپی بەرنامەئاوێنە بووە لەو کەناڵە.)
– چەندین خوول و ۆرک شۆپم لەناوەو دەرەوەی وولاندا لەسەر ھونەر بینیوە لەوانە لە زانکۆی (مۆزارتیۆم ) لە وڵاتی نەمسا لەگەڵ رێکخراوی ( yes acadimi ئەمریکی پێنج ساڵ لەگەڵ کردوون ٢٠٠٧تا ٢٠١٢ .
– کاری مۆزیک و ئاوازم بۆ کۆمەڵێ ھونەرمەند کردووە لەوانە ( حەمە ڕەئووف – عباس محمد ، ئاکۆ عبدالسلام ، نامۆ عمر ، عباس ێلاح داودە ، چنار کەرکوکی …. ھتد کردووە.
. – کۆمەڵێ ئاوازو بەرھەمی بۆ منداڵان لەکەناڵە ئاسمانێکان بڵاو کردۆتەوە
-چەند بەرھەمێکی مۆزیکی ئۆرکێسترایی داناوە لە سەر شانۆ نمایش کراوە
مۆزیکی م بۆ درامای کەرکوک ٤ داناوە کەلە دەرھێنانی ھونەرمەند ناسر حەسن بوو
– بەشدار بووە ڤیستڤاڵەکانی موزیکی کوردی ٢٠٠٣ لەشاری سنە و ٢٠٠٤ لەسەردەشت ٢٠٠٥ لە دیاربەکر کۆنسێرتێکی ئۆرکێسترا لە ٢٠١٤ لە شاری سۆفیای وڵاتی بولگاریا.
Discussion about this post