ھونەرمەند عومەرخدر کاکیل: ئارەزووی زۆرم ھەیە بۆ وێنەگرتنی گوڵ و گژوگیای خۆڕسکەک بەتایبەتی ئەوانەی وردن و سەرنجی کەسانی ئاسایی ڕاناکێشن
ھونەرمەندی فۆتۆگرافەر (عومەر خدر کاکیل)، لەدایک بووی گوندی سرێشمەی دۆڵی ڕۆستێییە ،لەو کاتەی قوتابی قۆناغی بنەڕەتی بوو ماڵیان دەگوازرێتەوە شاری ھەولێرھەموو قۆناغەکانی خوێندن لەو شارە تەواو دەکات.وەکو فۆتۆگرافەرێک تائێستا خاوەنی (٧) پیشانگای تایبەت بەخۆییەتی ئەو ھونەرمەندە سەرەڕای کاری وێنەگری وەک خوێنەرێکی بەردەوامی کتێب، بەتایبەتیش ئەدەب و بیرەوەری، بووە ھەر ئەوەش وای لێکردووە دەست بەنووسینش بکات، لەسەر ئەو ڕۆمان و بیرەوەریانە کە سەرسامیان کردووە و لەگەڵ نووسین لەچەند بابەتێک دەربارەی فۆتۆگراف و بابەتی ھەمەڕەنگ. وەکو کتێبش خاوەنی سێ کتێبە یەکەمیان بەناوی (خدر کاکیل) کەباس لە ژیان و خەباتی باوکی و شەھید سەرکەوتی برای دەکات وە چاپکردن و ئامادەکردنی دوو بەرگ لە ئەلبوومی پیشمەرگایەتی بەناوی (گەڕان بەدوای ئازادیدا) کە پڕۆژەیەکی دیکۆمینتاری وێنەییە، ئێستاش کار لە بەرگی سێیەم دەکات. وەکو ھونەرمەندێکی فۆتۆگرافەر بە چەند پرسیارێک بەسەرمان کردەوە.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا بابزانین چۆن ئاشنایەتیت لەگەڵ زوومی کامیرا پەیداکرد؟
– سەرەتا ئاشنابوونم بە کامێرا بۆ ناوەڕاستی نەوەتەکان دەگەڕێتەوە، کە بۆ بژێوی ژیان دەستم بە کاری وێنەگری کرد، بەڵام دوایی بەرەبەرە ھەم وەک کار ھەمیش وەک ئارەزوو کامێرام لا خۆشەویستر بوو، بۆیە ئێستا بەردەوام لە گەشت و سەفەرەکانم ھەمیشە کامێراکەم لەدەستمە. لێرەدا پێم خۆشە باسی ھەستی منداڵیم بکەم.. لەو ژینگەییەی تێیدا چاوم ھەڵێنا و تێیدا پەروەردە بووم، بەھۆی ژینگەی گوندە جوانەکەمان (کاولۆکان) و کارە جیاوازەکانی باوکم (خدر کاکیل)، ھەر لە ڕاوە ماسی لە (بڤە)ی سەر ڕووبار و ڕاوی قاز و قورینگ لە گۆماوەکانی (ئەوبەری ماڵمان) و جووت کردن بە ھێسترەکانی و دروێنەی گەنم و گیا بە داس و مەلەغان و باقە کردنی گیا و ڕاکردنی لەسەربان بۆ وشک بوونەوە و ھێنانی بارە دار و بارە بەفر لە چیای ھەندرین، ھەموو ئەو دیمەنە ناوازانەی ئەوکات لە خەیاڵم جێگیر بوونە و ڕەنگە ھەر ئەوەش کاریگەرییان لەسەرم جێ ھێشتبێ و بەو ھۆیەوە ژینگە و دیمەنە سروشتیەکانم خۆش بوێ و ئێستا بە ھۆی زوومی کامێراکەم پیشانیان دەدەم .
* یەکەمین کامیرا بەکارھێنا چ جۆرە کامیراییەک بوو؟ لەچ کاتێک بوو؟
– سەرەتا بۆ کارکردن لە دووکانەکەمان بۆ وێنەی پۆرترێت و بۆنەکان کامێرای (مەمیا)ی بۆکسی کارت فلم و ١٢٠ملم و (کانوون)ی ١٣٥ ملمم بەکار دەھێنا، بێگومان ئەو کامێرایانەی ئەو سەردەم ھەم شارەزاییەکی باش و ھەمیش سەلیقەیەکی وردی دەویست. بەڵام ئەو پێشکەوتنە خێراییەی ئامێراکانی وێنگرتن بەخۆیەوەی بینی، ئێستا پیشەکەی ئاسانتر کردوە. بەڵام وەک ھونەر ئێستاش پێویست دەکات ھونەرمەندی فۆتۆگراف شارەزایی لە گۆشە و ڕوناکی و کات و ساتی وێنەگرتن بێ بۆ ئەوەی دیمەنێکی سەرنج ڕاکێش بکێشێ، کە ڕەنگە کەسی ئاسایی ھەستی پێ نەکات.
* زوومی کامیراکەت زیاتر وێنەی سروشتی کوردستان لە خۆ دەگرێت، ھۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
– ئەوەی ڕاستی بێ ئەو ھۆکارەی لە سەرەوە باسم کرد، وای کردیە سروشتم خۆش بوێ و زیاتر کارەکانم پیشاندانی دیمەنی سروشتی بێ، بەڵام ھۆکاری بەردەوامیم، گەشتی شاخڕەیە، کە چەند ساڵێکە بەردەوام ھەفتەی ڕۆژێک ھەم بۆ شاخڕەوی وەک وەرزش، ھەمیش بۆ چرکاندنی وێنەی سروشت بوەتە بەشیک لە ژیانم. ھەروەھا خوێندنەوەی بەردەوامم بۆ بابەتی تایبەت بە ھونەری فۆتۆگرافەری لە سەرەتای دەستبەکاربوونم لە پیشەکە و تائیستاش، بەتایبەتیش نووسین و بەرھەمەکانی فۆتۆگرافەر (فارس سەعدی) و گۆڤاری (تاو)ی تایبەت بە فۆتۆگرافی چەند سەرچاوەیەکی تر، شارەزاییم لە زۆربەی بەشەکانی فۆتۆگرافی پەیدا کرد، ھەر بەھۆی کارەکانی فۆتۆگرافەری جیھانی (ستیف ماکوری ئەمریکی) خاوەنی پۆرترێتی کچە ئەڤغانیە چاوشینەکە، ئاشنای پۆرترێت و فۆتۆ بووم، “ڕەنگە بەشی چەندین پیشانگا وێنەی پۆرترێتم ھەبێ، بەڵام تاکو ئێستا نەگونجاوە لە پیشانگایەک نمایشیان بکەم، بەڵکو پیشانگاکانم زیاتر وێنەی دیکۆمێنتاری ئەرشیفی و سروشت بوونە”.. لەو بارەیەوە بە سەدان پۆرترێتی کەسایەتی و نووسەر و ئەدیب و پیشەوەر و کەسانی ئاساییم گرتوون، زانراویشە پۆرترێت گرینگیەکی تایبەتی ھەیە لە کاری رۆژنامەنووسی ھەر لە سەرەتای کەوتنی وێنە بۆ ناو کاری ڕۆژنامەنووسی تاکو ئێستاش.
ھەروھا من ئارەزووی زۆرم ھەیە بۆ وێنەگرتنی شتە ورد و بچووکەکان، ھەر لە گوڵ و گژوگیا خۆڕسکەکانی ناو سروشتەکەمان بەتایبەتی ئەوانەی وردن و سەرنجی کەسانی ئاسایی ڕاناکێشن، من ھەوڵم داوە بەھۆی زوومی کامێراکەم ئەو شتە وردانە بەرجەستە بکەم.
* وێنەگرێکی فۆتۆ ھەیە کە تۆ سەرسەم بیت و کاریگەری لەسەر تۆ ھەبێت؟
– من لەسەر دەستی مامۆستا (بایز)ی زاوام کەوتمە ناو پیشەکە، ھەر بەھۆی ئەویشەوە وێنەگری بەتوانا (قادر میدیا)م ناسی، کە” فۆتۆگرافەرێکی بەتوانا و بە ئەزموونی کاری فۆتۆی ناو ستۆدیۆ بوو لە شاری ھەولێر”بۆیە بەکارەکانیان سەرسامم وکاریگەری ئەوانم لەسەرە.. بەڵام لە کاری ھونەری دەرەوە و ناو سروشت، کۆمەڵێ فۆتۆگرافەری بە ئەزموون دەناسم و بە کارەکانیان سەرسامم لەوانە مامۆستا فارس سەعدی و مامۆستا سەعید رواندزی و مامۆستا یوسف حەمەڕەشید و چەندانی تر..
*تایبەتمەندییەکانی وێنەگری فۆتۆی سەرکەوتوو چین؟
– بە بڕوای من فۆتۆگرافی سەرکەوتوو پێش ھەموو شتێک ئەبێ عیشق و سەلیقەی بو کارەکە ھەبێ، ئینجا کەرستەی وێنەگری، ھەرلە کامیرای باش و زووم و لایت مەتر و ستاندی باش، دوای ئەوانەش شارەزایی لە ھەڵبژاردنی گۆشەی وێنەگرتن و سود وەرگرتن لە ڕووناکی لە چوار وەرزەکە و کاتیش زۆر گرینگە، لە ھەمووشیان گرینگتر ڕۆشەنبیری و خوێندنەوەی بەردەوام دەرباری فۆتۆگرافی و مێژوی فۆتۆگرافی.
من وەک فۆتۆگرافەرێک، کاتێ ئەو وتەیەی (ئەریکفرۆم)م لە کتێبی (بەناوی ژیانەوە) خوێندەوە کە دەڵێ: “وێنەگری باش لەپێشدا لەو دیمەنە ورد دەبێتەوە کە دەیەوێ وێنەی بگرێت ئینجا دەست بۆ کامێراکەی دەبات. ئەو تەماشاکردنە و وردبوونەوەیە جۆرێکە لە کارامەیی”. زۆر ھەستیارانەتر و بە دیقەتتر لە دیمەنەکان ورد دەبمەوە و ئینجا وێنەکان دەگرم.
* ئەگەر بکرێت باس لەو پیشانگاو پێشبڕکێیانەبکەیت، کە لەڕێگەی زوومی کامیراکەتەوە بەشداریت تیا کردوون؟
– تا ئێستا حەوت پیشانگای تایبەتیم کردونەتەوە، لە شەقڵاوە و پیرمام و ھەولێر و سۆران. ھەموو پیشانگاکانم لەسەر ئەرکی خۆم کردوونەتەوە، تەنھا ئەو پیشانگایە نەبێ بەناونیشانی (مەسیف لە ڕەش و سپیدا) کە لە ٢١/١/٢٠١٤ لە پیرمام نمایشم کرد، بریتی بوو لە وێنەی ڕەش و سپی کۆنی شارۆچکەی مەسیف سەلاحەدیین، بە ھاوکاری ھاوشارم (عەبدوڵا پیرمام) کردمانەوە، “کە خەمخۆرێکی بێ وێنەی شارۆچکەکەمانە لە پاراستنی کلتور و یادوەریەکانی ھاوینەھەواری سەلاحەددین” ئەو پیشانگایە چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو، دەنگدانەوەیەکی باشی ھەبوو خەڵکێکی یەکجار زۆر ھاتن بۆ سەیرکردنی. ھەروەھا دواین ئەو پیشانگایەی لە ھۆڵی میدیا بەناونیشانی (سروشت لە نێو چاوی کامێراکەم) کە لە ٢٩/٥/٢٠٢٣ نمایش کرا، تیایدا زیاتر لە ٤٠ کاری ٦٠بە ٩٠ لە خۆ گرتبوو کە پێک ھاتبوو لە وێنەی سروشت و گوڵ و گیا خۆڕسکەکانی چیاکانی کوردستان، ئەویش دوو رۆژ بەردەوام بوو، بینەری باشی ھەبوو. دوای ئەوەش ھەر ھەمان پیشانگام بردە شاری سۆران بە ھاوکاری کتێبخانەی (عەلی مەکتەبە) و شاری پیرمام..
* وێنەیەکی دیارکراوی خۆت ھەیە کە بەزوومی کامیراکەت گرتبێت جیاواز بێت لە وێنەکانی تر و تائێستا، لە خەیاڵت بێت؟
– وەک چۆن زۆربەی نووسەر و شاعیران بەرھەم و دیوانەکانیان بە کۆرپە و منداڵەکانی خۆیان دەشوبھێنن، منیش دەتوانم بڵێم ھەموو تابلۆکانی خۆم خۆش دەوێن و جارجاریش دەگەڕێمەوە سەریان و تەماشایان دەکەمەوە. وە زۆرن ئەو وێنانەی لە خەیاڵمدا چەسپیوون بەتایبەتی ئەو دیمەنانەی بە ماندووبوون و کاتێکی زۆر بەپێ ڕۆیشتن پییان گەیشتووم.
* وەکو فۆتۆگرافەرێک ئەو کێشەو گرفتانە چین، کە لەکاتی وێنەگرتن ڕوبەرووی دەبیتەوە؟
– ئەوەی ڕاستی بێ من لەکاتی وێنەگرتن ھەست بە ھیچ کێشە و گیروگرفت ناکەم بەھۆی عیشقم بۆ کارەکەم، تەنھا ھەندێ جار لە کاتی گرتنی وێنەی سروشت نەبێ، کە دیمەنی زۆر جوانم بۆ دەستەبەر بووە، بەڵام بەھۆی بوونی تۆز و خۆڵ پیس بوونی ژینگە، دیمەنەکان بە جوانی دەرناکەون.
Discussion about this post