ھونەرمەند شوان کەمال: ئێمە ھونەرمەندی گەورە و باشمان ھەیە بەڵام بارودۆخی ھونەریەکەمان جیاوازە و ناگاتە ئاست وڵاتانی ئەورپا و جیھان
ھونەرمەند شوان کەمال:لە کاتی دروستکردنی پەیکەرەکانم ئازادیەکی زۆر ئەیەم بەخۆم بۆ داڕشتن و بیناکردنی پەیکەرەکانم
ھونەرمەندی پەیکەرساز” شوان کەمال” ،لەھونەری پەیکەرسازی خاوەن سەلیقەو ئیساتیکای تایبەت بە خۆیەتی لە ماوەی (٤٠) ساڵەی ژیانی ھونەری خۆیدا خاوەنی چەندین پەیکەری نایابە لە کوردستان و عێراق وئەورپا. یەکێکە لەوھونەرمەندانەی کە پەیکەرەکانی لە نێو چەندین شەقام و شوێنە گەشتییەکانی وڵاتانی ئەورپا دانراون پەیکەرەکانی شوان ھەر لەئەورپا چەندین لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی بۆ کراون وە لە میدیاکانش بە گرنگییەوە باسیان لە پەیکەرەکانی کردوە، جگەلەوەش ئەم ھونەرمەندە بۆ برەودان بە بەھرەکەیە و دەوڵەمەند کردنی ئەزموونەکەی زۆر گرنگی بە لایەنی خوێندنی ئەکادیمی داوە ھەمیشە بە دوای زانیاری نوێ و پێشڤەچوونەکانی سەردەمەوە بووە ، بۆیە خاوەنی چەندین بڕوانامەی ھونەرییە لە پسپۆرەکەی لەوانە: بڕوانامەی دبلۆم لە ھونەری پەیکەرسازی-سلێمانی ، بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە ھونەری پەیەکەرسازی- زانکۆی بەغدا، بڕوانامەی دبلۆمی پیشەیی لە تەکنیکەکانی ھونەری پەیکەرسازی- ئەڵەمانیا، بڕوانامەی ماستەر لەھونەری پەیکەرسازی- ستۆکھۆڵم. لە پاڵ ئەمانەش دا خاوەن رۆشنبیرییەکی ھەمەلایەنە ..ھەرئەوەش وای کردوە لە ئەوروپا لە چەندین دەزگاو فەرمانگەی ھونەری بەرپرسیارەتی وەربگرێت وەکو لێپرسراوی بەشی ھونەری کارگەی ڕۆلفکایزەر ئەڵەمانیا، ١٩٩٥ تا ٢٠١٥ ، لێپرسراوی بەشی ھونەری کارگەی ڕۆسنگرێنز لە سوید لە ساڵی ٢٠١٧ تا ئێستاش..دەتوانین بڵێن پەیکەرساز شوان کەمال ھونەرمەندێکی جیھانیە،ماییەی شانازییمانە ئێمە بەمەبەستی ئاگادار بوون لە پرۆژە و چالاکییە ھونەرییەکانی بەچەند پرسیارێک بەسەرمان کردەوە.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا پێمان باشە باس لە چۆنیەتی ئاشنا بوونت بە ھونەری پەریکەرتاشی بۆ خوێنەرانمان بکەین؟
– لە ڕاستیا لێتان ناشارمەوە تاچوومە قۆناغی پەیمانگەش نەمەزانی پەیکەر چیە نەمدیبوو ناھەقیشم نیە ئێمە کتلور و پاشخان و میراتێکی ھونەری شێوەکاریمان نیە ،شار و پارک و شوێنە گشتیەکانمان خاڵی بوون لە پەیکەر ئەو کاتانە،لەم چەن ساڵانەی دوایدا پەیکەر دروست کراوە لەبەینید ووکەوانەدا ،(چونکە دید و بۆچونی خۆم ھەیە لەسەرلایەنی تەکنیکی و ئاستی ھونەریان) بەراورد بەم وڵاتانە کەھەر لە مناڵیەوە ئاشنا ئەبن بە ھونەر،شەقام و شوێنە گشتیەکانیان پڕن لە پەیکەر بێجگە لە بیناسازی و کۆشکی جوان و ئەوە ھەر باسی مۆزەخانە و پێگە ھونەریەکان مەکە.کاتێک چوومە پەیمانگەی ھونەرە جوانەکان لە شاری سلێمانی سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی پێشوو زانیم شتێک ھەیە ناوی پەیکەرە.ئیتر شەنسی خۆم بوو نازانم لەوکاتانەیا مامۆستا “کۆسرەت جەمال” خەریکی ئەو پەیکەرەی کاوەی ئاسنگەر بوو لەناو حەوشی پەیمانگە،لەقوڕ دروستی ئەکرد زۆر جوان و مەزن بوو،ئیتر لەو ساتەوە حەزم لە پەیکەرسازی کرد،لەو کاتەشەوە بێجگە لە خوێندنی زۆر و ئەزموون و وئیشکردن ھیچ کاتێک دانەبڕاوم لە کارکردنی ھونەری.
*ھەنگاوە سەرەتاییەکانی ھونەری پەیکەر تاشی چین؟
– بۆ دروستکردنی کاری ھونەری یان پەیکەر یەکەم شت بیرۆکە و خەیاڵات و فەنتازی ھونەرمەندەکەیە دوایی چۆنیەتی دروستکردنی پەیکەرەکە لەو کەرەسە و مەوادانەی بەکاری ئەھێنیت و شارەزایت لەناوی ھەیە،دوایی بڵاوکردنەوەی و پیشاندان و نمایشکردنی.
*بابەتەکانی پەیکەرەکانی تۆ چین؟
– خۆی پەیکەرسازی بەتوانا بابەتی کارەکانی جیاواز و زۆر ئەبن،مەبەستم ئەوەیە بێجگە لە کاری ھونەری و بیرۆکە و چیرۆکی کاری ھونەری خۆم ئەگەر شارەزا و ناوبانگت ھەبێت ئەوا لەسەر داواکاریش پەیکەر دروست ئەکەیت،بۆ نمونە چەندەھا پەیکەر و پڕۆژەی گەورەم ھەیە لە شارەکانی ئەڵەمانیا و وڵاتانی سکەندناڤیا داوایان لێکردوم بۆیان دروست بکەم،بەو پێیەی کە دانەیەکم لە شارەزاترین پەیکەرسازەکانی جیھان،بەقسەی ئەڵەمان و سویدیەکانیش کە لە چەندەھا کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەیان ناوی منیان ھێناوە کە باس لەھونەری ئەوروپی ئەکات.بەڵام کاری ھونەری خۆم زیاتر بابەتەکانی تەعبیری و کەمێک خەیاڵی سوریالی بەڵام بە شێوەیەکی ئەکادیمی و بە تەکنیکی بەرز و بە ماتریاڵی جیاواز ئەنجامیان ئەیەم لەوانە بڕۆنز و ئاسن و ئەلەمینیۆم و ھەنێ جاریش بە کریستاڵ و شوشە.
*بیرۆکەکانی لە کوێیەوە سەرچاوە دەگرن؟
– بیرۆکەی کارەکانم زۆربەی لە خەیاڵات و فەنتازیای بیرکردنەوەی خۆمن ،باس لە نەھامەتی و ئاوارەیی وتەنیایی مرۆڤ لە لایەکەوە دوایی پەیوەندیەکانی مرۆڤ لەگەڵ سروشت و چواردەوری،لەم دوایانە ھەنێ پەیکەرم دروستکردوە ،فیگەری لەشی مرۆڤە لەگەڵ ئاژەڵ و باڵندە،جا کاتی دروستکردنی پەیکەرەکانم ئازادیەکی زۆر ئەیەم بەخۆم بۆ داڕشتن و بیناکردنی پەیکەرەکانم بەمانای واز لە عەقلی ناوەوە ئەھێنم بە ئازادی کاری خۆی بکات زۆر جار پەیکەرم دروستکردوە خەیاڵاتی ٢٠ تا ٣٠ ساڵ لەمەوبەر بووە ھاتووەتە دەرەوە لەو کاتەی دروستکردنی پەیکەرەکە.
*کاریگەری کامە قوتابخانەی ھونەری بەسەر پەیکەرەکانتدا زاڵە؟
– خۆی چونکە ئێمەومانان ھونەرمان بەشێوەیەکی ئەکادیمی خوێندوە بەتایبەتی باسی خۆم ئەکەم ئەلف وبێی پەیکەرسازی بەباشی فێربوین ئیتر دوایی کاتی کارکردن ئاسانتر ڕێ و شوێنی خۆمان دۆزیوەتەوە،ھیچ قوتابخانەیەکی ھونەری تایبەت نیە لەسەری رۆیشتبێتم یا کاری لێکردبێتم،خۆی ھونەرمەند ناتوانێت ھەڵیبژێرت یان باسی بکات کارەکانی سەر بە چ قوتابخانەیەکە یان بزانێت بۆ وا کاری کردوە،ئەبێت کەسانی شارەزای بواری رەخنەی ھونەری بەو کارە ھەڵبسێن،بەداخەوە لای خۆمان نین ئەگەر ھەشبن زۆر کەمن،کەسانێک ھەن ھونەرمەند نین بەڵام ئەتوانن کاری ھونەرمەند و ژیانی ھونەرمەند ھەڵبسەنگێنن و باسی بکەن.بەڵام لەوە ئەچێت بێ ویستی خۆم کارەکانم وەک باسمکرد بچنەوە خانەی یان قوتابخانەی تەعبیری سوریالیەوە.
*وەکو ھونەرمەندێک، ئاستی پەیکەرتاشانی کوردستان ،لەگەڵ ئاستی پەیکەرتاشانی ئەورپا چۆن دەبینیت ؟
– خۆی ئاستی ھونەری ھیچ میلەتێک و وڵاتێک بەدەر نیە لە ئاستی کلتوری و ڕۆشنبیری و ئینجا ئابوری و کۆمەڵایەتی ئەو گەل و نیشتمانە.بەمانای نەکرێت وڵاتێک لایەنی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاسیاوی بێت ، بەڵام لایەنی کلتور و ھونەر و ئەدەبی ئەوروپی بێت.لای خۆمان بەراورد ناکرێت بەم وڵاتانە بەڵام ئەبێت ئەوە جیابکەینەوە لایانی فەرھەنگی و کلتوری ھەر گەلێک و نەتەوەیەک جێی ڕێزو شانازیە بۆ نمونە ئێمە ھونەرمەندی گەورە و باشمان ھەیە بەڵام بارودۆخی ھونەریەکەمان جیاوازە و ناگاتە ئاست وڵاتانی ئەورپا و جیھان،بۆنمونە ژیانی ھونەرمەندان و گرنگی دان بە کارەکانیان،لە دروستکردنی ئەتەلێ و مۆزەخانە و کردنەوەی پێشانگە،ھەر دوور نەڕۆین خۆم بۆ کوردستانم جێھێشتوە ھاتووم لە ئەورپا ئەژیم؟کەلەم وڵاتانە ببمە شارەزای بواری ھونەری پەیکەرسازی ئەم ھەموو کارو پڕۆژەیەم دروستکردوە لەسەر شەقام و شوێنە گشتەیەکان،بۆ لای خۆمان جێم نەبۆتەوە و ناتوانم کاربکەم؟
*وەکو پەیکەرتاشێک تاچەند لەگەڵ کاری بازرگانی لەرێگەی ھونەری پەیکەرتاشی؟
– ئەم پرسیارە زۆر گرنگ بوو چونکە لەزۆر شوێن بەھەڵە تێگەیشتون و یان لێکدانەوەی ھەڵەی بۆکراوە،خۆی ھونەر تا نەبێتە پیشە و بازرگانی پێوە نەکرێت پێشناکەوێت لەھیچ جێگەیەک،بەمانای ھونەرمەند کە کارێک ئەکات ئەبێت بیفرۆشێت جا لەم وڵاتانە تا نرخی بەرزتر بێت بەمانای ھونەرمەندەکە شارەزا ولێھاتووە،ھونەرمەندی ئەم وڵاتانە دەوڵەمەندن و ژیانێکی باشیان ھەیە،لێرە ئەگەر کارە ھونەریەکەت نەفرۆشرێت یان پارە نەکات ئەڵێین بڕۆی کارێکی تر بکەیت باشترە،زۆر بە ھەڵە لای خۆمان ئەڵێن نابێت ھونەر بازرگانی پێوە بکرێت یان بفرۆشرێت،بۆیە لای خۆمان ھونەر نەبۆتە پیشە،کەس بە ھونەر ناژی،لای خۆمان یان مامۆستایە یان فەرمانبەری ئەودەزگا ھونەریانەیە،بەوە ھونەر پێشناکەوێت تا نەبێتە پیشە و کاری ڕۆژانە،بۆ نمونە خۆم ڕۆژانە ٨ کاتژمێر پەیکەر دروست ئەکەم و پارەی لەسەر وەرئەگرم،ئەمە بێجگە لە کار و پرۆژەی خۆم.
*پەیکەرێکی تایبەت ھەیە،جیاواز لە پەیکەرەکانیترت شانازی پێبکەیت؟
– بۆ زانیاری بەڕێزتان و خوێنەرانی ئازیز لە مێژوی ھونەری کوردی دوایش عەرەبی ئینجا فارسیش دوایی لە رۆژەھەڵاتی ناوەڕاست تا ئێستا ھیچ پەیکەرسازێک نەبووە بێتە ئەورپا دوایی ئەو ھەموو پەیکەرە گەورانە لە سەر شەقام و شوێنە گشتیەکان دروستبکات،زۆر گەڕاوم مەراقم بوو بزانم پێش من کەس نەبووە ھیوادارم لەداھاتودا کەسێک بتوانێت،لە ژیانی ھونەری و ئەم ٤٠ ساڵەی تەمەنی ھونەریم کۆمەڵێکی زۆر پڕۆژە و کاری ھونەریم دروستکردوە لە عێراق و کوردستان و ئەوروپا،بۆ زانیاری یەکەم پەیکەری قوربانیانی چەکی کیمیاوی و کۆمەڵکوژ من و جوانەمەرگ( کۆسار ئەحمەد) دروستمانکردوە بۆ (تۆفیقی کارەبا) ئێستاش ھەر ماوە لە شاری ھەڵەبجە دانراوە،لە ئەڵەمانیا و سوید و نەرویجیش پەیەکەری زۆرم ھەیە ھەموویانم خۆشەوێت و گرنگن بەڵام لەوانەیە پەیکەری (شاسوار ئەنۆڵد)م رۆز لا گرنگ بێت چونکە پەیکەرێکی بڕۆنزی زۆر ئاڵۆز و وردەکاری زۆری تیایە ماوەیەکی زۆر کاتیان داپێم بۆ دروستکردنی دراسە وتوێژینەوەم لەسەر ئەسپ کرد دوایی دەنگدانەوەیەکی زۆری ھەبوو لە میدیای ئەڵەمانی و سەرۆکی ھەرێمی نۆرد ڕاین پەردەی لەسەر لابرد زۆر پێوەی ھیلاک بووم ناوی خۆمم بەکوردی لەسەر نوسیووە بۆ مێژو ئەمێێتەوە،ھەموو پەیکەرەکانم گرنگن و جێی شانازی خۆمن ھیوادارم کوردیش ڕۆژێک بێت گرنگی بە کەسایەتیەکانی خۆی بات کە دڵسۆزانە و خۆبەخشانە کاریان کردوە،لەھەموو حاڵەتێکا و لەکۆتاییا ئێمە ھەرکوردین،ھیوادارم رۆژێک بێت ببینە خاوەنی وڵات و کوردسانێکی گەورە ئەوکات توانا و ئەزمون و سەلیقەی خەڵکانی دڵسۆزبۆ بنیاتنانی کوردستان بێت.
Discussion about this post