ھونەرمەند شاھین نەجمەدین: دەبێ رەخنە بەشێک بیت لەپێشکەوتنی بەرھەمە شانۆییەکان
ھونەرمەند (شاھین نەجمەدین)یەکێکە لە شانۆکارانی کوردستان خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لەوبوارەدا،ئەو لە ساڵی ١٩٦٣ لەھەولێر لەگەڕەکی تەعجیل لەدایکبووە ،ساڵی ١٩٨٥-١٩٨٦ پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانی بەپلەی زۆرباشە تەواو کرددوە ،ساڵی ١٩٧٨ بۆیەکەمجار ھاتۆتە سەر تەختەی شانۆ.. تاوەکو ئێستا لەھەولێرو لەسلێمانی وەک نواندن بەشداری لە ٧٦ شانۆگەری کردووە ، بەشداری لە ٧ کورتە فیلمی سینەماییو فیلمی درێژ کردووە، دەیان شانۆی بوکۆڵەی بۆ منداڵان دەرھێناوە کە زۆربەیان لەنووسینی خۆیەتی، چەند شانۆگەریەکی منداڵانی دەرھێناوە و کاری نواندنی تیاکردووە، دەیان خولی بۆ شانۆی بوکۆڵە لەرێکخراوی یونیسێف ورێکخراوی منداڵپارێزانی بەریتانی، لەوڵاتی لوبنان و تورکیا خولی کارکردنی لەتەلەفزیۆن بینیوە، لەساڵی ٢٠٠٥ لەوڵاتی ئەردەن بۆ ماوەی شەش مانگ خولی ئەنیمەیشنی بینیوە خاوەنی چەندین دەقی شانۆیی منداڵانە خاوەنی دەیان سوپاسنامەو خەڵاتی رێزلێنانیێنە.
بەباشمان زانی بە چەند پرسیارێک لە نزیکەوە بەسەری بکەینەوە.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
* سەرەتا بابزانین شاھین نەجمەدین چۆن ئاشنای ھونەری شانۆی بوو؟
– کەمنداڵبووم لەکۆڵانەکەی ئێمە تەنھا ماڵێک تەلەفزیۆنێکی گەورەی رەش و سپیان ھەبوو زۆربەی شەوان ماڵەدراوسێکان تادرەنگانی شەو دەچوونە سەیری تەلەفزیۆن، کەیەکەمجار لەتەلەفزیۆن مرۆڤم دیت زۆرم لاسەیر بوو.. ئیتر ھەر پرسیارم لەخاوەن ماڵەکە دەکرد ئەویش وەڵامی دەدامەوە.. دەمگوت ئەوانە چۆن چوونەتە ناو ئەوسەندوقە بچووکە کەی دەردێن؟ توخوا ئەگەر ھاتنە دەرێ حەز دەکەم بیانبینم.. زۆر بەوردی سەیری دیمەنەکانم دەکرد ھەستانو دانیشتن و ھەڵس وکەوت و جوڵانەوەیان ئیتر ئەوحەزە تا پۆلی دووی ناوەندی ئەوکاتە ھەر لەگەڵم مایەوە. من زیاتر حەزم لەسینەما دەکرد وەک لەشانۆ.. ئەوەبوو ساڵی ١٩٧٨ لەقوتابخانەی ناوەندی قەندیل مامۆستا (حەمەکەریم ھەورامی و مامۆستا یاسین مستەفاو وەلید مەعروف جارۆو ێباح عبدالرحمن) وەک ئەکتەر ھەڵیانبژاردم لەشانۆگەریەک بەناوی (پەیامێکی نوێ) لەچالاکی قوتابخانەکان.. دوای ئەوەی سێی ناوەندیم تەواو کرد چوومە بەغدا بۆئەوەی لەپەیمانگای ھونەرە جوانەکان بەشی سینەما بخوێنم.. بەڵام وەریان نەگرتم.. گوتیان لەسلێمانی پەیمانگای ھونەرە جوانەکان کراوەتەوە بڕۆ لەوێ بخوێنە.. ئەوەبوو چوومە سلێمانی لەوێ لەبەشی شانۆ وەرگیرام بەداخەوە بەشی سینەما نەبوو.. ئیتر بەو شێوەیە ھاتمە بواری شانۆو دەستم بەکاری شانۆیی کرد.
* باشە لە ئێستادا شانۆی لە کوردستان چۆن دەبینیت؟
– شانۆ ئێستا لەکوردستان وا بەرە و نەمان و فەنا دەچێ.. کێشەی تازە و ئاستەنگی زۆری بۆ پەیدابووە.. لەسەرووی ھەمویانەوە نەبوونی بودجەیە، نەبوونی ھۆڵێکی ستانداردی شانۆ نەماوە نمایشی تێدا بکرێ، لەلایەکیترەوە خودی ھەندێ شانۆکار ئاستی رۆشنبیری و ئەو توانایەی نیە وەکو جاران بەگوڕو تینەوە بەردەوام پەرە بەپێشوەچوونی خۆی بدات و لەکاروانەکە دانەبڕێ. نەبوونی دەقی باشی کوردی و نەبوونی ئامێری ھونەری تەکنیکی شانۆو یەکنەبوونی شانۆکاران چونکە زۆربەیان دابەشی سەر حیزبەکان بوون و حیزبایەتیان تێکەڵی شانۆ کردووە، بەداخەوە نەدەبوو ھونەرمەند بەحیزبی بکرێ.. چونکە پەیامی شانۆ پەیامی مرۆڤایەتیە.. ئەمەو زۆر کێشەیتر وایکردوە شانۆ لەکوردستان بەرە و فەنابوون بچێت..
* ھەندێ لە شانۆکاران دەڵێن درامای تەلەفزیۆنی بینەرانی لە شانۆدا دوورخستۆتەوە تۆ دەڵێت چی؟
– بەڕای من ئەو بۆچوونە وانیە.. چونکە بینەری درامای تیڤی جیاوازە لەبینەری شانۆ.. ھەردووکیان دوو ھونەری جیاوازن لەشێوەی کارکردن تیایدا.. کاری شانۆیی زەحمەت و قورسترە وەک لەتەلەفزیۆن.. لەشانۆدا توانای راستەقینەی ئەکتەر بەدیار دەکەوێت،چونکە ئەکتەر راستەوخۆ بەرامبەر بینەر رۆڵی کاراکتەرەکە دەبینێ.. بەڵام لەشاشەی تیڤیەکاندا بوار ھەیە چەند جارێک جوڵانەوەیەک یان دیالۆژێک دەیانجار دووبارە بکرێتەوە تائەوکاتەی دەرھێنەر قبوڵی دەبێت.. پاشان کەرەستەو پێداویستیەکانی دراما بەردەستترە وەک لەشانۆدا.. خاڵێکیتری زۆر گرنگ درامای تیڤپەکان زۆربەیان وەک پێویست کاری ھونەری تێدا نەکراوە واتە زنجیرە دراماکانیش زۆربەیان لاوازو لەوئاستەنین بینەران پێشوازی لێبکەن..
*ئێوە لە شانۆی منداڵان چ لە بواری نووسین بێت یان دەرھێنان بێت خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندن، تاچەند لە کوردستان گرنگی بە شانۆی منداڵان دراوە؟
– زۆرم پێ سەیرە تاوەکو ئێستا وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی رۆشنبیری بەفەرمی دانیان بەوە نەناوە کەھونەرێکی گرنگ ئەویش ھونەری منداڵانە فەرامۆشیان کردووە و خەمی لێ ناخۆن!! کاتی خۆی دوو سێ پرۆژەو بەرنامەی خوێندنم پێشکەش بەوەزارەتی پەروەردە کرد گوتیان زۆر چاکە ئێمە دیراسەی دەکەین و وەڵامت دەدەینەوە.. کەچی تا خانەنشینیش بووم ھەر وەڵامیان نەدامەوە بۆ وەزارەتی رۆشنبیریش بەھەمان شێوە.. کێشەکە ئەوەیە گرنگی ئەو ھونەرە بەھەند ھەڵناگیرێ، لەکاتێکدا لەو رێیەوە دەکرا بەھرەی دەیان منداڵی بەتوانا بدۆزرێتەوە چونکە منداڵ مافی خۆیەتی لەقوتابخانە بەشداری لەکاری ھونەری بکات.. ئەمە یەکێکە لەبەندەکانی مافی منداڵان.. حکومەتی ھەرێم: وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی رۆشنبیری لەدوو کاتی جیاوازدا منداڵانیان بەبیر دێتەوە یەکەمیان لە مانگی یازدە بەبۆنەی جاڕی مافی منداڵان دووەمیشیان لە١/٦ ھەموو ساڵێک کەپێی دەڵێن جەژنی جیھانی منداڵان.. لەکاتیکدا دەبوو چالاکی قوتابخانەکان مانگانە بەردەوام کاری شانۆیی بۆ منداڵان بکەنو قوتابیانی قوتابخانەکان ببەن بۆ بینیی ئەو شانۆگەریانە.. لەباخچەی ساوایاندا گرنگترین وانە پێویستە ھەبێت ئەویش شانۆی بوکۆڵەیە کەچی باخچەیەکی ساوایان نیە شانۆی بوکۆڵە بۆ منداڵان ئەنجام بدەن.. ئەوانە گەورەترین کەمتەر خەمیەکانی حکومەتی ھەرێمن.. لێرەولەوێ تیپی شانۆی منداڵان ھەیە بەڵام داخەکەم ئەوانیش لەرووی بودجەوە دەستکورت وھەژارن، شانۆی منداڵان پێویستی بەپارەیەکی زۆرە لەرووی جلو بەرگ و دیکۆر و گواستنەوەی منداڵان و ھتد..
* ھەندێک لە شانۆکاران زۆری پەیمانگای ھونەرە جوانەکان بەکارێکی نەرێنی دەبینن روانگەی تۆ لەم بارییەوە چییە؟
– سەرەتای دروستبوونی پەیمانگەی ھونەرەجوانەکان چەند قوتابیەکی زیرەک و بەھرەمەند تیایدا دەرچوون و تائەمڕۆش ھونەرمەندی چاکیان لێ دەرچوو.. بەڵام دوای ئەوان پەیمانگا بۆ ھەندێ قوتابی بووە شوێنی بەزووترین کات بەدەستھێنانی بڕوانامەو دامەزراندنیان لەقوتابخانە دوورە دەستەکان ئەمە وایکرد بەلێشاو قوتابی بەھۆی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و بەخاترانە وەربگیرێن.. لەکۆتاییدا لەجیاتی ببنە ھونەرمەند بوونە مامۆستای ھونەری لەقوتابخانەکان.. بۆیە ئێستاش من پێم باشە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان بکرێتە پەیمانگای ئامادەکردنی مامۆستای ھونەر.. چونکە وەزارەتی پەروەردە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان بەچاوی قوتابخانە دەبینێ نەک پەیمانگای ھونەرە جوانەکان.. دڵنیام پەیمانگای ئێستا ئەوانیش دەیان کێشەیان ھەیە بۆ خوێندنو رێنیشاندەری قوتابیەکانیان..
* نمایشی باش رەخنەگری باش دەردەکەوێت چۆن دەڕوانیتە ئاستی ڕەخنە لە کوردستان؟
– رەخنەگرو شانۆکار دوو ھێڵی ھاو تەریبن وەک یەک بەیەک رێگادا دەڕۆن.. بەرای من دەبێ رەخنە بەشێک بیت لەپێشکەوتنی بەرھەمە شانۆییەکە، ئێستا رەخنەگریش بەشێکە لەکێشەکانی شانۆمان.. ئەوانیش پسپۆریان نیە لەوبوارە.. تەنیا چەند رەخنەگرێکن ئارەزوومەندانە ھاتوونەتە مەیدانەکەو کاری رەخنەیی دەکەن.. من پێموایە ھەر لەسەرەتای دەست بەپرۆڤەکردنی شانۆگەریەک پێویستە رەخنەگرەکەش ئامادەی رۆژانی پرۆڤەکە بێت تارۆژی نمایش.. پاشان رەخنە لەشانۆگەریەکە بگرێت جا چ بەئەرێنی یا نەرێنی بێت.. بەڵام رەخنەگر لای ئێمە ھەندێجار بەھەواو ھەوەسی خۆی دەنووسێت.. لەکۆتاییدا پێموایە رەخنە بۆچوونی رەخنەگر خۆیەتی، ھەموو دەرھێنەرێکیش مافی خۆیەتی پابەندی بۆچوونو رەخنەکە نەبێت، ھەروەک یەکێک لەبینەران ئەوانیش رەخنەیان دەبێت.. لەھونەردا ھیچ یاسایەک نیە ھونەرمەند پێیەوە پابەندبێ.. چونکە کارە شانۆییەکە کاری ھەست و بۆچوونە ھەر کەسێک لەدیدی خۆیەوە ھەڵیدەسەنگێنێ..
* سازدانی فیستیڤاڵی شانۆیی نێودەوڵەتی لە کوردستان تا چەند بەگرنگی دەزانیت؟
– بەرای من سازدانی فێستیڤاڵ کارێکی زۆرباشە.. چونکە فێستیڤاڵ ھونەرمەندە بیانیەکان بەیەکتر ئاشنا دەکات بۆ کاری ھونەری یا گۆڕینەوەی بیروڕا ھەروەھا شارەزابوون بە ھونەری وڵاتان.. ساڵانێکە فێستیڤاڵی شانۆی نێودەوڵەتی لەھەولێر ساز دەکرێت کەچی لەوفێستیڤاڵەدا شانۆکارانی ھەولێر بەرھەمێکی شانۆگەریان نیە.. ئەوە کارێکی باش نیە ناکرێت تۆ فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی ئەنجام بدەیت کەچی خۆت تیایدا بەشدار نەبیت.. کێشەکانیش زۆربەیان پەیوەندیان بەنەبوونی بودجەوە ھەیە..

































































ھونەرمەند شاھین نەجمەدین: دەبێ رەخنە بەشێک بیت لەپێشکەوتنی بەرھەمە شانۆییەکان









Discussion about this post