چەند مانگێکی تر خۆم یەکلایی دەکەمەوە بە یەکجاری دەگەڕێمەوە سلێمانی یان نا
چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
ھونەرمەند سالار مەحموود، کە خاوەن جەماوەرێکی تایبەتە لەسلێمانی، بە ھاوڕێیەکەی کەمال محەمەد و کاروان عوسمان دەناسرێنەوە، ساڵانیچکی زۆرە کوردستانی جێھێشتووە لەوڵاتی سوید نیشتەجێیە، دوای چەندین ساڵ دابڕان لەگۆرانیگوتن بڕیاردا دەست پێ بکاتەوە و دوو مانگە بە مەبەستی چەند پڕۆژەیەکی ھونەری گەڕاوەتەوە کوردستان ئەلبوومە تازەکەی بڵاوبکاتەوە، (سڤیل) چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەنجامدا و رایگەیاند “لەچەند مانگی داھاتوودا بڕیار دەدەم بە یەکجاری دەگەڕێمەوە کوردستان یاخود نا”.
سڤیل: سەردانی ئەمجارەت بۆ کوردستان بەچ مەبەستێک بوو، ھاتنەوەکەت یەکجارییە؟
سالار مەحموود: چەند پڕۆژەیەکی ھونەری ھەیە ھاتوومەتەوە لەکوردستان جێبەجێیان بکەم، سەرەکیکتریان ئەلبوومێکی نوێم ئامادەکردووە لەمانگێکی تردا بڵاودەبێتەوە، لە ھەشت گۆرانی پێکھاتووە، بە ستایلی ھەشتاکانی خۆم تۆمارم کردووە، ھەموو گۆرانییەکانم عاشقانەن، نیازیشم وایە لەسلێمانی کۆنسێرتێکی گەورە بکەم و لەکەناڵی کوردسات و زاگرۆس داوەتکرام بەرنامەم بۆ بکەن، کوڕێکی برادەری خۆم کە سەرمایەدارە بەناوی “ھێمن عەبدولھادی” ھەموو خەرجییەکانی ئەلبوومەکەی بۆدام، کە نزیکەی دوو دەفتەر دۆلاری تێچووە، من لەوێ منداڵێکم لەئافرەتێک ھەیە، منداڵەکەم دەخوێنێ، بۆیە ناتوانم بڕیارێکی تەواو بدەم، بەڵام لەچەند مانگێکی داھاتوو خۆم یەکلایی دەکەمەوە لێرە بژیم یان بگەڕێمەوە دەرەوە.
سڤیل: بۆچی ساڵانێکی زۆر لەکاری ھونەری دابڕای؟ ئەی چی وایکرد دەست بەگۆرانیگوتن و بەرھەمی نوێ بکەیتەوە؟
سالار عوسمان: یەکەم شت لەبەرئەوەی لە دووری وڵات و غوربەت دەژیام، دەورووپشتەکەم چۆڵ بوو، بەڵام کە ھاتمەوە شاری سلێمانی کەناڵی کوردسات بەرنامەکیان بۆ کردم ئەو بەرنامەیە خزمەتێکی بێپایانی منی کرد، کە خەڵکێکی زۆر ھانیاندام و بەرەوپیلی گۆرانییەکانم رۆشتن بەرنامەکە وەک سێدی لەبازاڕ بڵاوکرایەوە ئەوە وایکرد بەردەوام بم لەکاری ھونەری و دووبارە دەست پێ بکەمەوە.
سڤیل: ئەگەر ئێوە لەساڵانی ھەشتاکان داھێنانتان کردبێ، بەڵام قسەیەک ھەیە ئەستەمە بتوانی لەدوای داھێنان، داھێنانێکی تر بکەی، تۆ توانیووتە لەئەلبوومە تازەکەت کە ھێشتا بڵاوت نەکردۆتەوە داھێنانێکی تر بکەی؟
سالار مەحموود: لەم گۆرانییە تازانەم شێوازی دەنگم گۆڕاوە، لەساڵەکانی ھەشتاکاندا لەسەر تەبەقە گۆرانیم گوتووە، بەڵام لەئەلبوومە تازەکەم لەدوو گۆرانیدا لە تەبەقەی جیاواز لەجاران گۆرانیم گوتووە، لەدەنگی خۆشم گۆڕانکاریم کردووە، وەک مۆسیقاش گۆڕانکاری زۆر کراوە، چونکە لەساڵاکانی ھەشتاکان مۆسیقا بەمشێوەی ئێستا پێشکەوتوو نەبوو، ستۆدیۆی پرۆفیشناڵ نەبوو، ئەوانە ھەموو لەئەلبوومەکەم رەنگی داوەتەوە، بۆیە من پێم وایە مرۆڤ دەتوانێ داھێنانی تازەتر بکات، بەڵام وەک خۆت گوتت زەحمەتە.
سڤیل: بۆچی لە گۆرانییە تازەکانت گۆرانییەکت تایبەتت بۆ سلێمانی نەکردووە؟
سالار مەحموود: ئێستا من لەگەڵ شاعیری گەورەی شاری سلێمانی مامۆستا ئەحمەد محەمەد لەگەڵ ئاوازدانەر عەتا ئەحمەد باسی ئەوەمان کردووە گۆرانییەکی زۆر جوان و تایبەت بۆ سلێمانی بکەین، ئەوەشیان لەسەر بڕیاری منە، دەمەوێ لەگۆرانییەکەدا باسی جوانی شاری سلێمانی و ئەو داھێنانانەی لەم شارە کراوە باسیان بکەم، ئەم شێوازە شیعرەی کە مامۆستا ئەحمەد دەینووسێ لەخەیاڵی مندایە کە بەکوچە و کۆڵانەکانی شاری سلێمانیدایە.
سڤیل: سلێمانی ئەوکاتە یاخود ئێستا خۆشترە؟
سالار مەحموود: بەبڕوای من سلێمانی لەحەفتاکاندا زۆر زۆر لەئێستا پێشکەوتووتر بوو، لەزۆر رووەوە، سلێمانی لەحەفتاکان و ھەتا سەرەتای ھەشتاکان سێ سەد ھەزار کەس بوو، زۆربەیان حەزیان لەمۆسیقا بوو، سەیری شانۆیان دەکرد، بەڵام ئێستا سلێمانی نزیکەی ملیۆن کەسە کەچی حەفت سەد ھەزار کەس گوێ لەمۆسیقا ناگرێ، ئەو سلێمانییەی جاران نەماوە، بەداخەوەم بۆ ئەوە.
سڤیل: راستە ئێوە گروپێک بوون کاری ھونەریتان دەکرد، تۆ و کەمال محەمەد و کاروان عوسمان لەگەڵ ئاوازدانەر عەتا ئەحمەد و سالار سەلمان، بەڵام ئێوە زۆربەی گۆرانییەکانتان لەیەکدەچێ، ئەوە ھەڵەی کێیە؟
سالار مەحموود: بڕوا ناکەم زۆر لێک بچن، ستایلی کاروان عوسمان زۆر جیاواز بوو، گۆرانییەکان و ستایلەکەی ئەو تایبەت بەخۆی بوو، ئەگەر بڵێی من و کەمال گۆرانییەکانمان لێک نزیک بووە ئەوە راستە، لەبەرئەوەی ئاوازەکانمان ھی مامۆستا سالار سەلمان بو،. بەڵام ئەوەش ھەڵە نییە، ئێمەش کاتێک گۆرانییەکانی کاروان عوسمانمان بە ستایلی خۆمان دەگووتەوە خەڵکەکە ھەستی نەدەکرد گۆرانییەکانمان جیاواز بن.
سڤیل: بۆچی کارێکی وات نەکردووە گۆرانییەکانی کاروان عوسمان بەشێوەیەکی تازە نوێ بکەیتەوە و کلیپ بکەی؟
سالار مەحموود: لەبەرنامەی “سۆز” لەکوردسات گۆرانییەکی کاروان عوسمانم گوتەوە وەک وەفایەک بۆ کاروان عوسمان و گۆرانییەکەم پێشکەشی روحی ئەو و جەماوەرەکەی ئەو کرد، بە ھونەرمەندەکانی ھاوڕێی ئەو و بە کەسوکاری ئەویشم گوتووە با ئەمجارە بەشێوازێکی تر یادی کاروان عوسمان بکەینەوە، ھەموومان کۆبینەوە و لەکەناڵێک یادی بکەینەوە و گۆرانییەکانی ئەو بڵێینەوە.
سڤیل: تۆ یەکێک بووی ھاوڕێیە نزیکەکانی ھونەرمەندی کۆچکردوو کاروان عوسمان، زۆر قسە کراوە لەسەر پەیوەندی خۆشەویستی نێوانی ئەو و ژنە شاعیر کەژاڵ ئەحمەد، ھەتا باس لەوەکراوە کە کەژاڵ ئەحمەد لەبەرامبەر ئەودا بێوەفا بووە، دەکرێ باسی ئەوە بکەی؟
سالار مەحموود: من بڕوام بەم حکایەتانە نییە، ئەوە دروستکراوە، ئەوەندەی من لەکاروان عوسمان نزیک بووم و ئەوەندەی من ئاگادار بووبم و ھاوڕێی نزیکی ئەو بووم کاروان عوسمان کچێکی دیکەی خۆشدەویست نەک کەژاڵ ئەحمەد.
سڤیل: لەم مانگەدا کۆنسێرتێکت لەگەڵ ھونەرمەندان دڵنیا قەرەداخی و نازێ عەزیزی و شیلان عوسمان لەسلێمانی کرد ئەنجامدا، بەڵام بۆچوونێک ھەیە پێی وایە “ستایلی گۆرانییەکانتان جیاواز بووە و چۆن سالار مەحموود قبووڵی کردووە لەگەڵ ئەو ھونەرمەندانە کۆنسێرت بکات”. تۆ وەڵامت چییە؟
سالار مەحموود: من خۆم لە کەس بە گەورەتر نازانم و رێزم بۆ ھەموو ھونەرمەندەکان ھەیە، زۆر خۆشحاڵبووم کە کۆمەڵە گەنجێک داوایان لێم کرد بەشداری لەکۆنسێرتێک بکەم کە بۆ گەنجانی سلێمانییە، لەبەرئەوە بەبێ ھیچ گوێدانێک بەم شتانەی کە تۆ باسی دەکەی بەشداریم کرد، دەبێ ئێمە پاڵپشتی ئەوانە بین کە لەئاستی ھونەرییەوە لەئێمە نزمترن، ئەوانەش پاڵپشتی ئێمە بن کە ئاستی ھونەریی لەئێمە بەرزترە.
سڤیل: ھیچ پرسیارێکمان نەما سوپاس بۆ تۆ؟
سالار مەحموود: منیش سوپاسی ئێوە و خوێنەرانی گۆڤارەکەتان دەکەم، ھیوای سەرکەوتن بۆ ھەموو لایەک دەخوازم، ئومێدەوارم ئەمساڵ بۆ ھونەرمەندان خۆش و پڕبەرھەم بێت.