من و سەلام کۆیی پشتی سەعدون یونسمان گرت دەست بەئیش بکاتەوە، بەڵام سەعدون ئەو ھونەرمەندە نییە پشتی پێبەستی
چاوپێکەوتن و فۆتۆ: زانا دڵشاد دزەیی
ھونەرمەند زاھیر عەبدوڵڵا ئەکتەرێکی ناوسراوی شاری ھەولێرە، بەشداری لەو شانۆگەری و کورتە تەمسیلانە کردووە کە ئێستاش لای خەڵکی ھەولێر باسدەکرێنەوە، خەڵک بەقۆناخی ئیشکردنی ئەوان دەڵێن “سەردەمی زێرینی شانۆ و تەمسیل” لەھەولێر، بەڵام چەند ساڵێکە زۆر بەکەمی بەشداری لەکاری ھونەری دەکات و ئێستا بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتییە لە ھەولێرە. لەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ (سڤیل)ـدا باس ژیانی ھونەری و لایەنە تایبەتییەکانی ژیانی خۆی دەکات.
زانا دزەیی: لەزۆربەی کارە ھونەرییەکانت، پیاوێکی توڕە و فیتنەچی و رەزیلی، من تۆم وانەبینیووە، بەڵام ئەوە تاچەند لە کەسایەتی منداڵیت ھەبووە؟
زاھیر عەبدوڵڵا: ئێستا وانیم ئەوجا لەمنداڵی کو وا دەبم! لەسەرەتاوە وارێکەوت کاتێک من ساڵی ١٩٧٢ دەستم بەکاری تەمسیل کرد لەگەڵ مامۆستای گەورەم سەباح عەبدولڕەحمان، ئەمساڵەی من باسی دەکەم لەقوتابخانەی ناوەندی جەمھوری قوتابی قۆناخی دووەم بووم، کاک سەباح و تەحسین تەھا لەچالاکی قوتابخانەکان بوون، کاک سەباح شانۆگەریەکی ھەبوو ھاتە قوتابخانەکەمان قوتابی ھەڵبژێرێت، تەحسین تەھاش ھات ئاھەنگێکی ھەبوو ئەویش دەیویست کوڕە دەنگخۆشەکان ھەڵبژێرێت، من ناوم لەگۆرانی نووسی، چونکە لە حەمام گۆرانیم دەگوت دەنگم خۆشبوو وامدەزانی دەنگم خۆشە، بۆ بەیانی ناوەکان گەڕانەوە و لەتابلۆی ئاگاردارکردنەوەیان دابوو، ناوم لە شانۆ گەڕایەوە، زۆرم پێناخۆش بوو، چوومە لای تەحسین تەھا پێمگوت مامۆستا من لەگۆرانی ناوم نوسیووە بۆچی لەشانۆ ھاتۆتەوە، سەباح عەبدولڕەحمان لەتەنیشی دانیشتبوو وەڵامی دامەوە گوتی کوڕم تۆ بۆ تەمسیل باشی، ئەوکات زانیم شانۆ ھەیە و مامۆستا ھەیە.
لەوێ مامۆستا سەباح لەشانۆگەریەکەی خۆی بەشداری پێکردین و لەو ئیشەدا قوتابییە باشەکانی ھەڵبژارد گوتی من تیپی ھونەری ھەولێرم ھەیە و ئێواران سەردانم بکەن، ئینجا وردە وردە تێکەڵی شانۆ بووم. ساڵی ١٩٧٦ مامۆستا سەباح عەبدولڕەحمان گوتی تۆ ئەکتەرێکی چاکی دەمێکە دامناوە رۆڵێکی بەرچاوت بدەمێ، ئەوەبوو رۆڵی “ئومەر چاوچنۆک”ـی دامێ، لەو شانۆگەریەکە کە سەرکەوتوو بووم، دەرھێنارەکان چاویان لەوە بوو ئیشیان لەگەڵ بکەم و رۆڵی شەڕ و سلبیم بدەنێ.
زانا دزەیی: کەواتە سەباح عەبدولڕەحمان نەیھێشت گۆرانی بڵێی؟
زاھیر عەبدوڵڵا: بەڵێ، لەوانەیە ئێستا گۆرانیبێژێکی فاشیل بام.. دەبوومە ئەو گۆرانیبێژانەی کەس گوێیان لێ راناگرێت.
زانا دزەیی: دواجار خوێندنی چیت تەواوکرد؟
زاھیر عەبدوڵڵا: دەرچووی پەیمانگای سناعەم، بەشی کارەبا، ئێستاش نازانم یەک پلاکی کارەبا ببەستم، چونکە ئەو حەزی من نەبوو، کاتێک سێیەمی ناوەندیم تەواوکرد پەیمانگای ھونەرە جوانەکان بەس لە بەغدا ھەبوو، لەبەرئەوەی من کوڕی گەورەی ماڵ بووم دایکم نەیھێشت بچمە بەغدا و گوتی تۆ بڕۆی من شتێکم لێ بەسەردێت.
زانا دزەیی: وێنەی گەنجیتم بینیووە، گەنجێکی جوان و قۆزی، جگە لەوەش کەسێکی زۆر شیکی، کەواتە لەگەڵ دڵداری چۆن بووی؟
زاھیر عەبدوڵڵا: ئێستاش قۆزم، دڵداری زۆریشم کردووە، پێش تەمسیل و گۆرانی و ئەوانە، ساڵی شەستەکان کە لەسەرەتای بووم پیاوێکی گەورەی نورانی زانا داخیلی بنەماڵەی ئێمە بوو، ناوی مامۆستا حەمەکەریم ھەورامییە، پلکمی خواست، دایک و باوکم بنەماڵەی ئێمە نەخوێندەوار بوون، من و خوشکێکم دەمانخوێند، ئەگەرنا ئەوانی تر کە دوو داپیر و دوو باپیر دایک و باوکم ھەموومان پێکەوە دەژیان یەک مەنجەڵ نان دەخورا کەس خوێندەواری نەبوو، ئەو پیاوە ھات دنیایەکی دیکەی بەمن نیشاندا و زۆر شتی فێرکردم، دەچوومە ماڵیان مەکتەبەیەکی ھەبوو ھانیدەدام کتێب بخوێنمەوە، شیعر و چیرۆکی منداڵان.
زانا دزەیی: بۆچی خۆت لە مەسەلەی دڵدارییەکە دزییەوە؟
زاھیر عەبدوڵڵا: “بەپێکەنینەوە” دایک و باوکم وایان فێرکردبووین کچانی گەڕەکی خۆمان خوشکمانن، زۆربەی ماڵەکانی گەڕەکی تەیراوە وافێرکرابوون، لەبەرئەوە دڵداریمان لەگەڵ کچانی گەڕەکانی تر دەکرد، یان لەسەر رێگای مەکتەبی کچان دەوستاین ئەگەر کچێکمان پێجوان بوایە چاودێریمان دەکرد. ھەتا گەیشتمە ئەو قۆناخەی کچێکم خۆشدەویست لەگەڕەکی عەرەبان بووم، ساڵێکی خوێندنم، دووەمی ناوەندیم لەسەر ئەو کچە دانا. بەحیساب بۆ خوێندن دەرۆم، دەچووم لەبەرامبەر ماڵی ئەوان رادەوەستام.
کچێکی دیکە ھەبوو ماڵیان لەپشت قوتابخانەی جمھوری بوو، ئەوکاتە زۆر لاواز و جورجە بووم، لەکۆڵانەکەیان دوکاندارێک ھەبوو زانیبووی زۆر ھاتۆچۆی کۆڵانەکەیان دەکەم، رۆژێک بانگی کردم و گوتی کوڕی کێی؟ پێمگوتم تۆ چ ئیشت ھەیە… گوتی ئەدی لۆ ئەوەندە دێیە ئەو کۆڵانە ماڵی کێت لێرەیە.. گوتم ماڵی کەسم لێرە نییە.. قەمیسەکەی گرتم و گوتی مل تڕتڕۆک جارێکی تر بێیەوە ئەو کۆڵانە ھەردوو چاوت دەردێنم، لەترسان ئەویشم تەرک کرد.
تاقۆناخێک ئەو شتانە ھەبوون، ئەوەبوو شیرین خانم خواست، بەڵام ئەو بەدڵداری نەبوو، خزمی خۆم ھەبوو لەکۆییە، ئەویان بۆ دەستنیشان کردم، ساڵی ١٩٨٠ چووینە داخوازی، دایکی گوتی بچووکە نادەین، ساڵێک لەسەری وەستام و ساڵی پاشتر رازی بوون و لە ١٢/١٢/١٩٨٢ گواستمەوە.
زانا دزەیی: تۆ یەکێکی لەئەکتەرە دیارەکانی شاری ھەولێر، بەشداری ئەو بەرھەمانەت کردووە کە پێیان دەگوترێ “زێرین” بەبڕوای تۆ ھۆکاری پەرتبوونی ھونەرمەندانی ھەولێر بۆچی دەگەڕێتەوە، کە ئەوە وایکرد زەرەرێکی گەورە بە شانۆ و درامای ھەولێر بدات؟
زاھیر عەبدوڵڵا: ئەوەی تۆ باسی دەکەی لەپاش راپەڕینەوە دروست دروست بوو، ئەگەرنا پێش راپەرین ھەموومان یەک دەنگ بووین، بەڵام دوای راپەرین ھونەرمەندان دابەشبوون بەسەر حیزبەکان، ئەو حیزباتییە رۆحی ھونەری لەناو ھونەرمەندەکان کوشت، ھەنێکمان بووینە یەکێتی و ھەندێکی تر بوونە پارتی، بەتایبەت ئەوانەی لەراگەیاندن ئیشیان کرد، ئەو ململانێیەی کە لەنێوان ئەو دوو حیزبە دروست بوو ئێمەشی گرتەوە، چونکە سەرەتا بەو نیازە چووینە ناو حیزبەکان کوردایەتی دەکەین، دواتر تووشی ململانێی یەکتر بووین. ھۆکاری دووەمیش ئەوەیە پاش راپەرین باری گوزەرانی ژیان زەحمەت بوو، من دووجار مەکتەبی ناو ماڵی خۆم فرۆشت کە دەگەیشتە دوو ھەزار کتێب، بۆئەوەی بتوانم جەژنان جل بۆ منداڵەکان بکڕم. ئەو دوو ھۆکارە وایکرد تائێستاش خۆمان نەگرتۆتەوە.
زانا دزەیی: ئەی بۆچی ھونەرمەندانی سلێمانی بەمجۆرەی ھەولێر پەرتوبڵاو نەبوون و لەکارکردن بەردەوام بوون؟
زاھیر عەبدوڵڵا: ئەوانیش پەرتبوون، بەڵام ئەوان وشیاری ھونەریان زیاتر بوو توانیان زوو ھەڵسنەوە، چونکە لەوێ دەرھێنەری زۆر و باشیش ھەیە، ئێمە لێرە ئەزمەی دەرھێنەرمان ھەیە، ئێستا من دوو نووسینی زۆر چاکم ئامادەیە نازانم بەکام دەرھێنەری بدەم ئیشی تێدا بکات.
زانا دزەیی: ئەی بۆچی نووسینەکەت نادەی بەو دەرھێنەرانەی سلێمانی، کە تۆ دەڵێی دەرھێنەری باشی تێدایە؟
زاھیر عەبدوڵڵا: ئیشەکانی من تەواو ھەولێرییە، دەبێت دەرھێنەرەکە لەوردەوالەی ھەولێر بزانێ و ئەو روحە ھەولێرییەی ناو نووسینەکەم بمێنێتەوە ئەوجا سەرکەوتوو دەبێت.
زانا دزەیی: بەڵام لەھەولێر ئێستاش سێ دەرھێنەری باشی وەک “سەباح عەبدولڕەحمان و تەلعەت سامان و سەعدون یونس” لەھەولێر ھەیە، بۆ سیناریۆکەت بەوان نادەی و جارێکی دیکەی ھەموو کۆببنەوە؟
زاھیر عەبدوڵڵا: ھەر سێکیانم تاقیم کردۆتەوە، ئێستا ئەوانیش ئەو تاقەتەیان نەماوە.
زانا دزەیی: بەڵام ھونەرمەند سەعدون یونس دەڵێت “بۆ ئیشکردن گەڕاومەتەوە ھەولێر” دەشڵێ “بەھێز و تاقەتی خۆمم و ئێستاش دەتوانم وەک جاران ئیشی جوان بکەم”. ئەوە دەرفەتێکی باشە ئیش بکەنەوە، بۆ سیناریۆکەتی پێشکەش ناکەی؟
زاھیر عەبدوڵڵا: ١٠ ئیشم ھەبێ یەک ئیشی نادەمێ، تەجروبەم لەگەڵی ھەیە، من پشت بەدیوارێک دەبەستم کە نەروخێت، شت زۆرە بەس نامەوێ ھەموو شتێک بڵێم، سەعدون یونس لە ١٩٩٦ چووە دەرەوە و چەندینجار ھاتەوە یەک ئیشی پێنەکرا، کاتێک تەرمی “سەمیرە خان”ـی ھێنایەوە، من و سەلام مۆیی بڕیارماندا پشتی بگرین و ئیشێکمان کرد، بەڵام دوای ئەوە چەندینجار گەڕاوەتەوە یەک ئیشی نەکردووە چونکە کەس پشتی ناگرێت، ئێمەش پشتی ناگرین، چونکە ھونەرمەندێکە جێگای متمانە نییە.
زانا دزەیی: شانۆ و دراما لە ھەولێر پێشکەوتووترە یان لە سلێمانی؟
زاھیر عەبدوڵڵا: بێگومان لە سلێمانی پێشکەوتووترە، لەھەولێر قاتوقری دەرھێنەر و دەق و ھۆڵمان ھەیە، لەھەولێر بەس ئەکتەری باشمان ھەیە، ئێمە لەھەولێر وەک مێگەلە مەڕێکمان لێھاتووە شوانمان نییە و شەوانە کۆنەکانی ھەولێر لێکەتینە، ھەتا ئەو شوانە دروست نەبێتەوە قەت ناتوانین وەک جاران کۆبینەوە و ئیشی جوان بکەین.
زانا دزەیی: باسی حیزبایەتی ھونەرمەندەکانت کرد، بەڵام تۆش حیزبایەتیت کرد، یەکێتی بووی، دواتر بووی بە پارتی، بۆچی ئەو ئاڵوگۆڕەت کرد؟
زاھیر عەبدوڵڵا: لەبەر یەک شت، ویستم بژیم، ویستم لەناو لەناو ململانێکاندا نەبمە قوربانی، بۆئەوەی ماڵ و منداڵم نەڵێن بابە لۆ ناتوانێ بمانژێنی، وەک ھونەرمەندێک و وەک ئینسانێک نەمویست سبەی شەرمەزاری ماڵ و منداڵم نەبم.
زانا دزەیی: کەواتە ئەوەی یەکێتی بۆی نەکردی پارتی بۆیکردیت؟
زاھیر عەبدوڵڵا: بەڵێ، بنووسە ھەموو شتێکم بۆ یەکێتی کرد، گەنجاتی خۆم لەسەردانا و سجنی ھەیئەی کەرکووکم دیت، پێشمەرگایەتیم بۆیکرد لەپێناوی کۆمەڵەی رەنجدەران و یەکێتی، ھیچیان بۆ نەکردم، ئێستا پارتیم و ھیچم بۆ پارتیش نەکردووە و ھەموو شتێکیان بۆ کردووم، یەڵڵا ئەوە بکە مانشێت.
زانا دزەیی: بەڵام دەڵێن تۆ لەکاک کۆسرەت توڕە بووی بۆیە وازت لەیەکێتی ھێنا، ئەوە تاچەند راستە؟
زاھیر عەبدوڵڵا: ناخێر وانییە، من ناوی کەس نادەم، بەڵام بەپێچەوانەوە کاک کۆسرەت یەکێکە لەو کەسانەی کە ئێستاش خۆشمدەوێت، خەڵکی تر ھەیە لێی توڕە بوومە، ئەوەی بەرپرسی من بوو لە راگەیاندن لەوان تورە بووم.
زانا دزەیی: ھیچکات لەلایەن شەخسی سیاسی ھاوکاری مادی کراوی؟
زاھیر عەبدوڵڵا: بە کۆمەڵە سوودمەند بووین، بۆ نموونە ھێرۆخان ھاوکاری ھەموو ھونەرمەندانی “بەرنامەی بەرنامە” کردووە، بەڵام بەتەنیا ھاوکاری من نەکراوە، رەنگە لەو گەورەتر ھاوکاری ئێمەی کردووە.
زانا دزەیی: بۆچی وازت لە”بەرنامەی بەرنامە” ھێنا، لەبەرئەوە بوو، کە بووی بە پارتی؟
زاھیر عەبدوڵڵا: نا ئەوەیان لەسەر پارتی و یەکێتی نەبوو، من کە ھاتمەوە ھەولێر، بۆمن زۆر زەحمەت بوو ھاتوچۆی ئەو رێگایە بکەم، بارودۆخی کوردستان باش نەبوو، پێمگوتن ئەو وەزعە بۆمن ناچێتەسەر، بۆئەوەی بزانن من لەسەر پارتی وازم لە “بەرنامەی بەرنامە” نەھێناوە، دوای پێنج مانگ ھێرۆ خان خەبەری بۆ ناردم و گوتی ئێستاش ئەگەر زاھیر مووچەی بەرنامەی بەرنامەی دەوێت بۆی دەنێرم، گوتم سوپاس، وەزعم زۆر باشە باچیدیکە نەینێرێ.
زانا دزەیی: من پرسیارێکم نەما، سوپاست دەکەم.
زاھیر عەبدوڵڵا: سوپاستان دەکەم، ھیوادارم ئەو قۆناخەی ئێستا کە دراما و شانۆی کوردی بەتایبەت لەشاری ھەولێر پێدا تێدەپەری زوو تەواو دەبێت، بۆئەوەی ھونەرمەندانی راستەقینە بێنەوە مەیدان و خەڵکی گەندە دوورکەوێتەوە.