د.جەنگی جەلال: ئەنجامدانی کەرنەڤاڵی عود دەبێتە نوێبونەوەو ناساندنی بەشێوازێکی ئەکادیمی لە نێو ژەنیاران و کۆمەڵگا
د.جەنگی جەلال: ئامێری عود رەنگدانەوەی باشی ھەبووە لەسەر موزیکی کوردی
ھونەرمەندی بواری موزیک دکتۆر “جەنگی جەلال “ساڵانێکە لە بواری موزیک بەتایبەتی لە بواری ئامێری (عود) ئەسپی خۆی تاو داوە توانی بڕوانامەی دکتۆرا لەسە ئامێری عود لە وڵاتی میسر بەدەست ھێناوە، ساڵانە لەسەردەستی ئەوە چەندین قوتابی لەبەشی موزیکی پەیمانگەی ھونەرجوانەکانی ھەولێر بڕوانامەی دبلۆم بەدست دەھێنن تائێستا حەوت کەرنەڤاڵی (عود)ی ئەنجام داوە بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە کارو چالاکییەکانی ئەم ھەڤپەیڤینەمان لە گەڵ سازدا.
* سەرەتا ئەگەر بکرێت کورتەیەک لە وێستگەکانی ژیانی ھونەری خۆت بۆ خوێنەرامان باس بکەیت.
- ناوی تەواوم جەنگی جەلال حەسن ،ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە بواری موزیک ، لەبنەماڵەیەکی فۆلکلۆریست پەروەردە بوویمە ،ھەموو کات باوکم خەریکی کۆکردنەوەی ئەدەب و ھونەری کوردیە بووە ، بە واتای کۆکردنەوەی لاوک و حەیران و بەسەرھاتی میللی و فۆلکلۆری کوردی ، بۆ پاراستنی ئەرشیفی کوردی ، بۆیە ھەر لەبەر ئەوە ئەو ھەستە بۆمان دروست بووە کە ڕێچکەی باوکم بگرم ، بچمە نێو جیھانی ھونەری و پێش بچمە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان خۆم فێری ئامێری ساز کرد.
*لەنێو ئامێرەکانی موزیک بۆچی ئامێری (عود) دت ھەڵبژراد؟
- ھۆکاری ھەڵبژاردنی ئامێری ئامێری عود دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کاتێ چوومە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی ھەولێر ، ئامێری ساز لە بەشی موزیک نەبوو ، بۆیە ئامێری عودم ھەڵبژارد بۆ ئەوەی پەرە بە خوێندنی موزیک بدەم ، ھەروەھا حەزیشم بۆ ئەو ئامێرە ھەبوو ، چونکە ژێدار بوو ،وەک ئامێری ساز ، ئاشناییم لەگەڵیداھەبوو، ئامێرێکی نامۆ نەبوو بۆ من.
* مێژووی ئامێری عود بۆکەی دەگەرێتەوە؟ شوێنی لەدایک بوونی ئامێری عود کوێیە؟
- بە پێی توێژەری ئەلمَانی (شتاودر ) رەچەڵەکی ئامێری عود دەگەرێنیتەوە بۆ نەتەوەی کورد کە
پشتی بەستوە بە پاشماوەی کەل و پەلی کۆنی دانیشتوانی چیاکان کە لە کاشی ، حوسی ، خوری ، سوباریەکان پێک ھاتوون کە لە دەریاچەی وان تا دەگاتە باکووری عێراق ، کە لە سەدەی پێنجەمی پێش زاینی ژیاون.
ھەروەھا توێژەی ( جۆن ریمەر ) بەھەمان شێوە ئامێری عود دەگەرێنیتەوە بۆ دانیشتوانی ھەمان ناوچە ،
بەڵام توێژەرانی تر رای جیاوازیان ھەبووە بۆ نموونە توێژەرانی میسری مێژووی عود دەگەرێنیتەوە بۆ میسریە کۆنەکان ،وە توێژەرانی عەرەبی عێراق ئامێری عود دەگەرێنەوە بۆ سەردەمی ئەکەدیەکان ،کەچی توێژەری ئەمریکی (کامب بێل ) دەڵێت عود لە کاتێکی درەنگ گەشتە لای ئاشوری سامیەکان.
*ئەو دارانەی کە ئامێری عودی لێ دروست دەکرێت چ جۆرێکن یاخود کامە جۆریان باشە ؟
- ماوەی ٨ ساڵ وەرشەی دروست کردنی ئامێری عودم ھەبوو لە وڵاتی میسر ، ئەو دارانەی کە بۆ کەشی کوردستان و عێراق دەگونجێت ، دار گوێزی وشک ، دار زان .فینگی، ئەڤەنۆس.
* باشە بابزانین نامەی دکتۆراکەت لەسەر چی بوو؟
نامەی دکتۆرام لەسەر تەکنیکی ژەنین ئامێری عود لە ھەندێک وڵاتانی رۆژھەلاتی ناوەراست ، توێژینەوەیەکی بەراوردی بوو.
* ھەندێک لە ژنیارانی عود گۆرانکاری لە تەکنیکی ژەنینی عود دا دەکەن،دەتوانیت ئاماژە بە ژنیارانە بکەیت کە خاوەنی ئەم سیفەتانن؟
- سەبارەت بە گۆرانکاری لە بواری تەکتیکی عود دا ، “شریف محی الدین” بناغەیەکی باشی بۆ ئەو ئامێرە دانایەو گۆرانکاری ڕیشەیی بووە لە سەردەمی نوێ ، لە ساڵی١٩٣٦ قوتابخانەیەکی عودی دامەزراند لە بەغداد کە بەشێکی زۆری ژەنیارانی بەتوانا لە ژێر دەستی ئەو پەروەردە بوون ،وەک منیر بەشیر ،جمیل بشیر ، سلمان شاکر ،غانم حداد.. دەتوانین بڵێین گۆرانکاری ریشەیی بوو لە عود دا ،چونکە شێوازی ئەکادیمی وەرگرت ،دواتر ھەر یەک لەو چەند کەسەی باسمان کرد بوونە قوتابخانەی تری عود ،میتۆد و شێوازی عودیان گۆری.
* ماوەی حەوت ساڵە تۆ کەرنەڤاڵی عود لەرێگەی قوتابییەکانت ئەنجام دەدیت، ئامانج لە ئەنجامدانی ئەو کەرنەڤاڵەدا چییە؟ نیازتان وایە ساڵانە بەبەردەوامی ئەنجامی بدەن؟
- ئەنجامدانی کەرنەڤاڵی عود دەبێتە نوێبونەوە لە بواری گەشەسەندنی ئەو ئامێرەو ناساندنی بەشێوازێکی ئەکادیمی لە نێو ژەنیاران و کۆمەڵگا ،چونکە ئامانج بۆ ژەنیارانی عود دروست دەکات کە ساڵانە بە ئاراستەیەک بڕۆن بەھرەمەندان و ژەنیاران زیاتر کار لەسەر بوژانەوەی موزیک بکەن .
دواتر ئەو کەرنەڤاڵە دەبێتە شارەزابوون و ئەزموون بۆ قوتابیان و ژەنیارانی بەشدار بوو ،بە پێی توانا ھەوڵم داوە ئەو کەرنەڤالە ئەنجام بدەم بەمەستی بوژانەوەی لایەنی ھونەری لە نێو کۆمەلگا ئێمەماوەی حەوت ساڵە ئەم کەرنەڤاڵە سازەکەین ھیودارم بەردەوام بین .
*بە بۆچوونی ئێوە،تیپە موزیکییەکانی کوردستان تاچەند گرنگی بە ئامێری عود دەدەن؟
ئامێری عود ئامێرێکی سەرەکییە ، ئەو ئامێرە رۆڵی خۆی ھەیە لە کاتی ئێستا لە نێو تیپە میللیەکان ، بە تایبەتی لەسەردەمی دامەزراندنی تیپی ھەولێر لە کۆتا ساڵانی ١٩٧٠ کە ھەردوو ھونەرمەند (وریا ئەحمەد، رزگار خۆشناو) ئەو ئامێرەیان بە شێوازێکی جوان بەکارھێنا وای کرد فۆرمێکی جوان بە تیپە میللیەکان ببەخشێت ، بۆیە تا ئێستا ئەو شێوازە جوانە رەنگدانەوەی لە نێو تیپەکان تری کوردستان ھەیە ، ھەروەھا لە زاخۆش کۆمەلێک ھونەرمەند وەک (سەباح زاخۆلی ،سمیر زاخۆلی) گرنگی زۆریان دا بەو ئامێرە بە تایبەتی لەگەڵ گۆرانی بێژان (ئەردەوان زاخۆلی ،ئەیاز زاخۆلی) بەجۆرێک کە
رەنگدانەوەی باشی ھەبووە لەسەر موزیکی کوردی.
*پرۆژەی داھاتووتان چیە؟
-پرۆژەی داھاتووم ئەگەر کات بگونجێت ، میتۆدێکی عود دروست بکەم بە سوود وەرگرتن لە میلۆدیە کوردیەکان تا فێرخوازان گوێچکەیان لەسەر میلۆدی کوردی پەروەردەبێت .
ھەڤپەیڤین – کامەران حاجی ئەلیاس
Discussion about this post