چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
“لە ئایندەدا گۆرانیش دەڵێم”
دڵنیا کاموسی کچە ئەکتەرێکی کوردستانی رۆژھەڵاتە، ساڵی ١٩٩٢ لە بۆکان لەدایکبووە، دوای بەشداریکردنی لەچەند فیلم و کورتە فیلمێک لەئێران، بڕیاریداوە بێتە کوردستان بەردەوامی بەسینەما بدات و بەرەو ھەنگاوی گەورەتر بڕوات، ھەروەھا لەخۆئامادەکردن دایە بۆ بەشداریکردن لەپێشبڕکێی شاجوانی کوردستان ساڵی داھاتوودا. لەوبارەیەوە (سڤیل) ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ئەنجامدا.
سڤیل: چۆن بوو سینەمات ھەڵبژارد کاری تێدا بکەی؟
دڵنیا کاموسی: سینەما حەزی خۆم بوو، وەکو تاقیکردنەوەیەک چەند تێستێکم دا، لەوێوە بەشداریم لەیەکەم کورتە فیلم کرد، لەساڵی ٢٠٠٤، کە لەساڵی ٢٠٠٥ خوڵاتی باشترین ئەکتەرم وەرگرت، کە باس لەخۆشەویستی کچ و کوڕێک دەکات، کە برای کچەکە دەیەوێ ژن بخوازێت، بەڵام باوکی ئەو کچەی کە براکەی خۆشی دەوێت داوای ژن بەژنی دەکات، براکەش دەڵێ خوشکەکەم دەدەم بەتۆ و کچەکەم بدێ، بەڵام دواتر بە کچ و کوڕەکە کە یەکتریان خۆشدەوێت ھەڵدێن و بەمردنی کوڕەکە کۆتایی دێت.
سڤیل: ئەوە فیلمە بۆ تۆ ئەزموونێکی چۆن بوو؟
دڵنیا کاموسی: زۆر باش بوو، کە خەڵاتی باشترین ئەکتەرم پێوەرگرت، بەم فیلمە کە چووم بۆ فیستیڤاڵەکان کەسانی تر منیان ناسی و ئەم فیستیڤاڵە بووە ھۆی ئەوەی کە لەگەڵ زۆر دەرھێنەر ئاشنا بم. دواتر لەچوار دانە فیلم و پێنج کورتە فیلم و درامایەک بەشداریم کرد.
سڤیل: بەنیازی لەناو سینەمای ئێرانیش کار بکەی، لەکاتێکدا کە لەناو سینەمای ئێراندا ئەستێرەی زۆر گەورەی تێدایە، تۆ باوەڕت بەخۆت ھەیە لەوێ سەرکەوتووبی؟
دڵنیا کاموسی: بەڵێ سینەما ئازادە، سەر بەیەک شوێن نییە، ئەوە ھەڵەیە ئەگەر بڵێی من کوردم ھەر لەفیلمی کوردی کار بکەم، ھەروەھا تەواو باوەڕم بەخۆم ھەیە و ھەموو کەسێک دەتوانێ زۆر باش بێت ئەگەر ھەوڵی خۆی بدات.
سڤیل: بۆچی ھاتی لێرە نیشەجێی بوویت، لەبەر کاری سینەما بوو یاخود حەزی شەخسی خۆتە؟
دڵنیا کاموسی: یەکەم حەزی تایبەتی خۆم بوو، دووەم لەبەر سینەما، کە دەبینم سینەمای کوردی لەئاستی بەرەوپێشچوون دایە حەزم کرد بێم لێرە ئیش بکەم، لەکوردستانی رۆژھەڵات کارەکان بۆ ئێمە سنوردارە، تۆ وەکو کوردێک مافی ئەوەت نییە لەھەموو فیلمێک بەشداری بکەی، یەکەم لەبەرئەوەی کوردی، دووەم لەبەرئەوەی لەشارێکی بچووک دای. بەڵام لێرە مافی ئەوەت ھەیە لەھەموو فیلمێک بکەی و رێگری نییە و ئازادی زۆر زیاترە.
سڤیل: ئەوەندەی کە لێرەی توانیت چی بکەی؟
دڵنیا کاموسی: کورتە فیلمێکم کردووە بەناوی “بۆشایی یان مردن” ھی سۆران ئیبراھیم بوو، دەرھێنەرێکی باشی ھەبوو، ھەورەھا سیناریۆکەی بەھێز بوو. لەئیشی تریش پێشنیاری دیکەم بۆ ھاتووە، بەڵام قبوڵم نەکردووە.
سڤیل: سینەمای کوردی لەچ ئاستێکدایە؟ ئەی توانای ئەکتەرە ئافرەتەکان لەسینەمادا چۆنە، ھیچ ئەکتەرێک ھەیە پێی سەرسام بیت؟
دڵنیا کاموسی: گەنجی زۆر باش ھەن خەریکی ئیشکردنن، ئەگەر ئەو ھەوڵە بەردەوام بێت سینەمای کوردی تاوەکو یەک ساڵی دیکە سینەمای کوردی دەچێتە ئاستێکی زۆر بەرز.
بەڵام توانای نواندنی ئەکتەرە ئافرەتەکانە زۆر نزمە، ھی زۆر باشیش ھەیە، بەڵام تائێستا کەسێکم نەبینیووە سەرسام پێی، بەدڵەوە کار ناکەن، ھەموویان خەریکی تەمسیلکردن لەپێش کامێرا دیارە کە تەمسیلە و قەناعەت بە بینەر ناکات کە ئەوە تەمسیل نییە ،بەڵکو راستەقینەیە، من درامای ئێرە زۆر دەبینم کاری سادەن.
سڤیل: کچە ئەکتەرەکانی کوردستان زۆر کەم ئامادەی ئەوەیان نییە بەشداری لەفیلمی رۆمانسی بکەن، ھەروەھا لە فیلم ماچکردنیش قبوڵ ناکەن، ئەوە کێشەی دەرھێنەرەکانە، تۆ ئامادەی ئەوانە قبوڵ بکەی لەپێناو پێشکەوتنی سینەمای کوردی؟
دڵنیا کاموسی: من یەکەمجار کە سینەمام ھەڵبژارد بیرم لەو شتانە کردۆتەوە، ئەوە راستە کە لێرە کچە ئەکتەرەکان ئەو شتانە قبوڵ ناکەن، بەڵام من لەبەرئەوەی ئەکتەرم دەبێ ئەو شتە قبوڵ بکەم لەپێش کامێرا ماچ بکرێی و دەست لەدەستی کورێک بنێی، یاخود ئەکتەری مەکە یاخود ئەگەر دەیکەی بەتەواوی تواناتەوە ئەو شتانەی کە لەسیناریۆکە دایە و دەرھێنەر دەیەوێ تۆ قبوڵی بکە.
سڤیل: بەڵام بیانوی ئەوان ئەوەیە کۆمەڵگە قبوڵی ناکات، ئەکەرتا ئەوان ئامادەن ئەم کارە بکەن؟
دڵنیا کاموسی: کۆمەڵگە با رێگر بێت، ئەی ھونەرمەند ئیشی چییە ئەگەر رەچەشکێن نەبێ و داھێنان نەکات، لەوانەیە کۆمەڵگە بەقسە بڵێن ئێمە حەزناکەین کچێکی کورد وا بکات، بەڵام زۆر زۆریان پێخۆشە، ئەی بۆچی دادەنیشن چاو لە فیلمێکی ئەوروپا دەکەن کە ھەزار ماچ و شتی تێدایە؟ ھەروەھا ھونەرمەندیش نابێ لەیەک شت بمێنێتەوە، دەبێ لەھەر ئیشێک خەڵک سوپرایز بکەی بەشتی نوێ، بۆ نموونە لەدنیای واقیعیدا خۆشەویستت ھەیە کە دەستی دەگری و ماچی دەکەی و دەست بەقژی دادێنێ، بەڵام لەفیلمەکە لەدوورەوە وەک خوشک و برایەک قسە دەکەن ئەوە ھیچ مانایەکی نییە و بینەر لێت وەرناگرێ. ئەگەر بمانەوێ سینەمای کوردی بەرەوپێش ببەین پێویستە ھەموو مەرج و شەرم، ئەو داب و نەریتانە بشکێنن.
سڤیل: جگە لەبواری سینەما چ بەھرەیەکی دیکە ھەیە؟
دڵنیا کاموسی: من سیناریۆ دەنووسم، لەگەڵ ئەوەشەدا حەز ناکەم ئیشی دەرھێنەری بکەم، چونکە ئیشێکی قورسە. ھەروەھا حەزم لەپێشکەشکردنی بەرنامەش ھەیە، لەوانەیە گۆرانیش بڵێم و ببم بە گۆرانیبێژ، چونکە زۆر کەس پێمدەڵێ بۆچی نایکەی، ھەست دەکەم دەتوانم بیکەم، ئیشێکیش ھەست بکەم دەتوانم بیکەم بەڵنیایەوە دەیکەم.
سڤیل: تۆ دەڵێی بۆ ساڵی ئایندە خۆت بۆ شاجوانی کوردستان ھەڵدەبژێری، بۆچی دەتەوێ ببیتە شاجوانی کوردستان؟
دڵنیا کاموسی: دەبێ شاجوانی کوردستان خزمەتی نەتەوەکەی بکات و خزمەتی ھەبێ بەتەنەوەکەی و لەنێو خەڵکدا خۆشەویست بێت، شاجوان ھەر ئەوە نییە بە دەموچاو و باڵا جوان بێت، شاجوان واتا بەتوانا.. وەکو کچێکی کورد ھەستدەکەم خزمەتم بووە بە تەنەوەکەم زیاتریشم دەبێت، متمانەم بەخۆم ھەیە بەشداری بکەم و دەرچم.
سڤیل: مەجەکانی شاجوان نابێ نەشتەرگەری جوانکاری ئەنجامدا بێت، ھەروەھا نابێ شووی کردبێ، تۆ ئەم دوو مەرجەت تێدایە؟
دڵنیا کاموسی: بەڵێ، شووم نەکردووە، ھەروەھا جوانکاریشم نەکردووە، لەیەکێک لەماڵپەرەکان کاتێک باسی ئەوەم کردووە بەشداری لەشاجوانی دەکەم زۆر سەیر بوو ھەر یەک شتێکی لەسەرم نوسیووە، گوایە من جوانکاریم ئەنجامداوە، وەڵامی من تەنیا ئەوەیە کەسێک کە جوانکاری نەکربێ دیارە.
سڤیل: ئەمڕۆ رۆژی خۆشەویستییە، ١٤/٢ تۆ خۆشەویستت ھەیە؟
دڵنیا کاموسی: بەڵێ خۆشەویستم ھەیە پیرۆزبایشی رۆژی خۆشەویستی لێدەکەم، بەڵام ئەو دەزانێ بەنیازی ئەوە نیم شوو بکەم، ھەر کەسێک لەژیانیدا پێویستی بەوە ھەیە لەگەڵ کەسێک خۆشەویستی بکات، بەڵام قەرار نییە لەبەرئەوەی خۆشەویستمە ھەردەبێ شووی پێبکەم. لەپرۆگرامی مندا شووکردن نییە، چونکە شووکردن دەبێتە ھۆی ئەوەی رێگری زۆر شتم بێت، لەبەرئەوە منیش نەقبوڵی دەکەم نە حەزدەکەم بیریشی لێ بکەمەوە.