توانا تەھا: خالید رەشید، یەکێکە لەو ھونەرمەندە مەزنە دەگمەنانەی لە بواری خەبات بۆ دابینکردنی مافەکانی گەلە بندەستەکەیدا، نەک بەتەنیا لە رێی قەڵەمە تیژە بوێرە جواننووسەکەیەوە، بەڵکو شمشێری موزیک و گۆرانیی بە رووی داگیرکاراندا ھەڵکشاوە.
ھونەرە راستەقینەکەی ھێژا “خالید رەشید” چونکە لەسەر چاوەیەکی روونی کوردییەوە ئاو دەخواتەوە و کۆششێکی سەرکەوتووە بۆ بەرزو زیندوو راگرتنی لایەنە جوانەکانی کولتووری کوردەواری، کە ھەمیشە بەربەستێک بووە لەبەردەم ھەموو ھەوڵێکی چەپەڵی داگیرکارانی کوردستان.
وەکو نووسەر “حەمە سەعید حەسەن” دەبێژێت : ئەوەی تاڵاوی غەریبی نۆشیبێت، تامەزرۆیانە گوێی بۆ رادەدێرێت، ئاخر زاحمەتە ھیچ ھونەرمەندێکی کورد ھێندەی وی راستگۆیانە گیانی بە بەر غەریبیدا کردبێت. لە دەنگیدا سۆزێک بۆ دووری لە نیشتمان ھەیە، مەگەر لە دەنگی باوکێکی جگەرگۆشە ئەنفالکراودا ھەستی پێ بکرێت.
کوێتزێ گووتویەتی : ئەدەب گەمەیە، نووسەری زیرەک گەمەکە دەخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە، نووسەری بلیمەت گۆڕانکاری لە رێساکانی گەمەکەدا دەکات”. ئەگەر لەمە ورد ببینەوە ئەم بۆچوونە تەواو بۆ ھونەریش دەست دەدات، “خالید رەشید” توانیویەتی لێھاتووانە کەمێک لە ریساکانی گۆرانی و موزیک بگۆڕێت، بەتایبەتی کە ئەم “ھێژایە” ھاتووە گۆرانی نیشتمانی بە شێوازێکی نوێ گوتووەو کارێکی ئەنجامداوە باڵەبانی لێو بەخەندە، خەمی لێ بچۆڕێت.
ئەوەی من بەجیاوازییەکی ئێجگار گەورەی دەبینم لەم ھونەرمەندە بەراورد لەگەڵ ئەوانی دیکە، ھیچ کاتێک پۆست و پلەو پایەو سەروەت و ماڵ، نەی توانیوە ئەو کۆنتڕۆڵ بکات، ھەمیشە لە بەرەی گەل بووەو خزمەتی نەتەوەکەی کردووە، خەمی نیشتمان و نەتەوەی گەلێک بەلاوە گرنگتر بووە لە خەمەکانی خۆی، رەنگە ھەر ئەوەش وای کردبێت لە زۆر ڕووەوە کاری ھێژای لێ ببیندرێت.
“خالید رەشید” بە لێھاتوویەوە ھەر یەک لە ئامێرەکانی “پیانۆ، عوود، دەف، قانوون، کلارنێت، شمشاڵ، فلووت، فلووت دەژەنێت، لەپاڵ ئەوەشدا ئاواز دانەرێکی داھێنەرە و کارەکانی لە ئاستێکی ھونەری ھێندە بەرزدان، لە لایەن تیپی “نۆڤی ئۆپێرای”مۆسکۆوە ژەندراون. بەشێوەیەکی تایبەت بە خۆی مامەڵە لەگەڵ باڵەباندا دەکات و وزەی نوێی لەو ئامێرە دێرینەدا دۆزیوەتەوە.
وەک چۆن سرووشت جوانییەکی پاکت پێدەبەخشێت، وەک چۆن ئاو خۆڕسکانە لە سەچاوە ھەڵدەقوڵێت، ھەرواش ساتێک گوێ لەم “ھونەرمەندە”بگرین، وا ھەست دەکەیت لە قورگییەوە نا، بەڵکو لە دڵییەوە، کە ھەواری راستگۆییە، ھەوینێکی راستە قینە و ھەستێکی ناسک و سۆزێکی گەرم و دەنگێکی زێڕین ھەڵدەقوڵێت.
ماوەیەکی زۆرە لە واڵەکەی “خالید رەشید” خوێنەری بابەتەکانی ئەوەم، بۆم دەرکەوتووە کە ئەو شتێک نا ناسێت بەناوی ترس، لەگەڵ راستگۆییدا دۆستە، چ بەڕاست بزانێت ئەو دەبێژێت، بەچاوپۆشین لەبەرژەوەندی خۆی، بێ گوێدانە دڵی فڵان و ئەم حیزب و ئەو سەرکردە، “خالید رەشید” لای من سپیە وەک بەفر، پاک وەک تیشکی رۆژ، روون وەکو ئاوی “بێخال” ئەم ھونەرمەندە ھەوێنی راستگۆیی و ھەڵوێستە. ئەوەندەی ئاگاداری ئەوەشم “خالید رەشید” بە ھیچ دەسەڵاتێک کەوی نەکرا، وەک شەپۆڵی دەریا ھەر یاخی بووە..