ھونەرمەند “مەروە محەمەد” لە ساڵی ١٩٨٣ لە شاری ھەڵبجە لە دایک بووە ،لە ئێستادا لە شاری ھەولێر نیشتەجێیە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی ئەو شارە وانەی پەروەردەی ھونەری دەڵێتەوە خاتوو مەڕوە محەمەد یەکێکە لەو ھونەرمەندانەی کە توانیویەتی توانستی خۆی لە بواری نواندن بسەلمێنێت بەتایبەتی لە دراما تەلەفزیۆنەکان دا بەشداری چەندین درامای کردوە وەکو (رەیحان ،وەسیت نامە ، گەردەلوول ،نامەکانی ئەشرف،سایە ،ساتەکانی ژیان …ھتد) بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە کارو چالاکییەکانی ئەم ھەڤپەیڤینەمان لە گەڵدا ساز کردوە.
ھەڤپەیڤین: کامەران حاجی ئەلیاس
*ئەگەر بکرێت بۆ خوێنەرانمان باس لەژیانی ھونەری خۆت بکەیت.
-سەرەتا زۆر سوپاس بۆ ئەو بەسەرکردنەوەیەتان،ئەوەی راستی بێت من ھەر لەسەرەتای چونم بۆ پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانی لە بەشی شانۆ ،دەستم کرد بەکاری ھونەری نواندن ،بە بەردەوامی لەھەموو قۆناغەکانیە پەیمانگا، بەسەرکەوتوی بەشدار بووم لە چەندین کاری شانۆیی کرد لەھەمان کاتدا و بەشدارییم لە چەند درامایەک کرد وەکو (گەردەلول -وەسیەت نامە-نامەکانی ئەشرف-ڕێحان-سایە-ساتەکانی ژیان-خانەکەی حاجی ئاغا-فیلمی سینەمای دانیشتوانی علی ئاوا -کورتە فیلمی کراسی سور و باوکەکانم-شانۆی ئاوازیکی خەمناک…..).
* وەکو زانراوە شانۆ لە بە باوکی ھونەر ناوزەند کراوە لە ھەمان کاتدا بەرێزتان دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگەی ھونەرەجوانەکانن بەرێزتان چۆن دەڕوانە ھونەری شانۆ؟
– بێگومان شانۆ بەباوکی ھونەرناوزەند ئەکرێ چونکە ئەکتەر بە رۆح و جەستە راستەوخۆ لەگەڵ بینەران ئاوێزانی یەکتر دەبن لەھەمان کات دا چەندین ھونەری تر وەکو موزیک و شێوەکاری لە خۆدەگرێت ، نواندن لەسەر تەختەی شانۆ چێژێ تایبەتی خۆی ھەیە کاتێک ئەکتەر بەشێوەی راستەوخۆ لەگەڵ بینەران دەدوێت ، بینەریش زیاتر چێژ لەو ھونەرەوە وەردەگرێت، نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت نواندن لەسەرتەختەی شانۆ زۆر زەحمەتر لەنواندن لەبەرامبەر کامیرادا.
*زۆر ێک لەرەخنەگران دەڵێن،لە ئێستادا بینەری دراما تەلەفزیۆنەکان، جەماوەریان زۆر زیاترە لە بینەری شانۆ و سینەما خوێندنەوەی بەرێزتان لەسەر ئەم بۆچوونە چییە؟
– راستە لەبەر ئەوەی دراما بێ ویست جەماوەر ئەچێت ماڵی ھەموو کەسێک بەڵام شانۆو سینەما دەبێ کاتی بۆ تەرخان بکرێت..بۆیەزیاتر ئەو کەسانە بینەریانن کە لەبوارەکە کار دەکەن نابێ ئەوەشمان لە یاد بیچێت نمایشی ئاست نزم کاریگەری نەرێنی دەبێت،ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی بینەری کەم بێت و بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا شانۆی باشیش ھەبووە کە بینەرێکی یەکجار زۆری ھەبووە.
*ساڵانە فیستیڤاڵی شانۆیی لە شارەکانی کوردستان ساز دەکرێت، چۆن دەڕوانیتە ئەم فیستیڤاڵانانە؟
– من دەست خۆشی لەو ھونەرمەندو لایەنانە ئەکەم کە ساڵانە فیستیڤاڵی شانۆ ئەنجام دەدەن ، کارێکی زۆر باشە کە ھونەرمەندان ئەزموونی یەکتری ببین ئاڵگۆڕی بیروراییەکان بکەن، لەھەمان کاتدا توانستی ھونەرمەندان نیشان دەدرێن بۆیەمن سازکردنی فیستیڤاڵەکان بەکارێکی زۆر باش دەزانم.
*تاچەند شانۆ دەتوانێت گوزارشت لە ناسۆرییەکانی جەماوەر بکات، پێتان وایە لە کوردستان شانۆی کوردی ئەو رۆڵەی خۆی بینیوە؟
– لەرێگەی شانۆوە تا رادەیەکی زۆر ئەتوانیت گوزارشت لە ناسۆریەکانی جەماوەر بکات و ھەرچەندە ھەندێ کاری شانۆیی لێرەو لەوێ نمایش کراون بۆتە ھۆی ئەوەی بینەر لە ھۆڵەکانی شانۆ دووربکەونەوە ھیوادارم کارە شانۆیەکانمان رۆلیکی گەورە یان ھەبێت و ئەوەی تا ئێستا نەکراون ھەوڵبدری رۆلی خۆی بگێرێت.
*ئێمە لە سەدەی بیست و یەک داین کەچی تائێستا، ھەندێ لەتیپە شانۆییەکانی کوردستان گرفتی نەبوونی ئەکتەری کچیان ھەیە پێتان وایە ھۆکارەکەی بۆچی دەگەرێنیتەوە، لەوکاتەی ساڵانە چەندین ئەکتەری کچ لە پەیمانگا و کۆلیژەکان تەواو دەکەن؟
– چەند ھونەرمەند ێکی ئافرەتمان ھەیە کە جێگەی دەستیان دیارە ساڵانە بەرھەمی شانۆیان ھەیە لێرەوە دەستخۆشیان لێ دەکەم، راستە ساڵانە فێرخوازیکی زۆر لەو بوارە خوێندن تەواو ئەکەن ئەو ڕێژە زۆرە بەڵام بەشێک لەودەرچووانە تەنھا بۆ بەدەست ھێنانی بروانامەکەیانە نەک بۆ بەردەوام بونیان لە کاری ھونەری و رێگری خێزانیش دەوری خۆی ھەیە قبوڵی نیە کچی دەرکەوێت.
*لە ئێستادا بەرێزتان مامۆستای وانەی پەروەردەی ھونەرین لە قوتابخانە چۆن دەڕوانیتە ئەم وانەیە تا چەند گرنگی پێدەردێت لەلایەن بەرێوەربەری قوتابخانە و وەزارەتی پەروەردە؟
– بەداخەوە تا ئێستا ،وەک پێویست بایەخ بە وانەی ھونەر نادرێت و کێشەی گەورەی ئێمە کاتێک بەشی شانۆمان تەواو کردوە لەخشتەی وانەکانی قوتابخانە وانەی شانۆ بوونی نییە، لەلایەکی تر تائێستا میتۆدێک بۆ وانەی پەروەردەی ھونەری نییە،خاڵێکی تر لەزۆر بەی قوتابخانەکان ژووری تایبەت بە وانەی ھونەر(نیگارگا) نیە ھیوادارم لە داھاتوودا وەزەراتی پەروەردە بایەخی زیاتر بەو وانەیە بدات.
*دوا پرسیارمان ماوەیەکە ھیچ چالاکی ھونەریت نییە ھیچ پرۆژەیەکی نوێ ھونەریتان ھەیە؟
– بەداخەوە ھیچ پرۆژەیەکی نوێم نیە و ماوەیەکی زۆرە بەشداری ھیچ کاریکی ھونەریم نەکردوە وەکو دراما،دووبارە سوپاس بۆ بەسەرکردنەوەم رێزو حورمەتم ھەیە .
Discussion about this post