ھونەرمەند جەبار سابیر : ھەموو کارەکتەرێک بە ئاسانی ناتوانرێت بکرێتە کاریکاتێر
ھەڤپیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
ھونەرمەند (جەبار سابیر قادر لاسی)، یەکێک لەو ھونەرمەندانانەی کە شوێن پەنجەی لە نێو ھونەری کاریکاتێری کوردستان و عێراق دیارە خاوەنی چەندین پیشانگەی تایبەتی و ھاوبەشە لەسەر ئاستی کوردستان ودەرەوەی کوردستان ھەروەھا خاوەنی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتییە زۆرێک لە تابلۆکانی لە رۆژنامەو گۆڤارەکانی نێودەوڵەتی بڵاوکراوەتەوە چەندین بڕوانامەی جیھانی وەرگرتووە بەمەبەستی ئاشنابوونی بە کاروچالاکییە ھونەرییەکانی بە چەندی پرسیار بەسەرمان کردەوە.
*سەرەتا ئەگەر بکرێت باس لە کورتەیەک لە ژیانی ھونەری خۆت بکەیت،ھەنگاوەکانی ھونەری کاریکاتێری چۆن دەست پێکرد؟
– سەرەتا بەھرەی وێنەکێشانم ھەر لەمنداڵیەوە سەری ھەڵدا دوواتر بە خوێندنەوەم بۆ گۆڤارەکانی منداڵان و دوواتر رۆژنامەو گۆڤارەکان ھەنگاوەکانی ھونەری کاریکاتێریم دەستی پێکرد وە خوێندنەوەی زۆرم بۆ رووداوەکانی رۆژانە لە ھەموو بوارەکان ئەوە بوو کە منیش بتووانم لەو بووارە کار بکەم ، بەڵام تا ساڵانی نەوەتەکان نەمتووانی کارەکانم بڵاو بکەمەوە لە ساڵی ١٩٩٢ یەکەم کاریکاتێرم بڵاوکردەوە دوواتر لەبەر باری خێزانیم دوورکەتمەوە لە ھونەر بەگشتی و کاریکاتێریش بە تایبەتی تا ساڵی ٢٠٠٥ توانیم دریژە بەو ھونەرە بدەم لە رێگای سایتە ئەلکترۆنیەکان و سۆشیال میدیا ، وە ھەروەھا تووانیم لە ڕێگای سۆشیال میدیا کارەکانم بەجیھان بناسێنم و بەشداری پێشبرکێ و پێشانگا نێودەوڵەتیەکان بکەم و پلەی باش بەدەست بھێنم ، وە ھەروەھا چەندین گۆڤار و رۆژنامەی جیھانی کاریکاتێری کارەکانم بڵاو دەکەنەوە و گرنگی پێدەدەن ، وە تا ئێستا حەوت پێشانگای تایبەتیم کردۆتەوە لە ھەولێر و کۆیە و بەغدا و موسڵ وە بەشداریم کردووە لە زیاتر لە ١٨٠ پێشانگای نێودەوڵەتی و توانیومە زیاتر لە ٨٠ بروانامەی بەشداربوون و ھەروەھا چەندین خەلات بەدەست بھێنم.
*گرنگی ھونەری کاریکاتێری لەچیدایە؟
-گرنگی کاریکاتێر لەوەدایە کە دەتوانێ بەزمانی وێنە خەندەیەک بخەیتە سەرلێو ، بەڵام خەندەیەکی فکرییە. واتە تەنھا خەندە نییە، بەڵکو خوێندنەوەی بۆ دەکات ، ئاگاداری دەکاتەوە، سەرنجی خەڵک ڕادەکێشێت بۆ شتێک کە ھەستیارە. بەتایبەتی لە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و تاوانەکانی ڕۆژانەدا کاریکاتێر دەبێتە ئاوێنەی کێشەشارەوکانی دەروونی خەڵک. بۆیە ئەو ھونەرە یەکێکە لە پەیوەندیدارترین ھونەرەکان بە ئازادی وتار.
*ئەو بابەتانە چین کە دەبنە ھونەری کاریکاتێرییەکاتی تۆ؟
– بابەتەکان زۆرن ھەندێکیان بابەتی ھەمیشەین وە ھەندێکیان بابەتی کێشەی ڕۆژانەی خەڵک:
ھەژاری، بێکاری، خراپی خزمەتگوزارییەکان، ڕەخنە لە سیاسەت و حکومەتەکان ، ڕەفتارە کۆمەڵایەتییە نەرێنییەکان، ڕووداوە جیھانییەکان و پرسە مرۆییەکان، کولتوور و داب و نەریت بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە و تەنزئامێز .
* ئایا ھەموو کەسایتیەک دەتوانین بە شێوەی کاریکاتێری بیخیتە روو؟
: نەخێر، ھەموو کارەکتەرێک بە ئاسانی ناتوانرێت بکرێتە کاریکاتێر، چونکە کارەکتەرەکە دەبێت
تایبەتمەندی ڕوون و جیاوازیان ھەبێت، مانایەکی ڕەمزی یان بەرچاوی ھەبێت بۆ مرۆڤەکان، کردار یان بیرۆکەیەکت ھەبێت کە شایەنی مامەڵەی تەنزئامێز بێت ھەروەھا ھونەرمەند دەتوانێت کارەکتەری خۆی بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە یان گاڵتەجاڕانە بخاتەڕوو.
* زۆرێک لە ھونەرمەندان جگە لەوەی لە پیشانگادا بەرھەمەکانیان نمایش دەکەن لە گۆڤار و رۆژنامەکانیش نمایش دەکەن لە کوردستان تاچەند گۆڤار و رۆژنامەکان گرنگی بەولایانەیان داوە؟
– لە ئێستادا لە کوردستان، گرنگی وەھا نیە لە گۆڤار و رۆژنامەکان و میدیاکان . ھەندێک لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان لە رابردوو کەمێک گرنگیان بە کاریکاتێر دەدا گۆڤاری تایبەت ھەبوو بە ھونەری کاریکاتێر بەڵام بەداخەوە ئەو گۆڤارانە ئێستا وەستاوون ، بەڵام ئەوەی ھەیە ھونەرمەندەکان خۆیان لە سۆشیاڵ میدیا کارەکانیان بڵاو دەکەنەوە کە رەنگە دونیای ئەمڕۆ زیاتر بە سۆشیال میدیاوە بەندە کە ئەوەش کاریگەری لەسەر خۆێنەر و بینەری ھەبێت و لەوانەیە باشتر بێت.
*چۆن دەڕوانیتە بەکارھێنانی کۆمپیوتەر لە دروستکردنی بیرۆکەیەک بە شێوەی کاریکاتێری ؟
– بیرۆکەی کاریکاتێری لای کاریکاتێرست خۆیەتی بەڵام بۆ ئاسانکاری زۆربەی ھونەرمەندانی کاریکاتێر لە ئێستادا پەنا دەبەنە بەر بەرنامەکانی کۆمپیوتەر بۆ جوانکردن و رەنگکردنی کارەکانیان و بە ئاسانی و چاپکردن و ناردن بۆ پێشبرکێ و پێشانگا جیھانیەکان و یاخود گۆڤار و رۆژنامەکان.
* تایبەتمەندییەکانی ھونەری کاریکاتێری چین؟
– تایبەتمەندیەکانی ھونەری کاریکاتێر ئەوەیە ، وێنەو روخسارەکان زێدەرۆییان لێ دەکرێ و بەشێوەیەکی تەنز و خەنداوی خێرا دەگاتە بەر دیدی بینەر و خوێنەر وە ئاسانکردنی تێگەیشتن بەزمانێکی سادە و گاڵتەجاری ، وە ھەروەھا کارامەیی ھونەرمەند لە گەیاندنی پەیامەکەی.
* ھونەری کاریکاتێری لە کوردستان لەچ ئاستێک دایە؟
– بەداخەوە لە ئێستادا لە ئاستێکی باش نیە ،ئەویش ھۆکارەکەی بۆ ئەوەیە گرنگی پێ نەدانی رۆژنامەو گۆڤارەکان و میدیاکان بۆ ھونەری کاریکاتێر وە ھەروەھا نەبوونی کۆمەڵەیەێک بۆ کاریکاتێرستانی کوردستان کە گرنگی خۆی ھەیە بۆ بەرەوپێشچوونی کاریکاتێر ، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوو چەندین ھونەرمەندی کاریکاتێری تایبەتی ھەن کە کارەکانیان بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بڵاودەکەنەوە لە سۆشیال میدیا و ئامادەبوونیان ھەیە لە پێشبرکێ و پێشانگا جیھانیەکان . وە بۆ بەرزکردنەوەی ئەم بوارە پێویستی بە ھاوکاری و پشتیوانی مێدیا و ڕۆژنامەکانە .
* کامەن ئەو ھونەرمەندە کاریکارتێرانە کە کاریگەیان لەسەر تۆ ھەبووە؟
– لە راستیدا من سەرەتا زۆر سەرسام بووم بە کاریکاتێرستانی عێراقی ( غازی ، موئەیەد نعمە ، عەلی مەندەلاوی ) کە زۆر کاریگەریان ھەبوو ، وە بووە سەرەتایەک بۆ ھەوڵدانم لە بواری کاریکاتێر
وە ئەوەی ماوە بیلێم ئەوەیە ، گرنگە ئێمە ھونەری کاریکاتێر تەنھا بە ھونەرێکی گاڵتەجاری تێنەگەین ، چونکی کاریکاتێرست ھەوڵی ئەوە دەدا کە ڕووە شارەوەکانی کارە نەرێنیەکان وێنا بکات و نیشانی بینەران و لایەنی پەیوەندیدار بدات بۆ بنبڕکردن و جاکسازی ھەمیشەیی کە ئەوەش ئەرکی ھەمووانە.
































































ھونەرمەند جەبار سابیر : ھەموو کارەکتەرێک بە ئاسانی ناتوانرێت بکرێتە کاریکاتێر








Discussion about this post