ھونەرمەند بەلێن عەبدولھادی: ژەنیاری زۆر بەتوانای جیھانی و کوردی کاریگەرییان لەسەر من ھەیە
بەلێن عەبدولھادی: موزیک و خۆشەویستی تەواوکەری یەکترین
ھونەرمەندی ژنیار (بەڵێن عەبدولھادی) لە ١٩٨١ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە ھەلە منداڵییەوە ئارەزووی بۆ موزیک ھەبووە،لە ساڵی ١٩٩٨ یەکەم ئاوازی بۆ منداڵان داناوە لە کەناڵی کوردستان تیڤی تۆمارکردەوە.
ئەو ھونەرمەندە،بەمەبەستی پەرپێدان و فێربوونی موزیک بەشێوەیەکی ئەکادیمی لە ساڵی ٢٠٠١ دەچێتە پەیمانگەی ھونەرجوانەکانی ھەولێر لەبەشی موزیک دەخوێنێت ،دەبێتە ژنیارێکی بەتوانای ئامێری (چەلۆ) لە کوردستان،بەجۆرێک ھەرلەپەیمانگا دەبێت ئاواز و دابەشکردن بۆ مارشی یەکێیتی قوتابیان و یەکێتی لاوانی دیمورکراتی کوردستان دادەنێت بەشێوەی کۆرس تۆمار کراو بڵاوکرایەوە.
بەڵێن ھادی بەھۆی توانیستی لە ژەنینی ئامیری چەلۆ دەبێتە ئەندامی تیپی ئۆرکێسترای کوردستان بەشداری سەرجەم چالاکییەکانی دەکات ئاوازی بۆ چەند گۆرانیبێژێک داناوە وەکو(دڵدار وریا ئەحمەد ،خەند عەبدوڵڵا،ئەمیر محەممەد،ئاری حەلاق ،گریان سادق حەریری ،کاروان عوسمان،گۆران محەمەد..)
ژنیار بەڵێن ھادی، لەو کاتەی قوتابی بوو لە پەیمانگەھونەرەجوانەکانی ھەولێر،گرووپێکی موزیکی دامەزراێنێت بە ناوی (گرووپی موزیکی ئاڵا) کە چەندین کۆنسێرت لە شارەکانی (ھەولێر-سلێمانی-دھۆک-سۆران) ئەنجام دەدەن
ئەم ھونەرمەندە خاوەنی چەندین ئاواز و دابەشکردنی موزیکە ئێمە بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە کاری چالاکییەکانی،لە نزیکەوە بە چەند پرسیارێک بەسەرمان کردوە.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا بابزانین چۆن جیھانی ھونەری موزیکت ناسی؟
– سەرەتای من بۆ ھونەری موزیک بە گوێگرتن لە موزیک و بەژداریکردنم لە چەند کارێکی ھونەری وەکو کۆرس لە قوتابخانە بوو، ئەمەش فاکتەرێک بوو بۆ ئەوەی حەز و خولیام بۆ موزیک زیاتر بێت ھەر لەو کاتانە توانیم ئامێری (کیبۆردێک) بکڕم و ھەر لە ماڵەوە ڕاھێنان بکەم ئیتر ھەرلەوێدا ئاشنایتیم لەبۆ موزیک زیاتر بوو،بەجۆرێک حەزوو ئارەزووم زۆر زیاتر بوو بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئەکادیمی خۆم فێری موزیک بکەم،بچمە پەیمانگەی ھونەرەجوانەکان لە بەشی موزیک بخوێنێم.
*لەنێو ئامێرەکانی میوزک ئێوە بۆچی ئامێری چەلۆ تان ھەڵبژراد؟
– ئەوەی راستی بێت، سەرەتای پێشکەشکردنم لە بۆ پەیمانگەی ھونەرەجوانەکان لەبەشی موزیک لە قۆناغی یەکەم لەسەر ئامێری پیانۆ داندرام دوای یەک مانگ بە ھەوڵی مامۆستایانم و بەحەزوو ئارەزووی خۆم ئامێرەکەم گۆڕی بۆ ئامێری چەلۆ ئەویش بەھۆی گوێگرتنم لە چەند پارچە موزیکێکی جیھانی ،ئامێری چەلۆم خۆشویست و ھەڵم بژارد، تائێستاش لە ژەنینی ئەم ئامێرە بەردەوامم.
*وەکو ژنیارێک چۆن پێناسەی ئامێری چەلۆ دەکەیت ؟
– ئامێری چەلۆ یەکێکە لە ئامێرە ژێدارە جیھانییەکان کە دەنگێکی ئەفسوناوی ھەیەو لە کە لە زۆربەی گروپە کوردی جیھانییەکان ئامێری چەلۆ زەرورەتێکە و تەواوکەری دەنگی ئامێرەکانی دیکەیەھەر بۆیە لەزۆربەی تیپە موزیکییەکان بوونی ھەیە.
*یەکەم ئاوازت بەناوی چی بوو؟
– یەکەم ئاوازم گۆرانییەکی منداڵان بوو کەپێش ئەوەی بچمە پەیمانگەی ھونەرجوانەکان بەناوی ( من منداڵێکی پاکم) ،کاری ئاواز و موزیکم بۆ کرد و لە کوردستان تی ڤی کاری کلیپی بۆ کرا بڵاوکراییەوە.
*کامەن ئەو ژنیارانەی کە کاریگەریان لەسەر تۆ ھەبووە یاخود بە ژەنینان سەرسامیت؟
– بە گشتی ژەنیاری زۆر بەتوانای جیھانی و کوردی ھەن کە کاریگەرییان لەسەر من ھەیە بەڵام تایبەتمەندی لە ژەنیاری کوردو جیھانی ھونەرمەندی بە توانا مامۆستا (دڵشاد محمد سەعید) زۆر کاریگەری لەسەر من ھەیە.
*ماوەیەک سەرۆک بەشی میوزکی پەیمانەگەی ھونەر جوانەکانی ھەولێر بوویت ئاستی قوتابیان چۆن دەبینت؟
– بەڵێ بە شانازییەوە ماوەی سێ ساڵ سەرۆکی بەشی موزیک بووم لە پەیمانگەی ھونەرەجوانەکانی ھەولێر ئەزموونێکی تەواو جیاواز بوو بۆ من کە بە ھەماھەنگی مامۆستایانی بەش توانیمان جووڵەیەکی ھونەری تەواو بە بەشەکەو قوتابیان بکەین زیاتر بەرەو پێشی ببەین.
قوتابیانی بەشی موزیک بە گشتی توانا و ئاستی زۆر باشیان ھەیە کە دەتواندرێت بەکاری بێنن بۆ خزمەتی ھونەری کوردی بە تایبەتی لە ئێستادا کۆمەڵە قوتابییەک ھەن جگە لە توانای ژەنین ھەوڵ دەدەن لە بواری ئاواز و دابەشکردندا پەرە بە خۆیان بدەن کە ئەم ھەوڵەشیان شانازییەکی زۆر گەورەیە بۆ ئێمەی مامۆستایانی بەشی موزیک ساڵانە چەندین قوتابی بڕوانامەی دبلۆم بەدەست دەھێنن، دەبنە کادری ھونەری زۆر باشی بواری موزیک.
*رۆڵی موزیک لە بڵاوکردنەوەی خۆشەویستی و ئاشتی لە نێوان گەلان چۆن دەبینیت؟
– موزیک و خۆشەویستی تەواوکەری یەکترین بە بڕوای من ئەگەر خۆشەویستی نەبێت موزیک بوونی نییە
ھەموو موزیک ژەنێک لە ڕێگای ئامێرەکەی یاخود دانراوە موزیکییەکەی دەتوانێت کەم یا زۆر گوزارشت لە ھەستەکانی خۆی دەرببڕێت موزیک زمانی گەلانە،ھەموو گەل و نەتەوەیەک مۆرک و ڕەسەنایەتی تایبەت بە خۆی ھەیە موزیکیش بەشێکە لەو ڕەسەنایەتییە بەھۆی موزیک و کاری ھاوبەش دەتواندرێت گەلان و کۆمەڵگاکان لەیەک نزیک ببنەوە و کاری ھاوبەش ئەنجام بدەن بێ ئەوەی لە زمانی یەکتری حاڵی بن موزیک کۆیان دەکاتەوە.
*وەکو ھونەرمەندێکی ئەکادیمی ئاستی گۆرانی و میوزیکی کوردی لە ئێستادا لەچ ئاستێک دایە؟
– گۆرانی و موزیک ئەگەر بە شێوەیەکی ئەکادیمی و دابەشکاریەکی جیھانی بۆ بکرێتئن ئەوا بەردەوام بەرەو پێشەوە دەچێت لە کاتی ئێستاش لە سەرجەم شارەکانی کوردستان بە خۆشحاڵییەوە موزیک دانەرەکان بەردەوام لە ھەوڵی ئەوەدان کە گۆرانی و موزیک بەشێوەی جیھانی و ئەکادیمی دابەشکردنی بۆ بکەن .. ھەر بۆ نمونە لە ساڵی ٢٠١٢ کارێکی کوردی میللی م ھەڵبژارد بەناوی (بۆت دەڵێم لەم بەندانە) بەشێوەیەکی ئەکادیمی و جیھانی کارم لەسەر کرد .بە ڕای زۆرێک لە موزیک ژەنان و گوێگران کاردانەوەیەکی زۆر باشی ھەبوو لە نێو خەڵکدا و چەند گروپێکی جیھانیش ئەو پارچە موزیکەیان ژەنیوە بە ھەمان ئەو دابەشکردنەی کە من بۆیم کردبوو، بۆیە لە ئێستادا موزیک و گۆرانی کوردی رۆژ بەرۆژ بەرەو پێش دەچێت ھەمیشە بە گشبینەوە لە موزیکی دەڕوانم.
*پرۆژەی نوێتان ھەیە ؟
– بەڵێ لە داھاتوویەکی نزیک بۆ یادی کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ ئەگەر ھاوکاری بکرێم لە لایەنی پەیوەندیدار کارێکی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بۆ ئۆرکێسترا ئامادەیە کە لەو یادە کارەسات بارە پێشکەشی بکەم لە ئاوازو ئامادەو دابەشکردنی خۆمە .
چەند وێستگەیەکی ھونەری ھونەرمەند بەڵێن عەبدولھادی
– لە ساڵی ٢٠٠٤ لە دەزگای موزیک و کەلەپووری کوردی، دەبێتە بە بەرپرسی ستۆدیۆ ئەندازەی دەنگ، کە چەندین کاری موزیک و تۆمارکردن بۆ موزیکژەنان و گۆرانیبیژان ئەنجام داوە.
– لە ساڵی ٢٠٠٥ دەبێتە ئەندامی کارای سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان .
– لە ساڵی ٢٠٠٥ بە فەڕمی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندنی سەربە وەزارەتی ڕۆشنبیری دادەمەزرێت.
– لە ساڵی ٢٠٠٥-٢٠٠٦ گرووپی تەلەڤزیۆنی (ھەرێم) دامەزرارێنێت کە بریتیی بوون لە ١٣ ژەنیار،
ھەر لەو ساڵەدا لە کۆلێژی ھونەرە جوانەکان وەرگیرام و دەستی بە خوێندن کردەوە،بەشداری لە سەرجەم فیستیڤاڵ و چالاکییەکانی کۆلێژ دەکان.
-لە ساڵی ٢٠١٠ گرووپێکی کوردی- کلاسیک بەناوی (گرووپی ژێداری ھەولێر) دادەمەزرێنێت، چەندین کۆنسێرت لە شارەکانی (ھەولێر،سلێمانی ، دھۆک،سۆران ، رواندز )پێشکەش دەکەن.
-لە چەندین کۆنسێرتی ھونەرمەندان بەشداری کردووە وەکوو ھونەرمەندان (دانا عەبدولجەبار – محەمەد عەزیز – ماموستا شاکر کەمانچە ژەن – فیستیڤاڵی کەرکووک)چەندین کاری تر.
– لە ساڵی ٢٠١١-٢٠١٦ لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی کۆیە بەشی موزیک وانە بێژ بووە.
– سروودێک بۆ پێشمەرگە بە ناوی (پێشمەرگەی قارەمان) داناوە کە ئامادە و دابەشکردنیش بۆ کردووە و لەلایەن کۆرسەوە وتراوە.
– تۆمارکردن و کلیپکردنی گۆرانییەکی میللی کوردی بەناوی (بۆت دەڵێم) کە بەندێکی باوی ناو کۆمەڵگەی کوردییە بە شێوەی موزیکی کلاسیک ئامادە و دابەشکردنی بۆ کردبوو ئامیرەکانی (violin ١-violin ٢ – viola – cello ) ھەروەھا کاری کلیپیشی بۆ کرا کە لەسەرجەم کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن دادەبەزێت
ھەروەھا کۆنسێرتێکی چوارینەی کلاسیک کە ١٢ موزیکی کوردی و جیھانی لەخۆ گرتبوو لە ھۆڵی پێشەوا لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
– لە مانگی ٠٥-٢٠١٣ لە فیستیڤاڵی پەیمانگەی ھونەرە جوانەکان سەرپەرشتیاری بەرھەمێکی موزیکی کلاسیک و بەرھەمێکی موزیکی کوردیم کرد کە بابەتە کوردییەکە ئامادە و دابەشکردنم بۆی کردبوو من وەکوو ڕابەری ئۆرکسترای پەیمانگای ھونەرە جوانەکان بەشداریم کرد
(cellos are missing you)
بەرھەمێکی موزیکی کوردییە کە شیوازێکی نوێی موزیکە لە کوردستان لە ئاواز و ئامادە و دابەشکردنی بۆ پێنج ئامێری (cello) نووسراوەتەوە کە ھەر پێنچ ئامێرەکە لە یەک کاتدا ھەریەک میلۆدییەکی جیاواز دەژەنن کەشێوازێکی ھارمۆنی جیھانی لەخۆ دەگرێت ماوەی کارەکە نزیکەی چوار خولەک و نیوە.
-لەگەڵ گرووپی ژێداری ھەولێر نمایشی سەرجەم قونسوڵگەرەکانی کوردستانی کردووە. وەکوو (بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، نەمسا، ئەمەریکا)
– لە ساڵی ٢٠١٩ مانگی ١ بووم بە بڕیاردەری بەشی موزیک
– لە ساڵی ٢٠١٩ بووم بە سەرۆکی بەشی موزیکی پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی ھەولێر .
Discussion about this post