ن- کامەران حاجی ئەلیاس
ھەرکاتێ باس لە پێشرەوانی شانۆی کوردی و عێراقی دەکرێت یەکێک لەو ھونەرمەندانەی کە لە ریزی پێشەوە ناوی دەھێنرێت ھونەرمەند و نووسەری دیاری کورد مامۆستا ( ئەحمەد سالار)-ە بەڵێ بەتایبەتی لە نێو ھونەر و ئەدەبیاتی کوردی ،لەو کاتەی باس لە دراما وشانۆی کوردی دەکەین یاخود باس لە تێکستی شانۆیی کوردی دەکەین ناکرێت باس لە ھونەرمەند و زمان پاراو و داھێنەری کورد، نووسەر ئەحمەد سالار نەکەین ئەو لەرێگەی نواندنەکەی لەرێگەی شاکارە مەزنەکانی ھەمیشە بوونی خۆی سەلماندووە یەکێکە لەو ھونەرمەندانەی کە خاوەنی داھێنانی رێبازی(شانۆی ئاھەنگ سازی) یە ئەگەرچی ئەو رێبازە شانۆییە بۆ دەرھێنەری مەغریبی (عەبدولکەریم بەرشیت) دەگرێنەوە بەڵام بۆ راستی و دورستی ئەمە دەڵێم لەو کاتەی ھونەرمەندی گەورەی مەغربی داھێنەری شانۆی ئاھەنگ سازی (عەبدولکریم بەرشیت) ئامادەی پێنجەمین فیستیڤاڵی ھەولێر بۆ شانۆ بوو، کەلە١٠ تاوەکو ١٤-١٢-٢٠١٨ لەشاری ھەولێر بەرێوە چوو،لە لێدوانێکی تابیبەت دا عەبدولکەریم بەرشیت دەڵێت” شێوازە ئاھەنگ سازییەکەی مامۆستا ئەحمەد سالار لە شێوازەکەی من زۆر جیاوازە” بۆیە دەڵیم ھونەرمەند ئەحمەد سالار خاوەن و داھێنەری شانۆی ئاھەنگ سازییە.. من بۆخۆم تاوەکو ئێستا نەمبیتستووە شانۆکارێکی توانای داھێنانێکی لەو شێوەی مامۆستا ئەحمەد سالار لە نێو شانۆی کوریدا بوونی ھەبێت ھەرچەندە لێرەولەوێ ھەوڵ و کۆشش ھەبووە وەکو پرۆژەکەی خاتوونی شانۆکار د.نیگار حەسیب قەرداغی (لابۆری شانۆی لالش) وەکو پرۆژەی شانۆی (سات) لەلایەن ھونەرمەند سەدیق حسێن وە ھەوڵەکانی ( کۆری شانۆی با)ی ھونەرمەند ھۆرێن غەریب و ھاورێکانی بەم دوایانەش (رێچکەی شانۆی سناپ )، لەلایەن ھونەرمەندی شانۆکار گۆران سەرگەڵوویی بەڵام ئەم ئەزموونانە تا ئێستا وەکو ئەزموونێکی شانۆیی سەیر دەکرێن لەوانەیە چەندین ھونەرمەندی تریش ھەوڵ و کۆششیان ھەبێت لە من ئاگاردار نەبم..
ھونەرمەند ئەحمەد سالار جگە لە تێکستە شانۆییەکانی کە زۆربەیان باس لە مێژووی و داب و نەریتی کوردی دەکات.. خاوەنی چەندین کتێبە لە بواری شانۆ و درامایە بەجۆرێک خزمەتێکی زۆری کتێبخانەی کوردی کردوە بوونەتە سەرچاوە بۆ زۆرێک لە شانۆکاران سوودیان لێوەرگرتوون لە ھەمان کات ھەندێ لە کتێبەکانی وەکو میتۆد لە نێو پەیمانگای ھونەرجوانەکانی ھەرێمی کوردستان دەخوێندرێت بەتایبەت بۆ وانەکانی (مێژووی شانۆ ) و(دەنگ و دەموودوو).
ئەحمەد سالار و نواندن
من لەم نووسینەم دا ھەوڵ دەدەم تیشک بخەمە سەر نواندن لەلای ھونەرمەند ئەحمەد سالار دا..
سەرەتا یەکێک لە بنەما سەرەکەییەکانی پێکھاتەی نواندن بۆھەر ئەکتەرێک دەنگە کە بە داینەمۆی نواندن دادەنرێت لە ھەمان کات دا یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ھەموو ئەکتەرێک جگە لە نواندنی پانتۆماییم نەبێت، کە زیاتر پشت بە جوڵە و ھێما وئاماژە دەبەستێت مامۆستا ئەحمەد سالار خاوەن دەنگێکی تەواویی شانۆیییە کەدەتوانی ھەموو چینە دەنگەکانی دەنگ بۆ ھەر نواندێک بەرجەستە بکات بەشێوەیەک دەتوانی دەنگی خۆی لەگەڵ ھەموو شێوازەکانی نواندن چ لە بواری مەرگەسات یاخود بەزمەسات بەرجەستە بکات وەکو زانراوە ئەکتەر پێویستی بە توانستێکی رەھای دەنگ ھەیە بۆئەوەی لەکاتی رۆڵ بینین سەرکەوتووبێت بۆئەوەی بەرەنگاری ھەموو ئەو ئاڵنگارە ببێتەوە کە لەکاتی نواندن لەسەر تەختەی شانۆ رووبەری دەبێتەوە بۆ بەدەست ھێنانی ئەمەش جگە لە بوونی دەنگێکی گونجاو باوەڕ بەخۆ بوون خاڵێکی سەرەکیە بۆ ھەر ئەکتەرێک ھونەرمەند ئەحمەد سالار بە ھۆی ئەوەی خاوەن دەنگێکی شانۆییە لەھەمان کات دا خاوەن ھەناسەیەکی قوڵی شانۆییە دەزانێت لەکاتی نواندن چۆن دابەشی سەر دیالۆژەکانی بکات کەس بەقەد ئەو لە کاتی نواندندا ماف بە وشەو پیتەکانی ناو دیالۆژەکان نادات ئەو زۆر بەووردی رەچاوی دەربینی وشەکان بە تایبەتی لە کاتی دەموو دووی ڕستەو و وشە و پیتەکان دا ئەوەش زیاتر بۆ راھێنانی بەردەوام بوون و ئەزموونێکی زۆر ئەو ھونەرمەندە دەگەڕێتەوە بەتایبەتی لەرووی بەکارھێنانی تەکنیکی دەنگ چۆنیەتی کۆنترۆڵ کردن و دابەش کردنی ھەناسەدان و ھەناسەوەرگرتنەوە کە بەداخەوە بەشێک لە ئەکتەران لەکاتی نواندن دا لەسەر تەختەی شانۆدا وشە و دەموودووەکانیان زۆر خراپە بەتایبەتی لەدانان بە پیت و وشەکانی کۆتایی زۆرجاریش وشەکانیان لە کۆتایی دیالۆژەکانیان یاخود ئەو وشەو دیالۆژانانەی کە بە چرپە دەموو دوو دەکرێن ون دەبن و ناگاتە بینەران بەتایبەتی لەو کاتەی ھەندێک لە وشەکان مانا کرۆک و فلسەفەی ڕستەکەن یان بابەتەکانن بە داخەوە ئەویش ناگانە بینەر ئەوەش بە ھۆی دابەش نەکردن و نەبوونی کۆنترۆڵ لە سەر کۆئەندامی ھەناسە دان و ھەناسە وەرگرتنی ئەکتەر دەگەرێتەوە. ھەر لەم ڕوانگەوە دەرھێنەری ناوداری جیھانی ستانسلاڤسکی دەڵێت” لەگۆرانیبێژێکی ئۆپێرا فێری نھێنییەکی ڕاھێنانی دەنگ بووم،ئەوەیش ئەوەیە کە کاتێک لە کاتی گۆرانی وتن دا ھەناسە دەدەینەوە پێویستە ھەست بە دوو سیستەمی ھەوا بکەین کەدێتە دەرەوەن ، یەکیان لە دەمەوە ئەویتریان لە لووتەوە”. ھەر لەسەر گرنگی دەنگ بۆ ئەکتەر کاتێ لە دەرھێنەر ئیتاڵی (تۆماس سالڤینی)ی پرسی ئەکەتەر لە کاتی نواندن لە مەرگەسات دا چی زۆر پێویستە لە وەڵام دا دەڵێت “دەنگ ، دەنگ ،دووبارە دەنگ”.بۆیە ئەتوانم بڵێم دەنگی ھونەرمەند ئەحمەد سالار ھەموو ئەوسیفاتە لە خۆدەگرێت کەوبلیمەتانەی شانۆ باسی لێوەدەکەن بەجۆرێک دەنگێکە لە ھی کەس ناچێت توانستی وای ھەیە لە ھەموو ئەو ڕۆڵەنەی بەرجەستەی کردووە ھەست دەکەین بە تەواوەتی لە چۆتە نێو قالبی کەسایتییە کە نموونەش زۆرن کە لێرەدا دەرفەتی ئەوە نییە ئاماژەیان پێبدەین.
خاڵێکی ترییش لە نواندن کە پێویتسە ھەموو ئەکتەرێک ھەبێت بریتییە لە جەستەی ئەکتەرە ئەویش بنەماییەکی گرنگ وسەرەکییە لەسەر شانۆدا بێت یاخود لەسەر شاشەدا بێت جەستە کاریگەری راستەو خۆی لەسەر بینەر دەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ھەموو حاڵەتەکانی بژیت چونکە زمانی جەستە واتە وەرگێرانی دەقێکی نووسراوە بۆ گوزراشتەکانی ھێما و ئاماژە ..لەبەر ئەوە بۆ ئەکتەر تەنیا دەنگ گرنگ نییە لەم روانگەوە ئەگەر بەووردی سەیری نواندنەکانی مامۆستا ئەحمەد سالار بکەین درک بەوە دەکەین گرنگی زۆر بە ھەموو وردەکانی نواندن ھەر لە گوزارشتەکانی لە رووی زردەخە، پێکەنین ، توڕە بوون ، خەمبار …بەبێ دیالۆژەکانی ئەو گوزراشتانە دەگاتە وەرگر .
لایەنێکی تری گرنگی نواندن بۆ ئەکتەر بریتییە لە جوڵەی شانۆیی یاخود چۆنیەتی جوڵەی جەستە لەسەر تەختەی شانۆ کەپێویستە بۆ بەرجەستەکردنی ھەر کارکتەرێک ئەویش لە رێگەی بوونی کێشێکی گونجاوە بۆ ھەر ئەکتەرێک بۆئەوەی بتوانێت لە ئامادە باشی دابێت بۆ ھەموو کردار و جوڵەیەک لەسەر تەختەی شانۆ بۆیە دەبێت ئەکتەر توانستێکی باشی جوڵەی ھەبێت بێت لە ھەمان کاتدا زۆرجار جۆری جوڵەی ئەکتەر ھاوکار و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ناسینەوەی کارکتەر بەپێی تەمەن و رەگەز و کەسایەتی بێگومان جلوبەرگیش تارادەیەکی زۆر ھاوکارە بۆ بنیادنانی کارەکتەر بەتایبەتیش لە نواندنی (بێدەنگ) دا .ھونەرمەند ئەحمەد سالار لەو نمایشانەی کە بینومانن ھەمیشە جوڵەکانی لەکاتی نواندن بە تایبەتی لەسەر تەختەی شانۆدا جیاواز دەرکەوتوو بۆدورست کردنی ھەر کارەکتەرێک سەرکەوتووبووە ھۆکارەکەیش بۆ خوێندنەوەو لێکدانەوەی ووردی بۆ ھەر جوڵەیەک کردوە تەنانەت زۆر بەووردی جوڵەکانی جەستەی ئەنجام دەدا ئەوەش بەھۆی خوێندندنەوی ووردی بۆ ئەوکەسایەتییەی کە بەرجەستەی کردوون بەجۆرێک وا دەکات لەرێگەی ئاماژ و ھێماکانی سەرنجی بینەر بۆھەموو جوڵەیەکی رابکێشێت تەنانەت ھەست و سۆزو کرداری ناوەکی و دەرکی بۆ نموونە کرداری دڵەراوکێ کەلەیەک کاتدا ھەردوو کردارەکە ھەر لە رێگەی جوڵە شانۆییەکانی بەبێ دیالۆژ زیرەکانە دەگەینێتە بینەر بەھەمان شێوەش لە نواندنی لە دراما و تەلەفزیۆندا جوڵەکانی لەرێگەی گوزارشتەکانی وەکو جوڵەی شەر جوڵەی سۆزو خۆشەویستی..دەگاتە وەرگر ھەندێک جاریش تەنیا لە شێوەیەکی دیارکراوی وەستانی بەبێ ھیچ دیالۆژێک لەسەرتەختەی شانۆ چەندین ماناو مەدللولی بەخشیوە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ شێوەی وەستان ھێما و گوزراشتەکانی ئەو دەزانێت چۆن دەست و تەنانەت پەنجەکانی لە خزمەت رۆڵەی بە کار بھێنیت بە داخەوە زۆر جار ھەندێ لە ئەکتەران دەستەکانیان لێ دەبێتە بەڵا نازانن چۆن ھەڵسوکەوتی لەگەڵ دا بکەن..
بێگومان زۆر لایەنی تری گرنگی تری ھونەرمەند نووسەری دیاری کورد مامۆستا ئەحمەد سالار ھەن کە دەتوانرێت تیشکی بخینەسەری بگرە چەندین لێکۆڵینەوەو توێژینەوەی لەسەر ئەزموونەکانی ئەو کەڵە ھونەرمەندە بکرێت وە چەندین تێزی و نامەی ماستەر و دکتۆرا لەسەر ھونەرکەی بەدەست بھێنرێت ..لە ھەموو گرنگتریش ئەو ھونەرمەندە خاوەن رۆشنفکری زۆری مەعریفییە..لێرەدا ھیوای تەمەن درێژی بۆ دەخوازم..دەست خۆشیش لە دەستەی نووسەرانی ئەم گۆڤارە دەکەم بۆ تەرخاندنی بەشێکی گۆڤارەکە بۆ ئەزموونی ئەم ھونەرمەندە مەزنە ھەرھەبن.








































































Discussion about this post