چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی: ھونەرمەند ئەحمەد جەمیل لەزۆربەی تەمسیل و بەرھەمە شانۆییەکانی ساڵانی ھەشتاکانی ھەولێر بەشداریکرد، بەڵام لەبەر شەڕی ناوخۆ کوردستانی جێھێشت، تەنیا ئەوەش بووە ھۆی دوورکەوتنەوەی ئەو لەشانۆ و تەمسیل دا، دوای ١٤ ساڵ ھێشتا بڕیاری ھاتنەوەی بۆ کوردستان نەداوە، چونکە ئەو دەڵێ ھەموو منداڵەکانم لە ئەڵمانیا دەخوێنن “بەڵام حەزدەکەم پێش مردن بگەڕێمەوە سەر تەختەی شانۆ”.
ئەحمەد جەمیل ساڵی ١٩٧٨ دەستی بەتەمسیل و شانۆ کردووە، لەزۆربەی ئەو تەمسیلەکانەی کە لەساڵانی ھەشتاکاندا بەرھەمھاتوون بەشداری کرد و تائێستاش تاموچێژیان لای خەڵک ماوەتەوە، ئەم قۆناخە ھونەرییەی کە ئەحمەد جەمیل بەشدار بوو پێیدەگوترێ قۆناخی “زێرینی شانۆ”ـی ئەحمەد جەمیل دەڵێ “لەمنداڵیەوە حەزم لەھونەر ھەبوو، بەتایبەت ھونەری نواندن، بەڵام بەھاوکاری ھونەرمەند نەمر مامۆستا تەحسین دەستم بەکاری ھونەری کرد، ئەویش لە ئوپەرێتی (رووباری ژیان)، لەنوسینی مەدحت بێخەو و دەرھێنانی ھونەرمەند تەحسین، ئیتر چەند ھۆکاری تر ھەبوون وای لێکردم بەردەوام بم، ئەویش لەرێگای ھونەر خزمەتی میللەتەکەم بکەم، من پێم وایە ئەوە ئامانجی ھەموو ھونەرمەندێکی ئەوسا بوو، خۆشەویستی بۆ کارە ھەبوو، جگە لە سەرکەوتنی ئیشەکە بیرمان لەھیچ شتێکی تر نەدەکردەوە”.
ئەحمەد جەمیل ١٤ ساڵە کوردستانی جێھێشتووە، ئێستا لەگەڵ خێزانەکەی و سێ منداڵەکەی ئاسۆ، ئاکۆ، چرۆ لەوڵاتی ئەڵمانیا دەژین و ھەموویان لەدانیشگان، لەبارەی جێھێشتنی کوردستان، ئەو گوتی “ھۆکاری سەرەکی شەڕی ناوخۆ وایکرد کوردستان جێبێلم”. دوای گەورەبوونی منداڵەکانی ئەحمەد لەوڵاتی ئەڵمانیا ئێستا ئەو دەڵێت “پڕ بەدڵ حەزدەکەم بەیەکجاری بگەڕێمەوە کوردستان، بەڵام لەبەر منداڵەکانم ناتوانم لەم کاتەدا بگەڕێمەوە، چونکە ھەموویان دەخوێنن”.
لەبارەی ئەو قسەیەی کە دەگوترێ زۆر زەحمەتە کەسێک منداڵی ھەولێر بێت بتوانێ لەشوێنێکی تر بحەوێتەوە، ئەحمەد جەمیل گوتی “زۆر راستە، زۆریش زەحمەتە بتوانم بەبێ ھەولێر بژیم، من ساڵی جارێک دەگەڕێمەوە بۆئەوەی ھەست بەونبوونی خۆم بکەم، ھەولێر خۆشەویستی منە بەقەد خۆم ھەولێرم خۆشدەوێت، خۆشەویستی ھەولێر لەناخی ھەموو مناڵەکانم دایە، بۆیە ھەموومان ھەموو ساڵێک بەیەکەوە دەگەڕێینەوە ھەولێری ئازیز”. ھەروەھا گوتیشی “زۆر حەزدەکەم بەر لەمردن جارێکی تر بگەڕێمەوە سەرتەختەی شانۆ”.
ئەو بۆ ١٢ ساڵە لەشانۆی نورنبیرگ Staats thewter nürnberg لەئەڵمانیا کار دەکات لەبەشی رووناکی و تەکنیک، بۆیە ھەر جارێک کە بەسەردان دێتەوە ھەولێر فلتەرێکی ئینارە بەدیاری بۆ ھونەرمەندان دێنێ، چونکە ئەو پێی وایە شانۆی کوردی لەم بوارەدا زۆر ھەژارە و دەڵێت “رووناکی زۆر گرنگە لەشانۆدا، بەڵام بەداخەوە شانۆی کوردیمان زۆر ھەژارە لەبوارەدا، ھەرجارێکی دەگەڕێمەوە فلتەرێکی ئینارە بەدیاری بۆ ھونەرمەندان دێنم، ھەندێجاریش تیپەکانی کوردستان دێن یارمەتیان دەدەم لەبواری رووناکی، جگە لەوەش ناوەندێکی کوردیمان ھەیە ھەموو مانگی چالاکیمان ھەیە لەبواری ئەدەب و ھونەر و کومەڵایەتی”.
لەبارەی پەیوەندی خۆی و ھونەرمەندانی ھەولێر ئەحمەد جەمیل ئاشکرایکرد ئێستاش پەیوەندی لەگەڵ ھەموو ھونەرمەندانی ھەولێر باشە و ئەوانیش پەیوەندی پێوە دەکەن، “ئێمە مێژوویەکمان لەگەڵ یەک ھەیە، بڕواناکەم کەسیان بێوەفابن، من چاوەی ھەموویان ماچ دەکەم، بەھیوای ئەوەم ھەمووکات لەگەڵ یەک باش بن، رێز لەھونەرمەندە گەورەکان بگرن، زۆریش ئاساییە بیروڕای جیاواز ھەبێت، بەڵام لەپێناوی خزمەتی ھونەری کوردیدا بێت”.
زۆرجار ئەکتەرانی ھەولێر ھۆکاری پەرتبوونی خۆیان و نەبوونی بەرھەمی باش و جەماوەری بۆ نەبوونی دەرھێنەری باش لە ھەولێر دەگێڕنەوە، ھەندێکیشان پێیان وایە بیروڕای حیزبی دابەشی کردوون، ئەحمەد جەمیل وەک ھونەرمەندێکی کۆنی ھەولێر لەسەر ئەم بابەتە پێی وایە “دابەشبوونی ھونەرمەندەکان بەسەر بیروڕای جیاواز، ئەمە خالێکی گرنگە وایکرد شانۆ بەرەو کزیەکی زۆر بچێت، دواتر نەبوونی پلان لەخودی ھونەرمەندان، خاڵێکی تر نارێکی وەزارەتی رۆشنبیری، کە ناتوانێ پلانێکی ھەبێ بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ھونەر بەتایبەت شانۆ، ھەروەھا گیروگرفتی رۆژانەی ژیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێ کاری جوانیش نەبێت”. ناوبراو دەستخۆشی لەدەرھێنەی گەنج کارۆخ ئیبراھیم دەکات، کە لەم سەردانەیدا بۆ کوردستان کە مانگی رابردوو گەڕایەوە ئەڵمانیا دوو بەرھەمی دەرھێنەر کارۆخ ئیبراھیمی بینووە و دەڵێ بەڕاستی بەرھەمی چاک بوون.
بەڵام بەگشتی ئەحمەد جەمیل لەبارەی ئێستای شانۆ و درامای کوردی دەڵێت “ناتوانم زۆر قسە لەسەر شانۆ بکەم چونکە من ماوەی ١٤ ساڵە لەدەرەوەی کوردستانم و تەنیا چەند بەرھەمێکی کەمم دیووە، بۆ ھەندێکیان خەم دەخۆم، کارەساتە بۆ شانۆی کوردی، بەداخەوە ھەندێ ھونەرمەندی خاوەن ئەزموون لەکاری وا بەشداری دەکەن لەئەزموونەکەی ئەوانی ھێناوەتە خوارەوە، ھەروەھا لەرووناکیدا زۆر لەدواوەن، بەرھەمی چاکیان پێشکەشکردووە، بەڵام کەم، چاوەڕوانی بەرھەمی چاکتریان لێدەکەین، بەھیوای دروست بوونی شانۆیەکی نەتەوەیی بۆ کورد”.