ھونەرمەند ئارام سەردار: باوکم یەکەم کەس بوو پاڵپشت و ھاندەرم بووە بۆ نێو دونیای ھونەر
ھومەرمەند (ئارام سەردار مەجید)، یەکێکە لە ژنیارە بەتواناکانی کوردستان،ئەوە لە تەمەنی (١٠) ساڵییەوە خۆی ھاتۆتە نێو جیھانی موزیک وەکو ژنیارێکی بەتوانای ئامێری (کەمانجە و ڤیۆلا) ئەندامی چەندین تیپی موزیکی و ئۆرکێسترای کوردستانە ھەروەھا وەکو ژنیار بەشداری لە چەندین کۆنسێرت لەکوردستان و دەرەوەی کوردستان کردوە ئێمە بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە ژیان وکارەھونەرییەکانی، لە نزیکەوە ئەم ھەڤپەیڤینەمان لەگەڵدا کرد..
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا بابزانین چۆنە جیھانی جیھانی موزیکت ناسی؟
– ھەر لەمنداڵییەوە حەزێکی زۆرم ھەبوو بۆ موزیک ھەبوو یەکەم دەسپێکی ھونەریم لە چالاکی قوتابخانەکانی ھەولێر بووە لە ساڵی (١٩٨٧) ،ئەوکات تە مەنم (١٠) ساڵان بوو دەستم بە خوێندنی موزیک و ئامێری کەمان کردووە لای بەڕێز مامۆستا (لوقمان جوھر).. وە ساڵی (١٩٩٥) لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی ھەولێر بەشی مۆسیقا وەرگیرام بۆ ماوەی پێنچ ساڵ ئامێری کەمانم خوێند لە ھەموو ئەو چالاکیانەی لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکاندا بەشداریم تێدا کردووە دوای دەرچوونم وەک مامۆستای پەروەدەی ھونەر دامەزراوم ئێستا سەر پەشتیاری ھونەریم لە چالاکی قوتابخانەکانی پەروەردەی ناوەندی ھەولێر. دوای ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئۆڕکێسترای کوردستان ساڵی (١٩٩٧) ئەندامی ئەو تیپەم بە ئامێری (کەمان ) و (ڤیۆلا ) وە لەھەموو ئەو کۆنسێرتانەی کە لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان ئەنجام دراوە بەشداریم تێدا کردووە وەک ووڵاتەکانی (ڕۆمانیا – بولغاریا – جۆرجیا ) بە ڕابەرایەتی مایسترۆ مامۆستا (چەتۆ نەورۆز ) وە ڕیکخستنی گشت کارە ھونەریکانیش لەلایان بەڕێز مامۆستا (ھەڤال حمد ) ئەنجام دەدرا ھەروەھا چەندین کاری ھونەریم لەگەڵ ( دەستەی مۆسیقای شەبەنگ ) کردووە کەلە (٧) ژەنیار پێکھاتبووین وەک ئامێرەکانی (کەمان – ڤیۆلا – پیانۆ – چەلۆ ) ،چەندین کۆنسێرت و مۆسیقای کلاسیک و کوردیمان پێشکەش کردووە ھەروەھا بەشداری چەند کارێکی ھاوبەشم ڵەگەڵ سیمفۆنیا عێراق دا کردووە وەک ژنیاری (ڤیۆلا) وە ساڵی ٢٠٠٨ ئەندامی تیپی موزیکی ھونەرمەند (زکریا عبداللە ) بووم ئەوکات کۆنسێرتێکمان لەوڵاتی سوید لە شاری ستۆکھۆڵم بۆ ئەنجام دا،کۆنسێرتی دووەمیش لە شاری ھەوڵیر. ئێستاش وەک ژنیاری ڤیۆلا ئەندامی (تیپی ئۆڕکێسترای کوردستان تیڤی ) یم کە تیپێکی زۆر سەرکەوتوو چالاکە لەم ماوەیەدا چەند کۆنسێرتێکی بێ وێنەمان لە مۆسێقای کوردی و جیھانی پێشکەش کردووە بەڕابەرایەتی مایسترۆ مامۆستا (سەید ئەحمەد ڕواندزی).
*چی وای لە تۆی کرد لە نێو ئەو ھەموو ئامێرە موزیکیانە،رووبکەیتە ئامێری کەمانجە؟
– ھەر لە منداڵیەوە حەزو خولیام لە مۆسیقا بوو بەتایبەتی ئەگەر موزیکەکە ێۆڵۆی ئامێری کەمانی تیابایە ، ھەستێکی زۆر تایبەتی لام دروست دەکرد چێژێکی زۆرم لێ دەبێنی بۆیە تــاکـــو ئێستاش کاتێ ئــامــیـَـری کـــەمـــانـــــم لە ئامێزەو بە خـــۆش ویستیەوە دەیژەنـــم.
*کێ بە مامۆستای خۆت دەزانی؟
– بێگومان زۆر ئەوانەی ھەمیشە پاڵپشت و ھاوکاری من بووینە سەرەتا باوکم بەڕەحمەت بێت (سەردار مەجید ) یەکەم کەس بوو پاڵپشت و ھاندەرم بووە بۆ نێو دونیای ھونەر کە زۆری حەز دەکرد ببمە ژنیاری ئامێری کەمان بۆیە لە مندالێەوە منی بردە خوولی مۆسێقا تاکو فێری مۆسیقا بم .ھەروەھا سوپاسی ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەکەم لە پەیمانگەی ھونەرە جوانە کانی بەشی مۆسیقا وانەی موزیکم لایان خوێندوە سودی زۆرم لێان بینی وەک مامۆستایان (فەرھەنگ غەفور، فاروق باپیر، لوقمان جوھر،ئامانج غازی، بەکر خالد،سیروان سیرینی ،کارۆخ زرار).
*موزیک بنەمایەکی گرنگی کاری شانۆ و دراماکانە چۆن دەڕوانیتە موزیکی وێنەیی دراما کوردییەکان؟
– ئەوەندەی من سەیرم کردووە بەشێک لە دراماکان موزیکەکانیان لە ئاستێکی زۆر باش دابوونە چونکە بەشێکی زۆر لە دراما سەرکەوتووەکان کە سانی ئەکادیمی لە بواری مویزک کاریان بۆ کردووە ئەمەش دەبێتە ھۆکارێک کە موزیکی باش کاریگەری تەواوی ھەیە لەسەر دراماکە و ھەستی بینەر.
*وەکو ژنیار بەشداری چەندین فیستڤاڵی ھونەری موزیکی کردوە؟
– ئەوەی راستی بێت بەشداری لەزۆربەی ڤیستیڤاڵەکانی کوردستان بەشداریم کردووە ھەروەھا لەدەروەی ووڵاتیش ساڵی (٢٠٠٨) بەشداریم لەڤیستیڤاڵی (موزیک ئەنتەر ناسیۆناڵ) لە ووڵاتی نەمسا کردووە ئەوکات لە ڕێی پەخشی ڕێکلامی تایبەت دەستکرا بەوەرگرتنی ئەو موزیک ژەنە گەنجە لێھاتووەنە سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان لە دوای تاقیکردنەوەیان تەنیا(٤٥) ژنیار ھەڵبژێردران بە ڕابەرایەتی ماستیر دکتۆر (عبداللە جەمال سەگرمە) تیپی ئۆرکستیرَِای ژێداری کوردستان دامەزرا، دوای ڕاھێنانێکی زۆری موزیک بە تایبەتی موزیکی (مۆزاڕت) و چەند بەرھەمێکی کوردی جیھانی سەردانی ووڵاتی نەمسامان کرد لەشاری ڤییەننا لەوێش دەست کرا بە تاقیکردنەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ تیپە بەشداربووەکان (لە موزیک ڤراین –گۆڵدن ھۆڵ) ئێمەش زۆر سەرکەوتووانە بەرھەمێکی موزیک ژەنی بەناو بانگی (مۆزارت)مان پێشکەش کرد دوای ئەوە لە فیستیڤاڵەکە چەند زنجیرە کۆنسیرتێکمان لە شوێنی جیا جیا پێشکەش کرد ھەروەھا بەژداریمان لە ۆڕک شۆپێک کرد لەسەر دەستی چەند پسپۆڕێکی بە ناو بانگی بواری موزیک لە زانکۆی ڤییەننا کرد وە نابێ ئەوەش لەبیر بکەم کە سەرجەم ڕێکخستنی کارەکان لەلایان بەڕێز کاک (دڵشاد عوسمان) ڕیکخرا لە ووڵاتی نەمسا.
*لە نێو جەماوەردا زیاتر گۆرانی بێژ زیاتر لە موزیک ژەن دەناسرێت ھۆکارەکەی بۆ چی دەگەرێتەوە؟
– ئەوە پەیوەندی بەکلتوری ئەو شوێنەھەیە،چونکە لەڕۆژ ھەڵاتی ناوەڕاست زۆر گرنگی بە موزیک نادرێت پێچەوانەی ووڵاتانی ڕۆژئاوا ، ئەوان مێژویەکی کۆنیان ھەیە لە گرنگی دان بە موزیک بوونەتە قوتابخانە بۆھەموو جیھان ھەر لە منداڵیەوە موزیک ژەن دروست دەکەن بۆیەموزیک ژەنەکانیان لەسەر ئاستی جیھان بەناوبانگن و ناسراون لێرە موزیک ژەن وەک سەربازی وونە وایە، تۆ لێرە چەند کاری بە توانای موزیک بکەیت بۆ گۆرانی بێژ زیاتر گۆرانی بێژ دەناسرێت لێرە زیاتر خەڵک گوێ لە گۆرانی دەگرن کەمتر گوێ لە موزیک دەگرن.
* وەک سەرپەشتیاری ھونەری لەچالاکی قوتابخانەکان تاچەند لە نێو قوتابخانەکان ،گرنگی بەقوتابیانی بەھرەمەند دەدەن؟
– ئێمەلەچالاکی قوتابخانەکانی پەروەردەی ناوەندی ھەولێر،تیپەکی موزیکیمان ھەیە،کەپێکھاتووە لە (٣٥) ژەنیاری بەتوانا سەرجەم ئەندامەکان لە قوتابیانی نێو قوتابخانەکانی شاری ھەولێر پێک ھاتوون، ئاستێکی زۆر باشیان ھەیە لە لایەن مامۆستای پسپۆڕ گرنگیان پێ دەدرێت بەشێوەی ئەکادیمی دەخوێنن .وە ئامێرەکانیش پێکھاتوە لە (کەمان – ڤیۆلا – چەلۆَ – کلاڕنێت – پیانۆ – ئیقاع) وەلەماوەی ڕابردوو چەند کۆنسێرتێکمان ئەنجام داوە لەمۆسیقای کوردی جیھانی لە ئایندە شدا بەرنامەی کۆنسێرتی ترمان ھەیە کەبەرھەمەکان لە ئاستێکی بەرزدایە وەئەم تیپەیە تەنھا لە ڕۆژانی پشوو ڕاھێنانیان لەگەڵدا ئەنجام دەدەین،لەو بڕوایەدام لەداھاتوو ببنە ژنیاری بەتوانا.
*وەک موزیک ژەنێک چۆن دەڕوانیتە ئاستی موزیکی کوردی؟
– ئاستی موزیکی کوردی بەگشتی لەئاستێکی زۆر باش دایە بەھۆی بوونی ژنیاری بە تواناو ئەکادیمی لە ئێستادا،ژەنیار و تیپی موزیکی زۆر بەتوانا لە کوردوستان بوونیان ھەیە ھەروەھا دروست بوونی تیپی ئۆڕکێسترا دەریدەخات، کەموزیکی کوردی لە ئاستێکی باش دایە،لەلایەکی تر بە ئەکادیمی کردنی ملیۆدیە کوردیەکان و دابا شکردنیان بەشێوەیەکی ئەکادیمی زانستی ئەمانە ھەموو بوونەتە فاکتەرێکی زۆر بەھێز بۆ پێشکەوتنی موزیکی کوردی بەڵام لەھەمان کاتیشدا ھەندێک کار کراوە کرچ وکاڵی زۆریان پێوە دیارە بۆیە لێرەدا دەبێت پۆلێن کردن ھەبێت بۆ ھەموو ئەو کارانەی کە پێشکەش دەکرێن.
* لە کۆتاییدا ئێمە زۆر سوپاست دەکەین بۆ دەرفەتەی بە ئێمەت بەخشی.
– منیش زۆر سوپاسی ئێوە دەکەم ئەرکتان کێشا.
Discussion about this post