راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی
لەکوردستان چەند ئۆتۆمبێلێکی جۆراوجۆر بەناوی ھونەرمەندانی کوردەوە کراوە، ئەمەش بەھۆی ھاتنی چەندین جۆری ئۆتۆمبێل و مۆدێلی تازە بۆ ھەرێمی کوردستان، لەم راپۆرتەی (سڤیل)ـدا ھەر ھونەرمەندێک ئۆتۆمبێلی خۆی دیاری دەکات و ئاشکرای دەکەن، کە حەز بەچ جۆرە ئۆتۆمبێلێک دەکەن.
ناونانی ئۆتۆمبێل بەھونەرمەند یەکەمجار لەکەلتووری عەرەبەوە بۆ کوردستان، ھات کاتێک ئۆتۆمبێلێک بەناوی خانمە ئەکتەری میسری لەیلا عەلوی کرا، کە لەبەر جوانیەکەی ناوبانگی زۆری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دروستکرد، دواتر ناوی پێکابێکی دەبل بەناوی ھونەرمەند مەرزیە فەریقی کرا. دواتر بەیان عوسمان و کەریم کابان و عارەب عوسمان و دکتۆرە بەلقیسیشی بەدوا داھات، بۆچی ھەمیشە خەڵک ھونەرمەندیان بەئۆتۆمبێلی گرانبەھا و مۆدێلی بەرز بەستۆتەوە؟ ئایا ئەم بۆچوونەی خەڵک ھەڵەیە، کە دەڵێن ھونەرمەند ھەمیشە حەز بەئۆتۆمبێلی گرانبەھا و نایاب دەکەن؟ لەم راپۆرتەی (سڤیل) وەڵامی پرسیارەکەت دەستدەکەوێت.
ھونەرمەند لۆکە حەز بەجۆری “ھەمەڕ” دەکات و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵیش لەکوردستان ھەمەڕێکی رەنگ رەشی ھەبوو، دواجار لەدوا کلیپیدا ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بەکارھێنا. ھونەرمەند عەزیز وەیسی بەھەمانشێوەی لۆکە حەز بەئۆتۆمبێلی بەرز دەکات بەتایبەت “ھەمەڕ”.
ھەروەھا ھونەرمەند رۆژ کەریم حەز بەدوو ئۆتۆمبێل دەکات “رانجرۆفەر و ھەمەڕ”. کە لەبازاڕی دنیادا “رانجرۆڤەر” گرانبەھاترین سەیارەیە، گەنجانی کوردستان خەون بەو ئۆتۆمبێلەوە دەبینن، بەڵام جوانترین ئۆتۆمبێل لای ھونەرمەند ھەردی سەڵاح “مۆنیکا”ـیە، ئێستاش خاوەن دوو ئۆتۆمبێلە لەجۆری مۆنیکا و وەنەوشە.
کاتێک خانمە ھونەرمەند ھێڤی لەوڵاتی ئەڵمانیایەوە ئۆتۆمبێلەکەی کە لەجۆری “مارسیدس”ـە لەخۆیدا ھێنایەوە بۆ کوردستان، ئەوەندە بەسە کە بڵێین ھێڤی شێتی “مارسیدس”ـە و ئۆتۆمبێلی دیکە لێناخورێت. ھەروەھا ھەڤاڵ ئیبراھیم نەک حەز بە ئۆتۆمبێلی “مارسیدس” دەکات، بەڵکو ریکلامیشی بۆیکرد، “کۆمپانیای مارسیدس” بووە سپۆنسەری کارە ھونەرییەکانی ھەڤاڵ ئیبراھیم، لەوە خۆشتر نییە حەز بە”مارسیدس” بکەیت و “مارسیدس”ـیش ببێتە سپۆنسەری کارەکانت، دواجار ھەڤاڵ ئیبراھیم ھەر بە “مارسیدس” بیندراوە.
ھونەرمەندانی ئێستا گرنگیەکی زۆر ئۆتۆمبێل دەدەن و لەکارە ھونەرییەکانیان بەئاشکرا ئەوە دەردەکەوێت، بەتایبەت لەلایەن ھونەرمەندانی گۆرانیبێژەوە، کە بەکارھێنانی مۆدێلی نوێی ئۆتۆمبێل لەکلیپەکانیان وەک مۆدێلی لێھاتووە.
ئاوازدانەر ھەڵکەوت زاھیر ھیچ جۆرە ئۆتۆمبێلێکی دیاریکراو نییە کە حەزی پێبکات، تەنیا ئەوە نەبێت کە حەز بە ئۆتۆمبێلی کلاسیک دەکات. تەنانەت ماڵەکەشی لەسەر شێوازی کلاسیک دیزانین کردووە. ھەروەھا ھونەرمەند میرە حەز بە “جێب” دەکات، بەڵام ئێستا ئەو “جێب”ـی نییە، ھەروەھا ناسلی بەھەمانشێوەی میرە “جێب”ـی وەک جوانترین ئۆتۆمبێلی خۆی دیاریکرد و نیلیساش حەز بە رانجرۆڤەر دەکات.
زانا جەبەلی، ئێستا ئۆتۆمبێلەکەی لەجۆری “ئەڤەلۆن”ـە، زوو زوو مۆدێلەکەی دەگۆڕێت، بەڵام دەستبەرداری “ئەڤەلۆن” نابێت. ھەروەھا کاروان کامیل حەز لەدوو ئۆتۆمبێل دەکات “فۆرت گۆلف و پاسات سی سی”. بەڵام تائێستا ھیچ لەم ئۆتۆمبێلانەی لەکلیپەکانی خۆیدا بەکارنەھێناوە، بەڵکو ئۆتۆمبێلی سپۆرتی بەکارھێناوە.
بڵند ئیبراھیم ئۆتۆمبێلی جۆری سپۆرت بەلاوە جوانترین ئۆتۆمبێلە، ئێستاش بڵند کامیری رەنگ سپی ھەیە، ئاڤانیش کیا کانێزە.
بەڵام ھونەرمەند ئاراس فاتیح ھیچ جۆرە ئۆتۆمبێلێکی دیاری نەکرد، ئەو ئۆتۆمبێل بەحەز نابینێ، بەڵکو ھەر سەیارەیەکی بۆ ئیشێکی دیاریکراو دەستنیشانکرد و گوتی “ئۆتۆمبێلێک کە بۆ کاروباری ھونەری بەکاردێت لەگەڵ ئۆتۆمبێلێک کە بۆ پیاسەکردن بەکاردێت جیاوازە، ھەر ئۆتۆمبێلێک بۆ ئیشێکی دیاریکراو شیاوە، بۆیە ناتوانم یەک ئۆتۆمبێلێک دیاری بکەم و بڵێم حەزم لەوەیە، چونکە من بە حەز نابینیم”.
ھونەرمەند نیان عەبدوڵڵا بە بەشی خوا رازییە، لەبەرئەوەی خۆی فەقیرە، حەز بە ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز ناکات و وەک خۆی دەڵێت “سەیارەک بێت بەس بڕوات بەسە، لەبەرئەوەی خۆم کەسێکی فەقیرم و ئەگەر سەیارەیەکی زۆر باشم لابێت کەسانێک ھەن لەوانەیە تەمەنای ئەو سەیارەی من بکەن”.
ھونەرمەند زەکەریا عەبدوڵڵا ھەمیشە لەنێو جەماوەرەکەیدا بەدوو ئۆتۆمبێل بینراوە، یەکێکیان “وەنەوشە”ـیە و ئەویتریان “مارسیدس”ـە، بەڵام شێتی رەنگی رەشە، کە تەنانەت لەدەرەوەی وڵاتیش زۆرترینجار بە “مارسیدس”ـە رەشەکەی بووە بینراوە، کە نرخەکەی بە ١٣ دەفتەر دۆلارە و تایبەت بۆی دروستکراوە، کە ئەوەش وادەکات زەکەریا عەبدوڵڵا بەخاوەنی گرانترین ئۆتۆمبێل دەستنیشان بکەین لەنێو ھونەرمەندانی کوردستاندا.