(ھونەرمەندانی سلێمانی بۆ پشتیوانی کوبانی) بەھاوکاری سینەماکارانی کوردو جیھانی کەرنەڤاڵی نمایشی فیلم لەشاری (سلێمانی) و لە بەرواری ١/ ١١ / ٢٠١٤ و رۆژانی دوایی لەھۆڵی رۆشنبیری سلێمانی بەڕێوەدەبەن،
لەم کەرنەڤاڵەدا کۆمەڵێک کورتە فیلم نمایش دەکرێن کەبراوەی خەڵاتی فێستیڤاڵە گەوەرکانی جیھانن و باس لەکێشەو نەھامەتیە مرۆڤایەتیەکان و تاوانەکانی دژ بەگەلی کورد دەکەن و لەلایەن دەرھێنەرەکانیانەوە وەک پشتیوانیەک بۆ کوبانی نێردراون بۆ بەشداری لەکەرنەڤاڵەکەو فیلمەکانیش بەرھەمی ھەریەک لەووڵاتانی ( کـۆریای باشوور – ئێران – تورکیا – میسر – مۆریتانیا – بەلجیکا – بەریتانیا -عێراق -سوریا – فەرەنسا – ئەرجەنتین – مەغریبی عەرەبی – ھەرێمی کـوردستان )ن.
مەبەست لەرێکخستنی کەرنەڤاڵەکە کۆکردنەوەی پشتیوانی سینەماکارانی جیھانە بۆ پاڵپشتی لەبەرخۆدانی کوبانی چونکە سینەما زمانێکی جیھانیەو سینەماکاران دەتوانن بەدەربرینی ھەڵوێستەکانیان کوبانی و ھەموو ئەو کارەساتانەی رووبەرووی بونەتەوە زیاتر بەجیھان بناسێنن، ھەروەک ئەوەی لەماوەکانی رابردوو سینەماکارانی گەورە ( ئەسغەری فەرھادی – بەھمەن قوبادی – لەیلا حاتەمی – نوری بەلگە جەیلان – تەھمینە میلانی – مەحسون قرمز گول ) پشتیوانی خۆیان بۆ بەرخۆدانی کوبانی دووپات کردەوە، لەلایەکی ترەوە کەرنەڤاڵەکە بۆ ھاوکاری کردنی لایەنی ئابوری ئاوارەکانی کوبانیە لەرێگەی ئەو بلیتانەی لەکەرنەڤاڵەکەدا دەفرۆشرێن.
بلیت لەم شوێنانە دەفرۆشرێت ( قاوەخانەی کولتوری ) ( ناوەندی ھونەری و رۆشنبیری ئەندێشە ) ( کتێبخانەی سلێمانی ) ( بەردەم ھۆڵەکە )