وشیار ئەحمەد ئەسوەد : ریسکی دژوار، دروست ئەوەیە کە زۆربەی کچانی ئێمە لە بواری گۆرانیگوتندا دەیکەن، چونکە ھەموو دەزانین گۆرانیگوتنی کچان لە ئەمڕۆدا، جۆرێکە لە ریسک. بێگومان ئەمەیان پێوەندیی بە پیاوی نەوسنی کوردەوە ھەیە کە بەھیچ شتێک تێر نابێت.. بەڵێ زۆربەتان، رەنگە بەمنیشەوە.. بەڵام ئەو ریسکە ھی ئەوەیە بە ویژدانەوە رێزی لێ بگرین.
من پێوەندیم بەو راپۆرتە ھونەرییەوە نییە کە لەم ژمارەیەی “وشە”دا بڵاو کراوەتەوە (ئەو راپۆرتە لە ژمارەی ٨٣ی رۆژنامەی “وشە” بڵاو بووەتەوە و باسی داوای سێکس لە کچانی گۆرانیبێژ دەکات)، بۆیە لەوێدا نە نووسین و نە پەیامی راپۆرتەکەم بەدڵ نییە و مەرج نییە کۆک بم لەگەڵی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باش دەزانم لەوەیش زیاتر دەگوزەرێ کە لەو راپۆرتەدا ھاتووە. بێ ئەوەی ئاماژە بە ھیچ ناوێک بکەم لە پیاوە نەوسنەکان، بەڵام ئەوە کەتوارێکە و لەلای ئێمە نابڕێتەوە، یان بڵێم ئێمەی پیاوان خوومان پێوە گرتووە.
ئەوەی گۆرانی دەڵێت، دەکەوێتە بەرچاوان، بەتایبەتیش کچان. رووخسار لەوێدا رۆڵ نابینێت، کچی گۆرانیبێژ وەک رووخسار و جەستە جوان بێت یان مامناوەند، لەم قۆناغەی ئێستەدا دەبێتە جێی سەرنجی چاوەکان و لەناویاندا پیاوان. بۆیە زۆربەی چاوەکان دەبنە راوچی و خەریکی راوکردن دەبن.. بۆ گۆرانیبێژە کچەکانیش ھیچ لە پرسەکە ناگۆڕێت، چونکە ئەگەر گۆرانیبێژ نێچیر بێ یان خۆی بپارێزێت، لەلایەن پیاوی نەوسنەوە ھەوڵی راوکردنی دەدرێت، ئیتر خۆی بەدەستەوە بدات یان خۆی بپارێزێت.. ئای کە کارەساتە!.
تکایە با کەس داکۆکی لە خۆی نەکات. ئەگەر نا، ئەوە نیشانی پرسیار بەرامبەر بەناوەکەی خۆی دادەنێت!. بۆ نموونە، ھەموو گەندەڵەکان قسە لەسەر گەندەڵی دەکەن و پێشنیازی چارەسەریی بۆ دەکەن، لە ھەمان کاتدا خۆیان گەندەڵن. بۆیە زۆربەی ئەوانەی باس لە نەوسنیی پیاوان بەرامبەر بە ئافرەتان دەکەن، خۆیان نەوسنن.
بەھیوام ئەوانەی ئەم کورتە نووسینەی من دەخوێننەوە، وەڵامم نەدەنەوە و نەکەونە چەلەحانێ. ئەگەر ناچاریشم بکەن، یەک دنیا ناوم لە بەردەستە لە نووسەر، رۆژنامەنووس، ھونەرمەند، قسەی خۆمان بێ لە ئەدیبی زۆر گەورە. ھەموویان نەوسنن. ئیتر بۆچی یەخەی سەرمایەدار و بەرپرسان بگرین؟! “ھای تڕحێو لە خۆمان”.