چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی : ھاڤین بەدوو کلیپ لەکوردستانی باشوور خۆی ناساند، پێشتریش بە بەشداریکردنی لەبەرنامەیەکی پێشبڕکێ لە کەناڵی (ATV)ـی تورکی ناسراوە، لەشاری شتوتگارد لەولاتی ئەڵمانیا لەدایکبووە و خوێندنی لەوێ تەواوکردووە، ساڵی پار بەیەکجاری گەڕاونەتەوە تورکیا، بۆ بەشداریکردنی لەپرۆگرامێکی کەناڵی زاگرۆس بۆ سەری ساڵ بەسەردانێک ھاتە ھەولێر و (سڤیل) ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ئەنجامدا.
+ چەند بەرھەمت ھەیە؟
ھاڤین: لەتەمەنی حەوت ساڵییەوە خەریکی کاری ھونەری دەکەم، ئامێری ساز دەژنم، زۆر حەزم لە سازە، دوو ئەلبووم ھەیە، ئەمساڵ سێیەم ئەلبوومی خۆم بڵاودەکەمەوە، ساڵی پار لەبەرنامەیەکی پێشبڕکێی گۆرانیبێژان بەشداریم کرد لەکەناڵی ATV تورکی، لە پێنج ھەفتەدا ھەر بە یەکەم دەردەچووم، ھونەرمەند ئیبراھیم تاتلیساس ئەندامی لێژنەی ھەڵسەنگاندنی بەرنامەکە بوو، من لەوێدا گۆرانی “شەمامێ”ـم بەکوردی گوت، ئیبراھیم تاتلیساس زۆر سەرسام بوو نەیتوانی بەس سەیرم بکات ھات گۆرانییەکەی لەگەڵ گوتم.
+ زوو سەردانی ھەولێر دەکەی، بیرت لەوە نەکردۆتەوە گۆرانییەک بە زاراوەی سۆرانی بکەی؟
ھاڤین: وەی! حەزدەکەم گۆرانییەک بەسۆرانی بڵێم، بەتایبەت گۆرانیبێژێکی سۆرانی ھەبێت پێکەوە گۆرانییەکە بڵێین، چونکە زۆر شێت و شەیدای گۆرانیبێژە سۆرانییەکانم، ھەروەھا گۆرانییەکانیان، لەو بڕوایەشدام ھەردەبێ گۆرانییەک بەسۆرانی بڵێم، گۆرانیگوتن بەسۆرانی ھەستێکی جوان لەدڵم دروست دەکات ھۆکارەکەی ئەوەیە چونکە شێوەی گوتن و ئەدای گۆرانییە سۆرانییەکان زۆر جوانن، زمان و شێوەی گوتنەکەشی زۆر جوانە، بۆیە لەئێستاوە بڕیامداوە ھەرچی زووە خۆم فێری زمانی سۆرانی بکەم، ئەوەی لەگۆرانی سۆرانی سەرنجی راکێشاوم ھەڵپەڕکێیەکەیانە، تائێستا لەھیچ شوێنێک ھەڵپەڕکێی وام نەبینیووە تاکە، زۆر سەرنجڕاکێشە.
+ گۆرانییەکت بەزمانی تورکی گوتووە کە ھی ئیبراھیم تاتلیساسە، بۆچی ئەم گۆرانییەت گووتەوە؟
ھاڤین: من یەک گۆرانی ئەوم گوتووە، ئەویش گۆرانی “شەمامێ” بەکوردی، لەوکاتەی گۆرانییەکەم گوت ئەو ئەندامی لیژنەی بەرنامەکە بوو، ئیبراھیم تاتلیساس تەحامولی نەما، ھەڵسا لەگەڵ من گۆرانییەکەی گوت، بەڵام بۆ وەڵامی پرسیارەکەت لەبەرئەوەی ئیبراھیم گۆرانیبێژێکی گەورەیە و ئیمپڕاتۆرە ئاساییە ھەموو گۆرانییەکانی بڵێمەوە، لەگۆرانییەکانی ئەودا خۆشی وەردەگرم.
+ ئەی پەیوەندی ھاوڕێتیت لەگەڵیدا چۆنە؟
ھاڤین: پەیوەندییەکە بەمشێوەیە نییە، بەڵام ئینسانێکی زۆر باشە، بەتایبەت لەوکاتەی ئەو لیژنە بوو زۆر ھاوکاری ئێمەی دەکرد، ئەوە بۆمن زۆر گرنگ بوو، لەکاتی رووداوەکەشدا کە بریندار کرا من لەنەخۆشخانە سەردانم کرد، بەڵام لەبەر قەرەباڵغی نەمتوانی بیبینم، لەدوای رووداوەکەش تائێستا نەمبینیووەتەوە.
+ زۆربەی گۆرانییەکانت دڵدارییە، خۆت ئەڤینداری؟
ھاڤین: ئێستا من تەمەنم ١٩ ساڵە، لەکاتی ھەرزەکاریمدا کاتێک لەقوتابخانە بووم عاشق بووم، لەو تەمەنەدا ھەموو کەسێک عاشق دەبێت ئاساییە، بەڵام نەمتوانی ئەو عەشقە بگرم، بەڵام تائێستا بەتەواوەتی عاشق نەبوویمە.
+ رات لەسەر کەناڵی TRT٦ چییە؟
ھاڤین: کەناڵێکی دەوڵەتییە، رێزم بۆ ئەو کەناڵە ھەیە، کەناڵی ھەموومانە، ھەر ئیشێکیان بەمن بێت بۆیان جێیەجێ دەکەم، ئەگەر بانگیشم بکەن ئامادەم بچم.
+ لەکلیپەکەت جلی بووکێنیت لەبەرکردووە، ئەگەر خوازبێنیت ھات شوو دەکەی؟
ھاڤین: بە”پێکەنینەوە” ئەگەر ئەوا بڕوا رەنگە من لەھەولێر مێرد بکەم، ئینسان دەبێت بڕوای بە ھەموو شتێک ھەبێ و ھەموو شتێک روودەدات، کێ ناڵێ من لەھەولێر مێرد ناکەم، بچە ھەر شوێنێک خوازبێنیم دێت، کێ ناڵێ دەبمە بووکی ھەولێر، ئەوە قسمەتە، کچ ھەردەبێ شوو بکات، بەڵام من تاقانەم لەماڵەوە زۆر خۆشەویستم وازوو دەستبەردارم نابن.
+ ئەگەر کەسێکی تورک بێتە خوازبێنی شووی پێدەکەی؟
ھاڤین: بەمجۆرە بیرناکەمەوە تورک بێت یان سۆرانی یان کرمانجی بێت، یەکەم شت گرنگ ئینسانی باشە، ئەوەی دڵی من بدزێت ئەوە لای من گرنگە.
+ بڕیاربوو لەکەناڵ چوار بەرنامە پێشکەش بکەی، بۆ نەکرا؟
ھاڤین: ھیچکات وانەبووە من لەو کەناڵە کاری پێشکەشکاری بکەم، داواشم لێنەکراوە بۆ پێشکەشکاری تەنیا ریکلامم بۆ کۆمپانیایەک کرد بۆ بەرنامەکە، ئیتر نازانم بۆ بەرنامەکە نەکرا، ئێستا لەئێوە بزانم بەرنامەکە نەکراوە.
+ حەزدەکەی پێشکەشکاری بکەی؟
ھاڤین: بەڵێ زۆرم پێخۆشە، بەڵام لەبەرئەوەی لەوڵاتی ئەڵمانیا لەدایکبووم و گەورە بووم، زمانی کوردی بەباشی نازانم، لەئێستادا خۆم فێری عەرەبی و سۆرانی دەکەم، ئەوکات ئامادە دەبم بۆ پێشکەشکاری.
+ ئاواتت لە ٢٠١٢ چییە، ئاواتی ھونەری و شەخسی؟
ھاڤین: ھیوادارم ببێتە خۆشی بۆ ھەموولایەک و ساڵی لەش ساغی و ھێمنی بێت، ئەوەی عەشقی نەبێت ھیوادارم ئەمساڵ عەشقی ھەبێت، لەمساڵەشدا بەنیازم ئابوومێکی نوێ بڵاوبکەمەوە، ھیوادارم ئەمساڵ سەرکەوتن تۆمار بکەم.
+ دەڵێن زۆر حەزت لەنان و کەباب؟
ھاڤین: راستە زۆر حەزم لەکەبابە، بەتایبەت کەبابی شاری ئەدەنە، چونکە تیژە، بەکورتی ھەرشتێک تیژ بێت حەزم لێیە.
+ ھەرکاتێک تۆم بینیووە پێدەکەنی، چ کاتێک توڕە دەبی؟
ھاڤین: من کەسێکە زۆر ھێمنم زۆریش بەسەبەرم، بەڵام ئەگەر ئەگەر کەسێک ھەڵەم لەگەڵ بکات و دووبارە بکاتەوە ھەڵدەچم، بەرامبەرەکەم عاجز دەکەم، بەڵام پاش کەمێکی تر دەچم داوای لێبوردنی لێدەکەم و دڵی دەدەمەوە.
+ ھەولێر و تورکیا و ئەڵمانیات بینیووە، کامەیان خۆشترە؟
ھاڤین: قەت نەمدەزانی ھەولێر ئەوەندە خۆش و جوانە، زۆر سوپاسی بەرپرسانی ھەرێم دەکەم، ئەو وڵاتە وا بەجوانی بەڕێوە دەبەن، زۆر شتی جوانیان بۆ ھەولێر کردووە، ئەوەی ھەولێر ببینێ بۆی دەردەکەوێت ئەوە پایتەختی وڵاتێکە کە کوردستانە.