فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی سلێمانی دەستی بە کارەکانی کرد و بەردەوامە
ھاڕۆڵد پینتەر خەڵاتکراو بەریتانییەکان شانۆگەرییەکیان نمایش کرد
راگەیاندنی فێستیڤاڵ : بەئامادەبوونی ھەریەک لە وەزیری رۆشنبیری و لاوان و پارێزگاری سلێمانی و کۆمەڵێکی زۆر لە شانۆکارانی کورد و بیانی فێستیڤاڵی سلێمانی بۆ شانۆی نێونەتەوەیی دەستی بە کارەکانی کرد.
کاتژمێر ٤ی ئێوارەی رۆژی ھەینی ٢/٣/٢٠١٢ لە ھۆڵی تەلاری ھونەر بەڕێوەبەرایەتی ھونەری شانۆی سلێمانی لەژێر چاودێری پارێزگاری سلێمانی فێستیڤاڵی سلێمانی بۆ شانۆی نێونەتەوەیی دەستی بەکارەکانی کرد.
بەگوێرەی راپۆرتی راگەیاندنی فێستیڤاڵ ھاتووە کە لە مەراسیمی دەستپێکدا دوای دەقەیەک وەستان بۆ شەھیدان، وتاری فێستیڤاڵ لەلایەن ھونەرمەند دانا رەئوف خوێندرایەوەو دواتریش وتاری پارێزگاری سلێمانی لەلایەن “بەھرۆز محەمەد ساڵح- پارێزگاری سلێمانی خوێنرایەوەو و خەڵاتی رێزلێنانی تەھا بابان بەخشرایە نووسەری دیاری جیھان خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ “ھاڕۆڵد پینتەر” ئەویش لەپای خزمەتکردن بەدۆزی کورد و نووسینی رۆمانێک بەناوی”زمانی چیا” کە بۆ دۆزی کورد نووسراوە.
ھەر لەو راپۆرتەدا ھاتووە کە عەلی عوسمان یەعقوب لە مەراسیمەکەدا باسێکی لەسەر ھاڕۆڵد پینتەر پێشکەش کردووە و تیپی ھونەرەمیللییەکانی سلێمانیش بە تابلۆیەک کۆتاییان بە مەراسیمی دەستپێکی فێستیڤاڵەکە ھێناوە، ھاوکات لەناو ھۆڵی تەلاری ھونەر پێشانگایەکی کتێب بۆ ٧٠ ناونیشان و کتێبی شانۆیی کراوەتەوەو پێشوازییەکی زۆرباشیش لە کتێبەکان کراوە.
لە پانێلی دووەمی رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵەکە و لەکاتژمێر ٧ی ئێوارە لە ھۆڵی تەلاری ھونەر شانۆگەری “ئەژدیھای زێڕین” لەلایەن گروپی وڵاتی بەریتانیاوە پێشکەش کراوە.
لەکۆتابەشی راپۆرتەکەدا باس لەبەرنامەی رۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکە ٣/٣/٢٠١٢ کراوە کە تێیدا ھاتووە لە کاتژمێر ١ی نیوەڕۆ وۆرک شۆپێک بۆ دەرھێنەری شانۆگەری “ئەژدیھای زێرین” سازدەکرێ و لە کاتژمێر ٤ی ئێوارەش لە چایخانەی شەعب گروپی رۆمیۆ و جولێت کۆنسێرتێکی رێنساس سازدەکرێ و فێستیڤاڵەکە تاکو ٦/٣/٢٠١٢ بەردەوام دەبێ.