نووسینی : بورھان شێخ ڕەئوف
ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەو ناوچە گرنگ و خاوەن پێگە جێوگرافی و جێو سیاسیە کە لە ڕووباری نیلەوە دەست پێدەکات تا دۆڵی ڕافدەین واتە دوو زێ ی دیجلەو فوارت بە مانا تەسکەکەی و لە مەغریبی عەرەبیەو تا پاکستان بە مانا فراوەنەکەی , ئەو ناوچە دەگرێتەوە بە ھەموو مانا و بۆ ماوە مێژوویی شارستانیە جیاوازەکانیەوە کە وەکو ناوەندێکی ستراتیجی نەوت و ووزە و خاوەنی کەشوھەوایەکی گونجاو .
سەرەڕای ئەوانەش ناوچەی ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست بە خاڵی ھاوبەش و بە یەک گەیشتنی ھەرسێ کیشوەرە کۆنەکەی جیھان ئاسیاو ئەوروپا و ئەفریقیادێتە ئەژماردن و وەکو ھەرێمێکی زەمینی و جوگرافیایەکی یەکگرتوو کە لە خۆرئاوای ئاسیاو باکووری ئە فریقیا و ڕۆژھەڵاتی ئەوروپا خۆی دەبینێتەوە و لەڕووی جوگرافیای دەریاییەکەشیەوە لێ ی بڕوانیین سنوورەکانی دەکەوێتە سەر کەنارەکانی ڕۆژھەڵات و باشووری دەریای سپی ناوەڕاست وکەنارەکانی باشووری دەریای ڕەش و دەریای قەزوین , جگە لەوەی لەسەرزەمینەکەی چەندین دەریاو کەنداوی گرنگ ھەن لەوانە دەریای سوور و کەنداوی عەرەبی .
کە دەڵێین ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبێت باسی زۆر شتی گرنگ بکەین ئەگەر چی بە کورتیش بێت لە بۆ بەرچاو ڕوونی و بۆ ئەوەی مافی پڕ ئەھمیەتی ئەم ناوچەش بخەینە بەر چاوان , یەکێکی تر لەو تایبەتمەندیە گرنگانە ئەوەیە کە ئەم ناوچە لە ناوچەکانی تری جیھان جیا دەکاتەوە ئەو تایبەتمەندییە کە سەرچاوەی لە وقووڵاییە مێژووییەوە وەرگرتوە کە ناوچەکە ھەیەتی بەوەی زۆر پێشکەوتنی ڕۆشنبیری ھزری و دەرکەوتنی ھەرسێ ئایینی گەورە لە جیھاندا مەسیحی و یەھوودی و ئیسلام لەم ناوچەیە وە سەریانھەڵداوەو کاریگەریان بۆ سەر شوێنەکانی تر ی جیھان ڕۆیشتووە.
خاڵێکی تری جێوسیاسی و دەریایی و ستراتیجی و گرنگ کە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوینی پڕ ئەھمیەت کردووە ئەوەیە کە پێنج لە نۆ ڕێڕەوەی دەریایی لە جیھاندا دەکەونە سەر سنوورەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەوانیش تەنگەی ئەستەمبوڵ و تەنگەی تشاناق قلعە و کەناڵی سوێس و تەنگەی ھورمزو تەنگەی عەدەن و جگە لە تەنگەی جەبەل تاریق ئەویش ھەر دەکەوێتە سنورە فراوانەکەی ڕۆژھەڵاتی ناوینەوە .
لەڕووی ئابوریشەوە ئاماژەم بۆ نەوت کرد پێشووتر وەکو سەرچاوەیەکی گرنگی وزە لە ناوچەکەدا لە ھەمان کاتیشدا لە دێرزەمانەوە تائێستە کشتوکاڵیش لە بەرئەوەی ئاوھەوایە کی لەبارو مامناوەندی ھەیە توانایەکی بەرفراوانی بۆبەرھەمھێنانی بەروبوومی کشتوکاڵی بە ھەموو جۆرەکانیەوە ھەبووە .
ھەر لە بەر ئەو فاکتەرانەی کەلە سەرەوە زۆر بە کورتی ئاماژەم بۆ کردوون ھەمیشەو بە درێژایی مێژووی ناوچەکە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان کردۆتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی زۆرێک لە کێشەو ململانێکانی جیھان و ناوچەکەش .
لە ساڵی ١٩٥٥ سەدەی پێشوو پەیمانی بەغداد کە خاوەنی بیرۆکەکەی ئەمریکا بوو ھەرچەندە خۆی ڕاستەوخۆ بەشداری تێدا نەکرد ھەر بە یارمەتی و کۆمەکی سەربازی و دارایی پشتیوانی کردن لە نێوان وڵاتانی ئێران و تورکیاو پاکستان و بەریتانیای عوزمادا پێکھێنرا دوای ساڵێک واتە لە ساڵی ١٩٥٦ عێراقیش چووە ناو پەیمانەکەوە ,
شایانی باسە ئامانج لە دامەزراندنی پەیمانەکە لەو کاتەدا بەرگرتن بوو لە شەپۆلی کۆمۆنیستی لەو سەردەمەدا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا .
ھەرچەندە پەیمانی بەغداد زۆر درێژەی نەکێشا و لە دوای شۆڕشی ١٤ تەموزی ١٩٥٨ عێراق لە پەیمانەکە ھاتەدەرو پەیمانەکە گۆڕا بۆ پەیمانی ( cento ) ھیچ ڕۆڵێکی گرنگی نەگێڕا لە ڕووداوەکانی ناوچەکەدا بە ڕای زۆرێک لە چاودێران .
بەڵام لە ئێستادا ھەندێ لە وڵاتانی ناوچەکە کە لە ئێران و سوریاو عێراق لە گەڵ ڕوسیا دا ھاوپەیمانیەتیەکی تازەیان دامەزراندوە کە وەکو خۆیان ڕایانگەیاندووە ھاوپەیمانیەتیەکی سەربازیو سیاسی و ھەواڵگریشە بۆ بە گژا چوونەوەی تیرۆری داعش ھەروەکو ھەمووان ئاگادارین لە کاتێکدا ئەم ھاوپەیمانێتیە ڕادەگەینرێت ھاوپەیمانیتیەکی تری زۆر لەمە مەزنترو بەھێزتر لە زیاتر لە ساڵێک لەمەوپێشەوە بە سەرکردایەتی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی ڕاگەیەنراوەو شەڕی داعش لە عێراق و شام دەکەن .
ھەرچەندە سیاسەتەکانی سەرۆک ئۆباماو دیموکراتەکان بەرامبەر بە تیرۆرو داعش وەکو پێویست نەبووەو نەیان توانی کێشەی سوریا چارەسەر بکەن و ئەو کێشەیە درێژەی کێشاو پەلی بۆ عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە ھاویشت و دەرگای کردەوە بۆ زۆر لایەن و وڵاتی تر بە ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ بێنە ناو قەیرانەکەوەو ناکۆکی و ململانێکان قووڵتر بکەن.
بۆیە دەکرێت بپرسین ڕوسیا بۆ ئەم ھاوپەیمانێتیە تازەی پێکھێنا و ئامانجی چیە؟
ئەگەرچی لە کۆتایی ساڵەکانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەو یەکێتی کۆمارەکانی سۆڤیتی ھەڵوەشایەوە و بوون بە ١٤ وڵاتی سەربەخۆ ڕوسیا وەکو جێنشینی ئەو وڵاتە زلھێزە کە پەیماننامەی دۆستایەتی وھاریکاری لە گەڵ ڕژێمەکانی عێراق و سوریادا ھەبوو دوای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە لە لایەن ئەمریکاوە داگیرکراو کۆتایی بە ڕژێمی سەدام حسین ھات و ئیتر عێراق لە ژێر ھەژموون و ھاوپەیمانی ڕوسەکان دەرچوو سوریاش لە ساڵی ٢٠١١ ەوە لە شەڕو ململانێ یەکی سەخت و دژواردایە لە گەڵ ھێزە ئۆپۆزەسێۆنەکانی ئەو وڵاتەدا بە ھەموو باڵە جیاوازەکانیەوە .
لە کاتێکدا سوریا لە گەڵ ڕوسیادا پەیماننامەی ھاریکاری و دۆستایەتی درێژخایەنیان ھەیەو بنکە ی سەربازی یان ھەیە لە بەندەری تەرتوس لە سوریا کۆمەکو پشتگیری سەربازیو سیاسیان بۆ ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد فەراھەم کردووە و زیاتر لە سێ جار لە ئەنجومەنی ئاسایش مافی ڤیتۆ یان بەکار ھێناوە بۆ بەرژەوەندی ڕژێمەکەی ئەسەد,
ئێستاش کە فشارەکان لەسەر ڕژێمەکەی ئەسەد زیادی کردوەو ھەست بە مەترسی لەناوچوونی دەکەن بە ھێزەو ھاتونەتە پێشەوە و لە ژێر ناوی شەڕی تیرۆرو داعشدا سوپاو چەک وتەقەمەنی پێشەکەتویان ھێناوەتە ئەو وڵاتە و لەڕاستیدا ئامانجیان ڕزگارکردنی ڕژێمەکەی ئەسەدە لەو تەنگانەی کە تێ ی کەوتووە و داگیرکردنی ناوچەکەو پاراستنی دوا پێگەیان لەسەر ئاوە گەرمەکان لە لایەن ورچی ڕوسیەوە.
لە کۆتاییدا دەبێت بپرسین ئەی کورد لە کوێ ی ئەم ھاوپەیمانێتیەدایەو ڕۆڵی چی دەبێت ؟
ھەرچەندە لە یەک ساڵی ڕابردووی شەڕی تیرۆرو داعشدا لە عێراق و شام کورد فاکتەرێکی کاراو ئامادەو چالاک و دەست وەشێن بووە و قوربانی گەورەی داوە بە دانپێنانی جۆبایدنی جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە وتی ئێوە لە جیاتی ھەموو مرۆڤایەتی شەڕی تیرۆر دەکەن و ئەمڕۆ کورد وەکو دیفاکتۆیەک لەسەر زەمین ھەیە و کەس ناتوانێت نکووڵی لە قوربانی و خۆڕاگریەکانی بکات .
دەمێنێتەوە سەر سەرکردەکانی کورد لە ھەردوو پارچەکەدا چۆن ھەڵسووکەوت لە گەڵ ئەم ھاوپەیمانیەتیە تازەدا دەکەن چۆن بڕیاری یەکپارچەیی و وەلانانی ناکۆکیەکان وڕێکخستنی ناوماڵی کورد دەپارێزن و کەڵک لە ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو وەردەگرن لە گەڵ ئەمریکیەکان و ڕوسەکانیش ھەر لە کۆماری مھابادەوە تاوەکو شۆڕشی ئەیلول و …تد .
لە کۆتایی ئەم باسەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەم ھاوپەیمانێتیە کە فۆرمێکی تائیفی پێوە دیارە کێشە و ململانێکانی ناوچەکە قووڵتر و سەختر دەکات لە عێراق و سوریا چارەسەری کێشەکان قوورستر دەکات و ڕوسیا کە لە وڵاتەکەی خۆیدا نزیکەی ٢٠ ملێۆن موسڵمانی سونی تێدایە خۆی دەخاتە بەردەم بەر پرسیارێتیەکی مێژووی لە حاڵەتی چوونە پێشی ململانێکان بە ھەر ئاکارێکدا .