چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی: ھانی بەقسەی خۆیشی ھیلاک بووە ئەوەندەی “بێت و بڕوا”. بەھۆی ئەنجامدانی ئیشوکارە ھونەرییەکانی زوو زوو لەئەڵمانیاوە دێتەوە کوردستان، بەڵام ئێستا لەھەوڵی ئەوە دایە بەیەکجاری لەکوردستان بمێنێتەوە، ھانی بۆ پڕۆڤەکردن بە مەبەستی بەشداریکردن لەپڕۆگرامی “شەوی کوردسات” ھاتە
ھەولێر و (سڤیل) چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەنجامدا و راگەیاند، ئێستا ھەست بەوە کە دەکات خۆش دەژی دەڵێ “چونکە ترسەکانم شکاوە”.
زانا دزەیی: زۆربەی ئیشوکارەکانت لەکوردستانە، کاتی ئەوە ھاتووە بە یەکجاری لە کوردستان بمێنیەوە یاخود ھیچ نەبێ بۆ ماوەیەکی درێژ لێرەبی؟
ھانی: منیش پێم خۆشە، بەڵام منیش ماندووبووم ئەوەندەی بێم و بچم، ھیچ شوێنێکی خۆم نییە، ھەر لەناو ھۆتێل نیشتەجێ دەبم، ئەوەم پێخۆش نییە، منیش پێم خۆشە ئەگەر بێمە کوردستان وەک ژیانێکی ئاسایی و ژیانێکی پریڤ شوێنێکم ھەبێ ئارام بگرم و بتوانم بەم ئارامیشە ئیشی خۆم بکەم، وا ھەست بکەم ئیتر منیش لەم کوردستانە شوێنێکم ھەیە، ئەو شتە تائێستا نەبووە، ئەوەش ھۆکاری ئەوەیە کە نەمتوانیووە بگەڕێمەوە بۆ یەکجاری.
زانا دزەیی: زۆر کەم کلیپ ئەنجام دەدەی، ئەوەیان بۆچی؟
ھانی: مەستم ئەوەبوو کە نەمتوانیووە بەدڵی خۆم کلیپ بکەم، ویستوومە ئەو کلیپانەی کە لەکوردستان بووە ھەنگاوێک لەوە زیاتر بنێم، بەراستی تائێستا لەکلیپەکانی خۆمدا ئەو بۆچوون و دیدەی لەمێشکی خۆمدایە بەئەنجامی بگەیەێنم، ئەوەیان لەبەر کێشەی ماددی، ھەروەھا ئەلبوومی “دایک”ـم کرد، دەبوایە بە پەلە کلیپم بکردایە، ئەوەبوو بەھۆی کێشەی زۆرەوە نەمتوانی بیکەم، ئیتر تاوەکو کاتێکی زۆر لەم شتەی کە دەتەوێ بیکەی سارد دەبیتەوە.
ھەروەھا لایەنێکی وا نەبووە وەک کەناڵێک یاخود کۆمپانیایەک پارەیەکم بۆ تەرخان بکات بڕۆم لەدەرەوەی وڵات کلیپ بکەم، من خۆم ئێستا لەئەڵمانیا دەژیم و زۆر شتی جوانم بینیووە، ئیش وا خۆشە شوێنێک ھەبێ پێم بڵێ تۆ ئازادی وەکو ھانی ئێمە بڕوات پێدەکەین و سپۆنسەرت دەکەین بڕۆ ئەم کارە بکە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە لێرە بڕوا بۆ ھونەرمەند نییە. ئەوە زۆر شتێکی زۆر ناخۆشە.
زانا دزەیی: ئەمساڵ ئەلبوومە نوێیەکەت بڵاودەکەیتەوە؟
ھانی: بەڵێ گۆرانی دوو ئەلبووم ھەیە، شتی زۆر لەبیر و ھۆشمدایە، دوای دوو سێ مانگ بە ئەنجامیان دەگەیەنم و دەست دەکەم بە تۆمارکردن، چونکە بێمەوە بەئیسراحەت دانیشم ئیشەکان بەئەنجام بگەیەنم.
زانا دزەیی: سەرەتا کە ھاتیەوە بۆ کوردستان ھەر لە ھەولێر بوویت، چۆنە ئەو ماوەیە رووت لەسلێمانی کردووە؟
ھانی: لەھەر شوێنێک جەماوەرم ھەبێ و لە جێگایەک ھانیان بوێت من لەوێم. باکور بێت باشوور بێت، رۆژھەڵات یاخود رۆژئاوا بۆ من ھەر یەکێکە، حەتمە لەسلێمانی پڕۆژە ھەبووە بۆ من کە لەوێ بم، ھیچ شتێکی تایبەتی نەبووە.
زانا دزەیی: وا ھەستت کردووە جەماوەرت لەشارێک بۆ شارێکی تر جیاوازە؟
ھانی: بێگومان، ھونەرمەند دیدە لە جەماوەری وەردەگرێت، بەڵام شتێک بەداخەوە دەڵێم ئێمە رەخنە ھونەریمان لەناو کەلتوور و فەرھەنگی کوریدا نییە، یان ھەر دەتبەنە سەرەوە و دەتبەنە سەرەوە یەکسەر لەپرا دەتروخێنن، دەبێ ئێمە ھەمیشە کۆنگرە دابنێین کە ئایا چ شتێک ئێستا پێویستە لەئێستادا، رەنگە ھەموو شەوێک ٢٠٠ دۆلار خەرجی خواردنەوەمان بێت، بەڵام ئامادە نین ٢٠ دۆلار بدەین بۆ بلیتی شانۆگەری و کۆنسێرتێک، ئەوە پەیوەندی بە حکومەتەوە نییە، لەناو کەلتووری خۆمان سەقەتی زۆر ھەیە ھیوادارم جاک بکرێ و گۆڕانکاری زۆر بکرێت.
زانا دزەیی: چۆن پێناسەی خۆت دەکەی؟
ھانی: خۆم حەزم لەژیانی خۆمە، ھەست دەکەم ئێستا لەم کاتە دەزانم چۆن پلان بۆ ئیشوکارەکانم دابنێم، لەئێستادا خەریکە رۆژانێکی خۆش بەسەردەبەم، لەبەرئەوەی خۆم کردۆتەوە، لەبەرئەوەی ترسەکانم شکاوە، لەوە ناترسم داخۆ لەداھاتوو چی دەبێ، من زۆر بەراحەت و کراوەیی و بالێکی بازەوە خەریکم دەژیم. دەبێ جوان بژی و خۆش بژی، بتوانی جوانی ببەخشی.
زانا دزەیی: پێشتر بە قژە کورتەکەی خۆت دەرنەدەکەوتی، چۆنە ئێستا بەم قژە کورتە دەردەکەوی؟
ھانی: ھەست دەکەم ئەوەی من باسم کرد زۆر فراوانتر بوو لەوەی تۆ باسی دەکەی، بەھەرحاڵ ئەوە بەسەرھاتنێکی زۆر گەورەیە بەسەر مرۆڤێک، من دەڵێم بە قەناعەتێکی زۆر گەیشتووم بە ژیان، چۆن ژیان کردن و فەلسەفەی ژیان کردن.
زانا دزەیی: لەگەڵ خوێندنەوە چۆنی؟
ھانی: زۆر دەخوێنمەوە، ئێستا حەزم لە خوێندەوەی ئەدەبیاتی کلاسیکە، زۆر شتی کۆن دەخوێنمەوە و حەزدەکەم دووبارە بیانخوێنمەوە، حەزم لە خوێندنەوەی مەزھەبیە، بەڵام مەبەستم لایەنە دینییەکە نییە.
زانا دزەیی: خۆت شێوەکاریت خوێندەوە، بۆ رۆژێک پێشانگایەک ناکەیتەوە، ھانییەکی شێوەکار دەرکەوە؟
ھانی: ماوەیەکی زۆر دەستم لەشێوەکاری ھەڵگرتووە، ھەست دەکەم ئەگەر شێوەکاری بکەم باوەڕناکەم بە کەڵکی پێشانگا بێت، بەس بۆ خۆم و خۆشی خۆم بیکەم، بەڵام ھەر رۆژێک دەیکەم.
زانا دزەیی: کێ پەیجەکەت لە فەیسبووک بەڕێوە دەبات؟
ھانی: بەداخەوە خۆم پەیجەکەم بەڕێوە نابەم، بەڵام لەداھاتوو پەیجەکەم دەدەمە دەست کەسێکی دڵسۆزەوە بەڕێوەی ببات.
زانا دزەیی: سوپاس، پرسیارێکی ترمان نەما؟
ھانی: سوپاس بۆ تۆش، ھیوادارم ئەوەی کە باسم کرد لەداھاتوودا بگۆڕدرێت و بواری ھونەری لەکوردستان زیاتر بەرەو پێشەوە بڕوات.