گەندەڵی بە یەکێك لە کێشە هەرە مەترسیدارەکانی کۆمڵگا دادەنرێت و لە هەموو جیهان بونی هەیە چ بە شێوەیەکی زۆر و کراوە یان بە شێوەیەکی کەم و نهێنی. بەر لەوەی بچینە ناو چۆنیێتی بنبڕکردن یان کەمکردنەوەی گەندەڵی پێویستە پێناسەیەکی بکەین کە گەندەڵێ چییە و چۆن سەر هەڵدەدات لە کۆمەڵگا دا، جا چ لەناو ڕێخراو، حکومەت یان هەر دەزگایەکی تر کە حکومی بێت یان نا حکومی.
گەندەڵی چیە؟
گەندەڵی لەو کاتە سەر هەڵدەدات کە کەسێك لە پۆستێکی باوەڕپێکراودا، باوەڕی و ئەرکەکانی پۆستەکەی دەخاتە لایەك و دەستهەڵاتی پۆستەکەی بەکاردێنێت بۆ بەدەستهێنانی قازانجی کەسێتی، حزبی، ڕێکخراوی یان کۆمەڵێك کەسی تایبەت، لێرەدا هیچ جیاوازی نیە گەر کەسەکە لە کەرتی حکومی بێت یان لە کەرتی تایبەت.
ئەو کەسەی کە قازانج بە شێوەیەکی نایاسایی دەدات یان وەردەگرێت وەکو کەسێكی گەندەڵ ناسدەکرێت و دووچاری سزای یاسای دەبێتەوە کە زۆربەی جار بەزیندانیبون کۆتایی دێت. ئەو کەسانەی کە بە گەندەڵی هەڵدەستن دەکرێت کەسێكی هەڵبژێردراو بێت لەلایان گەڵەوە، سیاسەتڤان بێت، کڕیاربێت، مامۆستا بێت، دوکتۆر بێت، پەڕلەمانتار بێت، فەرماندەی حکومی یان کەرتی تایبەت یان هەر کارێکی تر، چونکە گەندەڵی لە هەموو کارێکدا دەکرێت هەتا پیاو یان دەزگا ئاینیەکانیش دەگرێتەوە.
// تێبینی// هەرچەند وڵاتێك سەوزی تاریك بێت ئەوە گەندەڵی کەمترە، هەرچەند وڵاتێك بە سوری تاریك نەخشا بێت ئەوە گەندەڵی زۆرترە.//
جۆرەکانی گەندەڵی و چۆنیێتی چارەسەرکردنی گەندەڵی لە کوردستان
گەندەڵی بە سێ شێوە بونی دەبێت
یەکەم/ لەناو دەزگای حکومی
دووەم/ لەناو کەرتی تایبەت
سێیەم/ لە نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی حکومیدا
یەکەم/ لەناو دەزگای حکومی
ئەم جۆرەی گەندەڵی لەناو/نێوان دەزگای حکومەت بونی هەیە بە هەموو دام و دەزگاکانیەوە. ئەم جۆرەی گەندەڵی زیانیکی زۆر بە مافەکانی گەڵ و ئابوری وڵات دەگەیێنیت و کەسی نادروست لە شوێنی کەسی دروست دادەنریت بۆ ئەوەی پەرە بە گەندەڵی زیاتر و گەورەتر بدریت. لەم جۆرەدا گەندەڵی سوود لە سستی یان لاوازی دەستور، لاوازی دادگا و نەبونی یاسا بۆ ڕێگرتن و سزادانی کەسە گەندەڵەکان یان لەو کاتەدا کە بەرپرس یان سەرکردە یان پارتێکی سیاسی خۆی لەسەروی دەستور و یاسا دەزانیت کە هیچ لایەنێك ناتوانێت ڕێگری گەندەڵی بکات.
دەزگای حکومی زۆربەی جار گەندەڵێ لە شێوەی دامەزراندن، ڕەشوە// پارە دان بەرامبەر بە خزمەتێکی نایاسای// یان دزینی پارە و مولکی گەڵ، وڵات و کۆمەلگا لەلایان بەرپرس، بەڕێوەبەر، فەرماندە، پەڕلەمانتار، وەزیر، پۆلیس یان هەر کادرێکی/فەرماندەیەکی حکومی. چونکە ئەم جۆرەی گەندەڵی تەنیا لە یەك دەزگای حکومەت ناکرێت بەڵکو لە هەموو دەزگایەکانیەوە بە گەورە و بچووکەوە.
دووەم/ لەناو کەرتی تایبەت
کەرتی تایبەت بە یەکێك لە کەرتە هەرە گرنگەکانی وڵاتێك دادەنرێت لە ئاستی دابینکردنی شوێن و دەرفەتی کار بۆ زۆر لە هاوڵاتیان و دانی باجی زۆر بە حکومەت و گەشبونەوەی ئابوری وڵات. لەکاتێك دا کە ئەم کەرتە گەندەڵی تێدەکەوێت زیان بە ئابوری وڵات دەگەیێنێت بەرامبەر دەستکەوتی کەسێتی، بۆ نمونە شەریکەیەکی گەورەی کەرتی تایبەت گرێبەستێکی گەورە دەگرێتە دەست کە سوودیکی زۆری بۆ حکومەت دەبیت لە ڕێگای دانی باجەوە. ئەم شەریکەیە هەڵدەستێت بە تەزورکردنی بەڵگەنامە و دزین یان خۆ لادان لە دانی باج بە شێوەیەکی نایاسایی. ئەگەر زۆر لە شەریکە گەورە و بچوکەکان خۆیان لە دانی باج بدزنەوە ئەوە دەبیتە هۆی کەمبونەوەی هەڵی کار، نزمبونەوەی بودجەی وڵات و کۆمەڵگا بەرەو بێکاری و هەژارێ دەبات و جیاوازی زۆر لەنێوان هەژار و دەوڵەمەند دروست دەبیت بەو جۆرەی کە تۆ یان زۆر زۆر دەوڵەمەندی یان زۆر زۆر هەژاری.
سێیەم/ لە نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی حکومیدا
جۆری سێیەم بە گەورەترین و مەترسیدارترین شێوەی دادەنریت، چونکە بەو جۆرەوە مافی گەڵ لە نێوان حکومەت و کەرتی تایبەتدا پەرت پەرت دەبێت و وڵات بەرەو هەژاری دەڕوات. کاری گەندەڵی دەکرێت وەکو نمونەیەکی ئەم جۆرە گەندەڵیانە بێت، ڕێکەوتنی ئابوری، دزینی ماڵی گەل و حکومەت، تەزویرکردن، بە یاسایکردنی کاری نایاسایی، تەزویرکردنی گرێبەست و تێچونی پارەت پڕۆژە، یان پایرامید کۆروپشن واتا گەندەڵی بە شێوەی سێگۆشەی پایرامیدی، بۆ نمونە دەزگایەك گەندەڵی لە بەڕێبەرەوە هەتا نزمترین پلەی کاردێری دەکرێت بە شێوەیەك کە لە بەڕێوەبەرەوە بەرەو خوارەوە سودمەند دەبن. سەرهەڵدانی گەندەڵی زۆر لەو کاتانە مەترسیدارە کە کارکەر یان دامەزراوێك موچەکەی بەشی ئەوەندە ناکات کە ژیانی ئاسایی خۆی وەکو پێویست بەڕێوە ببات.
لەم جۆرەدا بەرپرسی حکومی هەڵدەستن بە کەسێتیکردنی زەوی و پارەی گەڵ لە کەرتی حکومیەوە بۆ کەرتی تایبەت کە هەر بەرپرسە حکومیەکان خۆیان جاریکی تر دەبنەوە خاوەنیان. بەو هۆیەشەوە گەندەڵی لەنێوان دەزگای حکومی و کەرتی تایبەت زۆر مەترسیدار دەبیت چونکە شاردنەوە و بزرکردنی بەڵگە زۆر ئاسانە لەلایان کەسی دەستهەڵاتدارەوە کە هەڵدەستێت بە پاراستی کەرتی تایبەتی کە خۆی سوودمەندە یان خاوەنیێتی لەسەر ڕەوشخراپبونی کۆمەڵێك خەڵکی تر و توشبونیان بە بێکاری، برسێتی و هەژاری کە وا دەکات جارێكی تر ئەو کەسانە پەنا بەرەو ڕێگای نایاسایی ببەن بۆ بە دەستهێنانی پارەی پیویست تا خۆی و بژێوی ژیانی بەڕێوە ببات.
چۆن گەندەڵی لەناو دەبرێت یان کەم دەکرێتەوە؟
بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی کارێکی ئاسان نیە لە کاتێکدا ڕێژەی گەندەڵی تاکێكی زۆری کۆمەڵگا بگرێتەوە، بە حکومەت و کەرتی تایبەتیەوە. ئەوەی ئەوەش قورس دەکات ئەوە کە شاردنەوەی بەڵگە و نکۆڵی زۆر ئاسانە، کە لەو کاتەشدا سەلماندنی زۆر ئاستەنگە لەبەر بە هێزی لایەنی گەندەڵ و توانای شاردنەوەی بەڵگەکان. لێرەوە دەتوانین بڵێین کە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵێ دەبێت بە چەند خاڵێکی گرندا تێ بپەڕێت وەکو:
یەکەم: باشکردنی باری ئابوری فەرمانبەر و کارمەندەکان لە کەرتی تایبەتی و کەرتی حکومی بۆ ئەوەی فەرمانبەر پێویستی بە ئەوەندە نەبێت گەندەڵی بکات یان گەندەڵی قەبول بکات.
دووەم: گۆڕینی بەڕێوەبەر، بەرپرس و هتد لە ماوەیەکی دیاریکراودا و بۆیان نەبیت هەتا هەتایا لەسەر پۆستەکەیان بمێننەوە و چاودێری تەواوی دام و دەزگاکان بکریت لەلایان لجنەی نهێنیەوە بێ ئەوەی ئەو دەزگایە پێێبزانیت و ئەو لجنەیە هەڵبستێت بە دانی ڕاپۆرت بە میدیای نا حزبی و نا حکومی کە بۆ ڕای گشتی بلاوی بکەنەوە.
سێیەم: دامەزراندنی دەزگایەکی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، سەرپێچی ئابوری و کاری نایاسای و تەزویر کە لە کەسی ڕەوا و بێ لایەنەوە بەڕێوە ببرێت.
چوارەم: بە ئێلیکترۆنیکردنی حکومەت بەو شێوەیە کە هەموو کارێك لە ڕێگای کۆمپیوتەرەوە تۆماربکرێت و لۆگ بکرێت بۆ هەر بەدواداچونەوەیەك، ئەوەش بەو مەرجە کە هەموو فەرماندەیەك ڕێگای دەستکاری ئەم کار و زانیاریانە نەبێت، بەو شێوەیە ئاسان دەبیت کە کێ دەستکاری یان گەندەڵی دەکات، چونکە ئەوانەی کە بەرپرس دەبن بەکارهێنەری تایبەتی خۆیان دەبێت کە هەموو جموجۆڵەکانیان لۆگ بکرێت و دوور لە دەستهەڵاتیانەوە بێتە پاراستن بۆ هەر کارێکی بەدواداچونەوە.
پێنجەم: هەرکارمەندێك یان بەڕێوەبەر یان بەرپرس یان وەزیر هەتا گەورەترین دەستهەلات دەبێت هەموو شتەکانی لە ڕێگای حکومەتی ئێلیکترۆنیەوە بکات، واتا تەنیا ئەو کارانە بتوانرێت بەڕێوە بکرێت کە لەناو کۆمپیوتەر و نیتوۆرکی حکومەت ڕێگایان پێ دراوە، وە هەرکەسێك هەستێت بە تۆمارکردنی کارێك ئەوە دیاردەکات کە کێ ئەم کارەی کردووە، لە چ کاتێك، لە چ شوێنیك و بۆ چ شوێنێك، لە چ ناوێکەوە بۆ چ ناوێك.
بەم خاڵانە و بە تایبەتی خاڵی بە ئێلیکترۆنی کردنی حکومەت زۆر زۆر گرنگن بۆ لەناوبردن یان کەمکردنەوەی زۆری گەندەڵی و گەندەڵەکان. بۆ نمونە بەو شیوەیە بەرپرسێك ناتوانێت پارجە زەوی بدات بە کەسێك هەر لەلای خۆیەوە، یان کە هەر لەلای خۆیەوە بڕێکی زۆری پارە خەرج بکات یان بداتە کەس یان ڕێکخراوێك، چونکە زەوی ناتواندرێت تۆمار یان تاپۆ بکرێت ئەگەر لە ناو سیستەمی ئێلیکترۆنی حکومتدا تۆمار نەکریت، واتا هیچ بەڵگەنامەی مولکداری یاساییان نابیت بۆ بەخاوەندبون. هەروەها لە بانکەکانیشەوە، کە هەموو شتێك لە ڕێگای تۆمارکردنی ئێلیکترۆنیەوە بکرێت ئەو کات سنورێك بۆ گەندەڵی دادەنرێت و پیزانین کە کێ بە کاری گەندەڵی یان نایاسایی هەستاوە ئاسان دەبێت و بەڵگەی ئێلیکترۆنی لەسەر دەبیت کە نەتوانێت نکۆڵییان لێ بکات. ئەگەر بەم شیوەیەی ئێستا باس لە بنبڕکردنی گەندەڵی بکەین لە کوردستان، نە دەستهەڵات، نە ئۆپزسیون دەتوانێت بەرامبەر گەندەڵ و گەندەڵکارەکان سەر هەڵبدات.
بە دڵنیایەوە شیکردنەوەی زۆرتر و قوڵتری دەوێت تا بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بەهێزتر بێت، بەڵام بێ ئەو خاڵانەی کە وەکو نمونەم هێناون، بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی هیچ سودێکی نابێت، چونکە لایەنی بەرپرس لە شاردنەوەی گەندەڵی شارەزاییەکی زۆریان هەیە، و ئەو کەسانەی کە گەندەڵێ دەکەن هەر لە خۆیانەوە شارەزایی ئەو کارە نایاساییان هەیە کە لە شاردنەوەی بەڵگەکاندا زۆر بە هێز دیارن.
معاز شعبان سورچی
سەرچاوە/
نەخشەی گەندەڵی لە جیهان
http://onarki.vgb.no/files/2009/06/world_map_index_of_perception_of_corruption.png