وشیار ئەحمەد ئەسوەد : زۆرن ئەو گەنجانەی گۆرانی دەڵێن و هاوکات زۆران لەگەڵ دانانی میلۆدیشدا دەگرن، تێیاندا هەیە سەرکەوتوو و هەندێکیان تەعادول و زۆربەشیان جیا لە فشۆڵی نابنە ئاوازدانەر، تەنیا فشەیان بەدۆخەکە دێت و هەڵسوکەوتێکی هەرزەییانە بۆ خۆدەرخستن لەگەڵ ئەم هونەرە جوانەدا دەکەن، بۆیە ئەوەندەی گوێمان لە میلۆدییە سادە و سوواوەکان دەبێت، کەمتر ڕەونەقی ئافراندنەکان دەبینین یان گوێبیستیان دەبین.. ئەمە لە دیوێکدا ئازادییەکە بۆی مسۆگەر کردوون، بەدیوەکەی تریدا ئەو دەزگانەی ڕاگەیاندن کە بۆ پڕکردنەوەی کاتەکانی وەشان یارییان لەگەڵدا دەکەن ڕۆڵ دەبینن.
خورتیکردن لە خود و گەمەی نەخوازراو بەبێ زانیارییەکی ورد و پڕ بەها لەگەڵ میلۆدیی کوردی، یەک لەو دیاردانەیە زۆرترین قسەیان لەبارەوە دەکرێت، بێگومان قسەکردنەکانیش فرە ڕەهەندن، یان چەند لایەنەن، لە دیوێکدا ئەوانەی توانای خۆ ترازانیان لە فۆلکلۆر و میلۆدییە میللیئامێزەکان نییە و ناتوانن لەگەڵ موزیکی هاوسەردەمدا هەڵبکەن، بەناوی پابەندبوون بەڕەسەنایەتییەوە دژایەتیی ئەوانە دەکەن کە پتر ڕوو لە دەرەوەن، یان هەندێک نەوەی پێشتر لە ئاکامی هەرسنەکردنی نوێکارییەکان، دیسان بەناوی ڕەسەنایەتییەوە یەخەگیری کارە ڕوو لە دەرەکان دەبن، بەدیوەکەی دیکەیشدا ئەوانەی گەمەی ناشیاو بەناوی نوێکاری و ڕوو لە دەرییەوە بەمیلۆدیی کوردی دەکەن، پێیان وایە وابەستەبوون بەڕەسەنایەتی گەڕانەوەیە بۆ پشتی پشتەوە، یان ڕەسەنایەتیی وەک مۆدێلێکی بەسەرچوو وەردەگرن و ناتوانن یارییە تازەگەرییەکان ئاوێتە بەڕەسەنایەتی بکەن، بۆیە زۆرینەی میلۆدییەکانی ئێستای گەنجانمان شەپڕێو بوون، ئەمە لە کاتێکدا هەردوو دیو و بۆچوونەکان ناکەونە دەرەوەی خاڵە نەرێنییەکانەوە.
ئەمانە و جیا لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە میلۆدییە کۆنە تورکی و فارسی و عەرەبییەکان بەناوی میلۆدیی کوردییەوە ترازاونەتە ناو هونەری موزیک و گۆرانیی کوردییەوە.. زۆر سەیرە ئەو گەنجانە وا دەزانن کۆنیی ئەو میلۆدییە بیانییانە ئەسڵی میلۆدییەکانمان بیر دەبەنەوە و دەتوانن ئاسان بەناوی خۆیانەوە بیانئاخننە ناو هونەری کوردییەوە.. ئەمەیان ڕەنگە لای نەوەی ئێستا بەنوێ وەربگیرێت و بەسەریاندا تێپەڕێت، بەڵام لە یادەوەریی نەوەی پێشتردا بەو ئاسانییە کاڵ نابنەوە، لانیکەم بەهۆی ململانێی نەوەکانەوە، چونکە نەوەی پێشتر زیاتر بەگۆرانییە کۆنەکانی سەردەمەکەی خۆیان ئاسوودە دەبن.
زیندووترین نموونەش کە (زەکەریا) “بەمەبەست یان بێ مەبەست” دەستی برد بۆ میلۆدیی “دوڕنە دوڕنە”ی (هابە)ە و بەناوی “ساقییە بادەم بۆ تێکە” بڵاوی کردەوە، بۆ کەسێکی وەک بەندە زۆر ئاسان پەنجە دەخاتە سەر ئەو برینە.. لەوەش پتر ئێمە گۆرانیی “ئەی بۆ وات کرد بۆ” کە سەرەتا (شوانە شێخانی) ئەو گۆرانییەی گوتووەتەوە، بەمیلۆدییەکی دروست ڕەسەنی کوردی وەردەگرین، بەڕاست من نازانم (شوانە) ئەو میلۆدییەی بەناوی کێ و چییەوە بڵاو کردووەتەوە، بەڵام هەموومان ئەوە دەزانین کە وەک میلۆدییەکی کوردی لەلای خەڵکی هونەردۆستدا وەرگیراوە، لە کاتێکدا دوور و نزیک ئەو میلۆدییە پێوەندیی بەهونەری موزیک و گۆرانیی کوردییەوە نییە.
بۆ ئەم مەبەستە پێوەندیم بە (گۆران ساڵح)ەوە کرد، لەبەر ئەوەی (گۆران)یش بەئەدایەکی دروست کوردی ئەو گۆرانییەی گوتووەتەوە و یەک لەو بەرهەمانەیە ئەو هونەرمەندە گەنجەی پتر پێ ناسرا، ڕاستیتان دەوێ (گۆران) بەوە ئاسوودەی کردم کە خۆی گۆرانییەکەی بەناوی میلۆدیی “گەلەریی تورکی”یەوە بڵاو کردووەتەوە، ئەمەش لە جوانییەکانی ئەو گەنجەیە، ئەگەرچی من لە ڕێگەی هاوکارم (کارزان گلی)یەوە تەواوی گۆرانییە تورکییەکەم گوێ لێ بووە کە پێوەندیی بەگەلەری تورکییەوە نییە، چونکە لە ساڵانی حەفتاکاندا یەک لە گۆرانییە ناودارەکانی هونەرمەندی گەورە و کۆچکردووی تورک (زەکی موران)ە.
ئەمانە تەنیا دوو نموونەی زیندووی خاڵە نەرێنییەکانی گۆرانیی کوردیی ئێستان کە هەرگیز مەرج نییە گۆرانیبێژانی ئێمە مەبەستیان چەواشەکاری و دزینی میلۆدییەکان بێت، وەک پێشتریش ئاماژەم پێداوە، دوور نییە ئەمە پێوەندیی بەنەست (لا شعور)ەوە هەبێت، بەڵام ئاکام تەنیا دەنگی گۆرانیبێژمان پێدەناسێنێ نەک هونەرێکی کوردیی باڵا.
بۆیە جەخت دەکەمەوە، ئەگەر زۆربەی گۆرانیبێژانی ئێمە و بەتایبەتیش گەنجەکان، بەزانیارییەکی فەریکەوە خۆیان لە قەرەی میلۆدی نەدەن، گومانم نییە لەوەی تووشی ئەم نیگەرانییانەمان ناکەن، ئەوان تەنیا گۆرانیبێژن و هەقە ڕێز لەو بەهرەیەیان بگرن، کاری تر کە موزیک و میلۆدییە، بۆ پسپۆڕانی ئەو بوارە لە موزیکزانان جێبهێڵن.. بەبۆچوونی من ئەمە یەک لە ماڵوێرانییەکانی هونەری موزیک و گۆرانیی کوردیی ئەمڕۆمانە.