كارۆخ مەلا ئەسعەد: دڵێكی شكاو یەكەمین گۆرانی “گەزیزەیە”كە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بە كلیپەوە بڵاوی كردەوە، بەڵام ئەوەی زۆر شایانی باسكردنە و لای زۆرێكی هونەردۆستان جێگای پرسیارە، ئەو لەگەڵ زۆرێك خانمەگۆرانیبێژەكان خۆی جیا كردەوە، بەوەی لە كلیپەكەیدا زۆر بە سادەیی دەركەوتووە. لەكاتێكدا زۆرێك لە خانمەگۆرانیبێژەكانی دیكەمان ئەوەندەی بایەخ بە كلیپەكەیان دەدەن ئەوەندە بیر لەسەركەوتنی دەنگیان ناكەنەوە.
لەمبارەیەوە و لە لێدوانێكی تایبەتدا خانمەگۆرانیبێژ “گەزیزە” بە رؤزنامةي “هةوليَر”ـي گوت: “وەك ئاگادارن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گۆرانییەكم بەناونیشانی (دڵێكی شكاو) بە كلیپەوە بڵاو كردەوە، كە تێكست و ئاواز و دابەشكردنی میووزیك (چیا مەندانی)ـە و كلیپەكەیشم دەرهێنان و وێنەگرتنەكەی (مەتین حەمە ڕەحیم) لە وڵاتی سوید بۆی بەئەنجام گەیاندوومە.
هەروەها ستایلی گۆرانیچڕینەكەیشم هەر بە یەك شێواز نەبووە، بەڵكوو كاریگەریی هونەری ڕۆژئاوایش لە بەرهەمەكەمدا ڕەنگ دەداتەوە.” لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتیشی: “ئامانجم لە بڵاوكردنەوەی ئەم بەرهەمەمدا زیاتر سەرخستنی دەنگم بووە نەك ڕەنگم، بۆیە سەرەتا هەوڵم دا كلیپەكەم بەشێوازێكی سادە بێت، چونكە بە بۆچوونی خۆم گۆرانیبێژ دەبێت یەكەمجار سەركەوتنی دەنگی بەلاوە گرینگتر بێت لە دەركەوتنی ڕەنگی.”
گەزیزە خەڵكی مەهاباتی رۆژهەڵاتی كوردستانە و لە وڵاتی سوید لەدایك بووە، لە تەمەنێكی بچووكیشەوە ئارەزووی بواری هونەری هەبووە و، بە گوتەی خۆیشی ئێستا پیانیستێكی سەركەوتووە، هاوكات لەم كاتانەیشدا بۆ خوێندن لە وڵاتی لیدوانییە نێشتەجێ بووە و بۆ پزیشكی دەخوێنێت.