هیوا سەرهەنگ / هۆڵەندا
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لە سەرەتاوە چۆن دامەزراوە و لەسەر چ بنەمایەک رەوتی گەشەکردنی خۆی بونیات ناوە هەر ئا بەو جۆرە رۆشتوە و مێژوویەکی پڕ سەروەری بۆ خۆی تۆمار کردوە، لەو رێگە دوورو درێژەی پڕ خەبات و قوربانیدان و بەرەنگار بوونەوەی
پلان و فشارە جۆراوجۆرەکاندا وەک هەر بوویەکی زیندووی تێهەڵکێش بە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری و بە دوور نەبووە لە کار و کاردانەوەکانی هەل و مەرج و بارودۆخە ناوەکی دەرەکییەکان و هەر هەموو هۆکارە خۆیی و بابەتیەکان جۆرێک لە وەرگرتن و کار و کاردانەوەکانی لەگەڵ کشت و کەناردا لەسەر خوڵقاندوە، ئەمەش دەرئەنجامی پەیوەندی بەرفراوان بە کۆمەڵی کوردەواری و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە رێی بنکە جەماوەریە فراوانەکەیەوە. ئەمەیە شێوازی رەوتی گەشەکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و خودی یەکێتی وەک پارتێكی سوشیال دیموکرات بەو رێباز و شیوازە رازی بوە و لە و رێیەوە تواناکانی خستۆتە گەر بۆ خزمەتکردن بە جەماوەری دوور و نزیکی خۆی خۆ گەر ئەم هاوکێشەیەی ژیانی و گەشەکردن و مانەوەی لای خودی یەکێتی خۆی بە ئەرێنی نەبینرایە، هیچ رێگرێک نە بوو لە بەردەم گۆڕانکاری لە شێوازی کارکردن و گەشەکردنیدا، وەلێ ئەوەی جێی سەر سوڕمان یان سەیر و سەمەرەیە هەندێک پابەستەی پارتێکی تر یان بە ناوی سەربەخۆیی تاکەوە بێ ئەوەی نە ئەندام و نە لایەنگر و نە دۆستێکی رێکخستنەکانی بن لە هەر هەل و مەرجێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا هاتونەتە قسەو رەخنەیان لە شێوازی کاری رێکخراوەیی و گەشەکردنی گرتووە، خۆ ئەمە گەر کارتێکردنێکی لەسەر یەکێتی نەکردبێت بە قازانجی ژیاوەتەوە و هەمیشە وای کردووە رکابەرەکانی ئەوەندەی سەرقاڵی یەکێتی بن و بەدوداچوون بۆ چالاکی رێکخراوەیی یەكێتی بکەن سەریان نە پەرژراوەتە سەر رێکخراوەکەی خۆیان و درز و کەلەبەرەکانی خۆیان هێدی هێدی فەرامۆش کردوە و بۆتە کەلێنی گەورە گەورە و هەر چەند دەکەن بۆیان پر نابێتەوە ناچار جارێکی تر بۆ داپۆشین نەک پڕکردنەوەی کەلەبەرەکانی خۆیان دەکەونەوە شەن و کەو کردنی چالاکییەکانی یەکێتی، ئەمە یەکێک لە سیفاتەکانی خەڵک و رێکخراوەکانی لای خۆمانە کە هێندەی مشووری بەرامبەرە رکابەرەکەی دەخوات هێندە مشووری خودی خۆی ناخوات و خۆی لە بیر دەکات .. ئەمە چ رکابەرییەکی بێ تامە چ کارێکت بەسەر ئەوە هەیە فلان پارت کەم و کوری هەیە، گەر تۆی بەرامبەر دروست و پڕ توانای لە خزمەتکردنی جەماوەردا، دەبێت پێت خۆش بێت رکابەرەکانت کاری باش نەکەن و ئاژاوەیان تێدا بێت و پڕ تەکەتول بن و بێ توانا و لاواز بن و جەماوەر لێیان بتۆرێت، ئەمە چ عەقلیەتێک و هزرێکی کەم ژیرە خۆی بە پرنسیب و تۆکمەیی ناو پارتێکی ترەوە سەرقاڵ کات، گەر رکابەری راستەقینەیت برۆ سوود لە هەڵەکانی ئەوانی تر وەرگرەو جەماوەر بەرەوە.
ساڵانێکە خەڵکانێکی کەم ئەزموون و کەم ژیر قسە لەسەر فلان سەرکردە و یا بەرپرسی یەکێتی دەکەن ئەمەیان واز دێنێت، ئەمەیان تۆرا، ئەمانە هەمووی دروستن ئەوەی نادروستە ئەو نووسینانەی بەناوی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە گێلانە دەکرێت و پەی نابەن بەو دیوارە پۆڵایینەی یەكیتی کە چوار دەوری نهێنی کارکردن و چالاکیەکانی یەکێتی داوە و کە هەرگیز ناتوانن بگەن بەو تێگەیشتنەی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ فرە مینبەرە و بۆ هەر یەکگرتوشە؟ بۆ گەر ئەندامێکی وازی لێ بهێنێت چەندین ئەندامی تر زیاد دەکەن ، ئەمانە ئەو بنەماو پرەنسیبانەن کە یەکێتیی نێشتمانیی کوردستان وەک پارتێکی سۆشیال دیموکرات لەسەریان کار دەکات .