راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی: ھەر کە پێبنێیتە بازاڕی ئیسکان لەھەولێر, یەکەم شت گوێبیستی دەنگی ئوم کەلسوم دەبیت، چەندین وێنەی ئوم کەلسوم لەکاتی گۆرانیگوتن و دانیشتنە تایبەتییەکانی تێدا ھەڵواسراوە، ئوم کەلسوم نازناوی ھونەریی ھەسارەی رۆژھەڵات بوو، لەچەندین وڵات ناوەکەی بۆ گازینۆ و چایخانەکان ھۆڵی ھونەری بەکارھاتووە، لەھەولێریش بەھەمان ناو گازینۆ ھەیە، کە ھونەرمەندان و وەرزشوانان شەوانە لێی کۆدەبنەوە، جارجارەش کەسایەتییە سیاسییەکان دێن، میوانە عەرەبەکانی بەغدا و موسڵ دەڵێن “کە لەقاوەخانەی ئوم کەلسوم دادەنیشین ھەست دەکەین لەشارەکەی خۆمانین”. خاوەنی چایخانەکە دەڵێت “لەبەغدا و موسڵ چایخانەی ئوم کەلسوم ھەیە، بۆیە حەزمکرد لەھەولێریش ھەبێت”.
عەبدوڵڵا مەحموود تەمەن ٥٠ ساڵ، راھێنەری پێشووی یانەی بروسک زۆربەی شەوان دێتە چایخانەی ئوم کەلسوم و لەوێ لەگەڵ ھاوڕێیە وەرزشوانەکانی کۆدەبێتەوە. عەبدوڵڵا دەڵێت “ھەموو شەوێک دێم بۆ چایخانەی ئوم کەلسوم، تەنیا لەبەرئەوەی لەگەڵ گۆرانیەکانی ئوم کەلسوم یادگاریمان ھەیە”. ئەو راھێنەرە تەنیا چایخانەی ئوم کەلسومەکەی ھەولێری نەبینیووە، بەڵکو چایخانەی ئوم کەلسومی بەغدادیشی بینیووە و لەوێشەوە ئاشنایەتی لەگەڵ گۆرانییەکانی ئوم کەلسوم دروستکردووەو دەڵێت “نزیکەی ٤٠ ساڵ پێش ئێستا برایەکم لەبەغدا دەیخوێند، عەشقی ئوم کەلسوم بوو، کە دەچووم بۆ سەردانی براکەم لەبەغدا ھەمووجارێک لەگازینۆی ئوم کەلسوم یەکترمان دەبینی، لەوێوە عەشقی ئوم کەلسوم بووم”.
موشتەرییەکانی چایخانەی ئوم کەلسوم لەپێنج ستاف پێکھاتوون “وەرزشوانان، ھونەرمەندان، کەسایەتییە سیاسییەکان، گەنجان، پارێزەران”. ھەریەک لەوانە لەچەند کەسێک پێکھاتوون و لەکاتی دیاریکراو لەچایخانەکە کۆدەبنەوە، سەرەتای ئێواران ھونەرمەندان و گەنجان بەتایبەت قوتابیانی پەیمانگای ھونەرەجوانەکان و وەرزشی، پاشان وەرزشوانان، دواتر پارێزەران، رۆژی وا ھەیە ھەموو ستافەکان پێکەوە لەچایخانەکە کۆدەبنەوە، ئەوە قەرەباڵغترین رۆژی چایخانەکەیە. میوانانی عەرەب بەردەرگای چایخانەکەیان پێخۆشە، چونکە لەوێدا زۆرتر گوێبیستی گۆرانییەکانی ئوم کەلسوم دەبن و نێرگەلە و قاوەیەکی عەرەبی تاڵ داوا دەکەن، چایخانەکە تا کاتژمێر ٢ی دوای نیوەشەو جمەی دێت.
عەبدوڵڵا مەحموود دەڵێت “ئێمە کۆمەڵە وەرزشوانێکین رۆژانە لەچایخانەی ئوم کەلسوم یەکتر دەبینین، پێش ئێمەش کۆمەڵە ھونەرمەندێک دێن، دوای ئەویش کۆمەڵە کەسێک دێن بۆ نێرگەلەکێشان کە گەنجەکانن، ھەر سەعاتێک کۆمەڵە کەسێک دێن”.
داروین ئەحمەدی، تەمەن ٢٣ ساڵ، گەنجێکی شانۆکارە بەھۆی ئیشوکاری ھونەری زوو زوو دێتە ھەولێر و وەک خۆشی باسی دەکات ھەر جارێک بێتە ئیسکان سەرەتا چایەک لەچایخانەکەی ئوم کەلسوم دەخواتەوە, ھەر لەوێش مەوعید دەداتە ھاوڕێکانی. داروین دەڵێت “کە لەچایخانەی ئوم کەلسوم دادەنیشم دڵم دەکرێتەوە، شوێنێکی زۆر شەعبی و خۆشە، ئەوە جوانییەکە بۆ شاری ھەولێر، لەسلێمانیش چایخانەی شەعب ھەیە, ھونەرمەندان و رۆشنبیران لێی کۆدەبنەوە، بەڵام پێم خۆشە لەسلێمانی چایخانەیەک بەناوی مەرزییە فەریقی ھەبووایە، لەداھاتوودا ئەوە یەکێکە لەپڕۆژەکانم”.
ساڵی ٢٠١١ چایخانەی ئوم کەلسوم دامەزراوە، خاڵە شاھین خاوەن قاوەخانەی ئوم کەلسوم، باس لەھۆکاری دامەزراندنی چایخانەکەی بەو ناوە دەکات و دەڵێت “ھەر لەسەرەتای گەنجیم موعجەب بووم بە ئوم کەلسوم، چونکە دیراسەی خوێندنمان عەرەبی بوو، زۆر بەباشی لەگۆرانییەکانی تێدەگەیشتم، ھەر گۆرانییەکی ئەو چیرۆکێکی تێدایە، ھەرکەسێک لێی تێبگات خەیاڵ دەیباتەوە بۆ دنیایەکی تر، ئاواز و شیعرەکانی لەوپەری بەھێزیدان، دەنگخۆشییەکەی تاکە، ھەروەھا ژنێکی رۆشنبیر و نموونەی ئەخلاقی بەرز بوو”. خاڵە شاھین دەشڵێت “لەبەغدا و موسڵ چایخانەی ئوم کەلسوم ھەیە، حەزمکرد لەھەولێریش ھەبێت، ساڵێکە چایخانەکەم دامەزراندووە، بەڵام ئێستاش زۆرترین کەس روو لەچایخانەکەم دەکات، بەتایبەت عەرەبەکانی بەغدا و موسڵ، کاتێک دەڕۆن پارەکە دەدەن پێمدەڵێن دەستخۆش, واھەست دەکەین لەشارەکەی خۆمانین”. ناوبراو دەڵێ ئەگەر منیش بمرم داوامکردووە ئەم چایخانە ھەر بمێنێ, “ئوم کەلسوم شووی نەدەکرد، لەبەر قسەی خەڵک شوویکرد، ئەوەندە کەسایەتی بەرز بووە”.
لەچایخانەکە چەندین وێنەی دانسقە و نایابی ئوم کەلسوم ھەڵواسراوە، کە لەکاتی کۆنسێرت و دانیشتنە تایبەتییەکانی گیراوە، ئەم وێنانە لەھیچ شوێنێکی دیکە نییە، نزیکەی ١٥ وێنە دەبێت، ئەوە وایکردووە لەچایخانەیەکی ئاسایی نەچێت، وەک زیاتر لەھۆڵێکی ھونەریی دەچێت، لەوبارەیەوە خاڵە شاھین دەڵێت “برادەری زۆر باشم ھەیە، بەتایبەت ئەوانەی لەچینی رۆشنبیر و ھونەرمەندانن، زۆربەی وێنەکان ئەوان بەدیاری بۆم دێنن، جگە لەوێنە، لەمیسر و سوریا سێدی گۆرانییەکانی ئوم کەلسومم بۆ دێنن”. خاڵە شاھین چەند جارێک ویستوویەتی سەردانی میسر بکات، بەڵام بۆی رێکنەکەوتووە، ئەمساڵ بەنیازە بچێتە میسر وێنەیەکی نایاب ببینێتەوەو دیارییەکیش بەناوی کورد بداتە ئوم کەلسوم، “دەچم بۆ سەر گۆڕەکەی ئوم کەلسوم و وێنەیەکی گۆڕەکەی دەگرم لەچایخانەکەم ھەڵیدەواسم، بەناوی ھەموو کورد گوڵێک لەسەر گۆڕەکەی دادەنێم”.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەچایخانەکەی خاڵە شاھین ھیچ جۆرە یارییەکی وەک دۆمینە و تاوڵەی تێدا ناکرێ، کەچی یەکێکە لەچایخانە قەرەباڵغەکانی ھەولێر، خاڵە شاھین بۆ ئەوە دەڵێت “نامەوێ ئوم کەلسوم گۆرانی بڵێت خەڵک یاری بکات، ئەو قاوەخانەیەم کردۆتەوە بۆئەوەی سەرنجی خەڵک بۆ ئوم کەلسوم راکێشم”. خاڵە شاھین خاوەن چایخانەکە ئاماژە بەوە دەدات لەبەرئەوەی گەنجانی ئەمڕۆ زۆر باش لەزمانی عەرەبی تێناگەن، ئەو بەرنامەیەکی وایداناوە بۆ ئەوەی گەنجەکان لەگۆرانییەکانی ئوم کەلسوم تێبگەن، باسی بەرنامەکە دەکات و دەڵێت “ھەر ماوەیەک سێ گۆرانی زۆر دووبارە دەکەمەوە، بۆئەوەی تەواو وشەکان لەبەر بکەن و فێری بن، بەتایبەت ئێستا گەنجەکان زۆر باش لەگۆرانی (انت عمری) و (بعید عنک) تێدەگەن و لەگۆرانییەکانی تر تێناگەن، وایلێھاتووە گەنجەکان پرسیارم لێدەکەن ئەو گۆرانییە باسی چی دەکات و ئاوازدانەر و شاعیرەکانی کێن، ناوی ئەسڵی و ساڵی لەدایکبوون و مردنی ئوم کەلسومم لێدەپرسن”.
ھەڤاڵ غازی ١٣ ساڵە چایچیە و لەزۆربەی چایخاکان ئیشی کردووە، ئێستا سەرپەرشتی چایخانەی ئوم کەلسومە، دەڵێت “چایخانەی ئوم کەلسوم لەھەموویان خۆشتر و دڵکراوەترە، ئەو خەڵکەی دێت دیار و رۆشنبیرن، لەجێگایەکی ھونەری خۆش دەچێت, بۆیە نە من و نەموشتەریەکانیش قەت لێی بێزار نابین”.
جاسم عەبدوڵڵا، تەمەن ٣١ ساڵ، خەڵکی موسڵە و دوو ساڵە لەسەمونخانەیەکی ھەولێر ئیش دەکات دەڵێت “ھەموو شەوێک دوو سەعات لەچایخانەی ئوم کەلسوم دەمێنمەوە، نێرگەلەکەی خۆش نییە، بەڵام شوێنێکی نایابە، لەچایخانەکەی خۆمان دەچێت، دوای ماندووبوونی رۆژانەم لێرە دەحەسێمەوە”.
خاڵە شاھین خاوەن چایخانەکە دەڵێت “زۆرجار سەیرم کردووە ئەوەی دێتە ئیسکان گوێبیستی دەنگی ئوم کەلسوم دەبێت، ئەگەر نەیەتە چایخانەکەش رادەوستێ, سەیری چایخانەکە دەکات ئینجا دەڕوات”.