پڕۆسەی هاوسەرگیری، بریتی یە لەوەی كە ئەو ژن و مێردە تا دوایین ڕۆژانی ژیانیان بەیەكەوە لە ژیانێكی خۆشدا بژین و نەوەیان لێ بكەوێتەوە، ئەم پڕۆسەیە بریتی یە لە پڕۆسەیەكی دوورو درێژ كە لە نێوان ئەم دوو تاكەدا ژیانی لەسەر بەندە،
بێگومان لە ماوەی ئەو ژیانەدا كێشە لە نێوانیان دروست دەبێت بەتایبەتی لە ساڵی یەكەمی ژیانی خێزانداریەتیدا، چونكە هەر یەكێك لەم دوو تاكە لە دوو بنەماڵەی جیاواز و دوو بیرو بۆچوونی جیاو دوو پەروەردەی جیا ئەم ژیانەیان پێك هێناوەو ئەمەش لە ساڵی یەكەمدا كێشەی لێدەكەوێتەوە كە شتێكی ئاساییە لە نێوانیان، بەڵام پێویستە بە زیرەكانە چارەسەری كێشەكانیان بكەن كێشەكانیش بریتین لە :
* لەماوەی بە دەستگیرانی ئەم دووهاوسەرە هەردوولا شارەزای داب و نەریت و پەروەردەی یەكتر نابن بەهۆی سەرقاڵیانەوە بەهۆی كڕینی كەلوپەل و پێداویستیەكانی نێو ماڵ بەڵام پاشی زەماوەندكردن لە ئەنجامی بەیەكەوە ژیان و مامەڵەكردنی ڕۆژانە لەگەڵ یەكتردا دەردەكەوێ كە بەچەندین قۆناغی جۆراو جۆرو ناكۆكی ڕۆژانەدا دەڕۆن .
* جیاوازی تەمەن یەكێكە لە كێشەكانی نێوانیان، چەندە تەمەنی نێوانیان زیاتر بێت ئەوەندە كێشەیان زیاتر دەبێت، چونكە بیرو بۆچوونیان لە یەكترەوە دوور و جیایە.
* نەبوونی هەست بە لێپرسراویەتی، چونكە لە قۆناغێكەوە دەچنە ناو قۆناغێكی نوێ ترەوە، واتە لە ژیانی تاكەوە بۆ ژیانی ژن و مێردایەتی، بۆیە پێویستە لەسەر هەر لایەكیان دەست لەو كارانە هەڵگرن كە دووبارەبوونەوەیان دەبێتە هۆی ئازار دانی لایەكیان، كەمی بایەخ دانی پێناو بەخێزانەكەی یەكێكە لە كێشەكانی نێوانیان و هەست و سۆزو ڕێزی خێزانەكەی دەبێتە هۆی ناكۆكی نێوانیان چونكە سەرەتای ژیانی خێزانداری تەنها بایەخ بەوە دەدات كە خۆی هەوەسی دەكات و خۆی پێی خۆشە .
ئارام نەگرتن لەسەر درەنگی منداڵ بوون و كێشە لە نێوانیان دروست دەكات، چونكە لە ناو كۆمەڵگای ئێمەدا ئەگەر كەمێك منداڵبوون دوا كەوت ئەوا قسەو قسەڵۆكیان بۆ دروست دەبێت و كێشە لەناو ئەو خێزانەدا دروست دەبێت، بۆیە منداڵبوون تەنها پەیوەندی بەو خێزانەوە هەیە، نەوك كەسانی دەرەوەی ئەو خێزانە .
هەروەها سەرقاڵی پیاو بەكارەكەی بۆ بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان و پاشەكەوت كردنی كەمێك لەو بڕە پارەیە ئەوا دەبێتە كێشە و ئافرەت كەمتر هەست بە سۆزو خۆشەویستی پیاو دەكات.
بۆیە ژن و مێرد پێویستە دەست لەو كارانە هەڵگرن كە دەبێتە هۆی دروست بوونی كێشە لە نێوانیان لە ساڵی یەكەمدا چونكە ژیانی ژن و مێردایەتی لە لای هەندێ كەس تەنها بریتی یە لە خاڵیكردنەوەی حەزەكان، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە نییە بەڵكو ئەم پڕۆسەیە بریتی یە لە هەڵگرتنی كۆمەلێك ئەرك و بەرپرسیارەتی گەورە وەك ڕێزگرتن و دلسۆزی و پەروەردەكردنی منداڵ و ژیری و خۆشەویستی، لەهەموو لایەكەوە بریتیە لە بەرپرسیارەتی و دواتر ئەم دوو هاوسەرە دەبنە دایك و باوك، دایك و باوك گرنگترین ئەرك لە پەروەردەكردنی منداڵ دەگێڕن .
س : تاوی