روونکردنەوەیەک لە گۆڤاری (چرپە) وە
بۆ : رای گشتی و سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن
ئێمە وەک ستافی گۆڤاری (چرپە) بەپێویستمان زانی ئەم روونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی و تەواوی موسڵمانان بڵاو بکەینەوە، لەڕاونگەی ئەوەی کە مڕۆڤ (مەعسوم) نییە لەھەڵەکردن، ھەروەھا لەو ڕوانگەیەی کە ئەوەی ھەڵە نەکات کارەکانی رایی نابێت، ئێمەش لەگۆڤاری (چرپە) دوور لەخواستی خۆمان لەژمارە (١٤) کەوتینە نێو ھەڵەیەکەوە کە دواتر دوای ئەوەی شەن و کەوی ئەو بابەتەمان کرد مەترسی ھەڵەکەمان بۆ روون بۆوە، بێگومان ھیچ لۆژیکێک ئەوە قبوڵ ناکات کەستافی گۆڤارێک کار لەسەر ناوزڕاندنی خۆیان بکەن، وەلێ ئەمە حاڵەتێک بوو بەتەوازوعەوە بەسەرماندا تێپەڕی، بۆیە لەبەراییدا داوای لێبوردنی خۆمان لەخوای گەورە دەکەین و پاشانیش لە موسڵمانان. دەمانەوێت ئەو ڕاستیەش بخەینە روو لەتەواوی ژمارەکانی رابردوودا بەھەموو شێوەیەک خزمەتمان بەکۆمەڵگە و داکۆکیمان لەئایینی پیرۆزی ئیسلام کردووە، بۆیە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە جارێکی دیکە رێگە بەخۆمان نادەین ھەڵەی وابەسەرماندا تێپەڕێت. ھەربۆیەش گۆڤارەکەمان لەتەواوی بازاڕ کۆکردەوە و لەژمارەی داھاتووش داوای لێبووردن لە ھەموو ئەوکەسانە دەکەین کە بەھۆی ئەم ھەڵەیەوە ھەستیان بریندار بووە.
وێنەیەک بۆ:
١-وەزارەتی ئەوقاف بەڕێز
٢-لێژنەی ئەوقافی پەرلەمانی کوردستانی بەڕێز
٣-یەکێتی زانایانی ئیسلامی بەڕێز
٤- سەرجەم مامۆستایانی ئاینی بەڕێز
تێبینی: زۆر سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەکەین کە لەمەترسی ئەم بابەتە وشیاریان کردینەوە .
گۆڤاری چرپە ٥/٥/٢٠١٢