كارۆخ مەلائەسعەد: گۆرانیبێژ (گۆران ساڵح) گۆرانییەكی ئایینیی بەرهەم هێناوە و كلیپساز (سامی سەباح)ـیش گۆرانیەكەی بۆ كلیپ كردووە و لە چەند ڕۆژی داهاتوویشدا بڵاو دەكرێتەوە.
لە بارەی ئەو كارە نوێیەوە گۆرانیبێژ (گۆران ساڵح) بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ی گوت: “گۆرانییەكی ئایینیم تۆمار كردووە، كە ئەو گۆرانییەیش لە ئاوازی خۆمە و هۆنراوەی (مەلا ساڵحی شێخی)ـە. لە ستۆدێۆی (نیهاد سابیر) لە لایەن (لێزان قادر)ـەوە كاری دەنگی بۆ بەنجام گەیاندراوە.”
گوتیشی: “هەمان گۆرانیم كردووە بە كلیپ، كە كامیرا و دەرهێنانی (سامی سەباح) ئەنجامی داوە و مۆنتاژەكەیش (كاروان زامدار) كردوویەتی. بەشایانی باسیشی دەزانم، كە كلیپەكەم بە سپۆنسەریی (Moon Group) و بەرهەمهێنانی كۆمپانیای (AVA Production) كراوە، هەروەها لە داهاتوویەكی نزیكیشدا لە تەواوی كەناڵە ئاسمانی و لۆكاڵییەكانەوە بڵاو دەكرێتەوە.”
ئەو زیاتر لەسەر ئەو بەرهەمەی قسەی كرد و دەڵێت: “یاریدەدەری دەرهێنەر (تەمەن سەید ئەحمەد)ـە، دیكۆر (لاوە عوسمان)ـە، شاریۆ (ڕەوەند ئەمجەد و وریا شێرزاد) كردوویانە، ڕووناكی (فورات و تەنەر)ـە، بەڕێوەبەری بەرهەم (ئەندام جەمال) و یاریدەدەری بەرهەمهێنانەكەیش (ئالان نەجات) بووە.” هاوكات سوپاسی مزگەوتی (شێخی چۆلی) دەكات، كە (مەلا عیمادالدین، سەید حوسێن و سەید ئەحمەد بەرزنجی، مەحەممەد مەلا عیمادەدین و ئاكۆ تەها) هاوكاریی زۆریان كردووە لە بەرهەمهێنانی ئەم ڤیدیۆكلیپەدا. هیواداریشە توانبێتیان بەرهەمێكی باش پێشكەش بكەن.