ھونەرمەندی گۆرانیبێژ (گۆران ساڵح) لە لێدوانێکی دا بۆ خوێنەرانی ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی راگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا کاری کلیپی بۆ یەکێک لە گۆرانییەکانی یەکەم ئەلبومی گۆرانی خۆی بە ناوی “کیژێ” بە ئەنجام گەیاندووە،
بە پێی لێدوانەکەی (گۆران) ئەو کلیپە لە رووی ناوەرۆکەوە، شتێکی جیاوازی کردووە بە بەراورد لەگەڵ کارەکانی پێشووتری، ھەر لە رووی ناوەرۆک و سیناریۆ و کاری وێنەگرتنەوە، تا دەگاتە کاری شوێنی وێنەگرتنەکەی، ھەروەھا ئەوەشی راگەیاند لە ئێستادا خەریکە کار بۆ ئەلبومێکی دیکەی گۆرانی دەکات، لە ئێستادا کارەکانی لە ئامادەکاریی دایە و جارێ دەستی نەکردووە بە تۆمار کردنی.
(گۆران ساڵح)ـی گۆرانیبێژ لە سەرەتای لێدوانەکەی دا دەربارەی کاری بەرھەم ھێنانی ئەو کلیپە تازەیەی گوتی : “ماوەی چەند رۆژێکە بە ھاوکاری دەستەیەک لە کەسانی شارەزا لە بواری وێنەگرتن و دەرھێنان لە بواری کلیپسازی دا، خەریکی ئەوەین یەکێک لە گۆرانییەکانی ناو ئەلبومی “یادی تۆ” کلیپ بکەم”.
گوتیشی : “ئەو گۆرانییە بەناوی “کیژێ”ـیە، ماوەی (٤) ساڵ خەریکی ئامادەکاری بووم بۆ ئەو گۆرانییە، ھەر لە ئاواز و تا دەگاتە کاری تۆمار کردن و تێکستی گۆرانیەکە، بۆ کاری وێنەگرتنەکەشی ماوەی دوو ساڵە بەرنامەم بۆ داناوە، بەڵام ھەر چاوەڕێی وەرزێکی بەھار و سروشتێکی جوانم دەکرد، خۆشبەختانە توانیمان ئەوەی مەبەستم بوو ئەنجامی بدەین”.
دەربارەی ناوەرۆکی گۆرانییەکە (گۆران ساڵح) گوتی : “گۆرانییەکە ئاوازی خۆمە، تێکستی شاعیری لاو (سامی سەباح)ـە، کاری دابەشکردنی موزیکی لەلایەن موزیکژەنی لاو (محمەد یاسین) ئەنجامدراوە، کاری تۆمار کردنی دەنگ لە ستۆدیۆ “دەنگ و ڕەنگ” لەشاری دھۆک جێ بەجێکراوە”.
دەربارەی شێوازی کلیپ کردنی ئەو گۆرانیەی گۆرانیبێژ (گۆران ساڵح) گوتی : “ھەوڵماندا ئەو گۆرانییە بە شێوازێکی زۆر کوردەواریانە کاری کلیپی بۆ بکەین، ئەوە بوو بڕیارماندا شوێنی وێنەگرتنی کلیپەکە لە دەوربەری شارۆچکەی “ڕواندوز” ئەنجام بدەین، بەجل و بەرگی کوردیی و بە شێوازێکی لادێیانە توانیمان بە سەرکەوتووی کاری وێنەگرتنەکە تەواو بکەین”.
(گۆران) لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەی دا ئاماژەی بۆ ستافی بەشداربووی کاری ئەو کلیپە کرد و گوتی : “ستافی جێ بەجێکردنی کاری ئەو کلیپە بریتی بوون لە (یوسف ستار) وێنەگر، (سامان عەدنان) دەرھێنەر، (بۆتان عەبدوڵڵا) یاریدە دەری دەرھێنەر، (کاروان زامدار) کاری مۆنتاژی بۆ ئەنجام دەدات”.
(گۆران ساڵح) لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەی دا گوتیشی : “ئەو کلیپە لە لایەن کۆماپانای (باڵ باز)ـەوە کاری سپۆنسەری لە ئەستۆ گیراوە، سوپاسی ھاوکاریان دەکەم بۆ ئەو کارە، لە ئێستاکە کاری ئەو کلیپە لە قۆناغی مۆنتاژکردن دایە، لە چەند رۆژی داھاتوودا لەسەرجەم کەناڵەکان بڵاوی دەکەینەوە”.
گۆرانیبێژ (گۆران ساڵح) کە یەکەم ئەلبومی گۆرانی خۆی لە ساڵی (٢٠١٠) بڵاو کردۆتەوە، لە ئێستاشدا کار بۆ ئەلبومێکی گۆرانی دەکات، لەم باریەوەش گوتی : “دوای تەواو بوونی کاری ئەو کلیپە لە ئێستادا خەریکی ئامادەکردنی چەند گۆرانییەکەم بۆ ئەلبومێکی دیکەی گۆرانی، کە ماوەیەکی زۆرە خەریکم ئامادەکاری بۆ دەکەم، ئومێدەوارم کاتێکی زۆر نەخایەنێت و بەرھەمی بھێنم”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا