كارۆخ مەلائەسعەد: گۆرانیی (دوا ماچ)، كە یەكێك بوو لە تراكەكانی نێو ئەلبوومی (یادی تۆ) و تەنیایش بە دەنگ بڵاوی كردبووەوە، بەڵام ئێستا كلیپی بۆ ئەو گۆرانیەی كردووە و لە داهاتوویەكی نزیكیشدا ماچەكەی پێشكەش بە سەرجەم عاشقانی دەنگەكەی دەكات.
گۆرانیبێژی لاو (گۆران ساڵح) لە تازەترین كاری خۆیدا ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ئاگادار كردەوە، كە بەمەبەستی بەرهەمهێنانی كارێكی نوێی هونەری ڕووی كردووەتە وڵاتی كڕواتیا و لەوێیش توانیویەتی گۆرانییەكی بكاتە كلیپ.
(گۆران) لەبارەی ئەو كارە تازەیەوە گوتی: “گۆرانیی (دوا ماچ) یەكێك بوو لە تراكەكانی نێو ئەلبوومی (یادی تۆ)، كە هەوادارەكانم پێشوازییەكی باشیان لێی كرد و خواستێكی باشیشی لە بازاڕەكان لەسەر بووە، ئەویش بەپێی ئەو ئامارانەی بە دەستم گەیشتوون. هەرئەوەیش بوو بە پاڵنەرێك بۆم تازیاتر بایەخ بەو گۆرانییە بدەم.
هاوكات بایەخدانەكەیشم بۆ ئەوكارە ئەوە بوو، كە چووم بۆ وڵاتی كڕواتیا و لەوێ زۆر سەركەوتووانە (دوا ماچ)ـم كلیپ كرد.”
ناوبراو باس لە چۆنییەتیی دروستكرنی كلیپەكەی دەكات و دەڵیت: “كلیپەكەم لە وڵاتی كرواتیا بۆ كراوە بە سپۆنسەریی (موون گرووپ) و سیناریۆ و دەرهێنانی لە لایەن خۆمەوە كاری بۆ كراوە و وێنەگرتنەكەیشی لای ( یوسیف ستار) بە ئەنجام گەیاندراوە. (كاروان زامدار)ـیش مونتاژەكەی كردووە.
هاوكات (سەفین ساڵح) و (غالب جەبار و هۆزان زاهیر)ـش هاوكارییان كردووم.”
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا گوتیشی: “لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە تەواوی كەناڵە ئاسمانی و لۆكاڵییەكانەوە (دوایین ماچ) پەخش دەكرێت.”
شایانی باسە بەڕێوەبەری ئەو بەرهەمە (سامی سەباح)ـە.