(موحسین عەبدوڵڵا) : ” مەرج نیە ھونەرمەند گۆرانییەک تۆمار بکات، پاڵەوانی چیرۆکی گۆرانییەکە خۆی بێت!”.
ھونەرمەندی گۆرانیبێژ (موحسین عەبدوڵڵا) یەکێکە لەو گۆرانیبێژانەی کە لەساڵانی نەوەدەکانی لە رێگەی چەند بەرھەمێک دەرکەوتووە، بەڵام دوای ئەوەی سەفەری ھەندەرانی ئەنجامداوە لەکاری ھونەریی دابڕاوە، لەساڵی (٢٠٠٦) ئەلبومێکی گۆرانی ئامادە کرد و لەرێگەی ئەو ئەلبومەو بەتایبەتی لە رێگەی گۆرانییەکانی (چۆن دڵت ھات و کێت خۆشدەوێ) بەشێوەیەکی بەرچاو لەلایەن جەماوەر و گوێگری گۆرانی کوردیی ناسرا.
(موحسین عەبدوڵڵا) ئەگەرچی ساڵانێکی زۆرە لە وڵاتی نەروێژ ژیان بەسەر دەبات، بەڵام ناوە ناوە بەسەردان دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، ئەو ھونەرمەندە لە دیدارێکی دا بۆ خوێنەرانی “ھەولێر” ئاماژەی بۆ چەند لایەنێک لە کارە ھونەرییەکانی خۆی بۆ کردین.
لەدەستپێکی قسەکانی دا گۆرانیبێژ (موحسین عەبدوڵڵا) لەبارەی نەبوونی بەرھەمی تازە، بەتایبەتی لەدوای ئەوەی ئەلبومی (کێت خۆشدەوێ) ھیچ بەرھەمێکی دیکەی نەبووە؟ لەوەڵامدا گوتی : “من دوای ئەوەی بڕیاڕمدا لەھەندەران دەست بکەمەوە بەکاری ھونەریی گۆرانی گوتن، ھەوڵمدا چەند کارێکی باش بھێنمە بوون، بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندییم کرد بە ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) کە ماوەی چەند ساڵێکە لە ھەندەران بۆ زۆرێک لە ئێمەی ھونەرمەندان بووە بە سەکۆیە و وێستگەیەک بۆ ئەوەی ئاواز و تێکستی گۆرانییمان بۆ ئامادە بکات، دیارە ئەو ھەوڵانەشی لە رێگەی چەندیین بەرھەمی ناوازەو جوانەوە کە بۆ ئێمەی ھونەرمەندانی داناوە ڕەنگدانەوەی زۆر باشی ھەبووە، ھەوڵی باشی داوە گۆرانکاری گەورە بکات”.
گوتیشی : “دوای ئەوەی ئەو ھونەرمەندەم ناسی ئەویش پاڵپشتی کردم لە ئەلبومەکەمدا (٥) گۆرانی ئاواز و ھۆنراوەی بۆ ئامادە کردم و ھەموو ئەو بەرھەمانەش زۆر بەچاکی چوونە ناو خەڵکەوە بەتایبەتی گۆرانی (چۆن دڵت ھات)، کە بووە پێناسەی کاری ھونەریی من، ھانەرێکی باشم بوو بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەربکەومەوە لە گۆرانی گوتن”.
(موحسین) ھەر لەبارەی گۆرانی (چۆن دڵت ھات)ـو چیرۆکی ئەو گۆرانییە گوایە بەسەرھاتی خۆیەتی؟ لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێت : “مەرج نیە ھونەرمەندێک کاتێکی گۆرانییەک تۆمار دەکات، پاڵەوانی چیرۆکی گۆرانییەکە خۆی بێت، بەڵام لەوانەیە ئەو گۆرانییە ببێتە سەرگوزشتەی چەندیین کەس، خەڵکێکی زۆریش لە روانگەی خۆیانەوە ببن بەپاڵەوانی چیرۆکەکە، ئەو گۆرانییە لەلایەن ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد)ـەوە، تێکستەکەی نووسراوەو ئاوازەکەش ھەر ئەو دایناوە، پێم وانیە ئەویش پاڵەوانی ئەو چیرۆکە بێت، بەڵام ئەوەی لەنزیکەوە من لەئەوم بیستووە، دەبێ گۆرانی وەک چیرۆکێک بێت سەرەتاو کۆتاییەکی جوانی ھەبێت، پێویستە گۆرانی بابەتێک بداتە بەر گوێچکەی بیسەر و بینەر، نەک چەند ووشەیەک بەدوای یەکتردا ریز بکرێت و ھیچی تر”.
ھەر لەبەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا لەباری بەرھەمی تازەی ھونەرمەند گوتی : “بەرھەمی تازەم لەبەردەستە ڕەنگە لەدھاتوویەکی نزیکدا بەشێوەی سینگل یا تاک تۆماری بکەم و پاشان کلیپی بۆ بکەم، بەڵام پێم وانیە جارێ بتوانم ئەلبومێکی گۆرانی بەرھەم بھێنم، مەگەر پاڵپشتیەکم ھەبێت، ئەگەرنا لەتوانای مندا نیە ئەلبومێکی گۆرانی بەرھەم بھێنم و پاشان من نەبمەوە بەخاوەنی ھیچ، لە ئەلبومی یەکەمدا ئەو زەرەرە ماددیەی کردم، وایکرد لەماوەی ئەو (٦) ساڵەدا ھیچ بەرھەمێکی دیکەم نەبێت، ئەگەرچی بەرھەمەکەی من زیاتر لە (٢٥٠٠٠) نوسخەی ئۆرجیناڵی لێفرۆشرا، ئەوە بە شایەتی تۆمارگاکانی ھەولێر و سلێمانی، جگە لەوەی کە کۆپی کراوە، بەڵام من نەبووم بەخاوەنی یەک دۆلار یەک دیناری ئەو ھەموو رێژە فرۆشتنە!”.
(موحسین عەبدوڵڵا)ـی گۆرانیبێژ لەبارەی کاری ڤیدیۆ کلیپی یەکێک لە گۆرانییەکانی لە کوردستان گوتی : “یەکێک لە تراکی گۆرانییەکانی ئەلبومی یەکەم لە ژێر ناوی (کێت خۆشدەوێ) بە ھاوکاری سپۆنسەری کەناڵی ئاسمانی کەرکوکtv کاری کلیپم بۆ بە ئەنجام گەیاند، ھەروەھا ھەریەک لە دەرھێنەر (دلێر عومەر)، کە بەشێوازێکی جوان کاری دەرھێنان و وێنەگرتنی لەگەڵ ستافی ئەو کەناڵە بە ئەنجام گەیاند، لە ئێستاشدا گۆرانییەکە لە رێگەی شاشەکانی تەلەفزیۆنەوە بڵاو کراونەتەوە، سوپاسیان دەکەم”.
لە کۆتایی دا ھونەرمەند (موحسین عەبدوڵڵا) لەبارەی گەڕانەوەی بۆ کوردستان بەیەکجاری گوتی : “ئەگەرچی لە ئێستادا زۆرینەی ھونەرمەندان دەبینم دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان و ژیان و کارە ھونەرەکانیشان ھێناوەتەوە بۆ ئەوێ، منیش خۆزگە دەخوازم رۆژێک لە رۆژان ئەو بڕیارە بدەم بگەڕێمەوە بۆ کوردستان، چونکە ژیانی تاراوگەش سەردەمانێک خۆشبوو، لە کۆتایشدا چارەنووسی ھەموو رەوەندێک تەنیا گەڕانەوەیە بۆ خاک و نیشتمانی خۆمان!”.