نووسین و ئامادەکردنی:عەلی حەمەڕەشید
گۆرانی یەکێکە لەو ھونەرە گرنگانەی کە منداڵان بەپەرۆشەوە گوێی لێدەگرن و چێژ و سودی لێوەردەگرن و بەخۆشییەوە دەیڵێنەوە.زۆرجار سەرنجمان داوە منداڵان گۆرانییەکیان لەبەر کردووە و دەیڵێنەوە کە نە لێی تێدەگەن و نەدەشزانن باسی چی دەکات،بەڵام ئەوان لەبەریان کردووە چونکە لەو ژینگەیەی کە ئەوانی تێدا دەژین زۆر دووبارەکراوەتەوە و لێدراوە،ئیتر ماڵ بێت یان قوتابخانە یان ھەر شوێنێکی تر کە منداڵ تێیدا دەژی یان بەزۆری سەردانی کردووە.مامۆستا( ڕەزا شوان) دەربارەی گۆرانی بۆ منداڵان لە نوسینێکدا بەناوی (سودەکانی گۆرانی بۆ منداڵان) بەم شێوەیە باس لەگۆرانی منداڵان دەکات: (گۆرانی ئەو چالاکییەیە، کە منداڵان بە ھەموو ھەستێکیانەوە، بە شێوەیەکی نەستی تیدا نوقـم دەبن.. بە ئازادییش گوزارشت لە ھەستەکانیان دەکەن.. ئەم ھەست و نەستەش ئارامییەکی قووڵی دەروونییان پێدەبەخشێت.. منداڵان حەز لە گۆرانی ڕیتمی خێرا دەکەن و حەزیان بە ڕیتمی خاو نییە.)ھەروەھا مامۆستا لە ھەمان نووسیندا دەڵێت: (شاعیری ناسراوی سوری (سلێمان ئەلعیسا) لە کێبەکەیدا (دیـوانی منـداڵان) دەڵێ:”لە منداڵان بگەڕێن، با سروود بچڕن، گۆرانی بڵێن، بە نرخترین دیاری کە پێشکەشیان بکەن، ئەو وشە جوانـانەن کە دەیانخـەنە سەر لێوەکـانیان.. بۆ ئەوەی کە زمانەکەیان خۆشبوێ.. بۆ ئەوەی کە نیشتمانەکەیان خۆشبوێ.. بۆ ئەوەی کە خەڵکی و گـوڵ و بەھـار و ژیانیان خۆشبوێ.. پێویستە فێری سـرودی خۆشیان بکەین.. ھۆنـراوەی جوانیان بۆ بنووسین”).کەواتە نابێت بە ھیچ شێوەیەک بەسادەیی و سانایی بڕوانینە ئەو گۆرانیانەی کە بۆیان ئامادە دەکەین، ئەو ھۆنراوانەی کە بۆیان دەنووسین، یان بۆیان ھەڵدەبژێرین تا ئاوازیان بۆ دابنرێن و بکرێن بە گۆرانی،بەڵکو پێویستە بە وردی و شارەزاییەوە بێت و گرنگی زۆریان پێبدرێت، چونکە منداڵان بە شێوەیەک وەری دەگرن کە کاریگەری لەسەریان دروست دەکات و دوایی بە ئاسانی ناتوانرێت ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی کە لەسەر منداڵ دروستی کردووە لاببرێت.خۆی سەرچاوەی گۆرانی ھۆنراوەیە، ھۆنراوەش بۆ منداڵان تایبەتمەندی خۆی ھەیە ، بۆیە واباشە چۆن شاعیری بواری منداڵان شارەزایی لە تایبەتمەندییەکانی ھۆنراوەی منداڵاندا ھەیە بەھەمان شێوە واباشە ئاوازدانەر ئەوانەی کە کار بۆ منداڵان دەکەن ھەوڵبدەن کە بزانن ئەو تایبەتمەندییانە چین کە پێویستە لە ھۆنراوەی منداڵاندا ھەبێت ، تا بتوانن بەشێوەیەکی دروست ئەو ھۆنراوانە ھەڵببژێرن کە مەرجەکانی تێدایە تا ئاوازی بۆ دابنێن و بیکەن بە گۆرانی . نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کە پێویستە بە ئەمانەتەوە وەک خۆی و بەبێ گۆڕانکاری کاری تێدابکات، خۆ ئەگەر ویستی وشەیەک یان دێڕێک لە ھۆنراوەکەدا بگۆڕێت واباشە پەیوەندی بە خاوەنی ھۆنراوەکەوە بکات کە لە ئێستادا زۆر ئاسانە و بەزوویی دەتوانێت ئەو کارە ئەنجام بدات لەڕێی مۆبایل یان تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە یان ئیمێڵەوە.
من بۆ ئەو مەبەستە بۆ ھۆنراوەکانم کە کردوویانن بە گۆرانی زۆر پەیوەندیم پێوە کراوە و توانیومانە بە ھەردووکمان مەبەستم من و ئاوازدانەرەکەیە ئەوە ئەنجام بدەین کاتێ زانیومە مەبەستەکەی چییە و چۆنی دەوێت،چونکە ھەندێکجار ھەندێک وشە لەوانەیە قورسییەک بۆ ئاوازەکە دروست بکات کە ئەوەش ئاساییە بکرێت بە وشەیەکی تر کە ھاوواتای بێت یان نزیک بێت لێی.لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا پێویستە ناوی شاعیرەکە بەباشی بنوسرێت ،نەک نەنووسرێت و فەرامۆش بکرێت کە ھۆنراوەکە ھەوێنێکی سەرەکی دروستبوونی گۆرانییەکەیە.لەم ڕۆژانەدا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ شاعیری مەزن مامۆستا (لەتیف ھەڵمەت ) دا کە دەربارەی ھۆنراوە و گۆرانی منداڵان بوو ،سێ ھۆنراوەیان بۆ ناردبووم بەدوای خاوەنەکانیاندا دەگەڕام کە بەداخەوە تائێستاش بۆم نەدۆزراوەتەوە.وتی مامۆستا:( بەڕای من لەناو کورد دا تەنانەت مۆسیقا ژەنە گەورەکانیش شیعرناسیان کەم تیایە ئەوان ئاوازناسن نەک شیعرناس لەبەر ئەوە دەبێ شیعرناس شیعریان بۆ ھەڵبژێرێ) ئەو زیاتر مەبەستی ئەوە بوو کە پێویستە ئەو شیعرانەی کە ھەڵدەبژێررێن بۆ ئەوەی بکرێن بە گۆرانی و بەتایبەتی بۆ منداڵان،مەرجەکانیان تێدابێت ، لەڕوی ھونەری شیعرییەوە،کێش و سەروا،بوونی مۆسیقای ناوەوەی شیعرەکە،ناسکی،گونجاندنی بۆ تەمەنی منداڵ، کە ئەمە وادەکات گۆرانییەکە لەگەڵ ئاوازەکەدا ببنە دووانەیەکی جوان و لێکدانەبڕاو و سودی خۆیان بگەیەنن بە منداڵ.زۆر گۆرانی باش و جوانمان ھەیە کە بۆ منداڵان کراون و لەگەڵ ئەوەی کە منداڵان چێژ و خۆشییان لێوەردەگرن لە ھەمان کاتیشدا سودیان لێوەردەگرن و دەتوانن لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەکاری بھێنن،کە پێویستە دەستخۆشی لەوانە بکەین کە کاریان تێدا کردووە و بەرھەمیان ھێناوە.بەڵام جاری واش ھەیە گۆرانییەک دەبینین یان گوێی لێدەگرین،لەگەڵ ئەوەی کە ماندوو بوونێکی زۆری پێوە دیارە کەچی ھەر لە ناونیشانەکەیەوە بە ھەڵە دەستی پێکردووە ،ئەگەر ئاوازدانەرەکە کەمێک لەگەڵیدا زیاتر خۆی ماندوو بکردایە ئەوا ئەو ھەڵە زەقەی نەدەکرد.بۆ نمونە ھۆنراوەی (کەروێشک)ی شاعیری مەزن (گۆران) کە خۆی بەم شێوەیەیە:
کەروێشک لەنـــــــاو لانە
گوێی لەســـــەر پشتی دانا
چـــاوی نووقاند پرخە پرخ
نووست تا ڕاوکەر وتی:پخ!
ئەمجا ھەردوو گوێی لەقان
شانی پیاکـــــرد بەبازدان
کەروێشک، نزیکــە دوژمن
کەروێشک ڕاکــە قونە قون..
کەچی کراوە بە (کەروێشک لانە و لانە..گوێی لەسەرپشتانە) کە وەک ئەوە وایە تەماشای دیوانی گۆرانی نەکردبێت تا بەدروستی ھۆنراوەکە بنووسێت و بەکاری بھێنێت. ئاشکرایە کە پەروەردە و مۆسیقا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و نزیکیان ھەیە و لەگەشە کردن و بنیاتنانی کەسێتی منداڵیشدا کاریگەریان ھەیە.بۆیە بۆ ھەڵبژاردنی مۆزیک و ھۆنراوەش بۆ گۆرانی پێویستی بەسەلیقەی ورد و شارەزایی باش ھەیە وەک پێشتر باسمان کرد،تا بەشێوازێکی پەروەردەیی گونجاو ئەو کارەی کە ئاراستەی منداڵان دەکرێت بێتە بەرھەم.
گۆرانی یەکەم جۆری ھونەر و ئەدەبیاتی منداڵانە و بەتەواوییش پەیوەستە بە ژیانیانەوە و ھەر لەدوای لەدایکبوونیەوە دایک پێش ئەوەی بخەوێت منداڵەکەی بەلایلایە لاواندۆتەوە و ئارام کردۆتەوە .بۆیە گۆرانی بایەخ و گرنگی تەواوی خۆی ھەبووە و ھەیە .ئەوەتا لە زۆربەی وڵاتانی جیھان لە بۆنە تایبەتییەکانی منداڵاندا کۆنسێرت و فیستیڤاڵ و ئاھەنگی مۆسیقا و گۆرانی بۆ منداڵان سازدەکرێت و لەڕێگەیەوە بێجگە لە چێژ و خۆشی پەیامە پەروەردەیی و زانستی و ئاشتی و ژیاندۆستی و ژینگەدۆستی و……ھتد دەدرێن بە گوێی منداڵاندا و لەکوردستانیشدا بەھەمان شێوە بۆ ئەو مەبەستە کار کراوە و بەردەوامیشە بەڵام وەکو پێویست نییە بۆیە ھیواخوازین کە زیاتر گرنگی پێبدرێت.
لە گۆرانی منداڵان ئامانجمان ئەوەیە کە ھەوڵی ئەوە بدەین کە منداڵان لەڕێگەی گۆرانییەوە زیاتر تێکەڵ دەبن و کۆمەڵایەتی دەردەچن بە مەرجێک ھۆنراوەی گۆرانییەکان وەک ئەوە بێت کە پێشتر باسمان کرد. لە کۆتایی ئەم بابەتەدا پێویستە زیاتر ئەوە دووپات بکەینەوە کە ئەو گۆرانییە پەروەردەییانەی کە ئاراستەی منداڵان دەکرێن، زۆر گرنگ و کاریگەرن لە ژیانی منداڵاندا، چونکە باوەڕبەخۆبوون بە منداڵان دەبەخشێت و فێری گفتار و ڕەفتار و خووڕەوشتی باشیان دەکات، ھەروەھا لە ھەمان کاتیشدا ھاوکار و یارمەتیدەرە بۆ داھێنان و سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی توانا و بەھرەکانی منداڵان.
مامۆستا (ڕەزا شوان) لە بەشێکی تری نووسینەکەیدا دەربارەی سوودەکانی گۆرانی بۆ منداڵان دەڵێت : (گۆرانی ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لە فێرکردن و لە ڕۆشنبیری کردن و لە بە کۆمەڵایەتیی کردنی منداڵان، گۆرانی ھەست و ویژدان دەبزوێنێ و دەدوێنێ، لە سایەی گۆرانیدا گەلێ سوود و ئامانجی پەروەردەیی و زمان و کۆمەڵایەتی و دەروونی و جەستەیی منداڵان دێنەدی)
بۆ ئەم بابەتە سودم لەمانە وەرگرتووە:
١. https://alrai.com/article
٢. https://www.emrro.com/sudekanig.htm
٣. https://www.youtube.com/results?search_quer
٤. دیوانی گۆران .
٥. گۆڤاری کوردجینیەس بۆ منداڵان ژمارە( ٢) ساڵی ٢٠٢٢.
Discussion about this post