وشیار ئەحمەد ئەسوەد :کە دەڵێم گۆرانییە سیاسییەکەی (سەمیرە سەعید) کە بەتایبەت بۆ ھەولێری گوتووە، دروست ھەڵوێستەکە سیاسییە نەک میلۆدی و تێکست و موزیکی گۆرانییەکە،
واتە بە ئەنجامگەیاندنی بەرھەمەکە وەک خۆی سیاسییە، نەک گۆرانییەکە، بێگومان (سەمیرە) نازانێ لەم گۆرانییەدا سیاسییانە بیر بکاتەوە و سیاسەت کاری ئەو نییە، تەنانەت ئەگەر پێشیان گوتبێ کە ھەولێر لە ساڵی داھاتوودا دەبێتە پایتەختی وڵاتە عەرەبییەکان لە گەشتەوەری، ئەو لە سۆنگەی گەشتەوەرییەوە لە بەرھەمەکە دەڕوانێ نەک دۆخی کوردستان و کورد و مێژووی ئەم وڵاتە لە رووی سیاسییەوە کە ھیچی لەبارەوە نازانێ. ئەو نە عەشقی ھەولێرە و نە کوردستان و نە ھیچ کاتێکیش خەونی بەو وڵاتەی ئێمەوە بینیوە، کوردستان بۆ ئەو خەمێک نییە تا بتوانێ داھێنان لە سەما دەنگییەکان بکات و لە رۆحەوە گۆرانیی بۆ بڵێ. ئەگەر نا ئەوا ئێمە بەدەنگی (سەمیرە) ئاشناین و دەزانین خاوەنی دەنگێکی ناوازە و یەکێکە لە دەنگە ناودارەکانی گۆرانیی عەرەبی.
بڕوا ناکەم ھیچ کەسێک ئەگەر لە رووی ھونەرییەوە وشیار بێت لەم بۆچوونەدا جیاوازیی لەگەڵ مندا ھەبێت. واتە ھەموو دەزانین لە ساڵی داھاتوودا ھەولێر دەبێتە پایتەختی وڵاتە عەرەبییەکان لە گەشتەوەری و بەم بۆنەیەوە حکوومەتی کوردستان ئامادەیی بۆ دەکات و بەتایبەتیش پارێزگای ھەولێر. لەوەش زیاتر ھەموو دەزانین ئەو گۆرانییە دەچێتە خانەی ئامادەکاریی چالاکییەکانەوە. لەمانەش زیاتر دەزانین لە پشتی ئەم جۆرە چالاکییەوە سیاسەت کار دەکات، بۆ ئەمەیان ھەزار جار دەستخۆش بۆ حکوومەت و ھەموو ئەوانەی لە بوارەکەدا کار دەکەن، بەڕاست کوردستان پێویستیی بەم چالاکییانەیە. دوای ئەمانە ناتوانین گۆرانییەکەی (سەمیرە سەعید) لە رووی سیاسییەوە بەھەند وەرنەگرین، بۆ ئەوەش دەستخۆش بۆ ھونەرمەند (ھەڵکەوت زاھیر) کە کارەکەی راپەڕاندووە و سەرپەرشتیی کردووە، بەڵام ناکرێ چەواشەمان بکات کە بە چ ئامانجێک ئەو کارەی کردووە. “ئەو بەرھەمە دیارییەک نییە بۆ ھەولێرییەکان کە ئەو ھونەرمەندە ماوەیەکە لە رێگەی فەیسبووکەوە بەو شێوەیە دەریدەخات، راستە بۆ ھەولێرە، بەڵام بۆ ئەو چالاکییەی پایتەختبوونی ھەولێرە بۆ ساڵی ٢٠١٤ی وڵاتە عەرەبییەکان بۆ گەشتەوەری. ئەگەر نا، دەبوو گۆرانییەکی بە کوردی بۆ ھەولێر بەرھەم بھێنایە و ئەوکات دەبووە ئەو گۆرانییەی دەیویست بۆ ھەولێرییەکانی بکاتە دیاری، نەک گۆرانی بۆ چالاکییەک کە ھەموو خەڵکی کوردستان خاوەنین”. ئەو گۆرانییانەی پێشتر بۆ ھەولێر کراون بۆ ھەموومان ئاشکرا و دیارن، بۆ نموونە گۆرانیی “ھەولێرە”ی ھونەرمەند (فەرھەنگ غەفوور)، گۆرانیی “خەڵکی قەڵا و منارە”ی ھونەرمەند (دانا عەبدولجەبار)، گۆرانیی “ھەولێر ھەولێر”ی ھونەرمەندی خوالێخۆشبوو (فوئاد ئەحمەد) و گۆرانیی “ھەولێرمان چەند رەنگینە”ی ھونەرمەندی خوالێخۆشبوو (شەوکەت تۆفیق) و ھی تریش.
سەیرە! ھەموو دەزانین زۆربەی گەنجانی کوردستان و بەتایبەتیش ھەولێرییەکان زمانی عەرەبی نازانن، بەتایبەتیش زۆربەی ئەو گەنجانەی نەوەی دوای ساڵی ١٩٩١ی راپەڕینەکەی کوردستانن کە ئێستا گەورە بوون. ئێمەش کە فێری زمانی عەرەبی بووین، ئەوە سەرکوتکردن و داگیرکاریی (سەدام) بوو فێری کردین نەک بەویستی خۆمان، ئاشکرایە گەنجی کورد ئەوەندەی حەزیان لە زمانی تورکی و ئینگلیزییە و ھەندێکیش فارسی، کەمتر بە دەربەستی زمانی عەرەبین، بۆیە ئەوەی بیەوێ گۆرانییەک بکاتە دیاری بۆ ھەولێرییەکان، دەبێ گۆرانییەکە بەزمانی کوردی و شێوازی کوردی بێت نەک گۆرانییەکی عەرەبی و بەھەمان ستایل.
پێشتر گوتوومە کە (ھەڵکەوت زاھیر) یەکێکە لە ئاوازدانەرە بەتواناکان و لە ھەندێک بەرھەمدا توانیویەتی داھێنان بکات، بەتایبەتی لەو گۆرانییانەی بۆ ھونەرمەندانی عەرەب کردوونی توانیویەتی تا ئاستێک باشوەستا بێت.. لە گۆرانییە کوردییەکانیشدا جارجار موەفەق بووە و جارجاریش نا، بۆ ئەمەیش قسەم لەسەری کردووە و ئەگەر پێویستیش بکات ئامادەم پتر قسەی لەسەر بکەم و ھیچکات پەشیمان نیم لەوەی گوتوومە. بەڵام (ھەڵکەوت) نەیتوانیوە بڕوا بەئێمە بھێنێ کە ئەو گۆرانییەی بۆ (سەمیرە)ی کردووە بیکاتە دیاری بۆ ھونەردۆستانی ھەولێر و بۆ ئەوەش پێویستی بەموجامەلەکردن نییە، بەڕاست لێشی نایە و بەو شێوەیەش نەھاتووەتە ناسین. ئەو توانای ھونەریی فرەی ھەیە و دەتوانێ بەرھەمی بەپێزی کوردی بێنێتە کایەوە.
گەشەکردنی کاری ھونەری دەچێتە بۆتەی داھێنانەوە و بەرھەمی باش خۆی دەسەپێنێ، نەک ھەوڵدان بۆ ئەوەی لە رێگەی موجامەلەکردنەوە بەرھەمەکەی بکاتە دیاری و لەلای خەڵک خۆشەویستی بکات، بەرھەمێک ئەگەر لە سەرچاوەوە داھێنانی تێدا نەبێت و خۆشەویست نەبێ، ھونەرمەند ناتوانێ بە موجامەلەکردن خۆشەویستی بکات!، لەوەش زیاتر کاتی ئەوە ھاتووە بە ھونەرمەند (ھەڵکەوت زاھیر) بڵێین موجامەلەکردن شکستی بەدواوەیە و ناشاز لە ھەڵوێستەکان دەنوێنێ.. لەوەش زیاتر با گۆرانییەکی کوردی بۆ ھەولێر و ھەولێرییەکان بکاتە دیاری، ئەوسا لە رووی ھونەرییەوە یان دەستخۆشیی لێدەکەین وەک ھەندێک لە بەرھەمەکانی پێشووی، یان دەیخەینە بەر نەشتەرکاریی رەخنە.. ناکرێ بەھەموو کارێک بڵێین ئافەرین و ستایشی بکەین، خۆ ئەم بەرھەمەش وەک ئەو گۆرانییە نییە کە بۆ “خێڵی ھەمەوەند” کردی و دەیویست بیکاتە موجامەلەکردنی عەشیرەتێک تەنیا بۆ ئەوەی جەماوەرەکەی فرەوان بکاتەوە کە لەمەشدا نەیتوانی “گۆڵ” بکات، چونکە نەبووە خاوەنی بژاردەیەکی تایبەت لەناو ھونەرمەندان و ھونەردۆستان.. خۆشەویستبوون وا نابێ، لە کاتێکدا ئەو گۆرانییە “خێڵی ھەمەوەند” بەزوویی لە بیر چووەوە و نەکەوتە ئاستێکەوە بھێنێ قسەی لەسەر بکرێ، تەنانەت بۆ جەماوەریش نەکەوتە بەر دڵان.. بۆیە ھونەر موجامەلەکردن ھەڵناگرێ، نەک ھەر ئەوە، بەڵکو بۆ ھونەرمەند کاریگەری نەرێنیی لەسەر داھێنانەکانی تریشی دەبێت، چونکە جەماوەر چاوەڕیی ئەوە لە داھێنەر دەکات مێشکی بە کاری داھێنان و نوێگەری زاخاو بکات، نەک موجامەلەکردن و عەشیرەتگەری و کاری نەخوازراو کە ئەوە بەھیچ شێوەیەک لە ھونەرمەند (ھەڵکەوت زاھیر) چاوەڕێ ناکرێ، بێگومان ئەو بە زیت و چالاک و داھێنەر ناسراوە… کەچی وایکرد!.
بێگومان ھەڵسەنگاندن بە ئەرێنی و نەرێنی دەچێتە خزمەتی ھەر بەرھەمێکەوە، ئەوەیش کە ھونەرمەند (ھەڵکەوت زاھیر) بۆ دەنگی (سەمیرە سەعید) کردوویەتی کارێکی گەورەیە و دەھێنێ لە داھاتوودا ئەگەر بوار ھەبێ قسەی لەسەر بکەین، “بەڵام ئەوەی لەم نووسینەدا تیشکمان خستووەتە سەر، ھەڵوێستی (ھەڵکەوت)ە کە دەیەوێ راستەڕێیەکەمان لێ بشێوێنێ کە ئەمەش ناشازە، ئەوەندە ناشازە، بەقەد دەنگی “من” لە ناشازیدا کە بمەوێ مەقامی پێ بڵێم، (بێگومان مەبەستم لە دەنگی پیریمە لە ئێستادا)، لەو حاڵەتەدا نەک ھەر جەماوەر، تەنانەت خۆیشم لە خۆم بێزار دەبم، وەک ئەوەی پێشتر ویستم خۆم لە ھاوشانی مەقامگوتن ببینم و ماڵی ئاوابێ (ھەڵکەوت زاھیر) بووە فریاڕەس”.
باشترە ئەو ھونەرمەندە مامۆستایە بۆ سەرنجڕاکێشانی خەڵک و بەتایبەتیش گەنج ھەڵوێست نەنوێنێ، ھەر کارێکی ھونەری بکات و بیخاتە بەردەست، ھەڵسەنگاندن بۆ خەڵکی تر جێبھێڵێ وەک پێشتر ھەڵسەنگاندنمان بۆ کارەکانی کردووە، نەک ھەر لە سەرەتاوە کە ھیچ کەسێک گوێی لێ نەبووە، ئەو خۆی ھەڵسەنگاندنی بۆ بکات و بیکاتە دیاریی ھەولێرییەکان!.