گۆرانیبێژ عزەدین شاھۆیی: زۆر گرنگە گۆرانیبێژ ژەنیار بێت
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
ھونەرمەندی گۆرانیبێژ عزەدین محەمەد سمایل ناسراو بە( عزەدین شاھۆیی) ، لە ١٩٧٠-٦-١ لە گوندی ئیلنجاغی بچووکی ناوچەی قوشتەپەی شاری ھەولێر لەدایک بووە، ئاشنابوونی بە ھونەری گۆرانی بۆ سەردەمی منداڵی و سەردەمی ھەرزەکاری دەگەڕێتەوە، لە ڕێگای ئێزگەی کوردی بەغدا گوێی لە گۆرانیە کوردیەکانی دەگرد ھەرچەندە، زۆر جار ڕێگری ھەبوو لە بنەماڵەکەی و کاریگەری کەلتووری ھۆکارێک بوون بۆ کارەکانی.گۆرانیبێژ شاھۆیی لە ساڵی ٢٠١٩ کۆمەڵێک گۆرانی لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکی تۆمار دەکات و دواتر لە تۆڕی کۆمەڵاتیەتی فیس بووک بڵاوی دەکاتەوە و ئەوە بوو دەنگدانەوەیەکی باشی پەیداکرد، دوای ئەو دەنگدانەوەیە چەندین بەرنامەی تەلە فزیۆن و ڕادێۆیی ساز لەگەڵ سازکرا، شاھۆیی زیاتر کاری لەسەر بەرھەمە فۆلکۆریەکان کردووە کە ھەوڵیداوە زیاتر ئیش لەسەر ئەو ئاوازە فۆڵکلۆریانە بکات کە ساڵانێکی دوور ودرێژە فەرامۆش کراون ودووبارە تۆماری کردۆتەوە بەڵام بە مۆسیقایێکی باشتر و بە دەنگێکی نوێ بەگوێی گوێگرانی ئاشنا کرد ئێمە لەنزیکەوە بە چەند پرسیارێک ئەم ھونەرمەندەمان بەسەرکردوە.
* سەرەتا بابزانین چۆن ئاشنای ھونەری گۆرانی وتن بوویت؟
– ئاشنابوونم بە ھونەری گۆرانی بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە کە لە منداڵی و سەردەمی ھەرزەکاری لە ڕێگای ئێزگەی کوردی بەغدا گوێم لە گۆرانیە کوردیەکان دەبوو لەو تەمەنەوە ھۆگر و گوێگری ئەو ھونەرە بووم،بەھۆی بوونی بەھرەی دەنگ خۆشیم تێکەڵ بە ئاوازو گۆرانی بووم.
* کامەن ئەو گۆرانیبێژانەی کاریگەریان لە سەرتۆدا ھەبووە،یاخود بەدەنگیان سەرسامیت؟
– گەورە ھونەرمەندانی کورد زۆرن کە کاریگەریان لەسەر من ھەبووە، بەڵام دەنگی چەند ھونەرمەندێک جیاوازتر دەھاتنە بەرگوێم وەکو مامۆستایان حەسن زیرەک ، ماملێ ، محمد عارف جەزیری، عەزیز شارۆخ ، کاوێس ئاغا…ھتد بەرھەمەکانیان بوون بەھەوێنی بەھرەیی ھونەریم.
* لەسەرچ بنەمایەک تێکستی گۆرانییەکانت ھەڵدەبژێریت؟
– ئەو گۆرانیانەی تایبەتن بە خودی خۆم ھەوڵم داوە ئەو ھۆنراوانە ھەڵبژێرم کە زیاتر لەگەڵ سروشت و کەسایەتی من گونجاو بێت لە ھەمان کاتدا گرنگە ھۆنراوەکان گوزراشت لەرەسانایەتی کوردی بکەن.
* تا چەند کلیپکردن بۆ گۆرانیبژ گرنگە ، ئاستی کلیپی گۆرانییە کوردییەکان چۆن دەبینی؟
– بێگومان کلیپ کردن بۆ کارە ھونەریەکانی ھەر ھونەرمەندێک بۆ بەرەو پێشچونیەتی لە بوارەکەدا گرنگە بەڵام زۆر جاریش گوزەران و باری داری کەسەکە دەبێتە ئاستەنگ لەبەر دەم کارە ھونەریەکان، بۆیە کلیپ بە گرنگ دەزانم، ئاستی کلیپی گۆرانییەکوردییەکان باشن بەڵام مانای ئەوە نییە ھەموو کلیپەکانیش باش بن.
* بەرێزتان زیاتر لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان بەرھەمەکانت بڵاودەکەنەوە، کەمتر لە تیڤییەکان دەردەکەون ھۆکارەکەی بۆ چی دەگەرێتەوە؟
-لەوانەیە بەشێکی ئەو وەڵامە لای کەناڵەکان بێت …بەشەکەی تر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شێوازە کلیپ کردنەی من کە کردوومە بۆ کارەکانم و جگە لەخودی خۆم ھیچ کەسێکی تر لە کلیبەکانم نمایش نەکراوناکرێن بۆنموونە وەکو بەشداری کردنی ئافرەت …ڕەنگە لەی زۆرێک لە کەناڵەکان ئەوە مەرجی سەرەکی بێت ! بە داخەوە.
* ئایا مەرجە گۆرانیبێژ ژەنیار بێت ؟
– بەڵێ زۆر گرنگە گۆرانی بێژ ژەنیار بێت و سەرکەوتوانەتر دەتوانێ کارە ھونەریەکانی باشتر ئەنجام بدات،لە ھەمان کات دا ھاوکارێکی باشی ژنیارەکان دەبێت،چ لە کاتی تۆمارکردنی گۆرانیەکان یاخود لە کاتی سازدانی کۆنسێرتەکان بە شێوەیەکی زیندوو.
* لە ئێستادا چەندین فۆرمی گۆرانی ھەن بۆنموونە وەک ( ڕاپ) چۆن دەڕوانیت ئەم شێوازانە بەتایبەتی بۆ نێو کۆمەڵگای کوردی؟
– بە بۆ چونی من ” ڕاپ” جۆرێکە لەو شێوازە ھونەری کە نامۆیە و جێگای نابێتەوە لە چوار چێوەی مێژووی ھونەری ڕەسەنی کوردی و شتێکی کاتی یە بەڵام ھەندێ لە گەنجەکان حەزی لێدەکەن.
* ھیچ بەرھەمێکی نوێت لە ھەگبەدایە؟
– بەڵێ چەند بەرھەمێکی نوێم لەبەر دەستە و کاریان لەسەر دەکەم و بەو ھیوام تەمەن ڕێگام پێبدات و ئەنجامیان بدەم بیخەمە بەر گوێی بیسەران.
ناوی ھەندێ لە گۆرانییەکانی ھونەرمەند عزەدین شاھۆیی: گۆرانی “سیلەی چاو “ھۆنراوەی م. قادری علیخا ئاواز ی ناسری کریمی،گۆرانی “گەڵای تەمەن “ھۆنراوەی د. ژیلوان تاھیر ئاواز ی عزەدین شاھۆیی ،گۆرانی” ئاوێنەی ئەوین”ھونراوەی ؛م. قادری علیخا ئاوازی عزەدین شاھۆیی ،گۆرانی” لە یادمی” ھۆنراوەو ئاوازی کەمال یابە، گۆرانی “شەوی تاریک” ھۆنراوەی حسێن شریف پەناھی ئاواز و وتنی عزەدین شاھۆیی ،گۆرانی “پەری شیعر” ھۆنراوەی حسێن شەریف پەناھی ئاواز و وتنی عزەدین شاھۆیی.
Discussion about this post