کارۆخ مەلائەسعەد و عەبدولغەفار عەبدوڵڵا: (ئەژدەر وەھبی): “ھەندێک جار لە لایەن میوانانی ئاھەنگەکەوە گیروگرفتمان بۆ دروست بووە، بەڵام بۆ ئەو کۆنسێرتانەمان بەرنامەڕێژییەکی وەھامان کردووە، کە دوور بێت لە ھەموو شەڕ و ناخۆشییەک.”
ھونەرمەندان (ناسر ڕەزازی، میکایل، ئەژدەر وەھبی، بڵند عەبدوڵڵا، ھانی، ڕۆژ کەریم، ھێمن حوسێن، ئەمیر حەسەن)، بە بۆنەی ھاتنی نەورۆزەوە چەند ئاھەنگێک لە دەرەوەی وڵات ساز دەکەن و ئێستا سەرقاڵی خۆ ئامادەکرنی ئەو گەشتە ھونەرییەن.
لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” (ناسر ڕەزازی) گوتی:”لەگەڵ ئەوەی کە نەورۆز لای ھەر تاکێکی کورد پڕە لە مانا و تەعبیری جوان، ھاوکات جەژنێکی پیرۆزیشە و، ئەو ڕۆژە دڵخۆشی و ئاسوودەیی دەبەخشێت بە ھەموو کوردێکی دنیا. لەو چوارچیوەیشدا ئێمە وەک ھونەرمەندان قۆڵمان لێ ھەڵماڵیوە بۆ سازکردنی کۆمەڵە کۆنسێرتێک لە دەرەوەی وڵات، بۆ ئەوەی ڕەوەندی کوردیش لە دەرەوەی وڵات بێ بەش نەبن لە خۆشی و ئاھەنگەکانی نەورۆز.”
لە لای خۆیەوە (ئەژدەر وەھبی) کە یەکێکە لەو گۆرانیبێژانەی بەشدارە لەو ئاھەنگانەدا و ڕێکخەری ئەو کۆنسێرتانەی ئەوروپایە بۆ “ھەولێر” ئاماژەی دا، کە بەرنامەیان ھەیە لە چەندین وڵاتی ئەوروپی کۆنسێرت ساز بکەن، وەکوو لە ئەڵمانیا لە چوار شاردا کۆنسێرتیان ھەیە. لە شاری (نورنبێرگ، کوێڵن، مانھایم، میوینشن)، لە وڵاتی سویدیش لە (یۆتۆبۆری) کۆنسێرت بەڕێوە دەبەن و گۆرانیبێژەکانیش ئەمانەن (ناسر ڕەزازی، میکایل، بڵند عەبدوڵڵا، ھانی، ڕۆژ کەریم، ھێمن حوسێن، ئەمیر حەسەن).
ھەر لەم بارەیەوە ئاماژەی دا، ھونەرمەندانی بیانی دێن بۆ کوردستانی باشوور و ئاھەنگی سەرکەوتووانە و جوان پێشکەش دەکەن، ئێمەیش لە مەودوا ھەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە، بۆ ئەوەی بەردەوام بین لەم جۆرە چالاکییانەی کە بۆ نەورۆز لە ھەگبەمان دایە، بەڵام ھونەرمەندەکان پێویستە زیاتر پشت بە خۆیان ببەستن بۆ پێشکەیشکردنی ھونەرێکی جوان و رەسەن و پڕ واتا.
ھەر لە چوارچێوەی ئاھەنگەکانی چەژنی نەورۆزدا، نوێنەرایەتیی کورد لە فەڕەنسا یادەکانی ڕاپەڕین و نەورۆز بەرز ڕادەگرێت.
نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێم لە فەڕەنسا بە ھەماھەنگیی گروپی چوارچرای باکوور ، بە بۆنەی یادەکانی نەورۆز و ڕاپەڕین، کۆنسێرتێکی ھونەری بۆ ھونەرمەندان (بڵند ئیبراھیم و ھانی) ، ڕێک دەخات.
لە لێدوانێکیدا (خەمان زرار) نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا بە “ھەولێر”ی گوت: ” نوێنەرایەتیی کورد لە فەڕەنسا لە چوارچێوەی چالاکییە ڕۆشنبیری و ھونەرییەکانیدا، بە بۆنەی یادەکانی ڕاپەڕین و نەورۆز بە پەیامی یادێک بۆ بەرزڕاگرتنی نەورۆز و ڕاپەڕین چەند چالاکییەکمان لە بەرنامە دایە.”
خەمان گوتیشی:”لەوچوارچێوەیەدا لەگەڵ ھاتنی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، لە ٢١\٣\٢٠١٢ دا، کۆنسێرتێکی گۆرانی و مۆسیقا بۆ ھونەرمەند “ھانی” بە ھەماھەنگیی گروپی چوارچرای باکوور لە پەیمانگای جیھانی عەرەبی لە پاریس ڕێک دەخەین، ھەر بە بۆنەی ئەو چالاکیانەی وا تایبەتن بە یادەکانی ئادار و نەورۆزەوە، کۆنسێرتێکی گۆرانی و موزیک بۆ ھونەرمەند (بڵند ئیبراھیم) لە (کلێر مۆند فیران) لە باشووری فەڕەنسا ساز دەکەین.”
لەکۆتایی قسەکانیدا (ئەژدەر) گوتی: “لەوەتەی لە ئەوروپا ئاھەنگ بۆ رەوەندی کورد رێک دەخەین، ھەندێکجار لە لایەن میوانانی ئاھەنگەکەوە گیروگرفتمان بۆ دروست بووە، بەڵام بۆ ئەو کۆنسێرتانەمان بەرنامەڕێژییەکی وەھامان کردووە، کە دوور بێت لە ھەموو شەڕ و ناخۆشییەک.”