پێش ئه‌وه‌ی کورد له باشوور میدیای ئازادی خۆی هه‌بێت کاتێک که تیپه مۆسیقیه کوردیه‌کان ده‌چوونه به‌غدا هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که کوردن و وه‌کو ئامرازێک بۆ ته‌نگ پێهه‌ڵچنین به کهڵچهرهکهمان و دواتر له‌ناو بردنی هه‌تاهه‌تایی، به‌ر پرسانی ئه‌و ده‌زگایانه هه‌ر له به‌یانیه‌وه رایان ئه‌گرتن تاوه‌کو له نیوه‌شه‌ودا یان به‌ره‌به‌یان ڕێگه‌یان پێ ئه‌دان بچنه ستۆدیۆ بۆ تۆمارکردنی به‌رهه‌مه‌کانیان ، ئێستاش پاش زیاتر له هه‌ژده ساڵ ئازادی حوکمڕانی خۆمان هه‌مان شت دووباره ده‌بێته‌وه به‌ڵام ئه‌مجاره به‌ده‌ستی خۆمان.
من سه‌ره‌تا وه‌کو هونه‌رمه‌ندێک ، هه‌روه‌ها وه‌کو هاو وڵاتیه‌کی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان که هه‌موومان خه‌باتمان کردووه (هه‌ر یه‌که به ئامرازی خۆی) له پێناوی هێانه‌دی ئه‌مڕۆژه دا که خه‌ونی باب و باپیرانمان بوو ، هه‌قی خۆمه که باس له‌و ناهه‌قیه‌یان بکه‌م که به‌داخه‌وه تا وه‌کو ئه‌مڕۆش ده‌رهه‌ق به هونه‌رو هونه‌ر مه‌ندی کورد ده‌کرێت من نامه‌وێ باس له غه‌می هونه‌رمه‌دانی تری هاوپیشه‌و هاو ئازارم بکه‌م چوونکه ئه‌وانیش ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندنه کوردیه‌کانه‌وه هه‌ریه‌که‌و لایه‌نێکی ئه‌و خه‌مه بخه‌ته ڕوو به‌ڵام من بۆ خۆم ده‌توانم به‌کورتی له ده‌روازه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ی که ئه‌م ئێواره‌یه که له‌زۆربه‌ی ڕۆژنامه ئه‌لکترۆنیه کوردیه‌کانه‌وه بڵاو کراوه‌ته‌و و که ده‌ڵێت :
( ئه‌لیسا خانمه گۆرانیبێژی عه‌ره‌بی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک لوبنانی گه‌یشته هه‌ولێری پایته‌خت و به‌ڕێز لێپرسراوی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێم پێشوازی لێکرد). هه‌ندێک داخی دڵی خۆم هه‌ڵڕێژم . تۆ بڵێی ئه‌لیسا کچی ئال ئه‌لحه‌ریری نه‌بێت و نه هاتبێت بۆ خستنه گه‌ڕی سه‌روه‌ت وسامانی باوکیان له بواری کاره‌بادا له کوردستان؟ یان نامه‌یه‌کی له‌حکوومه‌تی لوبنانیه‌وه نه‌هێنا بێت بۆ حکومه‌تی هه‌رێم بۆ ده‌ربڕینی پشگیری ئه‌و ووڵاته له به جینۆساید ناساندنی کۆمه‌ڵ کوژیه‌کانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه، یاخوود بڵێی له لایه‌ن وڵاتانی کۆمکاری عه‌ره‌بی نه‌نێردرابێت بۆ پشتیوانی له تاقیکردنه‌وه‌که‌ی کوردستان و هاو سۆزیان بۆ جێ به‌جێ کردنی مادده‌ی 140 ی ده‌ستوور یاخوود …یاخوود…
ڕاستیان گوتووه ئێمه گرێ کوێره‌ی بێگانه په‌رستیمان هه‌یه
ئه‌گینا بۆچی لێپرسراوی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌چێت بۆ ته‌شریفات و هه‌ر له پلیکانه‌ی فڕۆکه‌که‌وه فه‌رشی سووری بۆ ڕائه‌خرێ هه‌تا هۆڵی پێشوازی و شوێنی چاوپێکه‌وتنی ڕۆژنامه‌وانی فه‌رموو فه‌رمووی لێده‌که‌ن ئاخر بۆ؟؟؟.
من له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و هه‌موو ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به‌هونه‌رو هونه‌رمه‌ندانه‌وه ده‌پرسم بۆ بۆ بێگانه ئاوا ده‌که‌ن و له به‌رانبه‌ر هونه‌رمه‌دانی کوردیش‌دا که دیاره زۆربه‌یان له‌من به تواناترن ئاوا ده‌که‌ن؟ ئێمه خۆمان له‌سه‌ر ئه‌رکی خۆمان له‌ده‌می ماڵ ومناڵمانی ده‌گرینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی کاره هونهرییهکانمانی پێ ڕاپه‌ڕێنین ، من به‌ش به‌حاڵی خۆم نزیکه‌ی حه‌وت ساڵ له‌به‌ر بێده‌رامه‌تی له هونه‌ر دابڕام گله‌ییه‌کی زۆرم هاته سه‌ر ده‌یان گووت خۆت ناته‌وێ به‌رده‌وام بیت بۆیه به هه‌ر چه‌شنێک بوو نه‌ختێک خۆم کۆکرده‌وه‌و گه‌ڕامه‌وه بۆ وڵات به مه‌به‌ستی تۆمار کردنی (سی دی) یه‌ک، به‌ڵام له‌به‌ر زۆری تێچوونی نووشوستیم هێنا ئه‌وپاره‌یه‌ی که له‌بانق قه‌رزم کردبوو ته‌نها به‌شی دوو گۆرانی کرد که تۆمارم کردن یه‌کێکیانم بۆ خۆشه‌ویستی سلێمانی وتووه و هه‌ر ناویشی سلێمانیه به‌داخه‌وه نازانم له‌ڕقی سلێمانی یان بۆ دوژمنایه‌تی هونه‌ری ڕه‌سه‌نی کوردی نیشانه‌ی ڕاست وچهپیان به‌سه‌ردا هێناو ئه‌وه بۆ چوارمانگ ده‌چێ ڕاده‌ستی که‌ناڵه ئاسمانیه‌کان کراوه ، جگه له که‌ناڵی ئاسمانی جه‌ماوه‌ری کوردستان له‌سه‌ر شاشه‌ی هیچ که‌ناڵێکی دیکه‌ی ئاسمانی کوردی دیکه نابرێت، کاره‌ساته‌که‌ش له‌وه‌دایه وه‌کو میدیایه‌کی شارستانیش نایه‌ن پێت بڵێن بۆ دیار نیه، دووه‌م گۆرانیشم به‌ناوی (جیاوازی) کهدهنگم تۆمار کردووه به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سلێمانیان به‌وده‌رده برد کلیپی ئه‌میانم ڕاگرتووه و ده‌ڵێم با زه‌ره‌ر له نییوه‌ی بگه‌ڕێته‌وه باشتره،به‌داخه‌وه ئێستا میدیای کوردی ئامڕازی سه‌ره‌کی شێواندنی هونه‌ری کوردییه. من لێره‌دا نامه‌وێت لهئهلیسای هونه‌رمه‌ند که‌م بکه‌مه‌وه چونکه ئه‌و ڕووی کردۆته ووڵاتێکی ئازاد‌و جێگه‌ی شانازیه بۆ منیش که هونه‌رمه‌ندم ئه‌مڕۆ کوردستانه‌که‌م ببێته قیبله‌ی هونه‌رمه‌ندانی دنیا به‌ڵام ئایا ئه‌وان بۆ پاره په‌یداکردن دێنه کوردستان یان بۆ ده‌ربڕینی هاوسۆزی خۆیان له‌گه‌ڵ گه‌لی کورد ئایا بڕێکی زۆر که‌میش له ده‌ستکه‌وتی ئاهه‌نگه‌که‌یان بۆ کڕینی زۆپایه‌ک بۆ قوتابخانه‌یه‌کی مناڵانی کورد له دێیه‌کی کاولکراو به‌ده‌ست هاوخوێنه عه‌ره‌به‌که‌یان (صدام) ته‌رخان ده‌که‌ن؟
لێره‌دا من به‌هیچ جۆرێک داواکار نیم له‌وه‌زاره‌ت یان هه‌رشوێنێکی تر که‌به‌رهه‌م بۆ هونه‌مه‌ندان به‌رهه‌م بێنن چونکه ئهوهئیشی حکوومه‌ت نیه. به‌ڵام خۆ هه‌ر نه‌بێت با به‌چاره‌کی ئه‌و یارمه‌تیه‌ی لێپرسراوی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که بۆ ئه‌لیسا و نه‌جوا که‌ره‌م و موعین و…هتد ده‌سته‌به‌ری ده‌کات و کردوونی ناڵێم ده‌ست گیرۆیی ئێمه‌ش بکه‌ن نه‌بادا بڵێن داوای یارمه‌تی ده‌که‌ن با کاره‌کانمان که له‌سه‌ر ئه‌رکی خۆمان ده‌که‌ین وبهخهڵات پیشه‌که‌شی میدیای کوردی ده‌که‌ین نه‌درێته ده‌ست که‌سانی ناحه‌ز و ناشی له هونه‌ردا و به‌و ده‌رده‌ی نه‌به‌ن .
*ووته‌یه‌کی عه‌ره‌به که ده‌ڵێت: (مغنی الحی لایطرب) بۆ ئه‌وه به‌کاردێت که هه‌رشتێک هی خۆت بێت به سوک سه‌یری بکه‌ی.