وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: ماهیر: دەنگ لە ژیانی هەموماندا گرنگییەکی تایبەتیی هەیە، چونکە لە ڕێگەیەوە دەتوانین پەیوەندی لە گەڵ دەوروبەرماندا بکەین. بەڵام لە ژیانی گۆرانیبێژان، وتارخوێنان، بێژەران،مامۆستایان………و هەندێ پیشەوەری تر،
دەنگ گرنگییەکی زیاتری هەیە چونکە یەکێکە لە کەرەستەکانی پیشەی ڕۆژانەیان. بۆیە دەبێت زانیاریمان هەبێت لە سەر چۆنییەتی پاراستن و تەندروستکردنی دەنگمان.
ئەوەی دەمانەوێت لێرە تیشکی بخەینە سەر، جۆری ئەو خواردن و خوارنەوە باش و خراپانەیە کە کاریگەرییان هەیە لە سەر دەنگی مرۆڤ.
خواردنەوە :
ئەو خواردنەوانەی کە پێویستە پێش گۆرانی گوتن، وتار خوێندنەوە یان هەر چالاکییەکی دەنگیی دیکە نەخورێنەوە بریتین لە: چای ئاسایی،چۆکڵاد یان هەر خواردنەوەیەکی گەرم، شیر و بەرهەمەکانی، کە ئەم خواردنەوانە توێکڵێک لەسەر دەنگەژێیەکان دروست دەکەن و ئەو توێکڵە بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە و دەبێتەهۆی ئەوەی لە کاتی گۆرانی گوتندا دەنگەژێکان وەکو پێویست بە کاری خۆیان هەڵنەستن. جگە لەوەی کە هەمیشە وادەکات هەست بکەی قوڕگت پێویستیی بە پاککرنەوەیە.
خواردنەوە ترشەکان (Acidic) (شەربەتی پڕتەقاڵ، لیمۆ، ئەناناس یان هەر خواردنەوەیەکی ئەسیدیی تر) خراپن بۆ دەنگ و دەبنە هۆی ئەستوربونی دەنگەژێکان, جگە لەوەی قوڕگ وشک دەکەن.
لە کاتی سوتانەوە یان هەوکردنی قوڕگدا، بە خواردنەوەی ئەلکهول یان هەر یەکێک لەو خواردنەوانەی سەرەوە ،زیان بە دەنگ دەگات.
خواردنەوە غازییەکان دەبنە هۆی دروستکردنی هەوا لە ناو سکدا و کاریگەریی خراپیان دەبێت بۆ سەر هەناسەدان بە تایبەتی لە کاتی گوتنی تۆنە بەرزەکان.
ئەوەی کە باشە بخورێتەوە (ئاو)ە، بەڕادەیەکی زۆریش. چونکە ئاو شلەیەکە هیچ زیانێکی نییە بۆ دەنگ و هەموو ئەو توێکڵ و خەوشانەی لە سەر دەنگەژێکان دروست دەبن ڕادەماڵێت و دەنگەژێکان پاک دەکاتەوە. بەڵام دەبێت ئاوەکە سارد نەبێت و لە هەمان پلەی گەرمیی ژوورەکەدا بێت. چونکە ئاوی سارد زیان بە دەنگ دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی کرژبوونی دەنگەژێکان.
خواردن:
وا باشە بە لانی کەم دوو سەعات پێش گۆرانی گوتن خواردن نەخورێت. جگە لەوەی کە دەبێت خواردنەکە قورس نەبێت کە کار بکاتە سەر هەناسەدان، چونکە هەناسەدان گرنگییەکی زۆری هەیە لە کاری گۆرانی گوتندا.
ئەو خواردنانەی زیانبەخشن بۆ دەنگ بریتین لە: پەنیر یان هەر بەرهەمێکی دیکەی شیر، چۆکڵاد، خواردنە ئەسیدییەکان(پرتەقاڵ،لیمۆ،ئەناناس….تاد)، خواردنی تیژ (بیبەراوی)، یان هەر شتێک کە دەنگەژێکانت دادەپۆشێت.
جگە لەو خواردنانەی سەرەوە، خواردنەکانی دیکە ئاسایین و زیانبەخش نین بە تایبەتی مریشک، ماسی، بادەم، هێلکە، برنج, بەڵام بە گشتی پێش سازدانی کۆنسێرت وا باشە ئەو خواردنانە بخورێن کە ڕێژەی کاربۆهێدرات تیایاندا زۆرە، چونکە کاربۆهێدرات ووزە دەبەخشێت بە لەش و مێشک.
هەنگوین یەکێکە لە خواردنە باشەکان بۆ دەنگی مرۆڤ.
جگە لە خواردن و خواردنەوە خراپەکان, کەمخەوی و زۆر هاوارکردن و زۆر بە چرپە قسەکردن، کاریگەریی خراپییان هەیە بۆ سەر دەنگ و زیانی پێ دەگەیەنن.
کەواتە دوورکەوتنەوە لە خواردن و خواردنەوەی زیانبەخش و لەشێکی تێر ئاو و تێر خەو و خواردنی ژەمێکی سووک بە دوو کاتژمێر پێش گۆرانی گوتن. هۆکاری سەرەکین بۆ بوونی دەنگێکی تەندروست و گوتنێکی بێ کێشەو پیشاندانی هەموو توانا دەنگییەکان.
سەرچاوە: ماڵپەڕی www.vocal-sphere.com