دابەزاندنی كلیپی گۆرانیبێژان بە نایەكسانی لە كەناڵەكاندا بووەتە خەمێكی گەورەی گۆرانیبێژان، بە جۆرێك كە كارگەییشتووەتە ئەوەی هەندێك لە گۆرانیبێژان كەمتر گۆرانییەكانیان كلیپ دەكەن، چونكە وەك هەندێك لەم ڕاپۆرتەدا قسەیان لەو بارەیەوە كرد، ئەوەیان دەخستەڕوو كە جیاوازییەك هەیە لە نێوان بڵاوكردنەوەی كلیپەكاندا، بۆ هەندێكیان ئەگەر بەو شێوەیە بێت ئیتر ئێمەومانان بۆ كلیپ بكەین، كە لە كاتێكدا كلیپەكانمان زۆر بەكەمی نیشان بدرێت.
(شێرزاد سەرسپی) وەكوو شارەزایەكی هونەریی لەسەر ئەم بابەت قسەی بۆ كردین و گوتی: “یەكێك لە بەشە گرنگەكانی تەلەڤزیۆن بەشی تەنسیقە، بە داخەوە لە كوردستاندا تاوەكوو ئێستا نەتوانراوە ئەو ئەركانەی كە بەم بەشە سپێردراوە زانسیتییانە بەكار بێت، زۆر جار هەندێك هەست دەكرێت كە كەمتەرخەمن لە دابەزاندنی گۆرانی لە كاتی خۆیدا و یان بە یەكچاو تەماشای گۆرانیبێژان ناكرێت. من پێم وایە خزم خزمێنە و هاوڕیەتی وایكردووە، كە لە پەخش كردنی گۆرانییەكاندا ناهاوسانگییەك هەبێت، شەو هەیە چەند جارێك گۆرانییەكان دووبارە دەبنەوە.”
(محەممەد عەزیز) یەكێكە لەو گۆرانیبێژانەی كە لە دەست هەندێك لە كەناڵەكان موعاناتی هەیە، كە هاوسەنگ نین لە پەخش كردنی گۆرانییەكاندا و دەڵێت: “هونەرمەند ماندووبوونێكی زۆر دەچێژێت تا گۆرانییەك ئامادە دەكات، بەڵام بە داخەوە كاتێك دەیبات بۆ كەناڵێك بە میزاجی خۆیان بڵاوی دەكەنەوە، ئەمەیش كاریگەریی هەیە لە ساردبوونەوەی هونەرمەند، ڕەنگە سستبوونی هەندێك لە گۆرانیبێژەكان لە گۆرانیگوتن بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە گۆرانییەكانیان لە كەناڵەكاندا پەخش ناكرێت.”
گۆرانیبێژ(ئیدریس ڕەواندوزی) كە خاوەنی چەندین كلیپە، بەڵام وەكوو خۆی گوتی كلیپەكانی لە كەناڵەكاندا كەم نماییش دەكرێت، ئەو چەند هۆكارێكی دەستنیشان كرد، كە وایكردووە كەناڵەكان نەتوانن بە یەكچاو سەیری گۆرانیبێژان بكەن، یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە شەپۆلێكی زۆر لە گۆرانیبێژی تازە پەیدا بووە، بەمەیش ئاڵوزییەك پەیدا دەبێت و كەناڵەكان نەتوانن ڕەشوسپی لە یەكتدی جیا بكەنەوە، هۆكارێكی دیكەیش نەبوونی كەسی شیاو لە بەشی تەنسیقی هەندێك لە كەناڵەكاندا، دوایین هۆكاریش ئەوەیە هەندێك لە كەناڵەكانە بوونی كچیان لە كلیپیدا كردووەتە پێوەر و هەڵسەنگانی كلیپێك، بە ئاشكرا دەبینرێت كە زۆر لە كەناڵەكان ئەو كلیپانە زۆر نماییش دەكەن، كە زۆرترین كچی تێدایە.
(شێرزاد سەرسپی) پێی وایە كە لێژنەی هەڵسەنگاندن یان فلتەر لە هەندێك كەناڵە ئاسمانییەكان و ناوخۆییەكاندا بوونی نییە، هەبوونی سانسۆرێكی هونەریی لە كاتی ئێستادا زۆر پێویستە، تەنیسقی كەناڵە ئاسمانییەكان شتیكی ئاسانییە و بەرپرسیارییەتی گەورەی لە ئەستۆ گرتووە و بەرپرسە لە زەوقی خەڵكیی، بۆیە پێویستە هەستیارانە كارەكانی بكات.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەو كەسانەی لە بەشی تەنسیقی تەلەڤزیۆنەكاندا كار دەكەن، (شێرزاد سەرسپی) چەند پێوەرێكی دەستنیشان كرد، كە لە بەشی تەنسیقدا هەبێت، لەوانە دەبێت ستافێك بەشی تەنسیق بەڕێوە ببات، نەكوو یەك كەس بە میزاجی خۆی گۆرانییەكان پەخش بكات، خاڵێكی دیكەدا پێویستە ئەوانەی لە بەشی تەنسیقدا كار دەكەن، كەسانێك بن كە شارەزایی تەواویان لە پێكهاتەكانی گۆرانییدا هەبێت، هەروەها لە ڕووی میووزیك و شیعرەوە شارەزایی هەبێت، لە پەخشكردنی ئەو كلیپانەی كە بۆ كۆمەڵگەی كوردەواری دەگونجێن شارەزای هەبێت.
(سەعدوون یوونس) كە ئێستا بەڕێوەبەری كەناڵی هەولێری ئاسمانییە گوتی: “ئەگەر لە كەناڵێكی دیكەدا لە دابەزاندنی كلیپی گۆرانیبیژاندا جیاوازی هەبێت، ئەوا لە كەناڵی هەولێردا ئەو شتەبوونی نییە، توانیومانە بە شێوەیەكی یەكسان گۆرانییەكانیان بڵاوبكەینەوە، ڕاستییەك هەیە كە دەبێت هەموومان بیزانین، كە گۆرانیبێژ ماندووبوونێكی زۆر دەچێژیت تاوەكوو بەرهەمێك كلیپ دەكات، بۆیە ئەركی كەناڵەكانە بارتەقای ئەو ماندووبوونەیان بۆ بگەڕێنێتەوە