لە بواری گۆرای وتندا زۆرێک ئافرەتی کارامە و لێهاتوو تیایدا کاردەکات و هەریەکێک بە پێی توانای خۆی خزمەت دەکات و شێوازی گۆرانی وتنیان و هەڵبژاردنی ئاواز و شیعرەکان لە یەکێک بۆ یەکێک جیاوازە،دانیا عەلى یەکێکە لەو دەنگە خۆش و پڕ سۆزانەی ئێستاى هونەرى کوردى کە ساڵانێکە خزمەت بە هونەرى کوردى دەکات هەرچەندە زیاتر بە شێوازى ڕۆژئاوایى گۆرانى دەڵێ بەڵام ئەوە ناگەیەنێ کە ناتوانێ خزمەتى بە هونەرى کوردى بکات.
دانیا لە شارە خنجیلانەکەى هەڵبجەی شەهید لەدایک بوو هەتا کارەساتی کیمابارانی هەڵەبجە هەر لەوێ ژیانى بەسەر بردووە دواتر قۆناغى خوێندنى لە شارى سلێمانى تەواو کردووە و دەرچووى بەشى وێنەکێشانى پەیمانگاى هونەرجوانەکانى شارى سلێمانیە ئێستاش نیشتەجێى وڵاتى هۆڵندایە و لە پەیمانگایەکى هۆڵەندى لە بەشى(جوان کارى و ڕازاندنەوەى گوڵ)دەخوێنیت،خاوەنى ئەلبوێکە بە ناوى(رووناکى)کە کارێکى جوانى بۆ کراوە لە ڕووى ئاواز و دابەشکردنى مۆسیقاوە،خاتوو دانیا لەلایەن چەند دەزگایەکى راگەیاندنەوە نازناوى گۆرانى بێژى پۆپى کوردى پێبەخشراوە،دانیا لە ساڵى(1995)یەکەم گۆرانى خۆى بە ناوى(چاپیدى-چاپیدى)تۆمارکردووە کە ئەم گۆرانیە هى ناوچەى لوڕستانە و لاى خۆمان بە زاراوەى خانەقینى ناسراوە،دانیا سەبارەت بە یەکەم گۆرانى خۆى و دەرکەوتنى لە تیڤیەکان وتى:ئەم گۆرانیە بیرۆکەى بەڕێز مامۆستا بارزان بوو کە کاک فەرهاد ساڵح مۆسیقایەکى جوانى بۆ ئامادەکرد بە هاوکارى چەند برادەرێکى تر،دواى ئەوە گۆرانیەکى ترم تۆمارکرد بەشێوازێکى جیاوازتر لە گۆرانى یەکەم کە لە ئاواز و دابەشکردنى سەفین خەراجیانى بوو ئەم گۆرانیە بە شێوازى ڕۆژئاوایى بوو دواتر کاک ئاسۆ جەمال موختار کلیپێکى جوانى بۆ کرد تازە گەریەکى جوانى پێوە دیاربوو هەم وەکو کلیپ هەم وەکو گۆرانى ئیتر دواى ئەوە من شێوازى پۆپ و ڕۆژئاوایم بەکارهێنا…زۆرێک شارەزیان پێیان وایە کە هونەرمەندى گۆرانى بێژ دەبێت شارەزاییەکى هەبێت لە شێوازەکانى گۆرانى بۆ ئەوەى ئەو شێوازەى هەڵیدەبژێرێت لەگەڵ دەنگیدا بگونجێت سەبارەت بەم پرسیارە دانیا وتى:بە بۆچونى من گۆرانى بێژ دەبێت تواناى خۆى بزانێ و تا ڕادەیەک شارەزایی هەبێت لە بوارەکەى خۆى بۆ ئەوەى ڕێچکەیەک بگرێ و سەرکەوتوو بێت،من زیاتر شێوازى ڕۆژئاوایم پێخۆشترە چونکە دەنگى من لەگەڵ ئەو شێوازانە خۆى ئەدۆزێتەوە هەر هونەرمەندێک بە دڵسۆزى کارەکانى بە ئەنجام بگەیەنێ ئەوا جوانترین خزمەت بە گەلەکەى ئەکات…وەکو ئەزانین ئامادەکردنى کۆنسێرت کارێکى هەروا ئاسان نیە و ماندوو بوونێکى زۆرى دەوێ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تواناى هونەرمەند دەردەخات بۆ ئەو پرسیارە دانیا وتى:لە ئەوروپا زیاتر ئاهەنگ دەکرێ من لەچەند ئاهەنگ و کۆنسێرتدا بەشداربووم یەکەم جار تەمەنم 12 ساڵ بوو لەسەر شانۆ وەستام زۆر ئەترسام بەڵام ئتر لەو کاتەوە ترسم شکا،بەڕاستى وەستان لەسەر شانۆ بەرامبەر جەماوەر و ئاشقانى هونەرمەند کارێکى بەرزو پیرۆزە هونەرمەند بۆ میللەت هونەر دەکات،کارى زیندوو تواناى هونەرمەند و بڕوا بەخۆبوون زیاتر دەبێت…زۆرجار لە راگەیاندنەکان باس لەوە دەکرێ کە مۆسیقا و گۆرانى کوردى لەنێوان مان و نەمانە هەندێکیش بە گۆڕانکارى و پێشکەوتن ناوى دەبەن دانیا سەبارەت بە ئێستاى هونەرى کوردى وتى: بە بۆچونى من هونەرى کوردى لە ئاستێکى تا ڕادەیەک باشە و لە پێشکەوتن دایە و کارى جوان دەکرێت ناتوانین بڵێین هەموو کارێک خراپە لە هەموو دونیادا وایە نەک تەنها لەناو ئێمە من بڕوام بە گۆڕانکارى هەیە ئەگەر گۆڕانکارى نەبێ پێشکەوتنیش نابێ،ئێمە شانازى بە فۆلکلۆرى کوردى دەکەین بەڵام ناشکرێت هەر فۆلکلۆرى بڵێین ئەبێت شتى تازەش بڵێین بەڵام ئەبێت جوانکارى بکرێت لە مۆسیقاى کوردى ئێستا کارى زۆر جوان دەکرێت و جێگاى خۆشحاڵییە…کاتێک هونەرمەندانى کورد بەشدارى لە بۆنەیەک یان ڤیستیڤاڵێکى جیهانى دەکەن ئیتر ئەبێتە مانشێتى ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و لە ڕاگەیاندنەکان باسى لێوەدەکرێ دانیا سەبارەت بەو گۆرانیە وتى:لە چەند مانگێکى ڕابردوو گۆرانى(ئەشق)کە هۆنراوەى ئیسماعیل خۆڕماڵى و ئاوازى سەفین خەراجیانى یە کە لە وڵاتى سڕبیا کارى مۆسیقاى بۆ کرا لە ڕێگەى مامۆستاى دەنگەکەم کە وانەى دەنگى لێوەردەگرم ناردى بۆ لیژنەى هەڵسەنگاندن لە هۆڵەندا دواتر ئاگادار کرامەوە کە لەکۆى(3000)گۆرانى پەسند کراوە دواتر تا(72)گۆرانى و پاشان تا(36)گۆرانى هەڵبژێردرا دواتر بە داخەوە بەردەوام نەبووم بەڵام بۆمن سەرکەوتنێکى گەورەیە کە تا ئەو ئاستە هاتم…کەس نیە لە ئێمە کاتێک باسى ڕۆژى کیمیابارنى شارى هەڵبجە دەکرێت خەم داینەگرێت و ئاهێک هەڵنەکێشێ دانیا سەبارەت بۆ کارکردنى بۆ هەڵەبجە وتى:بە ڕاستى ئێمەى کورد هەرچى بکەین بۆ هەڵەبجە یاخود ئەنفال هەر کەمە چونکە کارەساتەکان زۆر گەورەن ئەبێت ئێمە هەموو ساڵێک یادەکان پیرۆز ڕاگرین و نەهێڵین لەبیر بچنەوە،کاتێک من لەکوردستانیش بووم هەموو ساڵێک لەگەڵ تیپى مۆسیقاى سلێمانى ئەچووین بۆ هەڵەبجە یادى هەڵبجەمان دەکردەوە و لە زۆربەى یادەکان بۆ ئەنفال و کیمیابارن بەشداربووم لە وڵاتى هۆڵەنداش لە یادى هەڵبجە و ئەنفال هەمیشە هەمیشە بەشداربووم و ئەمسالیش گۆرانیەکى هابەشمان کرد بۆ هەڵەبجە کە لە هۆنراوەى کانى هەڵەبجەیى و ئاوازى کاک دەرون و مۆسیقاى سەفین خەراجیانى یە وە گروپێک لە کوردستان ئامادەکرا و لە شارى لەندەن دەنگمان لەسەردانا…دانیا سەبارەت بە کلیپ و سەبارەت بە کلیپى گۆرانى(وەک دەریا بە) کە دواین کارى ئەو بووە وتى:بەراستى لەم زەمانەدا کلیپ کردن زۆر گرنگە نەک لەناو کورد بەڵکو لەناو هەموو جیهان بەڵام بەداخەوە ئێستا گۆرانى بۆتە بینین نەک بیستن بەڵام ئێمەش دەبێت لەگەڵ ئەم زەمانە بڕۆین،من دوا کلیپم(وەک دەریابە)ئەم کلیپە زۆر پێوەى ماندوو بووم چونکە حەزم دەکرد ئەم کلیپەم جیاوازبێت لە کارەکانى ترم ئەوەبوو یەک ساڵى خایاند بە هەر چوار وەرزى ساڵ تەواوبوو هەروەک لە کلیپەکەدا دیارە…لە دواین وتەکانى خۆیدا خاتوو دانیا باسى رۆڵى ئێستاى هونەرمەندانى ئافرەتى کرد لە ناو هونەرى کوردى:ئێستا لە بوارى هونەردا ئافرەتى باشمان هەیە بەتایبەتى لەبوارى گۆرانى کارى جوان دەکەن و زۆر بەتوانان زۆر دڵخۆشکەرە کە شان بە شانى پیاوان کار دەکەن و دیارن لە گۆڕەپانەکەدا لەوانە(تارا ڕەسوڵ،چۆپى فەتاح،دڵنیا،ئاڤان،کانى،باخان،ژاڵە،کیژان،نارین،ڕۆژین،فاتێ،هانى،چنار،ئالان،دەشنێ)و زۆرى تر هەن کە ئێستا ناویانم لەبیرنیە دەستخۆشیان لێدەکەم دەستیان دەگوشم چاویان ماچ دەکەم هیوادارم کارى جوانتر بکەن،داواکارم لەو کچانەى کە بەهرەیان تێدایە لەبوارى هونەر یاخود لە بوارەکانى تر پێیان ئەڵێم نەترسن بێنە ناو مەیدان و خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەیان بکەن.
ئامادەکردنى: دیارنەقشبەندى/مالیزیا
diar_nakshbandy@windowslive.com