کەسایەتیە سیاسیی و ھونەریەکان دەربارەی (زەکەریا) چی دەڵێن
ئا: چرا شەمال : ھەندێک بە وەستای ئاوازو ھەندێکیش دەرکەوتنی زەکەریا بەسەرەتای شۆڕشێکی نوێی ھونەری دادەنێنء پێیانوایە ستایڵێکی نوێی ھێناوەتە نێو گۆرانیء میوزیک لە کوردستان.
زەکەریا عەبدوڵڵا، لەدوای دەرکەوتنی لە سەرەتاکانی دەیەی ٢٠٠٠دا توانی بەماوەیەکی کەم سەرنجی گوێگرانی بۆخۆی رابکێشێتء ببێتە خاوەنی جەماوەرێکی بەربڵاو، ئەو ئێستا نەک تەنھا لەسەر ئاستی کوردستان بەڵکو لەسەر ئاستی جیھانیش ھونەرمەندێکی ناسراوەء توانیویەتی لەچەندین میدیای جیھانی دەربکەوێت لەوانە (The Economist) و (BBC ٦ MUSIC) و رادیۆی فەرمی سوید (SR) و چەند سایت و رۆژنامەیەکی تری ئەوروپی.
ھەندێک لە ھونەرمەندان تۆمارکردنی کاری ھونەری جوانتر بەکارێکی سەخت دەبینن، ھەربۆیە تۆمارکردنی ئەم سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکانە بۆ زەکەریا بەبەرھەمھێنانی ٧ ئەلبوم جێگەی تێڕامانە.
(تۆھاتی ، بگەڕێوە ، دایە ، رۆژگار ، تێلیناز ، گەنجی پیر ، لاپەڕەی سپی) ناوی ئەو ئەلبومانەی زەکەریایە کە تائێستا لە تەمەنی گۆرانی وتنیدا تۆماری کردوون.
جەماوەریی بوونی زەکەریا تەنھا لەکۆنسێرت ء فرۆشی بەرھەمەکانیدا بەدیناکرێت، بەڵکو لەسەر ئاستی تۆڕە کۆمەلایەتییەکانی ئینتەرنێتیش خاوەنی جەماوەرێکی بەربڵاوە، بەجۆرێک پەیجە کەسییەکەی زەکەریا لەسەر تۆڕی فەیس بووک لەڕیزی پێشەوەی ئەو ھونەرمەندانەیە کە زۆرترین لایکی ھەیەء زۆرینەی بەشداربووانی ئەو تۆڕە لەکەسایەتییە سیاسیی ء ھونەرییەکانیش لەپرۆفایلەکەیاندا خۆیان بەیەکێک لە شەیدایانی دەنگی ئەو ھونەرمەندە ناساندووە.
ئەوەی لێرەدا دەیخوێنینەوە کورتە کۆمێنتی ھەندێک لەکەسایەتییە سیاسیء ھونەرییەکانە کە لەچەند بۆنەو دیمانەیەکی رۆژنامەنووسیدا دەربارەی زەکەریا ووتویانە.
سەرۆکی حکومەت: گوێگری زەکەریام
د.بەرھەم ئەحمەد ساڵح (سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان) لە (cv) تایبەت بە ژیانی ئاساییء سیاسیء حەزی بۆ ھونەر لەلاپەڕەی فەرمی خۆی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی (فەیسبووک) ئاماژە بەوە دەکات کە حەز بە دەنگی ھونەرمەند (زەکەریا) دەکاتء گوێ لە گۆرانیەکانی دەگرێت.
حەمە جەزا: زەکەریا سەرکەوتووە
ھونەرمەندی گەورەی کۆچکردوو (حەمە جەزا) لە چەندین بۆنەء دیمانەی تایبەت ئاماژەی بەکاری ھونەرمەندانی گەنج کردووەء ھونەرمەند (زەکەریا)ی بەیەکێک لەگەنجە سەرکەوتووەکانی ھونەری کوردی ئەژمار کردووەء ڕۆڵی ئەو ھونەرمەندەی بەرز نرخاندووە.
ناسری رەزازی : شارەزاء قۆزء قسە خۆشە
ھونەرمەندی بەناوبانگی کورد (ناسری ڕەزازی) لە دیمانەیەکی رۆژنامەوانیدا دەڵێ” زەکەریا ژەنیارێکی باشە و شارەزای میوزیکە”، ئاماژە بەوەش دەکات کە زەکەریا کوڕێکی قسە خۆشەء گەنجانی کورد گوێی لێ دەگرن. رەزازی پێیوایە سەرەتای دەرکەوتنی (زەکەریا) کاتێکی گرنگ بوو بۆ سڕینەوەی ئاوازء میوزیکی بێگانە لە گوێچکەی لاوی کورد، شتێکی دیکە ھەیە ئەگەر گۆرانیبێژەکە شێوەء ڕواڵەتی جوان بێ وەکو (زەکەریا) ئەوەش بۆخۆی شانسێکە.
بەیتوجان : زەکەریا تامی داوەتە ئاگر کەتیە دلێ من
ھونەرمەندی ناوداری کورد (بەیتوجان) خاوەنی گۆرانیە بەناوبانگەکەی کوردانە (ئاگر کەتیە دلێ من) کە تا ئێستا زیاتر لە (٥٠) ھونەرمەندی کوردء تورک ئەو گۆرانیەی ئەویان وتۆتەوە، زەکەریاش یەکێکە لەو ھونەرمەندانەی ئەو گۆرانیەی وتووە.
دەربارەی ئەم گۆرانیە ھونەرمەند (بەیتوجان) لە دیمانەیەکی رۆژنامەوانیدا ووتویەتی”سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا دەیان ھونەرمەندی ناودار ئەو گۆرانیەیان وتووە، بەڵام ھونەرمەند (زەکەریا) لە ھەموویان جوانتر ئەدای کردووەء تامی بەم بەرھەمەی من داوە”.
ئێڤا بیۆرلینگ : زەکەریا مایەی شانازیە بۆ سویدیەکان
خاتوو (ئێڤا بیۆرلینگ) وەزیری بازرگانی سوید لە سەردانێکی بۆ شاری ھەولێر بە تایبەت سەردانی ھونەرمەند (زەکەریا) دەکاتء لە دەفتەری یادەوەری چەند وشەیەک بۆ زەکەریا دەنووسێتء بە شانازیەکی گەورەی دادەنێت بۆ گەلی کورد ء وڵاتی سوید. وەزیری بازرگانی سوید ئەم وشانە بۆ زەکەریا جێدەھێڵێت”بەختەوەرییەکی شاھانەیە بۆ من کە ھاتوومەتە ئێرەء دەبینم کە ھاوڵاتیەکی کوردی سویدی (زەکەریا خاوەن ڕەگەزنامەی سویدیە) خاوەنی ئەو ھەموو ناوبانگەیەء کەسێکی سەرکەوتووە ئەوە شانازییە بۆ وڵاتەکەمان کە تۆ لەو ئاستە بەرزە دایتء ھیوادارم ھەموو ئەو سویدیانەی دێنە ھەرێمی کوردستان ئیلھام لە تۆ وەرگرن”.
تارا ئەسعەدی : لە گۆرانیەکانی خۆشەویستیەکی ئەفڵاتونیانە بەدی ئەکەم
تارا ئەسعەدی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەربارەی زەکەریا دەڵێ” توانی خۆی خۆی دروستبکات و پێگەیەکی دیاری ھەبێت لە ھونەری کوردی، راستە زەکەریا لە دوری نیشتمان گەورە بووە، بەڵام ناسنامەی کورد بوونی خۆی لە بیرنەکردووە، بەڵکو خزمەتی کەلتووری گەلەکەی کردووە”. ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ووتویەتی”سیفەتێکی جوانی ئەو ھونەرمەندە ئەوەیە سەرەڕای ئەو ناوبانگە زۆرەی کە ھەیەتی ھیچ کات لە خۆبایی نەبووە، بە گۆرانیەکانی وێنەی جوانی سروشتء نیشتمانی پیشانداوە، ئەو خۆشەویستیەی لە گۆرانیەکانی زەکەریا بەدی دەکرێ خۆشەویستیەکی ئەفڵاتوونیە واتا خۆشەویستی شێوە نیە بەڵکو خۆشەویستیەکی رۆحیە، ئەو رۆحیەتەش لە خۆشەویستیە بۆ کوردستانء یەکێکم لەو کەسانەی بەردەوام گوێ لە گۆرانیەکانی دەگرمء شانازی پێوەدەکەم”.
ماجد مھندس توشی شۆک بوو
لە کاتی تۆمارکردنی گۆرانی (بۆ کوردستان) لە تورکیا ئەو کات ھونەرمەندی ناوداری عەرەب (ماجد المھندس) بۆ تۆمارکردنی ئەلبومی نوێی خۆی لە تورکیا دەبێتء لە ستۆدیۆ (زەکەریا) دەبینێت، ماجد پاش ئەوەی گوێی لەو گۆرانیە دەبێت توشی شۆک دەبێتء پێی دەڵێت”دەست خۆشیت لێ دەکەم بۆ ئەو کارە جوانە، بەڵام یەک داواکاریم لێت ھەیە تکایە گۆرانی بە عەرەبی مەڵێ چونکە کار لە بەناوبانگی ئێمە دەکات”.
تونچبیلەک : زەکەریا وەستای ئاوازە
ئیسماعیل تونچبیلەک (میوزیکژەنی ناوداری تورکیاو جیھان) کە چەندین کاری ھونەری بۆ ھونەرمەندانی ناوداری جیھان کردووە و لە چەند ئەلبومێکی ھونەرمەند (زەکەریا) ش کاری میوزیکی ئەنجامداوە، دەڵێت” لە سێ ئەلبوومی (زەکەریا) کارم کردووەء ئاوازەکانی لە ئاستێکن پێویست بەوە ناکات باسی بکەم چونکە (زەکەریا) وەستایەکی گەورەیە لە کاری ھونەری” تونچبیلەک دەڵێ”ئەگەر لە ژیانمدا (٥) باشترین ھونەرمەندی گەورەم خۆشویستبێت یەکێک لەوانە (زەکەریا) یە”.
سەکەریالی : زەکەریا رۆحم ئازار دەدات
موراد سەکەریالی (میوزیکژەنی ناوداری تورکیا) ئاماژە بەوە دەکات کە گوێ لە میلۆدییەکانی زەکەریا دەگرێت ھەستێکی سەیری لا دروست دەبێت، ووتویەتی”کەم ھونەرمەند ھەیە بەمیلۆدیەکانی رۆحم ئازار بداتء لە ناخەوە گوێی بۆ بگرم، زەکەریاش یەکێک لەو ھونەرمەندانەیە کە لە ناخەوە گوێی بۆ دەگرمء شانازییە کە بەیەکەوە چەندان کارمان کردووە”.
ئایتاچ : ئێمەی سەرسام کردووە
ئایتاچ (میوزیکژەنی تورک) دەڵێ “زۆر سەختە بۆ ھونەرمەندان ئەلبوم دوای ئەلبوم کاری جوانتر بکەن، بەڵام ھونەرمەند (زەکەریا) ئەلبوم دوای ئەلبوم کاری جوانترء نایاب تر دەکات، ئێمەی سەرسام کردووە بەو دەنگ و ئاوازە خۆشانەی”.