چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی : خانمە ھونەرمەند گوڵستان پەروەر ھاوسەری ھونەرمەند “شڤان پەروەر” دوای ساڵانێکی زۆر نیشتەجێبوونیان لەئەوروپا ساڵی رابردوو گوڵستان بەیەکجاری گەڕایەوە کورستان و ئێستا لەشاری دھۆک لەگەڵ کوڕەکەی “سەرخۆبوون” دەژی، بەڵام تائێستا “شڤان پەروەر” بڕیاری گەڕانەوەی یەکجارەکی نەداوە، گوڵستان پەروەر بەمەبەستی ئەنجامدانی بەرنامەیەک لەکەناڵی زاگرۆس کە تایبەت بوو بەکوردەکانی رۆژئاوا ھاتە ھەولێر و لەدەرفەتێکدا (سڤیل) ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ئەنجامدا، ئەو کە خاوەنی ١٠ کاسێتی بڵاوکراوەیە ئەوەی ئاشکراکرد، ساڵی داھاتوو ئەلبوومە نوێیەکەی بڵاودەکاتەوە.
سڤیل: پێمان خۆشە لەزاری خۆتەوە ساڵی لەدایکبوون و رۆژەکانی تەمەنی منداڵی و ئەوکاتەی کە کوردستانت جێھێشت باس بکەی؟
گوڵستان پەروەر: ساڵی ١٩٦٢ لە”ئورفا” لەدایکبووم، لەبەرئەوەی باوکم ئاغای گوند بوو، ماڵێکمان لە “وێرانشار” ھەبوو سەر بەقەزای “ئورفا”یە، ساڵی ١٩٧٩ لەشاری “کۆلم” لەگەڵ شڤان پەروەر زەواجمان کرد، ساڵی ١٩٨٠ کوڕەکەم “سەرخۆبوون” لەدایکبوو، ئێمە دوو خوشک و شەش براین، من لەئەوروپا لەزۆر وڵات ژیاوم و ماڵم ھەبووە، وەک ئەڵمانیا، سوید بەریتانیا، بەرجیکا، بۆ زۆر وڵاتیشم گەڕاوم وەک ئوسترالیا، فەرەنسا، ئەمەریکا، کەنەدا، مەکسیک، میسر، لوبنان و زۆر وڵاتی تریش، ھەروەھا ١١ ساڵ کاری بێژەریم کردووە لە “مەت تیڤی” و “میدیا تیڤی” و “رۆژ تیڤی”.
سڤیل: بۆچی ماوەیەکە لەکاری ھونەری بێدەنگی؟
گوڵستان پەروەر: لەکوردستانی باشوور ھونەر بەدڵی من نییە و کاری ھونەری و گۆرانیگوتن زۆر سووک بووە، وای لێھاتووە بۆتە کاری گەنجەکان، ئێستا گەنجەکان لەم بوارەدا کار دەکەن، من بڕیارم داوە بەشداری لەھیچ کۆنسێرتێک نەکەم تەنیا لە بۆنە سیاسییەکان بەشداری دەکەم.
سڤیل: بەڵام ساڵی پار ئەوەت راگەیاند کە خەریکی ئەلبوومێکی نوێی، بۆچی ئەلبوومەکە نەکرا؟
گوڵستان پەروەر: راستە ئێستا وا خەریکی ئیشکردنم بۆ ئەلبوومەکە، لەوانەیە بۆ ساڵی ٢٠١٣ بڵاوی بکەمەوە، چونکە کاری ھونەری لەکوردستانی باشوور زۆر قورس بووە، ئێستا ئەوەی کاری ھونەری دەکات یان دەبێ بچێت لەتورکیا بیکات یاخود دەبێ لەئەوروپا بیکات، لێرە گروپی وا باش نییە ئیشیان لەگەڵ بکەم، بۆ ئەم ئەلبوومەم زۆر ھەوڵمدا لێرە بیکەم ھەندێ کاریش کرا، بەڵام سەرنەکەوت، چونکە من شیعری گۆرانییەکان زۆر بەزەحمەت ھەڵدەبژێم و دەبێ ناوەڕۆکی شیعرەکان زۆر بەھێز بن، لەبەرئەوە لەم ئەلبوومەدا زۆر کەسی باش گۆرانیان بۆ ئامادەکردووم.
سڤیل: ئەی بۆچی لەوماوەیەدا کۆنسێرتێکی تایبەت بەخۆت نەکردووە؟
گوڵستان پەروەر: من خۆم لاریم لەوە نییە کۆنسێرت بکەم، بەڵام دەبێ لایەنێک ھەبێت داوام لێ بکات بڵێ گوڵستان خان تۆ کە لەکوردستانی وەرە کۆنسێرتێکت بۆ بکەین، ناتوانم بڵێم ئەوە ھاتووم بۆ کوردستان دەبێ کۆنسێرتم بۆ بکەن، لەھەموو دنیا ئەوانەی کە کۆنسێرت دەکەن جیاوازن لەوانەی کە گۆرانی دەڵێن، ئێستاش ئامادەم لاینێکی باش داوام لێ بکات کۆنسێرت دەکەم و پارەشم ناوێت، بەڵام بەشداری لەکۆنسێرتێکی سووک ناکەم.
سڤیل: تۆ وەک خۆت گوتت لەزۆر وڵات ژیاوی و بۆ زۆر وڵاتیش گەڕاوی، دواجار بۆچی شاری دھۆکت ھەڵبژارد بۆ نیشتەجێبوونت؟
گوڵستان پەروەر: پێش ھەموو شتێک کوردستان ئازادە، من بەردەوام بیرم لەوە دەکردەوە پارچەک لەکوردستان ئازاد بێت لەوێ بژیم، ھەروەھا دھۆکیش نزیکە لەباکوری کوردستان و بادینانە و بەشێوەزاری بادینی قسە دەکەن، لەرووی کەلتوورەوە ئەو شارانەی باکوور و باشوور زۆر لێکنزیکن، وەک جزیری بۆتان و شەرناخ و ئۆرفا و دیار بەکر و ماردین نزیکن لەشارەکانی کوردستانی باشوور وەک لەدھۆک و زاخۆ و ئامێدی، ھەم بەشێوەزار ھەمیش بەکەلتوور، ئەوە وایکرد دھۆک ھەڵبژێرم، مانگی پێنجی ئەمساڵ دەکاتە دوو ساڵ لەدھۆک دەژیم.
سڤیل: لەدھۆک چ شتێک بێزارت دەکات و چ شتێک خۆشحاڵت دەکات؟
گوڵستان پەروەر: زیاتر بەوە بێزار دەبم کە شەقام بەپیسی دەبینم، ئەگەر شارەوانی زۆر باش پاکی نەکاتەوە توورە دەبم، زۆریش کەیفم بەچیاکانی دھۆک دێت، چیاکانی زۆر زۆر جوانن و دڵرفێنن، چاوم لەسەیرکردنیان تێر نابێت، بەردەوامی سەردانی ئەو چیایانە دەکەم.
سڤیل: بۆچی بەرنامەکەت “باخچەی گوڵان”ـت راگرت؟
گوڵستان پەروەر: من کە وازم لەئەوروپا ھێنا و گەڕامەوە کوردستان بەرنامەکەشم جێھێشت، بەڵام بۆ ئێستا بەنیازم لێرە بەرنامەکە دووبارە بکەمەوە.
سڤیل: گۆرانی ژنانە لەکوردستانی باشوور چۆن ھەڵدەسەنگێنی؟
گوڵستان پەروەر: من رازی نیم، چەند ژنێک گۆرانی دەڵێن ئەوانیش لاسایی دەکەنەوە، گۆرنییەکانیان بۆنی کوردایەتیان لێ نایەت.
سڤیل: ساڵانی زوو زۆربەی ژنە گۆرانیبێژەکانی باکوور دەھاتنە کوردستانی باشوور گەرم و گوڕیان بەھونەری کوردی دەدا، وەک مریەم خان و عەیشەشان و نەسرین شێروان، گوڵ بەھار، جیاوازی ئەوان لەگەڵ ژنە گۆرتنیبێژەکانی ئێستای کوردستانی باکور لەچیدا دەبینی؟
گوڵستان پەروەر: ئەوکات و ئێستا وەک یەک نییە، ھەموو شتێک لەکاتی خۆیدا، ئەوکات ژن زیاتر ھونەرەکەیان رەسەنی کوردی بوو، ئێمە بەرھەمی ئەوانین، ئەگەر عەیشەشان و مەریەم خان نەبوایە گوڵستانیش نەدەبوو، ئەگەر گوڵستان نەبوایە ئەوانەی ئێستاش نەدەبوو، ھەموو شتێک بەردەوامی بە شتێک دەدات، ئەوانی دوای ئێمەش بەردەوامی بەئێمە دەدات.
سڤیل: بۆچی ھونەری کوردی بەراورد بەھونەری بێگانە قەدر گران نییە؟
گوڵستان پەروەر: لەبەرئەوەی ئەگەر میللەتێک دەوڵەتی خۆی نەبێت وەک مەڕی بێشوان وایە، بۆیە ئەگەر میللەتێک وڵاتی نەبوو ھونەرەکەشی زۆر ھەرزانە و سووکە، ھونەرمەندی کورد وەک قەرەج وایە، دەچوون بۆ ئاغا و خەڵکی دەوڵەمەند گۆرانیان دەگوت لەبەرامبەر پارەیەکی زۆرکەم، نەیدەتوانی وەک ھونەرمەند بژین، ھونەرمەندیش کە دەستی دایە کاری ھونەری ناتواتێ ھیچ ئیشێکی تر بکات، ئیشی ئەوان ھونەر بوو لەناو ھونەریش پارە نەبوو.
سڤیل: حەزدەکەین لەکۆتایدا چەند پرسیارێکی تایبت لەسەر ژیانت بکەین، دەگوترێ لەسەر دەستی سەرۆکی ھەرێم تۆ و ھونەرمەند شڤان پەروەری ھاوسەرت ئاشتبوونەوە، خۆتان داواتان لەسەرۆک کرد یاخود ئەو داوایکرد ئاشت بنەوە؟
گوڵستان پەروەر: ھەردووکمان.
سڤیل: ئێستا پەیوەندی تۆ و شڤان پەروەر چۆنە، ھاوڕێ یاخود ژن و مێرد؟
گوڵستان پەروەر: پەیوەندیمان زۆر باشە، ھەم ژن و مێردین و ھەمیش ھاوڕێین، ئێمە ٣٧ ساڵ پێکەوە خەباتمان پێکەوە کردووە، ئێمە پێکەوە گەورە بووین، ئێمە لەھەموو رووێکەوە خەباتمان کردووە، خەباتی سیاسی و ھونەری، ژیانمان پێکەوە بووە و یەک ماڵمان ھەبووە، ئێستاش پێکەوەین، بەڵام ئەو دێت و دەڕواتەوە، ئێمە مەکتەبێکی ھونرەیمان ھەیە لەئەڵمانیا ئێستا بەنیازین مەکتەبەکە بگوازێنەوە بۆ ھەولێر ئەکەر ئەوە سەربگرێ شڤان بە یەکجاری دێتەوە ھەولێر و ناگەڕێتەوە ئەوروپا.
سڤیل: لەوکاتەی کە گوێ لەگورانی دەگری، زیاتر گوێ لەکێ دەگری؟
گوڵستان پەروەر: زۆرتر گوێ لە محەمەد عارف و مریەم خان دەگرم.
سڤیل: تۆ و مەرزییە فەریقی پەیوەندیتان زۆر بەھێز بوو، ئەو پەیوەندییە لەسەر چی دروست بوو، جیاوازی و لێکچوونتان لەچیدا بوو؟
گوڵستان پەروەر: لەزۆر بەرنامە پێکەوە بەشدار دەبووین، مەرزییە پێشکمەرگە بوو، ژنێکی سیاسی و کوردپەروەر بوو، زەحمەتکێش بوو، لەم رووەوە وەک یەکبووین، کە پێکەوە دەبووین گەلێک دڵمان خۆش دەبوو، کاتێک کە پێکدەگەیشتین وەک کچی ١٤ ساڵیمان لێدەھاتەوە، بەردەوام پێدەکەین و ژیان لەپێشمان زۆر سادە دەبوویەوە، کاتێک کە لە ئەڵمانیا لەبەرلین بەتەیارە دەچووین بۆ ستۆکھۆلم ماوەی دوو سەعات و نیو ئێمە لەناو تەیارە بەس پێدەکەنین یاخود ھەندێجار لە بەرجیکا بەسەیارە دەچوون بۆ فەرەنسا ماوەی پێنج سەعات لەرێگادا بەس پێدەکەین، ئەو مرۆڤێکی تایبەت بوو، من و ئەو بۆ یەکتری شانۆمان بۆخۆمان دەکرد، زۆر باش دەیزانی شانۆ بکات، زۆر لێھاتوو بوو، مرۆڤێکی کامل بوو.
سڤیل: بەھۆی نزیکبوونت لەوە خانەوەدایە، تۆ پەیوەندی نێوان مەرزییە فەریقی و ناسر رەزازی چۆن دەبینی، زۆرجا لەراگەیاندنەکان باس لەوە دەکرێ کە کێشەی زۆریان لەنێوان ھەبوو؟
گوڵستان پەروەر: مەرزییە وەک دایکی ناسر وابوو، ھەموو شتەکانی ناسر ھی مەرزییە بوو، دایک و ھاوڕێ و ھاوسەری بوو، ناسری زۆر خۆشدەویست و ئەویش مەرزییەی زۆر خۆشدەویست.
سڤیل: ئەی کە زۆر خۆشیدەویست بۆچی دوای مەرزییە راستەوخۆی ناسر ژنی ھێنایەوە، خەڵک پێیان وابوو ناسر لەبەرامبەر مەرزییە بێوەفا بوو؟
گوڵستان پەورەر: من ناڵێم ناسر بێوەفا بوو، بەڵام پێم وایە ناسر پاش مەرزییە ئاگای لەخۆی نەماوە و بەخۆشی نازانێ چی دەکات، ناسر شتێکی زۆر گەورەی لەژیان لەدەستدا، دوای مەرزییە لەو باوەڕەدام ناسر عەقلی لەدەستداوە.
سڤیل: چەند زمان دەزانی؟
گوڵستان پەروەر: چوار زمان… کوردی، تورکی، سویدی، ئینگلیزی، لەگەل تۆزێک ئەڵمانی.
سڤیل: لەتەمەنی چەند ساڵی کوردستانت جێھێشت؟
گوڵستان پەروەر: لەتەمەنی ١٦ ساڵی ئەوکاتە خوێندنی ئامادەیم دەمخوێند لەکوردستانی باکوور دەرچووم بۆ سوید، لەوێ قۆناخی ئامادەیم تەواوکرد.
سڤیل: ساڵی چەند شووت کرد؟
گوڵستان پەروەر: وەڵڵا زۆر زوو شووم کرد، لەتەمەنی ١٦ ستاڵی شووم بە شڤان پەروەر کرد و لە ١٨ ساڵی بوومە دایک، چونکە لەسەردەمی ئێمە وابوو، کچ کە تەمەنی دەگەیشتە ١٥ و ١٦ دەبوایە ناچار بوو شوو بکات، ئێستا کوڕێکم ھەیە بەناوی “سەربەخۆبوون” ٣١ ساڵە، ئەویش لەگەڵ خۆم لەدھۆک دەژی و ھونەرمەندێکی زۆر لێھاتووە لەبواری مۆسیقا دەستڕەنگینە.
سڤیل: سوپاست دەکەین، ئەگەر شتێکت ماوە بۆ گوتن؟
گوڵستان پەروەر: سوپاس بۆ تۆش و بۆ گۆڤاری “سڤیل” ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.